بەهرۆز جەعفەر: چەمچەماڵ پێشەنگە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەچوارچێوەى ئەم سیستەمەدا، تاکى کوردى وا ئامادە نەکراوە، هەموو بستێکى نیشتمان بە پارچەیەک لەجەستەى خۆى بزانێت، بۆیە هەمیشە شارچێتى و گەڕەک چێتى لەزهنیەتى هەر تاکێکى ئێمەدا ئامادەگى هەیە.

هەرگیز نامەوێت، وەک توێژەرو ڕۆژنامەوانێک ، ئەم شوێن پێیە هەڵبگرم و، گورج بکەومە شوێن پێی خەڵکى عەوام یان میدیاو یەکە سیاسییەکان. ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت بەچاوى خۆم ساڵانێکى زۆرە ببینم غەدرێکى گەورە لەشوێنى لەدایکبونم (چەمچەماڵ) ئەکرێت و، بێدەنگیش هەڵبژێرم!.

نەوت و غازى سروشتى چەمچەماڵ، بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەى ئەمریکیەکان لەعێراق بەرزیان کردۆتەوە،  بەشی سەرچاوەى جووڵە بەووزەى نیوەى ئەوروپا ئەکات. جیا لەمە شارەکە فەزڵى بەسەر جیهانیشەوە هەیە، چونکە خاوەنى کۆنترین گوندى کشتوکاڵى و شارستانیەتە لەمێژوودا کە” گوندى چەرموو” ە.

لەڕووى کلتورو ڕۆشنبیرییەوە، جێی تیاهەڵکەوتنى دەیان شاعیرى گەورەى وەکو ” شێخ ڕەزاى تاڵەبانى و فەقێ قادرى هەمەوەندو مەلاى جەبارى و… هتد ” یە. کەهەریەکێکیان لە ئەدەبیاتى کوردى دەربکەیت، وەکو دەرهێنانى چەندین خشتە لەدیوارێکدا. یەکەم ڕۆژنامە لەچەمچەماڵ لەسەروەختى قایمقامێتى نوسەرى گەورە” شاکر فەتاح ” لەساڵى (1946) بەناوى”چەمچەماڵ” لەو قەزایە دەرکراوە. لەکاتێکدا ڕۆژنامەیەک لەپایتەخت بەناوى “هەولێر” لەساڵى (1950) یەکەم ژمارەى لێ دەرچووە.

کەس نییە، لەچەمچەماڵ و جیهانى دەرەوەش داستانى کەڵەپیاوەکانى وەک: مامەڕیشەو سەید جەوهەرو کوڕانى حەسەن فەقیانەو کەریم نۆکەڵەو، کوڕە شەهیدو جەربەزەکانى پورە گوڵەو ، شێرزاد جەبارى و… هتد, ى بەرگوێ نەکەوتبێ. کێ هەیە لەدەرگاى هەر ماڵێک بدات لەناحیەى شۆرش ڕۆڵەیەکیان نەبەخشیبێتە نیشتمان؟. هەمیشە هەڵکەوتەى ئەم شارە واى کردووە سەنگەرى بەرگرى و هێرشی بەرەى پێشەوەى کورد بێت بۆ سەر بەعسێک کە دڕندەییەکەى لەکێشا نەبوو.

ئێستا چەمچەماڵ گەورەترین قەزایە هەم لەڕووى ڕووبەرى جوگرافى و هەمیش لەڕووى ژمارەى دانشتوان کەبە (6) ناحیەى ( شۆڕش و تەکیەى دەربەندو سەنگاوو ئاغجەلەرو تەکیەى جەبارى و قادرکەرەم ) خۆى دەدات لە (200000) دووسەد هەزار نفوس. کە بە ویڵاشى کەرکوک و ماددەى (140) دائەنرێت.

ئەم شارە، جگەلەوەى بەدەست ململانێی حزبى و شەخسییەوە ناڵاندویەتى، واى لێکراوە ناو و ناوبانگەکەشی تێک بچێت. بەجۆرێک ئابڕوو ببەن هەرکەسێک لە مەکسیک یان ناوەڕاستى دەریاى کاریبى چەقۆیەکى بەربکەوێت، پەنجەى تەخوین بۆ چەمچەماڵییەکان درێژ بکرێت. لەکاتێکدا بەپێی هەموو دەرخستەو ئامارەکان چەمچەماڵ بێ کێشەترین و سەلامەترین و خانەدانترین شارە. سەیرە زۆرجار خەڵکى شارەکانى دى وەها باسی قوربانى و مەغدوریی خۆیان ئەکەن، کە گەورەیی خۆیان بدەن بەسەر هەموو شتێکا. وەک ئەوەى لەشی چەمچەماڵیەکان و هاونیشتمانییەکانیان ئاوى لێ تکابێت.

یەک تاقە چەمچەماڵى چییە، یەک ڕۆژنامەوانى هاوڕێ و هاوپیشەمان چییە ، تائێستا نازانێت چەمچەماڵ لەڕووى ئیدارییەوە سەربەکوێیە؟. بچن لەقایمقام و بەرپرسانى شاریش بپرسن ئەوانیش نازانن؟. بەو ڕێگاى گەرمیانەوە دەیان گەنجى خوێن گەرم تیاچوون و جەرگى دایکەکانیان بوو بە قەرەبرووت. ئینجا ماوەیەک چوونەوە سەرکەرکوک، ئینجا هاتینەوە سەر سلێمانى کە بەدوورى (60کم) لەقەزاکەوە دوورە. جارجاریش ڕاستەوخۆ سەربەهەولێرن؟.

بێ ئەوەى دەست وەربدەم، یان پاڵپشتى یان بکەم ،(3) ساڵە دیققەتى هەندێک هاوڕێی چالاک ئەدەم، نەک زانکۆیەک،بەڵکو داوا ئەکەن تەنها یەک فەرعێکى زانکۆى گەشەپێدانى مرۆیی بێتە شارەکە، کەس بەگوێیان ناکات!. هەرچى جوتیارى سنورەکەیە چاوى لە گوێلێک پەینى کیماوییە لە حەیبەتا داوائەکەن بخرێنەوە سەرگەرمیان تا پێیان بدرێت، ئەوە گەنک گوڵ ئەکاو کەس هەر پێی نەوتن ئێوە” کوێندەرین !. ئێ کەى حوکمڕانى و ئیدارەى باش ئاوهایە؟ ئەتانەوێ چەمچەماڵیش داخەکانى خۆی بڕێژێت و خوێن فیشقە بکات، ئینجا لیژنەیەک دروست بکەن؟.

ئەرێ کەى ڕەوایە، گەورەترین قەزابیت لە ڕووى دانشتوانەوە، کەچى کە باسی دامەزراندن دێتە پێشەوە، نسبەتى (3%) بۆ دەرچووەکانى دابنەن؟. بەشێکى دەرچووەکانى پەیمانگەو زانکۆ لەم شارە (3-4) ساڵە تەواویان کردووەو تازە پێیان ئێژن (بەپێی خاڵە !). بەشێکى زۆر لەفەرمانبەرەکانى (20-40) ساڵە خزمەت ئەکەن، مەترێک زەوییان ێێ نەدراوەو، ئەلێن ئەوەى ئەمرى (2006) ى نەبێت ناى درێتى !!.

ئینجا ئەوە من پێم وتن چەمچەماڵ پێشەنگە، با خواو خەڵکى کوردستان شاهید بن، ئێوەش کەیفى خۆتانە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت