یوسف خەلیل : سەرنج پێش هەنگاو .
گەرەكە هەمیشە بپرسین لە خوود .. لە ئاراستە .. لە كاردانەوە .. چی بكەین تا هەنگاو بنێین ؟ بێگومان گەر بمانەوێ بزانین چ دەكەین پێویستمان بە دایالۆگ هەیە تا پێش و پاشی هەنگاو دیاری بكەین ، مرۆ كاتێ بەنێو كەندڕەكانی بیابان و كەنارەكانی بەندەری ژیندا رێدەكات گەلێك باڕێژە و رەهێڵە و شنەی شەماڵ رووبەڕووی دەبنەوە .. چۆن بتوانێ رێبكا و پەنجەی پەشیمانی نەگەزێ ! بۆیە پێش هەنگاونان گەلێك پرسیار لە دایك دەبێت .. پاشان دیدە ئاراستەی بەر لە هەنگاو دەكات .. تا بە شێوەیەكی ئەندازەیی و بێ شكست پێ هەڵبنێ ! بەڵكو لە ئاكامی رێ ڕۆشتنەكەی .. ئارام و ئاسوودە بێنێتە كایە و كورد واتەنی كاڵەك بە ئەژنۆ نەشكێنێ و بە هەڵەدا تێنەپەڕێ ..
واتە پڕۆگرام یاخوود بەرنامە پڕۆسەیەكی گرنگە بۆ بنیاتنانی سبەینێكی پڕ لە خۆر ! تا بەڵكو ( تاك و گروپ و كۆمەڵ ) سوودمەند بن لە كاردانەوەكانی ، ئەمەش بێ بیركردنەوە بە نێو هزری پڕ لە ناخ و دیالۆگی بەردەوامی تاكەكان لە هەموو روویەكەوە دێتە دی ..
بێگومان لەگەڵ داڕشتن و لە دایك بوونی بەرنامەدا فاكتەرێكی گرنگ چاو هەڵدێنێ .. ئەویش پەیوەست بوون و پەیڕەوكردنن .. كە دەبنە تەواوكەری پڕۆژەكانی بەرنامە .. كە گرنگە مرۆڤ پەیوەست بێ بە شەونمەكانیەوە و قوربانی بدا لە پێنا و رێ هەڵەنەكردن و جێنەمان لە دوورگەی نەهات و نەماندا ..
بەرنامە تەنها بۆ بوارێك لە بوارەكانی ژییان .. هزری گیرۆدەی بیركردنەوە نەكردووە ، بەڵكو هەموو كون و كەلەبەرەكانی ژییانی لە ناخی مرۆڤدا لە ئامێز ناوە ، واتە گرنگە بۆ هەموو كردەوەیەك كە بمانەوێ پێی هەڵسین هەمیشە دەبێت بڵێین ( چی بكەین دەگەین بەچی ) گرنگە ئێستا ئەو كارە ئەنجام بدەین یاخوود فەرامۆشی كەین بۆ كاتێكە دیكە ، بەمەش دەتوانین بەهەڵەدا نەچین .. ئەمێستا ئێمە لێرە لەم هەرێمە نەوجەوانەدا رێدەكەیین ، راستە ئێمە هەمیشە ماوەمان نەبووە بۆ داڕشتنی بەرنامەیەكی پووختە بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانمان ..
واتە دەبێت لەمەودوواوە رێنەدرێت هیچ پڕۆژەیەك بێ داڕشتنی بەرنامە ئەنجام بدرێت ، چونكە ئاكامە شكستەكانی تەنها كۆمەڵانی خەڵك و چینی ژێر دەستە دەبنە قوربانی ، بۆیە گرنگە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و ئایندەیەكی روون بۆ ئادەمیزاد و سەركەوتنی پڕۆژە ئابووری و رامیاری و خزمەت گوزارییەكاندا .. زیاتر كۆشش و ماندووببین و دایالۆگی هەمیشەییمان بەردەوام بێت ، بەمەش دەتوانین ئایندە رۆشنتر و جوانتر بێنینە بەر دیدەی لاوانمان .. تا ئاشناببین بە خەونە جوانەكانی بنیاتنان ..
- یوسف خەلیل : خوازبێنی و هەنگاونان بەرەو بەهاوسەر بوون . - 2015-03-16
- یوسف خەلیل : ڕەبەنی پرچ . - 2015-03-08
- یوسف خەلیل : بەشێك له جامه شيعرى ڕەبەنی پرچ . - 2015-02-26