17-shwbat

نەبەز گۆران : پاڵەوانەكانی (17) شوبات .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

(( چ بێ‌ شەرمیەكە . حزبەكەت بكوژی خۆپیشاندەرانبێت و ئەمرۆ ماف بەخۆت بدەیت باسی (17) شوبات بكەیت )) .

راستی من هیچ پێمخۆش نیە لەسەر رابردوو بژیم. ئەوەی رۆیی زەمەنێك بوو ئیدی نە دێتەوە و نە دەتوانیت بە نووسین لەسەری شتێكی زیاتر بڵێت. بەڵام دەمەوێت راستگۆیانە پێتان بڵێم:

ئەوانەی ئەمڕۆ قسە دەكەن و خۆیانكردووە بە نوێنەری ئەو خۆپیشاندانە ئەوانە پاڵەوانەكانەكانی ئەو خپیشاندانە نەبوون . پاڵەوانە راستەقینەكان كەسانێك بوون كە هەرگیز حەزیان بەوە نیە بێن قسە بكەن و خۆیان بنوێنن وەك ئەو خۆ نوێنانەی ئێستا. راستیەكەی ئەوەیە ئەو خۆپیشاندانە تووڕەبوون و نارەزایەتی قۆناغێك بوو دەبوا رووبدات. ئەوانەی لە پێشی پێشەوەی خۆپیشاندانەكان بوون، ئەوانەی ڕووبەڕووی ئەو ستەمە بوونەوە، كۆمەڵێك گەنجی خۆنەویست بوون. هەفتەی یەكەم خۆپیشاندان بوو. هەفتەی تووڕەبوون بوو لەسەر سەقام. هەفتەی ئەو دەستانەبوو پڕ بوون لەبەرد و ڕووبەڕووی گوللەی چەكدارەكانی حزب دەبوونەوە. هەفتەی بەربەریەتی حزبەكان بوو . ئەو هەفتەیەبوو كە حزب بەخۆی و میلیشاكانیەوە بێ‌ باكانە دەستی لەو گەنجە توڕانە نە دەپاراست و بە شێوەیەكی ( بەربەر) یانەی سەدە كۆنەكان بەر بووبوویە گیانیان. ئەو هەفتەیە دۆخەكان بەجۆرێك بوون تەنها گەنجە خۆنەویستەكان جەسارەتیان دەكرد بێنە سەرشەقام. تەنها ئەوانیش رابەڕو پاڵەوانی ئەو خۆپیشاندانە بوون .

پاش ئەو هەفتەیە خۆپیشاندان گۆڕان بۆ خۆنمایشكردن. كاتێك لەبەر دەركی سەرا ( سەكۆ) دانرا ئیدی بڕوام بەوە نەبوو شتێك مابێت ناوی خۆپیشاندان و نارەزایەتی بێت لەسەر شەقام. بەڵكو بوو بوویە شوێنی خۆنمایشكردن و جۆرێك لەگردبوونەوەی بێ‌ كاریگەر. ئێمە مانان كاتێك چووینە سەر سەكۆكان بۆ قسەكردن، هیچ نەبووین جگە لە راگرتنی دۆخەكە، ئێمە خۆپیشاندەرە راستەقینەكان نەبووین، ئێمە قسەكەرە بێ‌ دۆخ راگرەكان بووین. ئێمەمانان تەنها ناوێك بووین لەو ناوانەی خۆپیشاندانمان گۆڕی بۆ خۆنمایشكردن. ئەزانم زۆرێك لە كەسانی سەر مینبەرەكان ئەم قسانەیان پێناخۆشە، چونكە حەزدەكەن خۆیان وەك پاڵەوان پیشانبدەن و راستیەكان وون ببن. بەڵام من نایەڵم جوامێری ئەو گەنجانە وونبێت كە خۆپیشاندەربوون و خۆنمایشكەرەكانی سەر میبنەرەكان مافیان بخۆن و خۆیان بكەن بەخاوەنی ئەو مێژووەی كە مێژووی ئەو گەنجانەیە نەك نمایشكەرەكان. من پێم سەیرە هەمیشە پاڵەوانە راستەقینەكان ووندەبن و نمایشكەرەكان دەبنە پاڵەوان!. پێم سەیرە ئەمڕۆ كەسانێك دەبینم قسە لەسەر ئەو خۆپیشاندانە دەكەن ، لە رۆژانی سەرەتای خۆپیشانداندا ئەركیان بووبوویە ئەوەی كە ئێمە مانان رازی بكەن نەچینە ناو ئەو شەڕە بەردەكان!. دەبینم كەسانێك باسی ئەو دۆخە دەكەن، لە كەناڵەكانەوە ڕووداوەكانیان دەبینی و جەسارەتیان نەدەكرد بۆ تەماتە كڕینێكیش ڕووبكەنە بازار!. كەسانێك ئەمڕۆ كۆڕو سیمینار بۆ ئەو دۆخە دەبەستن هەر هێندەی ئەوانە ئاگایان لە ڕووداوەكان بوو كە لە ماڵەوە دادەنیشتبوون. كەسانێك باسی مێژووی ئەو ڕۆژانە دەكەن، زۆربەباشی نەیاندەوێرا سەیری راپۆرتی رۆژنامەنووسەكانیش بكات .

هەمیشە دەیڵێم خۆپیشاندەرە راستەقینەكان كەسانێك بوون، ئەمڕۆ لە هیچ شوێنێك نایان بینی قسەیەك بكەن. خۆپیشاندەرە راستەقینەكان ئەوانە بوون، بریندار دەبوون. شەهید دەبوون. ئەوانە بوون لە شەرە بەردەكاندا كۆڵانەو كۆڵان راوودەنران. ئەو گەنجە جوامێرانەبوون كاتێك خۆپیشاندان بووییە خۆنمایشكردن ئیدی زۆر گرنگیان پێنەدا. ئەو كوڕە بەشەهامەتانە بوون زیندانی كران، ئازاردران، ماندوونەناسانە و راستگۆیانە هاتبوونە سەر شەقام تا ئەو چەق بەستنە بگۆڕن. چونكە ئەوان بۆ ئەوە هاتبوونە سەر شەقام مافی تاكەكان بەدەست بهێننەوە، نەك بۆ ئەوەی خۆیان بنووێنن. بەڵام ئەنجامی خۆپیشاندانەكە گۆڕا بۆ رێگاییەكی بێ‌ ئەنجام. راستی هەڵەیە واتێبگەین ئەو خۆپیشاندانە لەوەی فەرەنسا دەچێت. هەڵەشە واتێبگەین ئەو خۆپیشاندانە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان لەپشتی بوون. نەك هەر لەپشتی نەبوون، بەڵكو تا ئەو كاتەی نەبوویە خۆنمایشكردن خۆنمایشكەرانی ئۆپۆزسیۆن بە هەرسێ‌ لایەكەوە نەهاتنە ناوی. ئەوانەی سەروەختی خۆپیشاندانە راستەقینەكە هاتبوونە ناوەوە و ئۆپۆزسیۆن بوون ئەوانە بوون بێ ویستی حزبەكانیان هاتبوون. تەنها ویژدان و جوامێری خۆیان هێنابووینیە سەر شەقام نەك حزبەكەیان رێگەی پێدابن. ئەوانە نەك حزبەكانیان رازی نەبوون بچنە ناو خۆپیشاندەران بەڵكو نیگەرانیش بوون لێیان كە چووبوونە ناویان. بەڵام كە بوویە نمایشكردن و مەترسی نەما ئیدی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان و نمایشكەرەكانیان بە لێشاو و ستراتیژێكی حزبیەوە هاتنە ناوی. كاتێكیش بۆ جاری دووهەم مەترسی بۆ دروست بوویەوە دیسان تەنها گەنجە خۆنەویستەكان مانەوە!. كەچی ئێستا كۆمیدی ترین شت ئەوەیە قسەكەرەكانی ئەو خۆپیشاندانە ئەوانەن لەمەترسیەكاندا بازاریان تەرك كردبوو!. ئازاراویترین شتیش ئەوەیە زۆربەی قسەكەرەكانی ئەو رووداوانە ئەو منداڵە حزبیانەن كە حزبەكانیان دەستیان بەخوێنی گەنجانی خۆپیشاندەر سوور بوو. چە شەرمەزارییەكە مرۆڤ گەلێك دەبینی لە بێ‌ شەرمیدا قە لە رووداوێك دەكەن كە حزبەكەیان مرۆڤی تیا كوشتووە !.

 سەرچاوە / Nabaz Goran 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت