Hellbjardn1

بەختیار شارەزورى : سیناریۆکانى بەردەم هەڵبژاردن و کارکردن لەسەر ترس .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەموو کات لە کاتى نزیک بوونەوەى هەڵبژاردنەکاندا سیناریۆکان دەست پێ دەکەن .. با بپرسین سیناریۆ بۆ ..؟ دروشمەکان و بەڵێنەکان جۆرە وێنەیەک دەخەنە پاشخانى تاکى دەنگدەرەوە ، کە پڕە لە فریاد ڕەس ، بە شێوەیەک بەهەشتێکى سەرەتایى لە لاى تاکى دەنگدەر دروست دەکەن ، کە ئەگەر زانستیانە بە بەراورد لە گەڵ دۆخى ئەمنى بەغدا و پێداویستیەکانى هەرێم یەکسان بکرێت بە داهات و ئەم جۆرە لە سیستم ئەوا ئەو بەڵێنانە دەچێتە ناو چوارچێوەى پڕۆژەى درێژ خایەنەوە نەک کورت خایەن ، سەرانى خاوەن دروشم و بەڵێنەکان ناتوانن لە ماوەى کورتدا دروشم و بەڵێنەکان بکەنە کردار ، ئەمەش بۆ خۆى دەبێتە بێ هیوایى لاى تاکى دەنگدەر ، وا دەکات دەنگدەر نەچێت بۆ دەنگدان ، لەم کاتانەدا سەرانى دەسەڵاتدار ناچار دەبن سیناریۆ دروست بکەن و هێزەکان کارتەکانیان بخەنە ناو بازاڕى مامەڵەى سیناریۆکانەوە ، تا ئەگەر نەیان توانى لە ڕێى قەناعەتەوە تاک ڕەوانەى سەر سندوقەکانى دەنگدەر بکەن ، ئەوا لە ڕێى ترسەوە تاک ناچار بکەن ڕوو لە سندوقەکانى دەنگدان بکات ، بەپێى ئەم پێوەرانە ئێستا لەبەردەم هەڵبژاردنەکانداین سەرتاى سیناریۆکان دەردەکەوێت ، کە بە دوو بازنە دەست پێ دەکات .

بازنەیەک ناوچەیى و بازنەیەک ناوخۆیى ، بە شێوەیەک لە نێوان تورکیاو ئێراندا جۆرە ڕێکەوتنێک هەیە لەسەر بەغدا و هەرێم کە لە زەهاو ئەماسیەوە درێژ دەبێتەوە بۆ ئێستا ، لە ئێستادا بۆ تورکیا نیوەى هەرێم بوەتە بەشێک بۆى و ناوچەى سونەش بە بەشێک ، بەڵام لەبەر ئەوەى ناوچەى سونە سەکۆى یارمەتى و کۆبونەوەى سونە توندڕەوەکانە نابێتە وەرەقەیەکى گرنگ ، چونکە لەسەر ئاستى جیهان دەچێتە خانەى بەرەى تیرۆرستیەوە و ئەمریکاو ئەورپاو ێین و ڕوسیا دژى لایەنگرانى ئەم جۆرەن لە دەسەڵات ، بۆیە تورکیا ناوێرێت پاڵپشتى ئاشکراى سونەکان بێت ، ناچارە هەرێم و زۆنى زەرد بکاتە پێگەى سیاسى و ئابورى خۆى ، بەڵام بۆ ئێران دەکاتە گڵۆپى سەوزى وڵاتانى بەرەى دژە تیرۆر ، لەبەر ئەوەى بلۆکى شیعە تەنها لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا پێگەى گەورەى هەیە و نەبوتە دیاردەیەکى ترسناکى گەورە بۆ وڵاتانى دیموکرات و ڕۆژئاوا ، واتا وەک بەرەى سونە و قاعیدە چاوەڕوان ناکرێت 11ى ستمبەرى لێ بکەوێتەوە .

بە دیوێکى تردا دەتوانرێت وەک دیوارێک دابنرێت لە بەرامبەر سونەى توندڕەودا بەرامبەر دزە کردن بۆ وڵاتانى دیموکرات ، وە عێراق و سوریا دەبێتە ئەو سەکۆیەى وەک کایەیەکى موگناتیسى هەموو تیرۆرستەکانى دنیا بهێنێتە جوگرافیایەکى دیارى کراوەوە (واتا لە تارمایى بێ جوگرافیاوە بیکاتە خاڵیکى دیار لەسەر ناوچەیەکى جوگرافى دیارى کراو ) وە ئەم شەڕەش بە شیعە بکات ( نمونە ئەنبار و فەلوجە و حەلەب ) ، بۆ ئەوەى درێژە بەم کارە بدرێت و ئەوانەى کە لە دەسەڵاتدان بە پاسەوانى ئەم نەخشەیە بمێننەوە دەبێت لە دەسەڵات بن ، ئەمەش پێویستى بە سیناریۆیە تا دەنگەکان ببەنەوە ، لە پەناى ئەم نەخشەیەدا هەم لە هەرێم و هەم لە ناوەندا کۆمەڵێک خێزانى سوڵتانى دروست بوون و ئەمریکاو ئەوروپاش پشتگیر لێ دەکەن ، بە نمونەى وڵاتانى خلیج و بە تایبەت سعودیە ، واتا ئەگەر سعودیە لایەنى سونى بێت ئەوا دەیانەوێ عێراق بکەنە سعودیەى دووەم بۆ شیعە ، ئەم نەخشەیە ڕەزامەندى ئێرانیشى تێدایە لەبەرامبەر کۆمەڵێک کارتدا و داکاریدا ، لە پەناى ئەم نەخشەیەدا ئەو خێزانانە هەن کە دەبنە هەڵگى مایکرۆ ئیکۆنۆمى ، وە دەبنە دەسەڵاتى ڕەها …. بۆ ئەوەى ئەمانە بمێننەوە لە دەسەڵاتدا ئەوا سینارێوى پێش هەڵبژاردن دەستپێدەکات .

بۆ ئەوەى مالیکى زۆرینەى دەنگەکان بهێنێ و لە کێشەى ئەنبار و سونەکان ڕزگارى ببێت پێویستى بە داتاشینى دوژمنێکە کە سونە و شیعەکان دەنگ بدەن بە مالیکى ، لە بەرامبەردا بۆ ئەوەى ماڵى بارزانى زۆرینە بن ، پێویستى بە داتاشین یان زیندوکردنەوەى دوژمنەکانە تا کوردکان دەنگى زۆرینە بدەن ئەوان ، کەواتە دەکاتە کارت بە کارت ، دوو جۆر ڕیکلام کردن هەیە یەکێکیان بێدەنگ کە پێش هەڵمەتى هەڵبژاردن و ئەوى ترى کاتى یاسایى هەڵمەتى هەڵبژاردن ، لە ئێستادا لە 20/1/2014 وە 70 ڕۆژى ماوە بۆ هەڵمەتى هەڵبژاردنەکان و 100 ڕۆژى ماوە بۆ کاتى دەنگدان ، ئەم سیناریۆیانە دەکەونە کار کە دوو بەرە دەکات .

بەرەى ناوەند و مالیکى دەڵێ : ئەوە کورد خەتەرێکى گەورەیە و دەیەوێت عێراق پارچە پارچە بکات و نەوتى ئەم عێراقە تاڵان فرۆش بکەن ، هەر خۆشى کار لەسەر کەمکردنەوەى بەشە بودجەى هەرێم دەکات و لە هەرێمیش ماڵى بارزانى دەڵێن ئەوەتا مالیکى دژى کوردە و نایانەوێت نەوت بڕوا و بوجەمان دەبڕن ناهێڵن نەتەوە ڕابگەیەنین و نانتان دەبڕن ، هەردو لاو ئێران و تورکیا و ئەمریکا و ئەورپاش ئەمە دەزانن و ئەمەش بۆ ئەوەیە تاکى دەنگدەر لە هەردولا بترسێت و بچێت بۆ دەنگدان (نمونە سیناریۆى ئۆپراسیۆنى دجلە ) ، سیناریۆکانیش تەنها بە دەست کوتلە و خێزانەوەیە بەڵگەش چونى سەرۆکى هەرێم بۆ کونگرەى ئابورى و چونى نێچیر بۆ بەغداد و نەبینینى مالیکى کە هەموى لە چوار چێوەى ئەم سیناریۆیانەدا دەخولێتەوە ، وە ماڵى بارزانى ئەو ڕاستیە دەزانن کە لە هەولێرو سلێمانیدا دۆڕاون ، تەنها دهۆک دەبێتە دارشەقەکەیان وە حەزیان دەکرد ئەو دەنگانەى دهۆک لە هەردوو پارێزگاکەدا بوایە (واتا هەولێر و دهۆک ) نەک بە تەنها دهۆک ، وەک یەکێتى چۆن تەنها کەرکوکى بە دەستەوە ماوە ، بەڵام گۆڕان ئەگەر وەک خۆیان دەیان وت لۆکاڵیە ئەوا بە بێ سلێمانى پەلى بۆ هەولێر درێژ کردوەتەوە ، ئەوەش دەزانین دەنگى گۆڕان لە بەرزبونەوەدایە و دەنگى پارتى و یەکێتى لە نزم بونەوەدایە بە پێى ناوچەکان تەنها دهۆک نەبێت ، بەدەر لەمانە دەتوانین سیناریۆى وردیش لە یەک کاتدا ببینین کە دەکاتە حەشوەى سیناریۆ گەورەکان… وەک سیناریۆى کەرکوک و موسڵ و گۆڕان و کێشەى سەرۆکایەتى عێراق و ناوخۆى یەکێتى و ڕێکەوتننامەى ستراتیژى …. کە دەکرێت هەر یەکێکیان وەک پاشکۆى سیناریۆ گەورەکان خۆیندنەوەى بۆ بکرێت .

هەموو ئەمانە ئەو سیناریۆیانەن کار لە سەر ترس دەکەن ، کارتى سیناریۆکان دەخەنە گەڕ تا دەنگدەر هەست بکات بەدەر لە بنەماڵەکان خەتەریشە بۆسەر ئەمەیش ، ناچار بێت بچێت بۆ دەنگدان ، ئەمجارەش سێوەکانى بخاتەوە ناو ئەو زمیلەى کە پێش چەند مانگێک دژى بووە .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت