کونجرینی : یەکێتییەکی سەرلێشاو دەبینم .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

* چ کارەساتە کاتێک دەبینرێت لە پایتەختی ڕۆشنبیریدا ( سلێمانی ) پڕۆفیسۆرێکی زانکۆ لەمزگەوتدا چۆک داماوە بەدیار وتاری مەلایەکی نەخوێندەوارەوە .

* کەوتنێک بەبێ هەستانەوە ترسناکە ، وەک چۆن سەرکەوتنێک بەبێ کەوتن قسە زۆر هەڵدەگرێت .

چارەنوسی حیزب ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ سەرکەوتن و هەستانەوەو بردنەوەو دۆڕاندن و لاوازبوون و گەشەکردن ، لەکۆی ئەو بەسەرهاتانەی ڕووبەڕووی حیزب دەبێتەوە ، بیرکردنەوەو ئێدیای نوێ ، کار لەسەر نوێکردنەوەو هەنگاوی نوێ دەکات . لێرەدا هەر بردنەوە چارەنوسی حیزب دیاری ناکات ، بەڵکوو ئەوە دۆڕاندنە زۆرانبازی لەسەر بردنەوە دەکات و گیانێکی نوێ پێدەبەخشێت .. کورد باشی وتووە ( سوار تا نەگلێت ، نابێت بەسوار ) . بەپێجەوانەوە حیزب لەکوردستان بەهۆی کاریگەرییە سیاسیە دەرەکیەکانەوە ، دۆڕاندن و گلاندن و هەستانەوەو ئیدیای نوێی لەدەست داوەو وەک دەزگایەکی بەکارتهاتوو ، بەکارهاتووەو لەدوورەوە بەکۆنتڕۆڵ دەگەڕێت . کاتێک بیەوێت بگەڕێتەوە سەر ڕایەڵەی سەربەخۆیی خۆی ، گەلەکۆمەکی لێ دەکەن و بەچۆکیا دەدەن ..

لەکوردستان هەڵبژاردن هەیە ، ئیدارەو پەڕلەمان هەیە ، پێگەیەکی سیاسی وەک دەروازە بەڕووی جیهانەوە تا سنورێک بوونی هەیە ، ئەمانە هێندە لەسەر بنیادی کەڵەکەتڕە بنیاد نراون ، نیو هێندە لەسەر خۆڕسک بوون دانەمەزراون . هەر ئەمەشە ، کاتێک حیزب دەیباتەوە لەکوردستان دوو شێوە بەدیدی تێڕوانەوە دەبینرێت ، دیدێک دڵخۆشکەرو دیدێک پڕ لەچاوەڕوانی بڕیارە ترسناکەکانی ئەو دیو حیزب و گەمە گزییەکانی تۆپکی حیزب ، کەکۆتایی بەخۆشییەکان دێنێت ..

پارتی کەبردییەوە لەهەڵبژاردنی 21/9 دا ، هەزار لەسەر یەکی دەنگەکانی خەڵک خۆشیان دەرنەبڕیی ، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت جەماوەرەکەی پارتی خۆڕسک نییە ، جەماوەرەکەی زۆر لەمێژە لەسەر بنەماکانی پارەو بەرژەوەندی تەسک و تێگەیشتن لەوەی سەرووخۆی چۆن بیردەکاتەوە لەسەر ئینتیمای نیشتمانی و نەتەوەیی و پیرۆزی خاک ، ئەمیش بەهەمان لاسایی کردنەوە ، بەڵام لەپێگەیەکی هەلەپەرستی و خۆپەرستی زیاتردا .. جگە لەوەش ، گزیی لەهەڵبژاردن ” سەرژمێر و چەندایەتی فارگۆنەکانی حیزب دەگۆڕن .

جەماوەری بزوتنەوەی گۆڕانیشمان بینی لەبردنەوەی هەڵبژاردنەکانی 21/9 دا ، بەدڵەخۆرکێو ترس و تێڕامانەوە دەیانڕووانیە ئەنجامەکان ، تەنها ترس لە گزیی دەنگەکان نا ، بەڵکوو لەو بەردەی کەئامادەکرابوو بۆهاویشتن ، کە لەتوانای حیزبەکەیاندا نەبوو .. بینیمان دروشمی گۆڕینی تەواوی سیستەمی سیاسی کوردستان ، بینیمان دروشمی بەسزاگەیاندنی تەواوی گەندەڵچییەکان و بینیمان قسەگەورەکان لەسەر نەوت و کۆتاییهاتن نەک بەدەسەڵات ، بەڵکوو بەڕاماڵینیی تەواوی کۆشکوتەلاری حیزب . ئێستا دەبینین هەواری بزوتنەوەی گۆڕان بەدروشمەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ تەنیشت هەواری گەندەڵچییەکان و بەیانی باش و ئێوارە باش و بانگێشتکردن و قاقای پێکەنین و قسە لەسەر دابەشکردن و بەشداریکردنی پۆستەکان دەکرێت ..

بزوتنەوەی گۆڕان بەردەکەی هەڵنەداو پەشیمان بووەوە ، ئەوە هەڵەیەکی مێژوویی ئەو حیزبەیە ، زەمەنێکی تری پڕ هەڵەی ئەم حیزبە ئەوەیە هێندەی کار لەسەر داڕمانی یەکێتی دەکرد ، نیوهێندە ئاوڕیی لەهەڵەو گزیی و گەندەڵی و جیهانی توندوتیژیی پارتی نەدەدایەوە . هەرای دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان ! هەولێری کاس نەکرد ، دیارە گزییەکانی ئەوێ لەچاویی گۆرانەوە نەدەبینرا ، بەڵکو لەکویادا گزییەکان کەم بوون ، لە ویادا قوقەی کەڵەشیرەکانی گۆڕان دۆڵەکەی کاسدەکرد .

سیاسیەتی یەکێتی لەدوایی 25 – 7 – 2009 وە کارکردن بوو لەسەر بەرگریی و قایمکردنی پێگەکەی ، بیری لەساڕێژی ئەو دەڵاقەیە نەکردەوە ، کەجەستەی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دادەڕزێنیت . هەڵەکانی بەهەڵە چاک دەکردو ، لەبەردەمیدا نەوژەنکردن بۆ ناهەمەتێکانی نییە . هێندە بەهەوای هاوپەیمانی ستراتیژی سەرچۆپیەکەی ڕادەوەشێنێت ، هێندە لەسەر زیانەکانی هاوپەیمانی ستراتیژی شیکاریی نییە .

دەکرا یەکێتی پیلانی خاوکردنەوەو کارکردن لەسەر سێرەیەکی تر بدۆزیایەوە ، سیاسەتی خاوکردنەوەو ئاڵگۆرکردن ، لەدوای هەڵبژاردنەکانی 21/9 باشترین ستراتیژی حیزبی بوو بۆ ئەم حیزبە . بیری لەهاوپەیمانی نوێ و دەستبەرنەدانی هاوپەیمانە تەقلیدییەکەی بکردایەتەوە . ئەو ئێستا هێزی سێیەمە بەئەقڵی یەکەم ڕەفتار لەمەیدانەکەدا دەکات و پێگریی لەسەر پێگە باڵاکەی دەکات ، قسەش لەسەر دیموکراسی دەکات .

کەوتنێک بەبێ هەستانەوە ترسناکە ، وەک چۆن سەرکەوتنێک بەبێ کەوتن قسە زۆر هەڵدەگرێت . پارتی لەناوچەی سلێمانی وەک میوان وایە ، دەکرا یەکێتی لەگەڵ هێزیی بەرامبەردا لەسەر کۆمەڵێک خاڵی یاسایی و ئاسایی و کۆمەڵایەتی ڕێکبکەوتایە . شەرەفە بۆ دۆڕاو براوە پێش خۆیبدات ، بەڵام مەسدەقیەتی خۆی لەدەست نەدات ..

یەکێتی بەهێزێکی مودێرن ناوزەند کراوە ، دەشێت ئەو نازناوە بۆ ساتەکانی ئەمڕۆ بدرەوشێنیتەوە .. کار لەسەر گەڕانەوە یان چەکی سیستەمی نوێ بکات ، پێشڕەوایەتی بیرۆکە نوێیەکانی سەردەم بکات ،، ئەو لەناوچەیەکدا خۆی دەناسێت پڕە لە خولیای تێڕوان بۆ داهاتوو ، پڕە لە هەنگاو بەئاراستەی پێشڕەوایەتی کلتوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و هونەریی .. چ کارەساتە کاتێکە دەبینرێت لە پایتەختی ڕۆشنبیریدا ( سلێمانی ) پڕۆفیسۆرێکی زانکۆ لەمزگەوتدا چۆک داماوە بەدیار وتاری مەلایەکی نەخوێندەوارەوە .. گەڕانەوە بۆ مەستدەقییەت ، گیانی نوێ دەبەخشێت بەیەکێتی .

یەکێتی دەبێت چی بکات بۆ ئەوەی ستۆپ بەڕۆچینیی بکات و پێگریی و گیانی بەرەنگاریی بۆ هەڵهێنانی هەنگاویی نوێ و بۆ کەڵچەری بازاڕی گەرمی سیاسی بهاوێت ؟ ..

یەکێتی چۆن بڕوانێتە داهاتوو ، لەئێستادا بەهۆی کەڵەکە بووی کۆمەڵێک هەڵەوە ، ناتوانێت لەباهۆزیی پچوکبوونەوە دەربازیی ببێت ؟ .

درێژەدان بەسیاسەتێک ، ڕەوڕەوەی حیزب بگۆڕێت و زیان لەدوای زیان بەرۆکی بگرێت ، پێوستی بە خۆپیاداچوونەوەیە . کێشەی یەکێتی لەوەدایە ، ئەو سیاسەتەی دەساڵە لەسەریی بەردەوامەو ، ناوچەوانی سەرکردایەتییەکەشی ، هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت .  لەمەیدانێکدا ئەسپ تاو دەدات ، پرە لەهەڵەو کەموکوڕیی و پێگەیەک بۆخۆ چەسپاندن و  گەشەی  بەردەوام ، کەچی لەباتی گەشە بکات ، لەپاشەکشێدایە  . واتە سیاسەتێک پیادە دەکات لە هێزەکانی تر خراپتر .. بۆیە بیرۆکەیەکی ڕزیو و جەستەیەکی قێزلێوە بوو دەبینرێت . هێزێک لەڕابردوویەکی زێڕینەوە هەنگاو بۆ جیهانێکی خەیاڵی بهاوێژێت ، ئەستەمە دارعەسای زەمەن لەکەنفتیدا سەرپێی بخات .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت