Kawe-Germyani

لوقمان غەفوور : ئامەد و ونبوونی شەرەفمەندانەی باوکی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەساتی لەدایکبوونی ئامەد کوڕی کاوە گەرمیانی، ئەو وەک جەستە درک بە بوونی باوک و دایک ناکات ، بەڵام لەھەستیدا لەگەڵ یەکەم دەنگی گریانیدا ، دەگری بۆ سۆزی خۆشەویستی دایک و باوک و برسێتی .

دوێنێ ٢٢/١٢ لەگەڵ ھاوڕێکەم تووشی جەدەلێکی سەخت بووین ، لەسەر وشەی ” پاڵەوان و ترسنۆک ” لەلایەک و ” ونبوونێکی شەرەفمەندانەی باوک و ونبوونی سەرشۆڕانەی باوک ” لەلایەکی دیکەوە ، چونکە لەگەڵ سەرقاڵی بەشێکی میدیای کوردی بەلەدایکبوونی ئامەدەوە ،  ئەم ھاورێیەم وتی : ئامەد-یشیان کرد بەپاڵەوان !.

بۆ من ئامەد پاڵەوان بێت یان نا گرنگ نییە ، چونکە من باوکی ئامەدیشم نەناسی تا ئیدی نەوەی باوکی بناسم ، ئەگەر تەمەنیش لێکبدرێتەوە ، ئامەد بۆ ٢٠ساڵی تر نەوەیەکە دوور نییە ، بێئاگا بێت لەو پاڵەوانێتییەی باوکیشی ، چونکە ناکرێت و ناشێت تا ئەو زەمەنەش کە ئامەد فام دەکاتەوە دۆخەکە ھەمان دۆخی نەوەی ئێمە و کاوە گەرمیانی بێت ، بۆیە ئەم سەرنجەی ھاورێکەم نەک لەجێی خۆی نەبوو ، بەڵکو کەمێک بێویژدانیشی پێوە بوو ، چونکە لای من ئامەد خۆی پاڵەوانە پێویست ناکات نازناوی پاڵەوانی پێوە بنرێت ، لەبەرئەوەی منداڵێک ھێشتا قۆناغی کردەیی تێنەپەڕاندبێت و باوکی لەژیاندا نەمابێت ، ئەوە بۆخۆی ئەبێت بەپاڵەوان ، پاڵەوان بە مانای ھێزی جەستەیی نا ، بەڵکو بەمانا مەعنەوییەکەی ، چونکە لەقۆناغی کردەییدا کە قۆناغی گەشەسەندنی ناسینە ، ئامەد ئەبێتە پاڵەوان بەرامبەر توانای رووبەروبوونەوەی چەمکە وەرگیراوەکان و دۆخە گریمانەییەکان .

بەپێی رای ” جان بیاجە ” ئێستا ئامەد چەند چەمکێکی وەرگیراو دەناسێت ئەویش ونبوونی باوک و سۆزی زیاتری دایکە ، بۆیە کۆمەڵگەی ئێمە نابێت خێرا ئامەد گەورەکەن و باوکی پێ بناسێنن ، بەڵکو دەبێت ھێدی ھێدی باوکی بناسێت ، چونکە باوکی ونە ، بەڵام چ ونبوونێک ؟؟ ونبوونێکی شەرەفمەندانە .

راستە مێژووی کورد پڕە لەو منداڵانەی کە چاویان کردۆتەوە و باوک لەژیانیاندا ونە ، بەڵام سەربەرزی ئامەد لەوەدایە لەگەڵ چاوکردنەوەیدا باوکێکی ونبوی نەبوو کە زەلیلانە کوژرابێت و لەسەر خیانەتی نیشتمانی ونکرابێت ، کەواتە نابێت رێگە بەکۆمەڵگەش بدەین رێگە نیشانی ئاماد بدات تۆڵەی باوکی ونبوی بکاتەوە ، چونکە لەیەککاتدا باوکی شەرەفمەند و شکۆمەندانە ونبوو، خۆشی شکۆمەند و شەرەفمەندانە دەژی .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت