عەتا قەرەداخی : هەڵەبجەو خۆپیشاندانی سەید سادق و ململانێی حیزبە کوردییەکان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

رەنگە ئەوە پرسیارێکی جیدی بێت کە ئایا بۆچی دەست بەجێ لە دوای بڕیاردانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە خۆپیشاندانەکانی سەیدسادق دەستی پێکرد؟ دیارە ئەوە ئاشکرایە کە شارۆچکەی سەید سادقیش وەکو زۆرینەی شارو شارۆچکەکانی تر کوردستان مەغدوورەو پێداویستییەکی زۆری بە خزمەتگوزرای هەیە ، هەروەک ئەرکی حکومەتە بە هەموو شێوەیەک هەوڵبدات پێداویستییەکانی جەماوەر جێبەجێ بکات . هاوکات مافی رەوای جەماوەرە بە هەر شێوەیەکی مەدەنیانەى گونجاو فشار لەسەر حکومەت درووست بکات لە پێناوی جێبەجێکردنی داخوازییەکانیدا . بەهەمان شێوە داخوازییەکانی جەماوەری شارۆچکەی سەیدسادقیش داواکاری رەوان. من پێش ماوەیەک سەردانی سەید سادقم کرد ، باری شەقام و کۆڵان و ئاوو ئاوەڕۆم بینی ، مرۆڤ هەست بە شەرمەزاری دەکات کە ئەو دیمەنانەى ناو شاری سەید سادق دەبینێت ، لە پاشی بیست و دوو ساڵ لە دەسەڵاتی خۆماڵی کوردی و پاشی دە ساڵ لە رووخاندنی رژێمی بەعس و هاتنی میزانیەیەکی باش لە بەغداوەو بوونی سامانێکی زۆری ناوخۆیش بە تایبەتی دوای ئەوەى کە ماوەیەکی زۆریشە بە بەرچاوی خەڵکەوە نەوت دەنێردرێتە دەرەوە کەچی ئەوە دیمەنی ناو کۆڵان و شەقامەکانی شارۆچکەیەک بێت کە زیاتر لە هەشتا هەزار مرۆڤی لێ دەژی . هەر بۆیە لەو رووەوە دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەرپرسە لەو کەمتەرخەمییەی کە لەو شارەدا هەیە کە دەشێ بەشێکیشی پەیوەندی بەوەوە هەبێت کە لە هەڵبژاردنی پێش ئەوەندە ساڵی سەید سادقدا یەکگرتووى ئیسلامی زیاترین دەنگی ئەنجومەنی شارەوانی ئەو شارۆچکەیەی هێنا کە ئەوەش دەشێ هۆکارێک بێت بۆ زیاتر پشت گوێخستنی ئەو شارۆچکەیە لە لایەن دەسەڵاتی ناوچەکەوە ، دیارە ئەم شارەش کە پێشتر وێرانبووە پێداویستییەکی زیاتری بە خزمەت و ئاوەدانی هەبوو ، بەڵام لەم ماوە درێژەشدا نەتوانراوە وەکو پێویست کاری بۆ بکرێت .

ئێستا دەشێ وای بۆ بچین کە خۆپیشاندانی جەماوەری سەید سادق هاوکات لەگەڵ ئومێدی ئەوەى کە پەرلەمانی عێراقی بە بەڵی دەنگ لەسەر بڕیارەکەى ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بدات بۆ بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە ، مرۆڤ دەخاتە بەردەم گومانەوە. دیارە گومان لە جەماوەر نا ، بەڵکو گومان لە حیزبەکانی کوردستان بەوەى کە تیایاندا هەبێت حەزنەکات هەڵەبجە ببێتە پارێزگاو بۆ ئەو مەبەستەش دەستێکی هەبێت لە وروژاندنی بارودۆخەکەدا لە ئێستادا کە سەرئەنجامی شێواندنی بارودۆخی ناوچەکەو درووستکردنی رق و کینە لە نێوان جەماوەری ئەو دوو قەزایە دەشێ کاریگەری نێگەتیفی گەورەی هەبێت لەسەر بڕیاردان لەسەر چارنووسی هەڵەبجە .

ئێستا پێدەچێت هەمان ئەو کێشەیەی کە کێشەى گێڕانەوەى کەلارو کفری و چەمچەماڵە بۆ سەر کەرکوک رووبەڕووى هەڵبجەش بێتەوە ، کە ئەوەی کەرکوک لە ئەنجامی ململانێکانی نێوان یەکێتی و پارتیدا بوو، کێشەى ئەم هەڵچوونەى ئێستاش پەیوەندی بەو دوولایەنەو لایەنەکانی تریشەوە هەبێت بە تایبەتی کە لە هەڵبژاردنی ئەم جارەدا ئەو روبەرەی کە بڕیارە ببێتە پارێزگای هەڵەبجە بە ئاشکرا جێ نفووزی گۆڕان و یەکگرتووە . بۆیە دەشێ گومانی ئەوە بکرێت کە دەستێک لە پشتەوە کاربکات بۆ ئەوەى رێگا لە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بگرێت . دیارە هەرچۆن ململانێکانی نێوان یەکێتی و پارتی لە کەرکوکدا بارودۆخەکەى لەو شارەدا گەیاندووەتە ئاستێک کە پێدەچێت لەم هەڵبژاردنەى ئەمجارەدا کورد کەرکوکی لە دەست بچێت، بەهەمان شێوە ئەگەری ئەوە هەیە کە هەمان عەقڵیەت لە پشتی خۆپیشاندانەکانی سەیدسادقەوە بێت کە هاوکات لە ئێستادا روودەدا بۆ رێگاگرتن لە بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت