کونجرینی : تیرۆری کاوە هاوزنجیری مەرگی سۆران و سەردەشت ـ ـە .
ئەوانەی دوێنی بکوژ و پەردەپۆش و کەڕولاڵی دوو جوانەمەرگی هەولێرو کەرکوک بوون ، ئەمڕۆ لەسەر گۆشەیەکی ئەم سێکوچکەیەی تیرۆر ، بۆدوانیان ڕوو وەردەگێڕن و بۆ یەکێکیان دەلاوێنن و شین و شەپۆڕیانە ، دوێنی هیچ زمانێکی یاساو هیچ وێژدانێکیان بۆ مەرگی دوو لاو و هاوزنجیری ئەمەی ئەمڕۆیان نەبوو . ئەوەی بەم لاوانەوەیەو بەم هەنگاوە بەناو یاسایی و سیاسییە بڕوا بکات ، کەڵفام و کۆیلەیە ..
ماوەی مانگێک لە تاونبارکردن و خۆکپکردن و خۆگێلکردن و ناڕەزایی بوون بەدوای شەهیدکردنی کاوەدا گۆڕەپانی ئەم هەرێمەی ئێمەی پڕکردووە .
تائەم ساتە سیاسییەکی گەمەزانم نەبینی شیکارییەکی ژیرانەو بوێریانەی هەبێت بۆ کارەساتی مەرگی کاوە .. زانیمان مەحمود سەنگاویی و عەدنانی حەمەی مینە ، دوو کەسی ڕووبەڕوون بۆکۆتایی هاتنی مەرگی کاوە ، ئامانە بەڵگەی پێش تیرۆرکردنەکەن . بەڵام بەڵگەی تیرۆرکردنەکە وەک دۆکۆمێنتێکی یاسایی و تیاسەپاو ، لەدادگا بوونی نییەو کەسیش بەڵگەی چەسپاویی لەهیچ ڕۆژنامەو مێدیایەکەوە بەڕووی خەڵکیدا نمایش نەکردووە . لەم جۆرە باسانەدا ، دەبێت هەڵسەنگاندمان بۆ گەمە سیاسیەکانی پشتی تیرۆرەکە هەبێت ، سەرپێی بڕیاردان و تاوانبارکردن ، هەڵەیەکی زەقە ..
لەسەر تیرۆری سەروەر هەموومان بڕیاری هەڵەمان داو ، ڕاستەوخۆ ئەو هێزەمان تاوەنبارکرد ، کە سەروەر ئەندامێتی ، کەچی لەچاوپێکەوتنێکی ” عیماد ئەحمەد ” دا دەرکەوت بکوژەکان هی دەرەوەی یەکێتی بوو . لێرەدا دەبێت بپرسین ( بۆ یەکێتی بکوژ و پیلانڕێژی تیرۆری سەروەر ناهێنێتە بەرچاویی میدیا ، بۆ ئەوەی گومانەکان لەسەر ئەو هێزە بەتەواوی بڕەوێتەوە ؟ ..
لە بەرزترین پلەی دەسەڵاتەوە ، ناڕەزایی بونی خۆیان دەربڕیی . زۆرمان گوێم لێ بوو ، ڕستەی پڕ واتاو پڕ سیاسیانەو پڕ لە سۆز لە سەرانی یەکێتییەوە دەهاتە دەر ، بەڵام گوێمان لەوە نەبوو ، نەمان بیست دەستی تاوان بۆ سەر یەکێک درێژ بکەن وەک هێزێکی باڵادەست لەو ناچەیەدا ، تۆکمە بە هێزی سەربازی و ئاسایش و هەواڵگری و بە پانتایی جەماوەریانەوە .
لەڕووی سیاسیەوە یەکێتی تاوەنباری یەکەمە ، بەو شێوەیەی لەو ناوچەیەدا باڵادەستە ، بەڵام لەڕووی یاسایی و دادوەریەوەوە ، هێندە تاوانبارە ، کەبەجدی بەدوای دۆسەکەدا ناچێت و لەم ماوەدا هیچ سەرەداوێکی ئاشکرا نەکردووە ، جگە لەوەی کە بکوژی یەکەمی ئەو ڕووداوە لەمیدیاکانەوە بڵاوکراوەتەوە ، کاتێک باسی سەرەداو دەکرێت ، دەبێت یەکێتی هێندە هەنگاو هەڵبنێت ، کە چواردەرو و ماڵباتی شەهیدەکە بهێنیتە ئەو ئاستەی لانی کەم ئاهێکیان پیابێتەوە .
داخوازیی و خواستی ماڵباتی شەهیدەکە ، ڕاپێچکردنی ئەوانەن ، کەجوڵێنەریی پیاوکوژەکەن ، ئەمە مافێکی ڕەوشتی و یاسایی و ئینجا سیاسی ئاشکرایەو پێویستە یەکێتی پێش ئەوەی خۆی بکات بەقوربانی ئەم ڕووداوە ، لەڕووی یاسایی و سیاسیەوە هەنگاو هەڵبنێ .
1 / لەڕووی یاساییەوە ، پێش ئەوەی هێزی تر مزایدەی لەسەر بکات ، هەنگاویی دروست و نێتپاکی خۆی لەسەر بەڵێنەکانی دروشم و بەرنامەی حیزبەکەی و سەرۆکەکەی بهاوێژێت ..
2 / لەڕووی سیاسیەوە ، ئەم وەک هێزێکی سیاسی بەرامبەر تیرۆری سۆرانی مامەحەمەو سەردەشتی جوانەمەرگ ، جوڵێنەری شەقام بوو بۆ دەربڕینی ناڕازیی و بەم هۆیەشەوە توانیی سەرنجی خەڵکی بەلای خۆیدا ڕابکێشێت ، دەبێت لەوە بگات دووجار زیان دەکات ، جارێک لەسەر ڕابردوو ، جارێک لەسەر ئەمڕۆ ..
لەدوای مەرگی سۆرانەوە پارێزەرانی شەقامی زەرد بەئاشکراو بەنهێنی ، بەرگریکاری بکەرانی تیرۆرێکی تراژیدیاو دڵتەزێن بوون . کۆمەڵێک بەناو نوسەر و ڕۆشنبیر و مافپەروەر و نەتەوەیی ، کەوتنە بوختان و بەهانەو دابڕانی پارتی لەو تاوانە . کاتێک هەمان سینارۆیان لەسەر مەرگی سەردەشت – ی جوانەمەرگ دووبارە بووەوە ، ئەمجارەشیان بەجۆرێکی تر پەردەپۆش و بارانی وشەی قەناعەتیان بۆشۆردنی مێشکی شەقامەکەیان باراند . هەمان شەقام و هەمان ڕوو ، ئێستا لەمەرگی کاوەدا ، پێشڕەوی یاساو ماف و دادپەروەرین . گلەیی نییە لەسەر دینگە سیاسیەکانی ئەم هەرێمە ، لەوەی بێ وەڵامن و ناپرسن : ئایا ئەم پارتیەی ئەمڕۆ نەبوو لەپشتی تیرۆری سۆران و سەردەشت ـ ـەوە ، وا لەمەرگی کاوەدا شین و شەپۆڕیی داناوە ؟ ..
دەکرا وەک وەفایەک بۆ هاوزنجیرەکانی مەرگی کاوە ( سۆران و سەردەشت) ، ماڵباتی کاوە ، ڕێگایان نەدایە بەسەرانی دوو حیزبی دەسەڵات بەهاوتای مەحمود سەنگاویی ڕوو لەدەرگایان بنێن ، ئەوان یەکەم و دووا تاوانباری سێ کوچکەی تیرۆری سۆران و سەردەشت و کاوەن و سێ بارەکەرەوەی یەک سینارۆی تیرۆرن .
دەبوایە لەو شوێنەدا دەرگایان واڵا بوایە ، کە فایلی فەرمانی گرتنی تاوانبارانی تیرۆری کاوەو سۆران و سەردەشت ـ یان وەک نامەی مزگێنی بۆ بهێنیانایە .
- بابەتەکانی تری لاوک کونجـــــــرینی
لاوک کونجرینی: بۆ جیهان لە چاوەڕوانی گۆڕانکاریدایە لە تورکیا.
-لاوک کونجرینی: عەبدوڵای کوێخا موبارەک.
-لاوک کونجرینی: مانیفێستی هەستانەوەی حیزبی کوردی/ بەشی پێنجەم.
- All Posts