ستیڤان شەمزینی : دوو هەرێمی و دوو ئیدارەیی کۆتایی نەهاتووە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئایا کابینەی هەشتەم دوو ئیدارەیی لەناو دەبات ؟

* نەزهەت حالی : هیوادارین لە کابینەی نوێدا بەر لە هەموو شتێک سلێمانی بگەڕێتەوە ‌سەر هەولێر

* شێرکۆ حەمەئەمین : دوو ئیدارەیی و دوو هەرێمی وەک خۆی ماوە و ئیدارەی سلێمانیش فاشیلە

تا ئێستا لە رووی کردارییەوە دوو ئیدارەیی و دوو زۆنیی ، لە کوردستان کۆتایی نەهاتووە، ئەو دابەشکردنە جوگرافی و ئیدارییەی لە کاتی رێککەوتنی واشنتۆنەوە ” 1998 ” ، هاتە ئارا ، تا ئێستا درێژەی هەیە . هەرچەندە بە رووکەش یەک حکوومەتی هەرێم هەیە ، بەڵام لە واقیعدا دوو ئیدارە هەرێم بەڕێوە دەبەن ، کە دەکرێت بڵێین دیواری دێگەڵە ئەو خاڵە سنوورییەیە کە ئەو دوو ئیدارەیە لە یەکتری جیا دەکاتەوە . لەم دواییانەش و بە تایبەت لە دوای هەڵبژاردنی 21 ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو ، روونتر لە چەند ساڵی پێشوو ئاسەواری دوو ئیدارەیی و تەنانەت دوو گووتاریی لە هەرێمی کوردستان دەرکەوت ، کە ئەمە سنووری تێپەڕاند و بووە گەمەیەکی ئاگرینی سامناک تەنانەت لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم کە تا ئەم ساتەوەختەش هیچ هێزێکی سیاسیی بوێریی ئەوەی نەبوو ئەو شەڕە بباتە ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکان.

نەزهەت حالی ، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی ، باس لەوە دەکات، یەکەم هەنگاوی گەڕانەوەی کەرکووک بۆ سەر هەرێم ، لە هەنگاوی گەڕانەوەی سلێمانی بۆ سەر هەرێم دەستپێدەکات ، چوونکە بە بڕوای ئەو هێشتا سلێمانی نەک نەگەڕاوەتەوە بۆ سەر هەرێم ، بەڵکو هێشتا زۆن و ئیدارەیەکی سەربەخۆیە کە درێژکراوەی سەردەمی شەڕی ناوخۆیە لە ناوەڕاست و کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو .

نەزهەت حالی ، پێیوایە هێشتا ناو ماڵی کوردیی یەکگرتوو نییە و لەناوخۆدا سیاسەتێکی کوردستانی یەکگرتوو پیادە نەکراوە و دەڵێت ” گرنگترین و هەستیارترین پرس بۆ ئێمەی گەلی کوردستان لە هەرێم بەر لە سەربەخۆیی گەڕانەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمە ، بەڵام گەر ئێمە ‏چاوەڕوانی ئەو میکانیزمە بێسەروبەرەی تاکو ئێستا پەیڕەو کراوە ‌بین گەڕانەوەی ئەو ناوچانە ‌ئەستەم دەبێت ، چوونکە ‌لەنێو خودی هەرێم سیاسەتێکی یەکگرتوو ‏پەیڕەو نەکراوە ‌کە هەموو هێزی نیشتمانی هەرێم لە رووی سیاسیی و دیپلۆماسی … و تەنانەت هاندانی جەماوەریش وەکو پێویست لەو بوارەدا بەکاربهێندرێت ، رەنگە ‏گرنگترین هۆکاریش هەبوونی دوو ئیدارەیی و نەبوونی سیاسەتێکی یەکگرتوو بێت لەهەرێم بەرانبەر بەو پرسە ‌هەستیارە کە ‌پێویستە ‌لەلایەن سەرکردایەتی سیاسیی و ‏حکوومەتی هەرێم دابڕێژرێت و پەیرەو بکرێت و هەموو لایەنەکان پێوەی پابەند بن “.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی ، پێیوایە ئەرکی کابینەی داهاتووە ، کار بکات بۆ نەهێشتنی ئەو دوو ئیدارەییە زەقەی کە ئێستا هەیە و دەڵێت ” راستە زۆر کێشەی ئیداریمان هەن و جێگای رەخنەن لە هەرێم کە ‌پێویستە چارەسەر بکرێن ، بەڵام دەبێ رەچاوی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان بکەین، چوونکە ‏زۆر لە نەیارانی دەرەکی هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ پارچە پارچەبوونمان و بەردەوامیدان بە دوو ئیدارەیی و تەنانەت حەز بە بوونی چەند ئیدارەیش دەکەن.‏ هیوادارین لە کابینەی نوێدا بەر لە هەموو شتێک سلێمانی بگەڕێتەوە ‌سەر هەولێر ، ئەوەش دەبێت بزانین گەڕانەوەی سلێمانی بۆ سەر هەولێر بە واتای ملکەچبوونی هیچ لایەنێکی سیاسیی نییە بۆ لایەنێکی سیاسیی تر ، بەڵکو گەڕانەوەی بڕیاری سیاسییە بۆ پایتەختی هەرێم کە ‌لە هەموو وڵاتان بڕیاری سیاسیی لە پایتەختەوە ‏دەردەچێت کە ‌حکوومەتی هەڵبژێردراو دایدەڕێژێت و جێبەجێی دەکا “.

شێرکۆ حەمەئەمین ، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی گۆڕان ، پێیوایە رووداوەکانی ئەم دواییە سەلمێنەری ئەوەیە دوو ئیدارەیی زۆر بە روونی و زەقی ماوە و ئیدارەی سلێمانیشی بە ئیدارەیەکی فاشیل پێناسە کرد . پەرلەمانتارەکەی گۆڕان پێیوایە ” جووت ئیدارەیی و جووت هەرێمی ، وەک خۆیەتی بە تایبەت ، لە بوونی دوو بانکی ناوەندیی و دوو سیاسەتی دارایی نێوان هەولێر و سلێمانیدا ، تەنانەت ماوەی رابردوو ، لە بارگرژیی نێوان پارتی و یەکێتی ، برادەرانی ئەملا ناڕاستەوخۆ ئەم هەڕەشەیەیان بە گوێی هاوپەیمانە ستراتیژییەکەی ئەولادا چرپاند . ئەوەی ئەو راستییە تۆخ دەکاتەوە ، قەیرانەکانی سووتەمەنی و کارەبا و نەمانی پارەی بانکەکانی پارێزگای سلێمانییە ، تێکڕای ئەو بەڕێوەبەر و بەرپرسانەی بینیمانن ، باسی جیاوازیی نیوان هەولێر و سلێمانی دەکەن و ئۆباڵەکە دەخەنە ئەستۆی بەرپرسانی هەولێر و خۆیان بێ بەری دەکەن “.

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان، نەمانی پارە و قەیرانی سووتەمەنی و ئاسایش لە سلێمانی ، بە شکستی ئیدارەی سلێمانی لێکدەداتەوە و بە دووری دەزانێت پەیوەندیی بە هەولێرەوە بێت . وتیشی ” پەیوەست ، بە نەمانی پارە ، لە بانکەکانی سلێمانیدا ، هەر زوو وتەبێژی حکوومەتی کاربەڕێکەر ، وەڵامی دایەوە و بە موزایدەی سیاسیی وەسفی کرد و وتی حکوومەت بری ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری ، لە پارەی نەوت بۆ سلێمانی ناردووە ، خوا هەڵناگرێ وەزیری دارایی حکوومەتی کاربەڕێکەریش ، کە یەکێتییە ، سەلماندی و تەنانەت وتی ٥٠٠ ملێۆن زیاتریشە. دوای ئەمانە چی : ئەگەر وایە و سەرۆکی حکوومەتی کاربەڕێکەر و هەولێر ، ئەوەندە غەدر ، لە سلێمانی دەکەن ، ئەی کەواتە بە چ پێوانەیەک سوورن ، لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت و شەراکەتی هاوپەیمانە جیاوازیکەرەکەتان . ئەم قسەیەم بە هیچ شێوەیەک بەرگریی نییە لە حکوومەتی کار بەڕێکەر”.

شێرکۆ حەمەئەمین ، پەرلەمانتاری گۆڕان ، پێیوایە ” خستنە ئەستۆی هەموو بەرپرسیارێتی بۆ ئەستۆی هەولێر ئەستۆپاکی ناداتە بەرپرسانی هەرێمەکەی ئەملا و بەڵگەی شکستی حوکمڕانییە . ئەگەر ، لە هەولێر پارەی نەوت هەیە و بۆ ئەو حاڵەتانە سوودی لێ وەردەگرن ، ئەی پارەی نەوتی سلێمانی و گەرمیان و ژێر زەمینە سیخناخ ، لە دۆلارەکان، لە کوێن !؟ چارە ئەوەیە ، بە زوویی کابینەی نوێ پێکبهێنرێت و جێتر پارتی و یەکێتی دۆخەکە ، دوا نەخەن و ئەو جوڵەیەی پەرلەمانتاران خێراتر و بەرجەستەتر بکرێت و کات زیاتر بەفیڕۆ نەدرێت و لە یەکەم دانیشتنەوەی پەرلەماندا پشوو هەڵبگیرێت و کاری جیددی بکرێت ، ئێمە ، وەک فراکسیۆنی گۆڕان بۆ ئەو کارە ئامادەین و ناکرێت لەوە زیاتر باجی هەڵەی سیاسییەکان بدەین “.

د. ئاراس عوسمان ، مامۆستای زانکۆ و پسپۆری زانستە سیاسییەکان ، پێیوایە ، دوو ئیدارەیی دیاردەیەکی ئەوەندە زەقە ، هیچ کەس و لایەنێک بوێریی ئەوەی نییە نکۆڵی لێ بکات . بە بڕوای ئەو مامۆستایەی زانکۆش ئەگەر ئەم رەوشە بەردەوام بێت و کیانی کوردیی بەم دەبڵ گووتارییەوە بمێنێتەوە ئەوە دۆزی نەتەوەیی کورد پاشەکشەی گەورە دەکات لە عێراقدا. وتیشی ” ئەگەر لە سەرەتای پرۆسەی ئازادیی عێراق ، لەسەر ئاستی عێراق ، کورد یەک گووتاری یەکگرتووی هەبووبێت ، دوای هاتنی سوپای دیجلە و هەڵوەشانەوەی لیستی کوردیی لە کەرکووک هیچ ئومێدێک نەماوە و هەموو چراکان کوژاونەتەوە “.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ ، وتیشی ” پارتی و یەکێتی ، تەنیا پینەپەڕۆی دۆخەکە دەکەن ، ئەمەش تا سەر ناخوات ، ئەو دۆخەی لە سلێمانی روو دەدات بەرهەمی دوو ئیدارەییە ، ئەگەرنا چۆن لە هەولێر مووچەی فەرمانبەران دابەش دەکرێت و لە سلێمانی نا؟. هەرچەندە بە کەس ناشاردرێتەوە ئیدارەی سلێمانی ئەوەندە فاشیلە لە مێژوودا وێنەی نەبینراوە ، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە پارتی لەولاوە هەر خۆی ئیدارەی زۆنی زەرد بدات “.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت