بــەھـرۆز جــەعــفــەر : دیموکراسی یان بەھێزکردنی پێگەوستراتیژی سەربازی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

کورد،لەنێو دەنگوباس و تەکبیری شارەزایان و ستراتیجیستەکاندا ، دوو ئەجێندەی پێچەوانەی بۆ دیاریکراوە ، تالەئایندەدا کاری لەسەربکات،یەکەمیان: ئەڵێت کورد پێویستە پرۆڤە لەسەر دیموکراتیزەکردنی خۆی بکاتەوەو وەک یەکەیەکی بێلایەن خۆی نیشان بدات لەم ئاگرەی کە لەجیھان و ناوچەکەدا ھەڵگیرساوە ، چونکە تائێستا دیموکراسیەت باشترین فۆڕمی سیستەمەسیاسیەکان و وێنەی پێشکەوتنە.بەو پێیەی ھەڵکەوتەی جوگرافی کوردستان واخوڵقاوە کە دراوسێکانی بەھێزن ، ئەمەش بەزیانی کورد شکاوەتەوە ، ئەگەر کورد ئیش لەسەر خۆپڕچەککردن و گەمەو مەشقی سەربازی بکاتەوە ، ئەوا دراوسێکانی ئەکەونە گومانەوەو سنورەکان دائەخەن و… ئەم بیرکردنەوە تەقلیدیانە . بۆیە باشوایە کورد بەتۆزی خۆیەوە دابنیشێت و تەرەفگیری نەکات و فێری ژیانی مەدەنی و دیموکراسی بێت. تا ھەموو لایەک پەنجەی ئاسایش و ئارامی و شارستانی بۆ درێژ بکەن .

دووەمیان: نەخێر.کورد پێویستە ستراتیژێکی سەربازی قووڵ دابڕێژێت و بیرلەکڕینی چەک بکاتەوە ، چونکە لەسیاسەتدا دیموکراسیەت و سەرکزی و مەدەنیەت نەماوە ، بەڵکو ماکیاڤیللی ووتی” ڕێکەوتن بکە بۆماوەیەک ، دوایی زانیت لەبەرژەوەندیت نییە ، بیشکێنە” . بۆیە سیاسەت سێ بەشی بریتی یە لە (ھێز) تەنانەت لەفەرھەنگی ئینگلیزیدا ھێزو دەسەڵات یەکسانن. نزیکترین نمونە: لەمێژوی خەباتی رزگاریخوازی کورددا ، ھەرکاتێک دەسەڵاتە یەکلەدوای یەکەکانی بەعس لاواز بوون ، لەگەڵ کورد دانیشتوون ، کەبەھێز بوون لێیان داوە . ئایا کورد بەھێزبونی شیعە لەعێراقدا بەترس نازانێت لەسەر خۆی..؟. کەواتە دوو ڕێگا ھەیە بۆ بەھێز بوون ، یان لەگەڵ بەھێزێکدا ڕێک دەکەویت ، بەڵام دەبێت لە مەجلیسی ئەواندا بێدەنگ دابنیشیت. وەیاخوود خۆت خۆت بەھێز بکەیت.

ئەمڕۆ لەکوردستان ، ئابورییەکی پێش چاو ھەیە،شارەزایان وای دەبینن (١٣%) نەوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەخاکی کوردستان بێت. جگە لەسامانی گازی سروشتی و کانزاکانی تر. بەدەر لەبەگەڕخستنی کشتوکاڵ و سەرمایەو بوژانەوەی بانکەکان. بەدەریش لەداھاتی گەشتوگوزاری و باج و گومرکیەکان . ھەمیشە لایەنی سەربازی پشت دەبەستێت بەدوو ھۆکاری مادی ، یەکەمیان: داھات و ئابورییەکی باش.دووەمیان : پیشەسازی ناوەند یان قورس . مەبەست لە ( قورس) ئەو وڵاتەپیشەسازییانەن کە مامەڵە لەگەڵ ئاسن و دروستکردنی فڕۆکە و کارگەی ئۆتۆمبیل و تانک و چەکە ئەتۆمیەکاندا ئەکەن. بۆنمونە : وڵاتێکی وەک ئەمریکا تائێستا فڕۆکەی شەبەحی بەکەس نەفرۆشتووە ، چەکێک نافرۆشێت کەخۆی لەوە قورستری دروست نەکردبێت . بەتایبەت بۆ ئەو وڵاتانەی لە ڕووی جیۆپۆڵەتیکەوە حاڵیان باش نییە. چونکە ئەگەر بەووردی دیقەت لەشوێنی کوردستانی گەورەو باشور بدەین . ئەوسا تێدەگەین نزیکترین و باشترین پاڵنەر بۆ کاری سەربازی بریتی یە لەشوێنگەی جوگرافی.ئەمانە لە پانتاییە ئاوییەکان و پاپۆڕە بارھەڵگرەکاندا حیسابی زۆر وردیان بە (غگس) بۆکراوە.

ستراتیژی سەربازیی: بەیەکێک لەلقە گرنگەکانی ستراتیجی نیشتمانی دائەنرێت ، بریتی یە لەھونەری بەکارھێنانی ئامرازە سەربازییەکان ( بەھەموو شێوەکانی وەک ھێزی ئاسمانی،پیادەو… ھتد) . بۆ بەدیھێنانی ئامانجە باڵاکانی دەوڵەت ، یان پاراستنیان . ( ڕیمۆن ئارۆن) لایوایە ، ستراتیجی سەربازی (سەرکردایەتی کردن و ئاڕاستەکردنی کۆی پرۆسە سەربازییەکانە) . ئەکرێت ئەم ستراتیژە ھێرشکردن بێت ، کەپشت بەھێرشکردن و ڕووبەرووبونەوە دەبەستێت لەگەڵ دوژمن یان ئەو مەترسیانەی ھەڕەشەن لەسەر ئاسایشی نیشتمانی ناوچەکە.بۆنمونە ئەمریکا لەدوای (١١) ی سێپتەمبەرەوە ئەم ستراتیژەی بۆ ڕووبەرووبونەوەی تیرۆر پەیڕەوکرد. وە ئەشکرێت ستراتیژ لەجۆری بەرگریکردن بێت: گرتنە بەری ھەر ڕێگایەک کە لەتێوەگلان لەشەڕوململانێ دووریدەخاتەوە ، وەکو ئەوەی ھەموو جار دەڵێن” کورد شەڕفرۆش نییە “. ئەمانە بەشێوەیەکی سەرەکی ھەرچیەک بن لەژێر کۆنترۆڵی دروستکەرانی بڕیار (ێناع قرار) دان. ئەکرێت دروستکەرانی بڕیار لەھەرێمی کوردستان گەورەتر بیر بکەنەوە ، لەگەڵ ئەوەی کەپلان و ستراتیجەکەیان ئاشکراناکرێت ، بەڵام لەپاڵ کۆکردنەوەی زانیاری ووردو درشت ( بەجۆرەھا ڕێگە) و دروستکردنی لیژنەی تایبەت و بەشداری پێکردنی کەسە باڵاکان لەسەرۆک وئەنجومەنی ئاسایش و بەرگری و و تینک تانکەکان و… ھتد. ئەم پێگە یە لەستراتیجی نەتەوەیی دابمەزرێنن تا جۆرەکانی تری ستراتیژ لەناو بازنە گەورەکەی نیشتماندا جێگەی ببێتەوە ( لەگەڵ ئێوەمانە ، بۆئێوە قسەدەکەین ھۆ و). ئیتر کاتی ئەوەیە بیرێک لەئایندەی کوردستان لەم رێگایانەوە بکرێتەوە. کاتی ئەوە ھاتووە کورد بیروباوەڕی خۆی یەکلا بکاتەوە ، چونکە دیموکراسیەت بەتوندی لەسەر بنەمای ھەڵبژاردنی دروست و ماف و ئازادییەگشتی یەکان و سەربەخۆیی دادگاکان وەستاوە . لەکوردستان ئەمانە نین ، لەبەرئەوەی ئابورییەکی قۆرخکراو ھەیە بەدەست چەند کەسێکی مافیا ئاساوە ، ئەبێت دروستکەرانی بڕیاری کورد بەتەواوی بیرلەمە بکەنەوە ، چونکە سیستەمی سیاسی و ستراتیژی سەربازی لەگەڵ فەلسەفەو ئایدۆلۆژیای دەوڵەتدا پەیوەندییەکی توندو تۆڵ ئەیانبەستێت پێکەوە. ئایا لەئێستادا ئایدۆلۆژیای کوردان چییە ؟ ئیسلامی یان عیلمانی ..؟ لیبراڵیزم یان سۆشیالیزم.؟. نەتەوەپەرستی یان دەست گرتنە بەپەتی بێگانەوە بۆ مانەوەی حزب و بنەماڵەگەرێتی ( ئەم قسانەم بۆئێوەیەو تەشھیر نییە ) .

کاتی بیرکردنەوەیە لەستراتیژ.لەفەرھەنگی سیاسی و سەربازیدا زۆربەی کات ئەم چەمکە بۆ کارە سەربازییەکان پێکھاتووە. ئێمەش دەبێت والێی تێبگەین . بۆنمونە لەئەدەبیاتی زانستی سەربازیدا زاراوەی (السوق) سەوقی لەزمانی عەرەبیدا بۆ بەکارھاتووە ، بەڵام لەئەدەبیاتی سیاسی دا زاراوەی (التعبئە- بەگەرخستن) ی بۆبەکارھاتووە . لەھەردوو بارەکەشدا تەکتیک و پێچاوپێچ کردن (مناورە) ھەیە.لەھەموو بارەکانیشدا فریودان و ترساندن (الترغیب والترھیب) ھەیە. بەڵام ئەگەر سبەینێ کورد تووشی ئابڵوقەدانێک ھات ، کام لەمانە بەکاردێنێت. کوا مەشق و باری لۆجستی و ژیان و بیروباوەڕی سەربازیی کوردستان. کوا پۆشتەو پەرداخی سەربازیی لەکوردستان،کوا بەکارھێنانی پارەی زۆرو زەوەندی کوردستان بۆ پاراستنی ئاسایشی تاک و کۆمەڵگەی کوردی ..؟. ھەتا دێت لەڕووی سەربازی و ھەواڵگرییەوە ، لەڕووی دزەکردنی نەخۆشی و زیادکردنی گەندەڵیەوە کورد لەچارەنوسێکی خراپتر نزیک دەبێتەوە ، پێمان بڵێن ، دیموکراسی یان بەھێزکردنی پێگەوستراتیژی بەگەڕخستنی سەربازی .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت