Barzani-u-Newshirwan

نەوشیروان مستەفا بە ھەموو مەرجەکانی پارتی رازی بووە

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گۆڕان تەنازول بۆ پارتی دەکات

راپۆرت : ستیڤان شەمزینی

* ئازاد تۆفیق : ئەگەر گۆڕان نەچنە ناو حکوومەتەوە پشێویی دەنێنەوە و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن

* د . خالید محەمەد : نەوشیروان مستەفا سازشی کردووە و تەسلیمی پارتی و بنەماڵەی بارزانی بووە

* چیا عەباس : داخراویی کۆبوونەوەی نێوان پارتی و گۆڕان بۆ پێکھێنانی حکوومەت مافێکی ئاساییە

* ئاسۆ حەمە : ئەنجامدانی خۆپیشاندان لەسەر نەوشیروان و بزووتنەوەی گۆڕان تاپۆ نەکراوە

پاش کۆبوونەوەکەی نێوان مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، لە رۆژی ٢٥ نۆڤەمبەری رابردوو، گۆڕانکاریی گەورە بەسەر ھەڵوێست و بۆچوونی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕان ھاتووە ، لە دوا کاردانەوەشدا، نەوشیروان مستەفا ئەوەی راگەیاند ئەوان بۆ چوار ساڵی داھاتوو ” پەرلەمانی ھێمن و حکوومەتی ھێمن و شەقامی ھێمن ” یان دەوێت ، ئەوەش روونترین گۆڕانکارییە لە گووتاری حزبی گۆڕاندا . پسپۆرێکی زانستە سیاسییەکانیش پێیوایە گۆڕان و نەوشیروان مستەفا تەنازولی تەواویان بۆ پارتی کردووە و بە ھەموو ئەو مەرجانە رازی بوون کە پارتی بۆ گۆڕانی داناوە لە بەرانبەر بەشدارییکردنیان لە حکوومەت . ئەو پسپۆرە ئاماژەش بەوە دەدات، شەقام موڵکی نەوشیروان مستەفا نییە ، شەقام فرە رەنگە ، بۆیە نەوشیروان ناتوانێت بەڵێنی بێدەنگکردنی شەقام بدات و بیکاتە مزایەدەی سیاسیی .

تەنازول بۆ پارتی

بزووتنەوەی گۆڕان لە سەرەتای بانگەشەی ھەڵبژاردنی ٢١-٩-٢٠١٣ تا بە ئێستا دەگات ، دروشمی بەرەو دەسەڵات و بەشداریی لە دەسەڵاتدا بەرز کردۆتەوە ، بۆ ئەوەی بتوانێت وەڵامی خواستی دەنگدەرانی خۆی بداتەوە کە چاوەڕوانی ئەوە دەکەن گۆڕان لە رێگەی دەسەڵاتەوە خزمەتیان بکات ، نەوشیروان مستەفا ناچار بوو پشت بکاتە ” رێککەوتنی دەباشان ” و بەرەو ” رێککەوتنی پیرمام ” ھەنگاو بنێت ، لەناو ئەو پرۆسەیەشدا گۆڕان و خودی نەوشیروان بۆ پارتی و مەسعود بارزانی نەرمی زۆریان نواندووە تا ئاستی تەنازول و سازشی سیاسیی کە ئەوەش ناکۆکە لەگەڵ دروشمە کۆنەکانی پێشتری ئەو بزووتنەوەیە .

د . خالید محەمەد ، مامۆستای زانکۆ و پسپۆری زانستە سیاسییەکان ، پێیوایە نەوشیروان مستەفا تەنازولی زۆری بۆ پارتی کردووە ، تەنیا بۆ ئەوەی بەشێک لە کێکی دەسەڵات بەر بکەوێت . وتیشی ” نەوشیروان مستەفا بە ئاشکرا سازشی لەسەر ھەموو بانگەشە و دروشمەکانی بزووتنەوەی گۆڕان کرد و تەسلیمی پارتی و داخوازییەکانی بنەماڵەی بارزانی بوو . ئەمەش وەک راگەیاندنەکان ناویانناوە خواردنەوەی جامە ژەھرەکەیە “. ئەو پسپۆرەی زانستە سیاسییەکان ، ئەوەشی روون کردەوە، بزووتنەوەی گۆڕان خەونەکانی لە گۆڕینی دەسەڵاتەوە بچووک بۆتەوە بۆ بەشداریی لە دەسەڵات ، خەونەکانیان لە ھەڵتەکاندنی دوژمنە تەمەن ٥٠ ساڵەکەی نەوشیروان مستەفاوە ھاتۆتە سەر قبوڵکردنی ئەو دوژمنە وەک سەرۆک و سەرکردەیان لە حکوومەت و دەوڵەتدا .

سایتی “چاودێر” ی سەر بە یەکێتی نیشتمانی ، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە نەوشیروان مستەفا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بارزانی ، تەنازولی زۆری بۆ سەرۆکی پارتی کردووە و بە ھەموو مەرجە پێشنیارکراوەکانی پارتی رازی بووە . ” چاودێر ” ئەوەشی خستۆتە روو ” لە ناو بزووتنەوەی گۆڕاندا ھیچ ناکۆکییەکی ئەوتۆ لەسەر چوونە نێو کابینەکەی نێچیرڤان بارزانی بونی نییە . ئەمەش لە سەردانەکەی رێکخەری گشتیی بزوتنەوەکە بۆ پیرمام و کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی زیاتر رونبۆوە ، کە گۆڕان ئەمجارە بای بای لە ئۆپۆزیسیۆن دەکات “.

سایتی ” چاودێر” بڵاوی کردۆتەوە  ” رێکخەری گشتیی گۆڕان، لە سەردانەکەیدا بۆ لای مەسعود بارزانی نەرمییەکی زۆری نواندووە ، بۆ ئەوەی بزووتنەوەکەی بچێتە دەسەڵاتەوە و داوای لە مەسعود بارزانی کردووە کە پەیوەندیی سیاسییان ھەبێ و گفتوگۆی رەسمی لەنێوانیان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن ھەبێت . ئەمە لە کاتێکدایە، تا چەند رۆژێک بەر لەوەی ناوبراو بگاتە دەروازەکانی پیرمام ، راگەیاندنی حزبەکەی بە بارزانی دەوت ( سەرۆکی ماوە بەسەرچوو ) ، بەڵام ئێستا کەناڵی (KNN) زۆر بە کەمی رەخنە لە پارتی و (سەرۆکی ماوە بەسەرچوو) دەگرێت “.

” ھیوا فریادڕەس ” رۆژنامەنووس ، پێیوایە نزیکبوونەوەی پارتی و گۆڕان ئاساییە و لە سیاسەتدا ئەم جۆرە رووداو و لە یەکتر نزیکبوونەوانە دیاردەی ئاسایین . فریادڕەس پێیوایە ” کۆبوونەوەی نێوان پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان جۆرێک لە ناڕەزایی لایەنگرانی گۆڕان و تەنانەت لایەنگرانی یەکێتیشی لێکەوتووەتەوە ، بە شێوەیەک سەرکردەیەکی گەنجی بزووتنەوەی گۆڕان لە نووسینێکدا لەو ئێوارەیە بڵاوی کردووەتەوە بە تووندی رەخنە لە بزووتنەوەکەی دەگرێت و دەنووسێت ( گۆڕان گەڕایەوە خاڵی سفر) و پێیوایە گۆڕان بەم کارەی خەڵکی لە خۆی نائومێد کرد “. فریادڕەس ، ئەوەش دەڵێت “گۆڕان بزووتنەوەیەکی سیاسییە و سیاسەتیش لاری نییە لە ھەڵواسینی ئایەتی قورئان بە دیواری مەیخانەدا، بەو مانایەی مامەڵەکردنەکان بە گوێرەی ھەلومەرجەکان دەکرێت لە سیاسەتدا ، نەک بە پێی ئایدیۆلۆژیا “.

ھەر لەو چوارچێوەیەدا زمانی میدیاکانی گۆڕان سەد و ھەشتا پلە گۆڕاوە لە بەرانبەر پارتی و خودی مەسعود بارزانی . لە دیمانەیەکیشدا “حەمە تۆفیق رەحیم ” دان بەوەدا دەنێت کە ” مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و سەرۆکی ھەرێمیشە “، لە کاتێکدا تا چەند رۆژ پێش دیدارەکەی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ بارزانی ، میدیاکانی گۆڕان بە سەرۆکی ماوە بەسەرچوو، پێناسەیان دەکرد یان ئەوەیان رادەگەیاند بارزانی لە رێی کودەتای ٣٠ی حوزەیرانەوە بە شێوەیەکی نایاسایی ماوەی بۆ درێژ کراوەتەوە. لە کۆتایشدا بە ڤیدیۆ وتەکانی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ ھەڵسوڕاوانی گۆڕان بڵاوکرایەوە کە چەند جارێک مەسعود بارزانی، بە سەرۆکی ھەرێم پێناسە دەکات و دەیناسێنێ .

قۆناغی ھێمنی

نەوشیروان مستەفا لە دوا دەرکەوتن و لێدوانیدا باسی لەوە کرد، قۆناغی چوار ساڵی داھاتوو قۆناغی ھێمنییە، پێداگریی لەوەش کرد پێویستە بۆ چوار ساڵی داھاتوو کار بکەین بۆ ” حکوومەتێکی ھێمن ، پەرلەمانێکی ھێمن ، شەقامێکی ھێمن”. چاودێرانی سیاسیش ئەم لێدوانەی رێکخەری گشتیی گۆڕان وەک یەکەم کاردانەوەی دیدارەکەی نێوان بارزانی و نەوشیروان مستەفا پێناسە دەکەن . ئەم لێدوانەی نەوشیروان مستەفا لە ماوەی چوار ساڵی رابردووەوە لێدوانێکی تازەیە و پێچەوانەشە بە ھەڵوێستەکانی رابردووی خۆی و بزووتنەوەکەی کە ھەمیشە لە رێگەی ورووژاندنی شەقامەوە درێژەیان بە بوون و چالاکیی سیاسیی خۆیان داوە .

د . خالید محەمەد ، پسپۆری زانستە سیاسییەکان ، پێیوایە ، نەوشیروان مستەفا مافی ئەوەی نییە بە ناوی شەقامەوە قسە بکات، چوونکە دەبێت لەوە تێبگات ئەو نوێنەرایەتی بەشێکی کەم لە شەقام دەکات کە تەنانەت بە پێی ئیستحقاقی ھەڵبژاردن ٢٣ لە سەدی دەنگدەرانە ، بەڵام بە پێی رێژەی دانیشتوانی ھەرێم کەمتر لە %١٥ دەکات ، چوونکە رێژەی بەشداریی لە ھەڵبژاردن کەمتر لە ٧٥% کۆی دەنگدەران بووە . لەسەر ئەم پێوەرە نەوشیروان دەتوانێت بە ناوی خۆی و لایەنگرەکانییەوە قسە بکات نەک بەناوی ھەموو شەقامەوە کە پڕیەتی لە خەڵکی ناڕازیی لە ئیدارە و دژ بە گەندەڵی و رۆتین و ناعەدالەتیی .

د . خالید محەمەد ، لە لێدوانەکەیدا بۆ ” شەپۆل ” وتی ” نەوشیروان مستەفا لە کاتێکدا کە بانگەشەی ھێمنیی دەکات ، بیری چووە حزبەکەی لە ناو فەوزای سیاسیی پەروەردە بووە و گەشەی کردووە ، بڕوا ناکەم گۆڕان بتوانێ خۆی لەگەڵ ئەو ھێمنییە رابھێنێ کە بۆ حکومڕانی و بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی دامەزراوە دەوڵەتییەکان پێویستە . کولتووری سیاسیی گۆڕان لێوانلێوە لە توندوتیژیی و ھەڵبەز و دابەز، فەرھەنگی سیاسیی گۆڕان لەسەر حەماسەت و پەمپدانی خەڵک و خرۆشانی جەماوەریی راوەستاوە ، ھێمنی بۆ ئەوان دیاردەیەکی نامۆیە و کاتی کابینەکە تەواو دەبێت و ئەوان نەیانتوانیوە خۆیانی لەگەڵ بگونجێنن “.

ئازاد تۆفیق ، نووسەر و رۆژنامەنووس، پێیوایە گۆڕان دەیەوێت لە رێی ئەوەی بەشداریی لە حکوومەتدا بکات بڵێت کە چوونە حکوومەت خۆپیشاندان ناکەن و ئارامی دەپارێزن . وتیشی ” بزووتنەوەی گۆڕان لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا شتێکی وایان نەدەویست لەم دەڤەرە ، کە دەڤەری سەوزە یان دیموکراسی تێیدا زۆرە ، وەک پۆستە حکومییەکان یان ھەر پۆستیکی تر ، بەڵام ئێستا کە دەڵێن دەمانەوێت بێینە حکوومەت واتە ئیتر ئێمە لەم چوار ساڵەدا خۆپیشاندان ناکەین و ئارامی دەپارێزین “.

تۆفیق ، ئەوەی رایگەیاند : دوو بۆچوونم ھەیە ، یەکەمیان ئەگەر ئەوان بێنە حکوومەت ئەوان ناتوانن خۆپیشاندان بکەن واتە سیاسەتی خورمژ ناخوات ، واتە خورماشت بووێت و مێوژیشت بووێت ، یان دەبێت لە ناو دەسەڵاتدا بێت یان دەبێت ئۆپۆزیسیۆن بێت، بۆچوونی دووەمیش ئەوەیە ئەگەر نەچنە ناو حکوومەتەوە ئەوانن بە پلەی یەکەم پشێویی دەنێنەوە .

ئاسۆ حەمە ، رۆژنامەنووس و ھەڵسوڕاوی چەپ ، پێیوایە نەوشیروان مستەفا بەو لێدوانە کە بەحساب بانگەشەی ھێمنی دەکات، جۆرێک لە ھەڕەشەش ئاڕاستەی دەسەڵات دەکات ، بەوەی ئەگەر من لە حکوومەتدا نەبم بە نیازی دۆخێکی ھێمن نەبن . ئەو ھەڵسوڕاوە چەپە وتیشی ” شەقام موڵکی نەوشیروان مستەفا نییە ، ئەنجامدانی خۆپیشاندان لەسەر نەوشیروان و بزووتنەوەی گۆڕان تاپۆ نەکراوە ، ئێمە کاتێک بۆ خزمەتگوزاریی و دژی گەندەڵی خۆپیشاندانمان دەکرد ، پیاوەکانی ئێستای گردەکە سەرکوتیان دەکردین ، ئەوانە ئەوسا لە بەرەی گەندەڵی بوون و ئێستاش خەریکە دەگەڕێنەوە بۆ بەرەی گەندەڵی . خۆپیشاندان مافێکی سروشتی و سیاسیی خەڵکە ، نەوشیروان و حزبەکەی ناتوانن مۆنۆپۆڵی بکەن بۆ خۆیان “.

ئەو ھەڵسوڕاوە چەپە ، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ، نەوشیروان مستەفا پێیوایە ھەموو خەڵکی ناڕازی شوێنکەوتەی خۆین ،  ئەو راستییە نازانێت ساڵانێکی زۆر خۆپیشاندەرانی کوردستان و خەڵکە ناڕازییەکە داد و بێدادیان بە دەست گۆڕانخوازانی ئێستاوە بوو . وتیشی ” خۆپیشاندان ھەر دەمێنێت ، گۆڕان لە ئۆپۆزیسیۆن بێت یان لە ناو دەسەڵات خەڵک بۆ مافەکانی خۆی خۆپیشاندان دەکات . ئەوسا کە گۆڕان بوو بە بەشێک لە حکوومەت ، خۆپیشاندان رووبەڕووی ئەویش دەبێتەوە . بەڵام نەوشیروان دەیەوێ ئەوە بە پارتی بڵێ من سەرکردایەتی ھەموو خۆپیشاندانێک دەکەم ، ئەگەر بێبەشم بکەن ، شەقام دەھەژێنم ، راستە گۆڕان دەتوانێ ئەو کارە بکات ، بەڵام بەو مانایەش نییە کەسی تر نییە لە دەرەوەی گۆڕان، بەڵکو بزووتنەوەی ناڕەزایی دیسانەوە دەکەوێتە دەست چەپەکان “.

پەرلەمانتارێکی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان باس لەوە دەکات ئارامی و نائارامی ھیچ پەیوەندیی بە گۆڕانەوە نییە و لەو کاتەی ئەو بزووتنەوەیە دامەزراوە ئارامی ھەرێم دروست نەبووە. بێگەرد تاڵەبانی ، وتی ” ئارامی و نائارامیی کوردستان ھیچ پەیوەندیی بە گۆڕانەوە نییە ، چوونکە ئارامی کوردستان لەو کاتەوە دروست نەبووە کە بزووتنەوەی گۆران دروستبووە ، بەڵکو لەو کاتەوە دروستبووە پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێم دروستبووە “. ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان وتیشی ” بە بۆچوونی خۆم ئارامی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کەشە ئارامەی پێشتر لە ھەرێمی کوردستان ھەبووە ، بەڵام ئەگەر لە ئایندەدا ھەمووان حکوومەت پێکبێنین ئەوا ئەوسا بابەتەکە قسەیەکی تر ھەڵدەگرێت ، بەڵام ئەگەر بەشداریی حکوومەت نەکەن ئەوا بێگومان دەتوانن کاریگەرییان لەسەر ھاووڵاتیان ھەبێت ، ئەوە تاکە رێگایە کە بزووتنەوەی گۆڕان بتوانێ ئارامی کوردستانی پێ تێکبدات “. 

بەشداریی لە حکوومەت

گۆڕان دەیەوێت بە ھەر نرخێک بووە بەشداریی لە حکوومەت بکات ، چوونکە بەڵێنی زۆریان بە لایەنگرانی خۆیان داوە کە لە رێگەی حکوومەتەوە کاریان بۆ بکەن. پێشتر دروشمیان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە رۆژی ٢١-٩ بریتیبوو لە گرتنە دەستی دەسەڵات ، بەڵام کاتێک ئەنجامەکە بەو شێوەیە نەبوو پێشبینیان کردبوو، ناچار بوون سازش بۆ پارتی و نێچیرڤان بارزانی بکەن بۆ ئەوەی بەشداریی لە دەسەڵاتدا بکەن ، بەتایبەت دوای ئەوەی توانیان لەسەر ئاستی کوردستان سەرکەوتنی گەورە بەسەر ” یەکێتی” دا بەدەستبھێنن و ببنە حزبی دووەم. پسپۆرێکی زانستە سیاسییەکانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەوە دوا ھەلە بۆ گۆڕان ، چوونکە ئەگەر بۆ ئەم قۆناغەش لە ئۆپۆزیسیۆندا بمێننەوە، رووبەڕووی پاشەکشەیەکی گەورە دەبنەوە .

د.خالید محەمەد، مامۆستای زانستە سیاسییەکان، پێیوایە، گۆڕان ھەموو ھەوڵێکی لە سەرنجڕاکێشانی پارتیدا چڕ کردۆتەوە و دەیەوێت ھەموو رێگەیەک بگرێتە بەر بۆ بەشداریی لە حکوومەت با ئەو رێگەیە ئیحراجیشی تێدا بێت. وتیشی “لە دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانەوە تا ئەمڕۆ گۆڕان کەوتۆتە مجامەلەی پارتی و نێچیرڤان بارزانی، بۆ ئەوەی بتوانن بەھۆی نەرمی نواندنێکی زۆرەوە پارتی بگەیەننە ئەو بڕوایەی بەشدارییان پێ بکات لە حکوومەتدا، بە تایبەت بەو ھۆیەی تا ئێستا پارتی متمانەی تەواوی بە گۆڕان نییە و نایەوێ یەکێتیش پشتگوێ بخات، بەڵکو پارتی دەیەوێ باڵانس رابگرێت”.

سایتی “چاودێر”ی سەر بە یەکێتی، ئەوەی بڵاوکردۆتەوە گۆڕان لە ھەوڵێکی بێوچاندایە بۆ بەدەستھێنانی متمانەی چارتی. ئەو سایتە بڵاویشی کردۆتەوە “لە کاتی گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا لە پیرمام، لە گردەکە وتوویەتی، کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بارزانیدا زۆر ئیجابی بووە و یەکلابۆتەوە دەچنە حکوومەتەوە. لە ئێستاشدا بەشێکی زۆری بەرپرسە دیارەکانی گۆڕان لە گردەکە خەریکی پڕکردنەوەی فۆڕمن بۆ وەرگرتنی پۆست لە حکوومەتی داھاتوودا. لە کاتی سەردانەکەی پیرمامیش ئەو بەرپرسانە بە پەرۆشەوە چاوەڕێی گەڕانەوەی رێکخەرەکەیان کردووە، کە ئایا دەچنە دەسەڵاتەوە و پۆستیان بەردەکەوێت؟. لەمەشدا دڵنیاییان وەرگرتووە. سەبارەت بەو رەخنانەشی لە بزووتنەوەکە دەگیرێن لە بارەی حەزی پۆست و دەسەڵات، ئەو بەرپرسانەی گۆڕان کە بەنیازی وەرگرتنی پۆستن، وتوویانە ئەو رەخنانە کاتین، چوونکە حکوومەت گرنگترە”.

سایتی “چاودێر” زانیاریی وردتری لە بارەی بۆچوونی ناو بزووتنەوەی گۆڕان لە بارەی بەشداریی لە حکوومەت بڵاوکردۆتەوە و نووسیوویەتی “لە ناو بزووتنەوەی گۆڕاندا دوو بۆچوون لەسەر چۆنێتی بەشدارییکردنی گۆڕان ھەیە . بۆچوونی یەکەمیان پێیان باشە پۆستی سەرۆکی پارلەمان وەربگرن، پشتیوانانی ئەم بۆچوونەش یوسف محەمەد و کەسە نزیکەکانییەتی، بەتایبەت یوسف خۆی بەتەمای ئەو پۆستەیە . بۆچوونی دووەمی بزووتنەوەکە ئەوەیە پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت وەربگرن. بۆ ئەو پۆستەش شۆڕش حاجی کاندید کراوە، بەڵام بەشێکی زۆری ھەڵسوڕاوەکانی گۆڕان لەگەڵ ئەوەدان قادری حاجی عەلی ئەو پۆستە وەربگرێت. ھاوکات مستەفای سەید قادر نیازی وەرگرتنی پۆستی وەزیری ناوخۆی ھەیە “.

د.خالید محەمەد، رەخنە لە بزووتنەوەی گۆڕان دەگرێت کە لە ژوورە داخراوەکاندا و لە کۆبوونەوەی دووقۆڵی چڕ و دوور لە زوومی کامێرای میدیاکان، لەسەر چەند خاڵێک بۆ بەشداریی لە حکوومەت رێکەوتوون کە ئەمەش دژە بە پرنسیپەکانی بزووتنەوەی گۆڕان کە گوایە شەفافیەتی دەوێت. وتیشی “گۆڕان دەریخست ھەڵگری ھیچ جیاوازییەک نییە لەگەڵ پارتی و یەکێتی، ئەوانیش بە خۆشحاڵی و چنگ لەسەرشانەوە کۆبوونەوەی داخراوی ژوورە تاریکەکانیان قبوڵ کرد و دەمی لایەنگرانی خۆیان دووریوە و رێگە نادەن کەس باسی بکات، یان بەشێک لەوان وا گەوجێندراون ئەو دیدارەی پارتی و گۆڕان بە سەرەتای مێژوو دەزانن، بە رووداوێکی دەگمەنی مێژوویی لە قەڵەم دەدەن، لە کاتێکدا شتێکی ئاساییە “.

چیا عەباس، ھەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان، پێیوایە لە ھەموو دنیادا کۆبوونەوەی داخراو ھەیە و ئەوانەشی رەخنە لە کۆبوونەوەکەی بارزانی و نەوشیروان مستەفا دەگرن ئامانجی تریان ھەیە. چیا عەباس، دەڵێت ” گۆڕان بە مانداتی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەکە کەوتۆتە لێدوان و دانوستان بۆ بەشداریی لە کابینەی ھەشتدا، بۆ ھەمان مەبەستیش رێکخەری گشتیی لەگەڵ سەرۆکی پارتی و کاندیدی پارتی بۆ پێکھێنانی کابینە کۆبۆتەوە، ھەمو ئەمانە پێشتر لە راگەیاندنەکانی گۆڕاندا بڵاوکراونەتەوە. داخراویی کۆبوونەوەکە مافێکی ئاساییە کاتێک لایەنەکان ئەوەیان پێ درو‌ستر بێت. لە سەرجەم وڵاتانی دنیا، بەوانەی لە لوتکەی دیموکراسیشدان، ئەو جۆرە شێوازە لە کۆبوونەوە ئاساییە. ئەوەی نائاساییە کۆبونەوەی ژوورە تاریکەکان بۆ مەرام و مەبەستی تایبەتی لایەنەکان بەکاربھێنرێت و کەس بابەت و ناوەڕۆکەکەی نەزانێت “.

ئەو ھەڵسوڕاوەی گۆڕان، وتیشی “دەرئەنجامی سیاسیی بۆ بەشێک لەو بۆچوون و ناڕەزایەتیانە مەبەستێکی سیاسیی شاردراوەی مەقسودی تێدا بەدی دەکرێت: گرژیی و ئاڵۆزیی نێوان گۆڕان و پارتی بمێننەوە و بە تەنیشت ئەو دۆخەشە‌وە کەسان و لایەنی تر لرفی خۆیان لێبدەن”. لە بەرانبەردا “د.خالید محەمەد” دەڵێت “گۆڕان پاساوی زۆرە، بەڵام ھیچیان قەناعەتپێکەر نین، لەگەڵ ئەوەش دەبێ گۆڕان بزانێ ئەگەر دەیەوێ لە دەسەڵاتی سیاسیدا پشکی ھەبێت، پێش ئەوەی ھیچ شتێک بگۆڕێت پێویستە خودی خۆی بگۆڕێت “.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت