Newshiwan.2

ستیڤان شەمزینی : نەوشیروان مستەفا لە کەناری گۆڕانەوە بۆ بەڵێننامەی شەرەف .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

* لەو کاتەی پارتی لە پرۆسەی گفتوگۆ لەگەڵ یەکێتی نائومێدبوو گۆڕان دەرگای خۆی کردەوە

* ئەوەی قازانج لە چوار ساڵی ئارامی داهاتوو دەکات پارتی و گۆڕانە بە پلەی یەکەم

نەوشیروان مستەفا بە هەموو شێوەیەک هەوڵی خۆ نزیککردنەوەی زیاتر دەدات لە پارتی و دەیەوێت بە هەر نرخێک بووە بە پێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن مامەڵە لەگەڵ حزبەکەی بکرێت لە کاتی پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێمدا . نەوشیروان مستەفا لەو کاتەی ماڵی یەکێتی دابەش ببوو بەسەر کۆمەڵێک بۆچوون و ئاڕاستەی جیاواز ، لە بەرانبەر پارتی و شێوازی بەشدارییکردن و نەکردنی حکوومەت ، هەوڵیدا ئەو مەسجە بگەیەنێتە پارتی ، کە دەتوانێ شوێنگرەوەی یەکێتی بێت ، یان لانیکەم بۆ قسەکردن لەگەڵ نوێنەری راستەقینەی زۆنی سەوزی پێشوو، ئەو تاکە کەسە کە دەتوانێت ئەو نوێنەرایەتییە بگرێتە ئەستۆی خۆی .

لەو کاتەی پارتی لە پرۆسەی گفتوگۆ لەگەڵ یەکێتی نائومێدبوو ، گۆڕان دەرگای خۆی کردەوە . پارتی نائومێد بوو لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆنکرێتی لەگەڵ یەکێتی ، بەو هۆیەی سەرکردایەتی ئەو حزبە گووتار و بڕیارێکی هاوبەش و یەکگرتووی نەبوو ، لەم کاتەدا نەوشیروان پەیامی ئەوەی گەیاندە پارتی کە هێزێکی گەورەی خاوەن یەک گووتاری هاوبەش کە ناوی گۆڕانە پێشوازیی لە هاوپەیمانێتی پارتی دەکات .

بزووتنەوەی گۆڕان ، دەیەوێت بە دروشمی چوار ساڵی ئارامی بە تەواوەتی گەمەکە بە بەرژەوەندیی خۆی و زیانی یەکێتی تەواو بکات . لە ماوەی ئەو چوار ساڵ ئارامییەدا گۆڕان دەتوانێ کەڵک لە ئەزموونی بەشداریی یان هاوبەشیی لە حکوومەتدا وەربگرێت لە پێناوی بەهێزکردنی پێگەی سیاسیی و جەماوەریی خۆی . بە مانایەکی تر ئەوەی قازانج لە چوار ساڵی ئارامی داهاتوو دەکات پارتی و گۆڕانە بە پلەی یەکەم . رەنگبێ چیدی شڵەقانی شەقام و ورووژاندنی هێزی جەماوەریی نەتوانێت ببێتە کۆڵەکەی سەرەکیی بەرەوپێشچوونی گۆڕان ، بۆیە لە ئێستادا ئەو بزووتنەوەیە دەرگا لەسەر قۆناغێکی نوێ دەکاتەوە ، کە قۆناغی ئارامیی و هاوبەشییە لە دەسەڵات .

لە ئێستادا گۆڕان گەمەیەکی بەهێز دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت لەم زۆرانبازییە سیاسییەدا ، یەکێتی ببەزێنێ بە تایبەت دەیەوێ وەک حزبی سێیەمی کوردستان بیهێڵێتەوە و لە بەرامبەردا خۆی بە حزبی یەکەمی سلێمانی و دووەمی کوردستان لە ریزبەندییەکەدا بمێنێتەوە . لەوانەشە خرۆشانی خەڵکی سەیدسادق دژی ئەوەی شارۆچکەکەیان بخرێتە سەر هەڵەبجە ، یەکێک لە هەوڵە نزیکەکانی گۆڕان بێت ، بۆ ئەوەی یەکێتی بەرتەسک بکاتەوە و پارێزگای هەڵەبجە یان زۆر بچووک بێت یاخۆ لە بنەماوە بیرۆکەکە هەرەس بهێنێت ، بەمەش هەم پارێزگایەک دروست نابێت کە گرەنتی سەرکەوتنی گۆڕانی تێدا مسۆگەر نەکراوە ، هەم هێزی گۆڕان دیسانەوە لە سلێمانیدا چڕ دەبێتەوە و سەرکەوتنێکی گەورەی بەرچاوی بۆ تۆمار دەکات . لە هەموو حاڵەتەکاندا گۆڕان لێزانانە چۆتە ناو پرۆسە و گەمەیەکی سیاسیی کە هەموو جۆگەلەکان سەرئەنجام دەڕژێنە ئاوەڕۆی ئەوەوە .

گۆڕان لە ئێستا دەیەوێ بەرەو دوورگە و قۆناغێکی نوێ بپەڕێتەوە، توانی سەرکەوتووانە کۆنگرەی خۆی تێپەڕێنێت . راستە کۆنگرەکە تژ بوو لە کەموکوڕیی لە هەموو رەهەندە جۆرا و جۆرەکانەو ، بەڵام توانی ئەو ئەرکە قورسە لە کۆڵ خۆی بکاتەوە ، هاوکات حزبەکە ئامادە بکات بۆ تەحەدیات و رووبەڕوونەوە قورسەکانی ئایندە و ململانێ سیاسییە قورسەکانی لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوو دێنە ئاراوە. ئەمەش بە پێچەوانەوەی یەکێتییەوە کە هیچ ئامادەکارییەکی نەکردووە بۆ ئایندە، رەنگە لە کۆنگرەی چوارەمدا کۆمەڵێک بابەت لە ناو یەکێتی بێنە بەر باس و هەنگاوی گەورەیان بۆ بهاوێژرێت ، بەڵام ئەو ئاماژانەی لە ئێستاوە دەیبینین زۆر جێگەی دڵخۆشیی نین و رەنگە نەتوانن بە هیچ شێوەیەک قەرەبووی ئەو شکستە بکەنەوە ئەو حزبە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەیلوولی 2013 بەسەریدا هات ، یان لانیکەم ئومێد کەمە بەوەی دەستەگەریی بنەبڕ بکرێ و یەکێتی بە یەک گووتار و یەکڕیزییەوە بۆ داهاتوو ئامادە بکەن .

پێداگریی گۆڕان لەسەر وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت ، کردەیەکە لە رووی کرداریی و یاسایی و مەعنەویشەوە ، یەکێتی دەکاتە هێزی سێیەمی ناو دەسەڵات و ئەزموونی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان کە پێدەچێ لە هەڵبژاردنی پارێزگاکاندا بە روونی ئەم هەنگاوە تەرجومەی ئەرزی واقیع بکرێت و ئیدارەی ئەو بەشە لە هەرێم کە بە زۆنی سەوزی پێشوو ناسراوە بکەوێتە دەستی گۆڕان و بە شێوەیەکی واقیعی ببێتە زۆنی نیللی . لە هەنووکەوە گۆڕان کار لەسەر ئەم جووڵە و هەنگاوە سیاسییە کاریگەرانە دەکات ، راستە سەرکردایەتی یەکێتی دەرکی ئەم راستییە تاڵە دەکەن ، بەڵام بۆ ئەوان درەنگ بووە و کورد وتەنی تازە کار لە کار ترازاوە ، بۆیە رەنگە نەتوانن هەروا بە ئاسانیی بەر بەم لافاوە بگرن ، چوونکە لە چەند ساڵی رابردوو بێ ئەرزشانە سەیری جووڵە و ئەکشنە سیاسییەکانی گۆڕانیان کردووە .

گۆڕان و خودی نەوشیروان مستەفا ، توانیان لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ پارتی هەڵبدەنەوە ، بەوەی دیالۆگ لەنێوان پارتی و گۆڕان لەسەر ئاستی لوتکە ، سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا ، تەنانەت کۆبوونەوەی پیرمام لە نێوان بارزانی و رێکخەری گشتیی گۆڕان ، پەیماننامەی شەرەفی بەدوای خۆیدا هێنا ، کە لە هەنووکەدا یەکێتییەکان ترسیان هەیە لە ئایندەدا ئەم بەڵێنی شەرەفەی نەوشیروان بۆ بارزانی جێگەی رێککەوتننامەی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەکێتی بگرێتەوە . جیا لەمەش بردنی کۆنگرەی گۆڕان بۆ هەولێر و پاسەوانیکردنی لەلایەن هێزەکانی زێرەڤانی خۆی لە خۆیدا مەسجێکی تازە بوو ، لە سادەترین مانایدا گوزارشت بوو لە بەرزیی و قووڵی ئاستی پەیوەندییە رامیارییەکانی نێوان پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان . دەتوانم بڵێم لە دوای هەڵبژاردنی ئەیلوولی 2013 گۆڕەپانی سیاسەت لە باشووری کوردستان بەعەمەلی کەوتە دەستی پارتی بە پلەی یەکەم ، گۆڕان بە پلەی دووەم .

گۆڕان و لە سەرووی هەموویەوە خودی کاک نەوشیروان ، بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی سیاسیی خۆیان و بە دیقەتدان لە هاوکێشەی سیاسیی ناوخۆیی و هەرێمی ، گەیشتن بەو بڕوایەی سەردەمی ناکۆکی و ئاڵۆزیی لەگەڵ پارتی بەسەرچووە بە تایبەت پارتی لە هەڵبژاردندا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا و زەبەلاحی خۆی دەرخست . لەم سۆنگەوە بزووتنەوەی گۆڕان ویستی بەڕەکە لە ژێر پێی یەکێتی دەربهێنێت و ئەگەر خۆی نەکاتە جێگرەوەی یەکێتی ، ئەوا رێککەوتنی ستراتیجی نێوان پارتی و یەکێتی ، لەسەر حسابی گۆڕان و ئیستحقاقی هەڵبژاردن تەواو نەبێت . هەرچەندە دیار نییە تا چەند رێککەوتنی ستراتیجی لە پێکهێنانی کابینەی هەشتەمدا رۆڵ دەبینێت ، بەڵام هاتنە پێشەوە و پێشڕەویی گۆڕان لەم بوارەدا شتێکە بە ئاسانیی پاشەکشەی پێناکرێ .

خولاسەی کەلام ، ئەوەیە : ئەگەرچی پارتی و یەکێتی بەرژەوەندیی بەهێز و رێککەوتنی ستراتیجی پێکەوەیان دەبەستێ ، بەڵام گۆڕانی بەستێنی سیاسیی و فەرهەنگیی کۆمەڵگەی کوردستان ، شتێکی دیکە بەسەر ئەو دوو حزبەدا زاڵ دەکات . پێموایە گۆڕان باش واقیعەکەی خوێندۆتەوە و لە ژێر کارتێکردنی ئەو واقیعەشدا دەیەوێ بە هەر نرخێک بووە ببێتە ئەڵتەرناتیڤی یەکێتی و هێزی یەکەمی فەرمانڕەوا لە زۆنی سەوزی پێشوو . بۆ ئەم مەبەستەش گەمە سەختەکەی لەگەڵ یەکێتی دەستپێکردووە ، خۆ ئەگەر یەکێتی تا سەر بەم شێوەیە سیاسەت بکات بە ئاسانی بەڕەکە لە ژێر پێی دەردەهێنێت .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت