puk

ئارام قزلەریی : ئۆباڵی ( ی . ن . ک ) لە ئەستۆی کێدایە ؟ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە دوای هەرەسی ساڵی ١٩٧٥ گەلی کورد خەرمانی خەبات و تێکۆشانی چەندین ساڵەی بوە خۆڵەمێشیکی نێو ئاگردان و بێ ئومێدی باڵی کێشا بەسەر خەڵکی کوردستاندا ، لە بڕاوی هیچ کەسێکدا نەبوو جارێکی تر شۆڕشی چەکداری دروست ببێتەو ناوی پێشمەرگە بێتەوە سەر زمانی خەڵک .

خۆشبەختانە ئەوەندەی نەخایاند زەنگی شۆڕشێکی نوێ بەڕابەرایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ، وەک مژدەیەک درا بە گوێی گەڵی کوردا، بێ ئومێدی ، سیاسی ، چەکداری ، ئارامی و ئاسایش ، لە دڵی هاوڵاتیاندا دروست بوبو ، پاش بیستنی هەواڵی بونی پێشمەرگەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەو بێ ئومێدیە ڕەویەوەو ڕۆحێکی نوێ کرایەوە بە بەری گەلی کوردا .

لەگەڵ یەکەم چالاکی پێشمەرگەکانی یەکێتی لەسەرەتای دروست بونیەوە تا ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ ، کام لە پارتە سیاسیەکانی کوردستان پێشمەرگەکانیان بەقەد یەکێتی گورزی کوشندەیان لە دوژمانی گەلەکەمان داوە ؟ ژمارەی شەهیدەکانی کام پارتی کوردستانی نیو ئەوەندەی شەهیدەکانی یەکێتی بوە ، چالاکی ناو شارو شارۆچکەکانی کوردستان جگە لە پێشمەرگەو ڕێکخستنەکانی یەکێتی کام پارت ولایەن وەک یەکێتی خۆڕاگرو چاو نەترس بون لەبەرامبەر درندەکانی بەعسدا .

ئەو قارەمانانەی یەکێتیان گەیاندە ئەو ئاستەی ببێتە هێزێکی پۆڵاین لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا ، هەمان ئەو کەسانانە نەبون کەئێستا لە ناو بزوتنەوەی گۆڕاندان . ئەومێژوە پر سەروەرییەی کە دوێنی شانازییان پێوە دەکرد ، چ خێرە ئەمڕۆ ڕوویان لێوەرگێراوەو چاویان بەیەکرت هەڵنایەت ، لەبری تەبایی ودانوستان لەگەڵ یەکتردا بۆ پتەو کردنی پەیوەندی نێوانیان و ڕیزگرتن لەو ڕۆژانەی کە لەیەکسەنگەردا پێکەوە خەباتیان کردوە ، دەبینین ئەوەی ڕوویدا لەڕابردوودا لەئێستادا باری ئەمڕۆی یەکێتی لارکردووە ، هەموو بەشدارن بەوەی سەرزەنشتی یەکێتی دەکات لەمڕۆداو بەوانەی ، کە دەرێژەدەری هەمان خەباتن .

ئۆباڵی یەکێتی لە ئەستۆی کێدایە ؟

زۆرێک لەوانەی تەنها بەنجە بۆ سەرکردەکانی ئێستای یەکێتی درێژ دەکەن و بە تاوانبارو گەندەڵ ناویان دەبەن ، جێی پرسیارە ؟ ئایا تەنها ئەوانەی لە ناو یەکێتیدا ماون ، ئەوانەن هۆی سەرەکی شکستەکانی ناو یەکێتین . بێگومان لەم ساتە وەختەدا دەتوانین بڵین : نا !! .بەڵام دورکەوتنەوەی بەڕێز مام جەلال لەم ماوەیەدا کەلێنیکی گەورەی دروست کردوەو نا تەبایی ئێستای سەرکردەکان و کوتلەو کوتلەبازی هەندێک لە بەرپرسە باڵاکان . یەکێتی توشی گرفتێکی گەورە کردوەو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ وەک ڤایرۆسێکی کوشندە ڕیزەکانی هەڵدەوەرێنێت .

جگە لە کوتلەی سەرکردەکان ، فرسەت هێنان لە پاڵ پلەو دەسەڵاتدا و بون بە بازرگان و خستنە پێشەوەی بەرژەوەندی تایبەتی و پشت گوێ خستنی بەرژەوەندیە گشتیەکان وناپاکیی کردن لەو بیرو باوەڕەی بۆی جەنگا بون لە ڕابوردودا ، هۆیەکی تری شکستەکانە ، بیرچونەوەی ڕۆژانی شاخ و بەسەربردنی ژیانی لادێ و هەژاریان . ئەویش جۆرە نەهامەتیەکی ترە کە چۆتە خوێنی زۆرێک لە سەرکردەکانەوە و سەروەتو سامان کەسایەتیەکانیانی لە خەڵکی شۆڕشگێڕەوە کردوە بە بازرگان .

وێڕای ڕێزو حورمەتم بۆ هەموو ئەوانەی ئێستای لە ناو یەکێتیدا ماون و ئەوانەشی ئێستا لە ناو گۆڕاندان ، بنەمای گەندەڵی و پشتگوێخستنی ئەم دیاردە لەدوایی ڕاپەڕینەوە ، لەپێش هەڵبژاردنی خولی یەکی پەڕلەمانەوە سەریهەڵداو نەتوانرا ستۆپی پێبکرێت و بناخەیەکی پتەوی بنیادناو ڕۆچوو بەنێو جەستەی هەردوو حیزبی دەسەڵتدارەوە ، ئەوانەی مێژوویەکیان لەنێو ئەو دوو حیزبەدا هەبێت ، واتا مێژوییەک لە پشتگوێخستن و لەکەداربونی ئەو دیاردەیەی بەردەکەوێت .

زۆرێک لەوانەشی بەرپرس و دەسەڵاتدار نەبون بەڵام لە پاڵ هەندێک لە بەرپرساندا سود مەند بن و بونەتە ملوێنێڕ بە بازرگانی کردنی جەگەرەو مۆزو هتد …. ئێستا گەورەترین سەرمایەدارن و قسەش بە یەکێتی دەڵێن . ئەوەی زەرورە بوترێت ئەو دەسەڵات دارو ئەو کەسایەتیانەی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان سودیان لە یەکێتی وداهاتەکەی بینیوە ، لەبری پەرۆشیان بۆ پتەو کردنی ڕیزەکانی نێو حیزبەکەیان و خزمەتکردنی هاوڵاتیان ، زۆر چاو چنۆکانە داهاتی ئەو میللەتەیان بە ناشەعی بۆ خۆیان بردو شێتگیرانە کەوتنە پاشەکەوت کردنی سەروەت و سامان . بە کردنەوەی کۆمپانیای زەبەلاح و دوروستکردنی بازاڕو باڵەخانەی بەرزو کڕینی دەیان دۆنم زەوی لە شوێنی باشداو دروستکردنی کۆشکی شاهانە لە ناویدا بۆ خۆشبەختەوەری ژیانی خۆیان وماڵو منداڵیان ، هەر هەمووپشکی تاوانیان بەردەکەوێت لە باردۆخی یەکێتی.

کاتێکیش دەیان دوێنیت بۆ یەکێتی وای لێهات هەر کەسەو ئەویرتریان تاوان بار دەکات وخۆی دەکاتە فریشتە . بەڵام لەڕاستیدا تاوانبار ئەو کەسانەن کە پێنوسی بڕیار لە دەستیاندابوەو ئەوانەی لە کۆبونەوەکاندا بڕیاریان داوەو تا ئێستاش هەر بڕیار دەرن ، ئەوانن بەرپرسیاری یەکەم لە ڕابوردو لە ئایندەی یەکێتی و خەڵکی کوردستان . هەندێک لەوسەرکردانەی لوتیان لە ئاسمان بوو بەوانەی ئێستای یەکێتیشەوەو ئەوانەشی یەکێتیان جێ هێشتوە ، زۆربەیان نە گوێیان لە کاردرە دڵسۆزەکان دەگرد نە حسابیان بۆ کەسوکاری شەهیدانو لایەن گرانی حیزبەکەیان دەکرد ، دەرگای ژورەکانیان داخستبوو لە هەموو ئەوانەی قسەی بەسودو باشیان بۆ دەکردن وڕەخنەیان دەگرت لە بەڕیوە بردنی کارەکانیان .

لاوازیی یەکێتی ، تەنها خودی ئەو هێزە ناگریتەوەو دەتەنێت ، دۆست و دوژمنەکانی زیان لێکەوتەی بارە لارەکەی دەبن .