بەهرۆز جەعفەر : ئایا پێویستە نوخبەو ڕۆژنامەنوسان دەستوەربدەن لەهەڵبژاردندا ؟.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نوسەرو ڕۆژنامەوان و ڕۆشنبیرەکان ، نە نوێنەرى خەڵک و مێژوون ، نە هى حزب و ئۆپۆزسیۆنن ، بەڵکو ئەوانەن هەرکاتێک خەڵک لاى ڕاستى گرت ، ئەمان لاى چەپ دەگرن ، تەنها نوێنەرى کەرەستەو بیروبۆچونەکانى خۆیانن . ئیدى هەرچى باسی حزب و سەرکردەى موقەدەس و هەرکۆدێکى ترى بۆ کردن ، بەلایانەوە بایی پەنجا فلوسە . بەر لەهەر شت پرسیارێک هەیە ، ئایا ڕۆژنامەنوسان و نوخبەى ( کورد) خۆیان بەشێک نین یان ماددەیەک نین ، بۆ دروستکردنى ئەم جۆرە لەفۆڕمى خێڵگەریی و دەستەگەریی و جەهالەت لەکۆمەڵى کوریدا ؟. تا ڕێژەو ئەندازەیەکى زۆرباش ( با) . وەلێ لێرەو لەوێش کەسانێک ماون ، ببنە ماک و هەوێنى ئەو ڕیفۆرمەى کەهەر دەبێت ڕووبدا.

” سەردار عەزیز ” جیالەوەى دکتۆراکەى لەفەلسەفەى دەوڵەت و حوکمڕانیدایە ، ڕۆشنبیرێکى دیارى دونیاى ئێمەیە ، کاندیدى بزوتنەوەى گۆڕان بوو ، لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە ساڵى (2013) . دەرنەچوو. ئەزانم : یەکێک لەهۆکارەکانى خۆکاندیدکردنى سەردار ئەوەبو : لە سیاسەت بەشێوەیەکى تیۆرییەوە بچێتە ناو پراکتیک و جارێکى تر بگەڕێتەوە ناو دەق وتیۆرەکانى سیاسەت . دەرنەچوونى ” سەردار ” لەدەرەوەى هەر ناسینێک و هاوپیشەییەک ، یەکسەر (3) وێنەى فاکتى ناو کۆمەڵى کوردیی بۆ ئاشکراکردین :

یەکەم : ئەوەى پێیوایە ، کورد بەرەو پێش چووەو ، ئاستى وشیارى و تێگەیشتن بەرزبۆتەوە ، خەڵەفاوە ، خەڵەتاوە ، بەهەڵەیەکى زۆر گەورەى تیۆرییدا چووە ، کەئێرە زیاتر جێی ڕونکردنەوەى نییە . نا لەبەرئەوەى سەردار دەرنەچوو ئیتر کورد بێ ئەقڵە ؟. بەڵکو ئەوەى ئەمڕۆکە کوردو کۆمەڵە ڕاگوزەرەکان ئاڕاستە دەکات ، نەفەلسەفەو مێژووە ، نەئەقڵ و میدیاى ئەهلى و حزبى و نەسیستەمە ، ئەوە تەکنەلۆژیاو ئامێرەکان و مکیاژە ڕووکارییەکانن ، ئەوە جۆرى پێڵاو و بۆینباخ و چاکەتەکەمانە ، ئەو هەستەى بۆ دروستکردوین ، وائەزانین : کۆمەڵگە فریو ناخواو تاک ووشیارەو ئێمە هەموو شتێکین و ئەم شتانە … دەرنەچونى سەردار و دەرچونى کەنیشکێکى دەست و پێ سپى لەسەر لیستى بزوتنەوەى گۆڕان کە موچەخۆربوە لە کۆمپانیاى ” نۆکان ” عومەرى سەى عەلى ” کاندیدى کردووەو دەریشى چاندووە ، بێ ئەوەى ڕۆژێ لەڕۆژان بەشدارییەکى سیاسیی و کلتوریی کۆمەڵایەتى کردبێت ، جگە لەخەریکبون بەنینۆکەکانییەوە ، ئەمە چ مانایەک ئەدا بەدەستەوە ؟.

دووەم : دەرى خست ، کەمیدیاى ئەهلى بەگشتى و ، بەتایبەتى ڕۆژنامەى ” ئاوێنە ” کاریگەرییان نەماوە ، ئەوەندەى بایەخیان بە پەت پەتێنى خۆیان و کەسە نزیکەکانى خۆیان داوە ، نیو هێندە سەردارێکیان لاپەسەند نەبووە ، کە لەوەتەى من ئاوێنەم بینیوە سەردار تیایا ئەنوسێ .

سێهەم : لە ئاستى نێوخۆییدا ، لەکوردستان تا ئێستا ئەو چەمک و هزرە ڕیفۆرمخوازییە ڕیشەییە دروست نەبووە ، کە چوار کاراکتەرى ڕۆشنبیر دەوروبەر ئاراستە بکەن ، بەڵکو ئەوانەى هەیە هان وەدەست ڕاگەیاندن و هێزە ئیسلامیی و بەناو ناسیۆنالیزمە درۆزنەکانى کوردستانەوە . قسەکە ئەوەیە کێ چاودێرى کێ ئەکا ؟ کێ ئاڕستەى کێ ئەکا ؟ 

ئەگەرچى دوورو نزیک ، بە کوفرێکى گەورەى دەزانم ، بانگەشە بۆ هەر حزبێک بکرێت ( لەبچوکەوە بۆ گەورە ، لە ڕاستەوە بۆ چەپیان ) پێموایە ئەمجارە : بێتەوە پێویستە دەستى تاک و کۆمەڵى کورد بگرین و تەداخول بکەین ، ڕێگەندەین مەلایەکى هەرزەکار لەکەرکوک دەیان هەزار دەنگ بۆ پارتى کۆبکاتەوەو خەڵک بخەلەتێنێ ، ڕێگەنەدەین ئۆپۆزسیۆن و هەرحزبێکى تر کوڕى خێڵ و بەرپرسان و سەرمایەدارەکانمان لێبکەن بە فریادڕەسی ئایندە . بەڵکو تەداخول بکەین ، ئینجا کەسە ئاکادیمى و بەئەزمون و بەئەخلاقەکان ، دیارن کێن . لەهەر حزبێک بێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت