نەبەز گۆران : كۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح .
كۆبوونەوەكەی تاران و رێكەوتنەكەی تاران بریتیبوو لە ( شوێنی تاڵەبانی بەچۆڵی بمێنێتەوە و (بەرهەم ساڵح ) وەك سەرپەرشتاری گشتی یەكێتی دەست بەكاربێت و (9) مەكتەب سیاسی دابنرێت و پاشان هەریەك لەو مەكتەب سیاسیانە بەرپرسی دۆسییەیەكی حزبی بێت ) . هەرسێ هێڵە گشتیەكەی یەكێتی نیشتیمانی رێككەوتن لەسەر ئەو نەخشەیە. بەڵام لەگەڵ گەڕانەوەیاندا لەم دیووی سنوور ئەو رێكەوتنە هەڵوەشایەوە !.
پاشان هەفتەی پێشو جارێكی دیكە بە نەخشەیەكی دیكە لە كۆبوونەوەی مەكتەب سیاسی رێككەوتن لەسەر ( كاك كۆسرەت و بەرهەم ساڵح و هێرۆخان وەك سەرپەرشتیارانی یەكێتی بە كۆمەڵێك دەسەڵاتەوە دابنرێن، تاكو بەستنی كۆنگرە یەكێتی نیشتیمانی ئەو سێ كەسە وەك دەسەڵاتداری یەكەم ئۆرگانەكانی حزب بەرێووە ببەن) جارێكی دیكەش ئەم رێكەوتنە هەڵوەشایەوە!.
ئەو ڕەهەندانەش وادەكات ئەم رێكەوتنانە هەڵبوەشێنەوە، یەكتر قبوڵ نەكردنە بەو جۆرەی هەریەك لەو هێڵە گشتیانەی یەكێتی كار بۆ لاوازكردنی ئەویدیكە دەكات . تا گەیشتە ئەوەی هەردوو جەمسەرە سەرەكیەكەی یەكێتی ( كاك كۆسرەت و بەرهەم ساڵح ) كە بەشێكی زۆری گەنجان و فەرماندە سەربازییەکان و سەركردایەتی یەكێتیان لەگەڵە ، لە بەیاننامەیەكدا دەسەڵاتەكانی خۆیان جۆرێك لەجۆرەكان هەڵپسپێرن . زانیارییە رۆژنامەوانیەكان ئەوە بۆ ئێمەدەر دەخەن . هەردوو جەمسەرەكە داوای :
یەكەم/ بەستنی كۆنگرەیەك و هەڵبژاردنێكی روون بۆ دیاریكردنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و ئۆرگانەكانی دیكەی ناو یەكێتی نیشتیمانی .
دووهەم/ گۆرینی بەشێك لە بەرپرسانی ناو مەكتەبەكان و ناو پۆستە حزبی و ئەمنیەكان .
سێهەم/ دروستكردنی سەركردایەتیەكی خاوەن بڕیار بۆ یەكێتی نیشتیمانی .
چوارەم/ بەهێزكردنەوەی یەكێتی و پەیوەندیەكانی یەكێتی لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات .
كۆی داواكانی ( كاك كۆسرەت و بەرهەم ساڵح ) داوای یاسایین لەرووی كاری رێكخراوەیی . داواگەلێكن بەشێكی زۆری كادیر و گەنجانی یەكێتی ئەو داوایانەیان دەوێت . واپێدەچێت چ ئەوانەی لەناو یەكێتی نیشتیمانین یان ئەوانەی لەدەرەوەی یەكێتی نیشتیمانین كە تەماشای ئەم دۆخە دەكەن ، دەرك بەوە بكەن داوای هەردوو جێگرەكەی سەرۆك تاڵەبانی داوای كەسانێكە كە دەیانەوێت حزبەكەیان لەو قەیرانانە رزگاربكەن . بەڵام لەبری جێبەجێكردنی داواكان هەمیشە قەیرانی دیكە دێتە شوێنی . ئەشێت كەسانێك هەبن ترسیان لەم جۆرە جموجوڵە سیاسیانە هەبێت و چاوەرێی رووداوی نەخوازراو بكەن . بەڵام بەرژەوەندیەكانی ئەم قۆناغە لەوە گەورەترن رووداوی نەخوازراو بەشوێنی خۆیدا بهێنێت . داواكردنی هەردوو جێگرەكەی سەرۆك تاڵەبانیش بریتین لەو داوایانەی كە كارەكتەرە سیاسیەكانی ناو ئەوحزبە بڕوایان وایە بەجێبەجێكردنی ئەم داوایانە یەكێتی لە قۆناغێكەوە دەچێتە ناو قۆناغێكی دیكەو جارێكی دیكە گرووتینێك دەداتەوە بەر جموجوڵە سیاسیەكانی خۆی . بە پەراوێزخستنی ئەم داوایانەش قەیرانی زۆرتر دەهێنێتە بەردەم ئەو حزبە . بۆیە لەم كاتەدا دەوەستین لە دوورەوە تەماشای جموجوڵە سیاسیەكانی هەرسێ هێڵە گشتیەكە دەكەین . ئەگەرچی هەریەكەیان گوتاری جیاوازە . بەڵام لە كۆتاییەكەیدا ئەو گوتارە باڵادەست دەبێت كەپشت بە دەنگدان و بەستنی كۆنگرەیەك دەكات كە باڵاترین دەسەڵاتی حزبیە بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان . لەدەرەوەی كۆنگرە و رێگای دیموكراسی بۆ چارەسەركردنی جیاوازیەكانی ئەو هێلە گشتیە ، هەر رێگایەكی دیكە چ یەكێتی و چ هێڵەكانیش زیانیان پێدەگات . ئیدی نازانین ئەو سێ جەمسەرە كام رێگا هەڵدەبژێرن . بەڵام قسەی ئەو سیاسیە دەخەینە بەردەمیان كە دەڵێت : ( سیاسیەت یانی كۆبوونەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ ، لەدەرەوەی ئەو مێزە هەرجوڵەیەكی هێز واتای لەدەستدانی سیاسەتە ) . واتە سیاسیەكان بۆیە سیاسین دەبێت گفتوگۆ بكەن .
سەرچاوە / Nabaz Goran