sherzad

شێرزاد وڵاتدۆست : حوکمڕانی کوردی و گەندەڵی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گەندەڵی وشەیەک پڕاوپڕ لە ناشرینی ، وشەیەکی سواوی بەکارهاتوو لە هەرێمی کوردستانە ، گەندەڵی واتا داخوران یان دارزان هەرچەندە لە کۆندا ئەم وشەیە بۆ دارودراخت یان هەرشتێکی تر بەکاردەهات کە توشی داخوران ڕزین دەهات ، بەڵام لە ژێر سایەی دەسەڵاتی کوردی ئەم وشەیە گەشەسەندنی بەخۆیەوە بینی بەجۆرێک لە ڕۆژگاری ئێستا ڕۆژانە لە میدیاکانی ئەم هەرێمە بەرچاو و گوێمان دەکەوێت ، گەندەڵی کارگێری و بەڕێوەبردن لەهەرێمی کوردستان بوە بەدیاردەیەک کە ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوەتە زۆربەی هەرەزۆری دامودەزگاکانی ئەم هەرێمە ، ئەگەر لە ژێر ڕۆشنایی پێناسەی گەندەڵی کارگێری کە برییتیە لە بەکارهێنانی دەسەڵاتی دەوڵەت و داهاتی گشتی بۆ بەرژوەندی تایبەتی سەیرێکی باردۆخی بەڕێوەبردن و حکومڕانی بکەین ، ئەوا زۆر بە ڕوونی بۆمان دەردەکەێت چ گەندەڵیەکی مەزن باڵی کێشاوە بەسەر هەرێمی کوردستان بەجۆرێک زۆر بەکەمی دەبینیت دامودەزگایەکی حکومی گەندەڵی تێدانەبێت ، یاخود پڕۆژەیەک هەبێت بەبێ بوونی گەندەڵی تەواو کرابێت .

لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 هاووڵاتیان زۆر بە هیوا و ئومێدەوە لە حکومەت و دەسەڵاتی کوردی خۆبەڕێوەبەریان دەڕوانی ، بەڵام ئەم هیواو ئومێدەواریە درێژەی نەخەیاند ، چونکە هەر لە سەرەتاوە زۆربەی دەمودەزگاکانی حکومەت لەلایەن چەند لایەنێکەوە توشی دەستبەسەرداگرتن و تاڵنکردنەوە بوونەوە و کەلوپەلە گرانبەهاکانیان ڕەوانەی ئەودیوسنور کردو و پارەکەیان بۆخۆیان لادا ، هەروەها دەستگیرا بەسەر زەوی و زار و خانوبەرەیەکی زۆری حکومی کە هەندێکیان کران بە بارەگای حزبی یان بوون بەماڵی بەرپرسانی ئەم حزبانە و کەسانێک لەسەربنەمای خزمایەتی حیزبایەتی کران بە ئەندام پەرلەمان و وەزیر و بەپرسی حکومەت کە هیچ شارەزایەکیان نەبوو لەکارەکانیان دا ، هەروەها دەستگیرا بەسەرتەواوی داهاتی بەدەستهاتووی هەر سێ پارێزگای هەرێم و بەکارهێندرا بۆ بەرژوەندی کەسی و حزبی .

واتا ئەمانە بوو بەسەرەتا و بناغەی گەندەڵیەکانی حکومڕانی کوردی ، هەروەها لەگەڵ بەرپابوونی شەری ناوخۆ و ئاڵۆزبوونی باردۆخی ناوخۆیی گەندەڵیەکانی حکومڕانی کوردی درێژەی کێشا و بووە یارمەتی دەرێکی گرنگ بۆ بەردەوامی و گەشەسەندنی ئەم دیاردەیە . لەگەڵ ڕووخاندی ڕژێمی بەعس بەیەکجاری لە ساڵی 2003 دەرفەتێکی نوێی کردەوە بۆ فروانکردنی گەندەڵیەکانی بەرپرسانی خاوەن ئەزموون لە گەندەڵی ، زیاد بوونی بودجەی هەرێم لە حکومەتی ناوەندی و بەدەستهێنانی داهاتی فرۆشتنی نەوت گەندەڵیەکان گەشە پێدا ، بەجۆرێک هاوشان بە زیادبوونی داهات و دەسەڵاتی حزبی لە ناو حکومەت لە هەرێمی کوردستان گەندەڵیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە هەڵکشان و فروان بوون دایە.

ئەوەی جێی تێڕمانە لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بوونی گەندەڵی زۆربەی بوارەکانی ژیانی گرتوەتەوە و وەک فایرۆسێک وایە کە هیچ دامودەزگایەکی ئەم هەرێمە بێبەش نەبووە لێی ، بەجۆرێک لەهەر لایەک بە شێوەیەکی جودا خۆی دەردەخات ، لێ ئەوەی جێ تێرامان و سەرسوڕمانی زیاترە لەم هەرێمەدا هیچ بەرپرسێک یان لایەنێکی گەندەڵچی لەسەر ئەنجامدانی گەندەڵی سزا نادرێت ، بەڵکو هەندێکیان پلە بەرزکردنەوە و پێدانی پۆستی گرنگتر خەڵات دەکرێن ، جگە لەوەش ئەگەر کەسێکیش بیەوێت ڕێگر بێت یاخود هەڵدەرەوەی گەندەڵیاکانیان بێت ئەوا بێگومان خۆی لەبەرامبەر شەق و گولەی ئەوان دەبینێتەوە ، لەگەڵ ئەوەش دا کۆمەڵێک کەس هەن کە دەکرێت وەک دەهۆڵ لێدەرەکانی گەندەڵچیەکان ناویان بهێنین زۆر بەئاسانی بەهانە و هۆکاری بێمانە دەهێنەوە بۆ درێژەکێشانی گەندەڵی .

بوونی عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە لە ڕیزبەندی پلەیەکەکانی وڵاتانی گەندەڵی یە ، دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە هیچ کەس و لەیەنێک ناتوانێت بوونی گەندەڵی پەردەپۆش بکات یان بشارێتەوە ، هەروەها ئەو ڕاستیە تەواو لە لایەن هاوڵاتیان ڕوونبووەتەوە کەلەم هەرێمەدا لەئەنجامی گەندەڵیەکانی چەند بەپرس و لایەنێک لەسەر حسابی گەل چەندین کەسی ملیاردلەر و ملیۆنرەی خاوەن کۆمپانیای مەزن پەیدا بوون بە جۆرێک زۆرێک لەو کەسانە لە پێش گەیشتن بە دەسەڵات خاوەنی هیچ شتێک نەبوون .

لەگەڵ بەردەوام بوون و درێژەکێشانی گەندەڵی ئەوا لایەنی سودمەند ، کۆمەڵێک کوس و تاقم و دەوروپشتەکانیان و ، لایەنی زەرەرمەند بێگومان خودی هاوڵاتیانە . لە ئەگەری چارەسەرکردن و نە‌هێشتنی گەندەڵی ساڵانێکی زۆریی پێویستە ، چونکە گەندەڵی لەم هەرێمە رەگو ڕیشەی دادەکوتاوەو تەشەنەی کردووە ، بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە کە ئایا هیچ هیوایەک هەیە بۆ نەهێشتنی گەندەڵی ؟ بێگومان لە ئێستادا ‌‌‌هیچ هیوایەک نیە بۆ نەهێشتنی گەندەڵی ، چونکە کاتێک کەسانێک لە دەسەڵات بن خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە گەندەڵیان هەبێت ، چۆن دەتوانن هەوڵی بنبڕکردن و نەهێشتنی گەندەڵی بدەن .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت