kONT

هاشم ساڵح : فەلسەفەی پۆزیتیڤیزم‌و ( مفهوم ) کۆنسێپتی پێشکەوتوو .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

Positivism and the concept of progress

 بەشی دوەم/

لە عەرەبییەوە : جیهاد موحەمەد

ئەو ڕووداوە چیبوو کە فەیلەسوف ئۆگەست کۆنتی هەژاند ؟ ئەوەش ڕووداوێکی سۆزداریی عاشقانەبوو یان چیرۆکێکی بە تەواوەتی خۆشەویستی بوو! لەناکاو ، ئەم هەواڵەی ئۆگەستی ڕەفتار سەیرەمان هێشتا تەواو نەبووە ….

بە رێکەوت کچێکی حەڤدە ساڵ لە خۆی منداڵتری ناسیوە ، لەگەڵیدا بە جۆرێکی قوڵ کەوتوەتە خۆشەویستیەوە . ئەم کچە منداڵە، کچی کەسێکی ئورۆستۆکراتی بەرێز بوو بە ناوی ” کلوتیلد دوفو “. لەگەڵ ئەوەی کە تەندروستی لاوازو بوو ، نەخۆشیەکی ترسناکیش هەبوو ، بەڵام خۆشەویستیەکەی کۆنت بە جۆرێک سنوری تێپەڕاندبوو کە ڕاڤەناکرێت . دوای ئەوەی نامەیەکی عاشقانەی گەنجانەی بۆ دەنووسێت ، وەڵامی دەداتەوەو دەڵێت : دەبم بە هاورێیی هەتا هەتاییت ، بەڵام تەنیا هاورێ‌و هیچیترو ، نابێت هیچ شتێک لە نێوانماندا ڕووبدات . کۆنت وەڵامی دەداتەوە بەوەی کە ڕازییەو هیچ شتێکی لێ ناوێت جگە لە خۆشەویستی‌و هاورێیەتی …

بەڵام ئەم عەشقە چاوەرواننەکراوە ، کاریگەری لەسەر ڕێرەوی ژیانی‌و بیرکردنەوەو فەلسەفەکەی دانا . لەپێشتردا کە بروای وابوو فەلسەفەو زانستی پۆزیتیڤیزم بەرزترین‌و گرنگترین شتە بۆ مرۆڤایەتی . بەڵام ئێستا بوو بەو کەسەی کە سۆزداریی‌و عەشقی خستە سەرو زانست‌و عەقڵ‌و هەموو شتێکەوە . ئەمە ئەو گۆڕانە گەورەیە بوو کە بەسەر ئۆگەست کۆنتدا هات . کە بەمانای خۆی بەم گۆرانکارییەی دەوت : کتێبی داهاتووم ئۆپرایەکی مەزن دەبێت ، کە یەکەمینیی‌و بەرزیی‌و کۆمەڵایەتی لە خۆشەویستیەکی گەردونی نەک تەنیا بەسەر هێزدا بەڵوک بەسەر عەقڵ‌و هەموو شتێکدا ڕادەگەیەنێت .

لێرەدا ساتێک ڕادەمێنم‌و دەڵێم ، شارستانیەتی ئەوروپی‌و ڕۆژئاوایی ئەگەر لەسەر ئەم ڕێچکەی خۆشەویستییەی کۆنت برۆشتنایە ئەوە دڵ‌و رۆحی خۆیان وننەدەکرد . بێگومان ، زانست ‌، پیشەسازی‌‌و پێشکەوتن، هەموویان شتگەلێکی گرنگن بۆ دامەزراندنی شارستانیەت‌ ، کە لەڕاستیشدا شارستانیەتێکی تەکنۆلۆجی گەورەیان دامەزراند . بەڵام خۆزگە ئەم شارستانیەتە رۆح‌و عەشق‌و سۆزداریی‌و دڵی وەلانەنایە ، خۆزگە لەو خۆشەویستیە گەردونییەی کە ئۆگەست کۆنت لەقۆناغی دوەمی ژیانیدا خوازیاری بوو ، شارستانیەت خۆی لێبەتاڵنەکردایەتەوە . ئەو کاتە هەموومان پێکەوە بە شارستانیەتێکی تەواو ماددیانەو تژی لەڕۆح‌و تەکنۆلۆجیاو مرۆییانە وەک خۆی دەگەیشتین‌‌و ئۆخەییمان دەکرد … بەڵام بە داخەوە وا دیارە خۆشەویستی‌و عەشق لەسەر ئەم گۆی زەویە ، یاساغە .

ئەگەر شارستانیەتی گەلانی رۆژئاوا لەسەر بنەمای مرۆڤپەروەریی‌و مرۆڤدۆستی مامەڵەیان لەگەڵ گەلانیتردا بکردایە ، دەوڵەت‌و حکومەتەکانیان ، هیچ گەل‌و وڵاتێکیان داگیرنەدەکردو ئەو هەموو کارەساتەیان بەرامبەر بە گەلانی کۆلۆنیالیزەکراو ، بەرپانەدەکرد . کاتێکیش کە گەلانی عەرەبی‌و ئیسلامی ئەفرۆزەی شارستانیەتی ڕۆژئاوایانکرد ، یان روانینێکی دڕدۆنگ‌و گوماناوییان لەسەر دروستکرد ، هەروا چەندین شتیش روویدا کە هەمووی بووە هۆکاری ناشیرینکردنی شارستانیەتی رۆژئاوا ، لەگەڵ ئەوەی کە ئەم شارستانیەتەی رۆژئاوا شتگەلێکی زۆر نایاب‌و جوانی تیایە : وەک عەقڵیەتێکی رێکخراو ، رێبازی زانستیانە ، بیرکردنەوەی عەقڵانی رەخنەگرانە ، پاک‌وخاوێنی لە شوێنە گشتیەکان‌و شەقام‌و ماڵەکان‌و هەموو کونجوقوژبنێکدا ، مامەڵەکردنێکی ورد لەگەڵ یەکتری‌و رێزگرتن لەکات‌و ژوانەکان‌و یەکتریبینین‌و چاوپێکەوتن ، پێشکەوتنێکی باش لە بواری پزیشکی‌و داودەرمان‌و چارەسەری نەخۆشیەکان … هتد . لەگەڵ ئەم شتە جوانانەشدا ، دیوەکەی تری ئەم شارستانیەتە پڕە لە بەکارهێنانی هێز دژ بە بەرامبەر‌و بۆ بەکاربردنیان‌و دیسان لەپێناوی زاڵبوون‌و خۆسەپاندن‌و هەژموونکاریی‌دا .

ئەم مەسەلە دزێوانە بوونە هۆکاری ناشیرینکردنی لایەنە ئەرێنەکانیشیی . تا ئەو ئاستەی کە خەڵک ناتوانن جیاوازی بکەن لەنێوان باشی‌و خراپی ئەم شارستانیەتەدا ، بۆیە خەڵک وایلێهاتووە کە بە باش‌و بە خراپیەوە ئەفرۆزەیبکات . ئەم هەڵوێستە تووندەی خەڵک بەرامبەر بەم شارستانیەتە ، زیانی لەئێمەشداوەو ئاستەنگی دروستکردوە لەبەردەمماندا بۆ ئەوەی کە باش لێیتێبگەین‌و لایەنە باشەکانی هەڵبژێرین .

باشترین رێگە ئەوەیە کە لەسەر مامەڵەکردنێکی دروست‌و کارلێک‌و لێکتێگەیشتن لەم شارستانیەتە بیربکرێتەوە . لەم رێگەیەوە بەکارهێنانی یان بە کولتوورکردنی هەموو لایەنە باش‌و ئەرێنەکانی ئەم شارستانیەتە لەکۆمەڵگاکانماندا سودی لێوەردەگیرێت .

بەهەرحاڵ ، گرنگە ئەوە بزانین کە ئۆگەست کۆنت ، هەوڵی ئەوەبوو کە لەبەکارهێنانی هێزو هەژموونی ئەم شارستانیەتە دوورکەوێتەوەو خۆی نزیکبخاتەوە لەلایەنە ئەرێنی‌و خۆشەویستیەکەی ، ئەو خۆشەویستیە گەردونییەی کە هەموو پێکەوە گرێدەدات .

سەرچاوەی ئەم بیرکردنەوەیەی ، ئەم فەیلەسوفە ، دەگەڕێتەوە بۆ چیرۆکی خۆشەویستیەکەی بۆ کەسایەتیەکی پاک‌و بێگەرد‌ کە گۆرانکاری بەسەر لایەنە وشک‌و دابرانەکەییدا هێنا کە تیایدا سەرقاڵ‌و خەریکی توێژینەوەی فەلسەفەی پۆزەتیڤیزمی وشک‌وبرنگ بوو . بەم جۆرە بوو بە دێوانەیەکی عاشق کە هەموو بەها رۆحیەکانی بەرز رادەگرت ، ئەمەش دوای ئەوەی کە زۆر خۆی ماندووکردبوو بە دامەزراندنی شارستانیەتێکی زانستی تەکنۆلۆجیەوە : واتا شارستانیەتی هێزو هەژموون‌ ، نەک تەنیا بەسەر سروشتدا ، بەڵکو بەسەر کۆی گەلانی جیهاندا .

لە پڕ کۆنت لە ناغافڵێتێکەی بە ئاگاهاتەوەو زانی کە بەهاگەلێکی تر لەژیاندا هەیە جیاواز لە پیشەسازی‌و تەکنۆلۆجیاو پێشکەوتنە ماددیە وشکو برنگەکان . بەڵام بە داخەوە ، شارستانیەتی ڕۆژئاوا دوای کۆنتی دووەم نەکەوت ، بەڵکو لەسەر کۆنتی یەکەم مایەوەو خۆی پێوە خەریکرد . نەک هەر ئەمە بەڵکو وایان لێکدایەوە کە کۆنتی دوەم خیانەتی لەکۆنتی یەکەم کردوە … 

خۆشەویستییەکەی کۆنت بۆ ئەم کچە پاک‌و بێگەردەو وازنەهێنانی لێیی ، خێزانی خۆشەویستەکەی خۆی وەرسکرد ، تا گەیشتە ئەوەی کە بینینی کۆنت‌و ئەم کچەیان بە تەواوەتی قەدەغەکرد‌و لێکیان دابرانن ، دوای هەوڵێکی زۆری کۆنت‌و بەرگریکردن لەخۆی رێگەیان دا بە کۆنت کە خۆشەویستەکەی خۆی بۆ دواجار بینی ، بەڵام لەسەر جێگەی مردن‌و چاوەروانی مردن بوو ، دیمەنێکی یەجگار کاریگەری هەبوو لەسەر کۆنت‌و بە درێژایی ژیانی ئەو دیمەنەی خۆشەویسەکەی لەبیر نەچووەوە . کە دوای مردنی خۆشەویستەکەی بۆ ماوەی دەساڵ یان هەندێک کەمتر ژیا . بە درێژایی ئەم ماوەیە یادەورەیەکانی خۆشەویستەکەی لەبیرنەچووەوەو بەو یادەوەریانەوە ژیا . هەموو ساڵێک لەگەڵ دۆستان‌و هەندێک لەهاوڕێکانی یادیدەکردەوە بەو مانایەی کە ئەم خۆشەویستیە بەشێکی دانەبراوە لە فەلسەفەی پۆزیتیڤیزم !

کێ دەڵێت : فەلسەفەی پۆزیتیڤیزم دڵ‌و هەستی نییە؟ کێ دەڵێت : هەموو فەلسەفەکە بریتیە لە ماددەو تەکنۆلۆجیاو ڕێبازو میتۆدە وشک‌و برنگەکان ؟ ئایا ئەوە خیانەت نییە لە ئۆگەست کۆنت کە بەدواداچوونمان هەبێت بۆ بەشی یەکەمی فەلسەفەکەی‌و واز لە بەشی دوەمی بهێنین ؟ ئایا سەرکەوتنی ماددیانە هەموو شتێکە ، وەک ئەوەی کە ئێستا رۆژئاواییەکان بیریلێدەکەنەوە ؟ یان جێگەیەک هەیە بۆ خۆشەویستی‌و شکۆمەندی‌و خۆبەخشین لە پێاناوی ئەویتردا ؟ لە راستیدا خۆشەویستی‌و عەشقە کورتەکەی کۆنت کە ساڵێک زیاتری نەخایاند بووە سەرچاوە بۆ خۆشەویستیە راستینەکانی کۆی مرۆڤایەتی . ئەم خۆشەویستیەش هێندە قوڵ‌و بایەخداربوو کە جیاناکرێتەوە لە فەلسەفەی پۆزیتیڤیزم .

بەڵام بە داخەوە قوتابیەکانی وزایان لێهیناو لەم خۆشەویستیە تێەنگیشتن ، لە پێش هەمووشیانەوە فەیلەسوف جۆنی ئنگلیزی . کە ماددیەکی رووت بوو ، گرنگی بە هیچیتر نەدەدا جگە لە پێشکەوتنی ماددەو تەنکنۆلۆیجا . هەروها ” لیتری ” خاوەنی فەرهەنگی فەرەنسی بەناوبانگ وازی لەکۆنت هێنا ، هۆکاریشی تەنیا خۆشەویستیەکەی نەبوو بەڵكو ئەوش بوو کە مامەڵەیەکی دڵڕەقانەی لەگەڵ کارولین ماسانی هاوسەریدا کردوە .

لەگەڵ ئەوەی کە کارولین چەندین جار پێوەندی پێوەکرد‌و تکای کەرد کە ڕابردوو لە بیرکات‌و جۆرێک لە هاورێیەتییان هەبێت ، بەڵام کۆنت قایل نەبوو ، لەدواجاردا نامەیەکی بەم جۆرە بۆ نووسی : دڵنیابە دوا بڕیارم ، بڕیارەو گەرانەوەی بۆ نییە‌و هەتا هەتایە ناتبینمەوە .. لەگەڵ ئەوەی کە خۆشەویستەکەم دوانزە ساڵ لە تۆ منداڵترە ، کلۆتیلدا سۆزو خۆشەویستیەکی داوەپێم کە بە درێژایی تەمەنم لەگەڵ تۆ نەمبینی .

لە واقیعدا ، کۆنت بە درێژایی ژیانی بەدوای خۆشەویستیەوە بوو ، بەڵام نەیبینی ، بۆ یەک ساتیش نەگیشت بە دڵفروانی‌و بەخشندەیی‌و مۆرڤپەروەری ، لەپر کەوتە خۆشەویستی کلوتیلداوەو ئەو خۆشەویستییەی کە کۆنت بە دوایدا دەگەرا لەم کچەدا دۆزیەوە . کەوتە خۆشەویستییەکەوە لەگەڵیدا کە تیشکی خۆشەویستیەکەی لە تیشکی ماددەکان‌و تەکنۆلیجیا بەهێزتربوو .

لەداوی ئەم خۆشەویستیەوە کۆنت پێویستی بە کەسی تر نەبوو ، تەنیا بۆ ئەم خۆشەویستیە دەژیا، تا دوا هەناسەی ژیانی . بۆیە خۆشەویستی جەستەیی ، تەنیا پێویستیی نییە بۆ مرۆڤ ، بەڵکو خۆشەویستی رۆحی لەخۆشەویستی جەستەیی قوڵترو فروانترو گەورەترە . خۆشەویستی رۆحی ، خۆشەویستی مرۆییانە ، خۆشەویستیەک کە لەهەموو شت بەرزترو باڵاتربێت لەسەرو هەموو تەکنۆلۆجیاوەیە . بەڵام لەبەر ئەوەی شارستانیەتی ڕۆژئاوا ئەم خۆشەویستییەی بیرچووەو وازیلێهێناوە ، بۆیە بووە بە شارستانیەتیکی بێ ڕۆح‌و بێ دڵ‌و بێ هەست .

لەدواجاردا دەمانەوێت ئەوە بڵێین : کۆنت نەیدەویست بچێتە نێو کاری سیاسیەکی راستەوخۆوەو تەنیا خۆی سەرقاڵکرد بە دامەزراندنی ” کۆمەڵەی پۆزیتیڤیزم ” کە ئەم دروشمەی هەڵگرتبوو : ڕێکخستن‌و پێشکەوتن . پێویستە رێکخستن‌و پێشەکەوتن بەدیبهێنین‌و هیچیتر . ئامانجی ئەم دروشم‌و هەوڵەش هێنانەدی سەردەمێکی رۆحی نوێ‌و خۆشەویستیە . کتێبێکیشی بە ناونیشانی : گوتارێک سەبارەت بە هەموو فەلسەفەی پۆزیتیڤیزم . کە بە شێوەیەکی شیعرئامیز نووسرابوو کە پوختەی فەلسەفەکەی لە خۆگرتبوو . دیاربوو کە خۆشەویستی کلوتیلدا کردبووی بە شاعیر ، یان دەیوست وەک شاعیر بنووسێت !. لە سەردەمی پێشویدا بە شێوەیەکی وشکوبرنگ‌و ساردو سڕ لەسەر مەسەلە فەلسەفیەکان دەینووسی ، کەچی لەدوای عەشقبوونەکەی بە شێوەی قەسیدە دەینووسی .

لەم کتێبەیدا سەرسامی خۆی زۆر بۆ سیاسی بەناوبانگی فەرنسی” جول فێری “دەربڕیوە ، کە یەکێ بوو لەو کەسانەی دەورێکی گەورەی بینەوە ، لەکۆتایی سەدەی نۆزدیەمدا لەفەرنسادا لە جێبەجێکردنی فەلسەفەی پۆزیتیڤیزم . هەر ئەم پیاوە سیاسیەش بوو کە قوتابخانەی سکۆلاریزمی دامەزاران لەفەرەنسادا . هەر ئەمیش بوو کە توانی نەخوێندەواری بنەبڕبکات لەفەرەنسادا . لەم کتێبە شیعریەیدا کۆنت قسە لەسەر دین دەکات بۆ یەکەمجارو دەڵێت بوونی دەسەڵاتی ڕۆحی پێویستە بۆ ئەوەی بەرانگاری دەسەڵاتی ماددی بێتەوە . کۆنت ، هەتا بچوایەتە ساڵەوە زیاتر ئاراستەی دینی زیاددەکرد لەفەلسەفەی پۆزیتیڤیزمدا . بڕواشی وابوو کە بوونی ئیدارەیەکی رۆحی پێویستە سەرپەرشتیاری کۆمەڵگا بکات ، دوای ڕوخانی مەسیحیەت یان بەرتەسککردنەوەی کاریگەرییەکانی بە هۆکاری ڕۆشنگەری‌و شۆرشی فەرنەسی . هەروا بە مانای خۆی دەیوت : لەسەر داروپەردوی خواناسی پیویستە دەسەڵاتی رۆحی نوێ هەستێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت حوکمی کۆمەڵگاو ڕای گشتی بکات . ئەم دەسەڵاتە رۆحیە پێویستە جێگەی دەسەڵاتی پاپایی بگرێتەوە . ئامانجیشی کۆکردنەوەی گەلانی ئەورپا ، بەڵکو گەورەترین ژماری گەلانی جیهان کۆبکاتەوە لەژێر سێبەری مۆراڵە بەرزەکاندا .

سەرچاوە / http://alawan.org/article244.html