Draw

بەهرۆز جەعفەر : پارەکەیان بۆ تەنگانە هەڵگرتووە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

عێراق لەمێژوودا،بەپرۆسەى ئازادیشەوە (24) جار لەلایەن بێگانەو زلهێزەکانەوە داگیرکراوە . بۆهەرجارێکیش داگیرکەران (کۆڵۆنیاڵیزم) هێزو کلتورو بناغەتۆوى خۆیان چاندووە ، ئینجا ڕۆیشتون،یان وەدەرنراون .

هۆلاکۆ ، هێرشی کرد بۆ بەغداد ، پێی سەیر بو ، وەک کڵاو دەستى ئەخستە سەر سەربازە عێراقیەکان ، سەربازەکان لەبرى بەرگری لەنیشتمانى عێراقى بکەن ، کێبڕکێیان ئەکرد بۆ خۆ ڕادەستکردن . چمەز خەلیفە ” موعتەسەم ” کە پاشاو بکوژو ببڕ خۆى بووە ، پارەى پێنەداون . برسییانە ، بەدەست بێ پۆشتەو پەرداخى و بێ مەشقى و بێ ئینتمائیەوە ئەناڵێنن . کاتێک کە سوپا تێکشکاو ، چونە بەغدادەوە ، لەماڵەکەى خۆی دەستى یان گرت بەسەر خودى خەلیفەدا ، کە ژێرزەمینەکەى بەئەندازەى نیمچە بیابانێکە ، پڕپڕە لەزێڕ و ئاڵتون ، لەپارە . پێیان گوت : تۆ سوپاکەت برسییەتى ، ئەم هەموو زێرو سامانەت بۆ کەى هەڵگرتووە !. دواترئاڵتونەکەیان تواندەوە ، وەک ئاوی ئاڵتونى لێهات ، هەموویان کرد بەقوڕگى خەلیفەدا ، تادەمى پڕبو ، هەربەوشێوەیە کوشتیان .

بەرپرسانى کورد ، خۆیان ئیعتراف بکەن ، یان نەکەن ، ئێمە دەزانین ژێرزەمینەکانیان پڕە لەفەردە دۆلارو ، بانکەکانیش هیچیان تیانییە ، چینێک لەخەڵک باش باش ئەزانێت کۆمپانیا زەبەلاحەکان و بازرگانەکانى حزب و بەرپرسە ئەمنیە باڵاکان خەریکى چین .!. دەزانین سەرمایەى کێ لەملیار تێپەڕى کردووەو هی کێش نەگەشتۆتە ملیار .

ئەم دووهێزە سیاسییەو نەوشیروانیش : لەسەرەتاى شەستەکانەوە ،هەتا پێیان کرا، لێکترازانیان خستە نێو ماڵى کوردییەوە ، دەیان هەزار ڕۆڵەى کوردییان بەکوشت دا ، گوێچکى دیل و ئەسیرى یەکتریان ئەبڕى ، بەقەممەى کڵاشینکۆف شەڕى دەستەو یەخەیان کرد ، ئینجا هاتنە شارەوە ، دەستى یان کرد بە پیاوچاکى و جاسوسی بۆ ئێران و تورکیا ، ئەوسا بۆمالکى و ئەمریکا .

لەشکرێک ڕۆژنامەنوس و نوسەریان خانەنشین کرد لەبودجەى گشتى ، تەمەنى حەوت ساڵ بوە لەشۆڕشدا ، خانەشینى ئەیلول و گوڵان و کەمئەندامى سەنگەرو زیندانى سیاسییە ، تەمەنى (30) ساڵە پەرلەمنتارى خانەنشینە . یەک دونیا خەڵکى نەخوێنەواریان خستە زانکۆو ئەکادیمییەکانەوە ، بەناوى ماستەرو دکتۆرو پڕۆفیسۆر، خەساندنیان و ، ورگنیان کردن . ئینجا (70) پاڵاوگەى ناقانونى و نادەستورییان بۆ خۆیان دانا ، ئەوسا لەشەو و ڕۆژێکدا هەزاران تەنکەر نەوت ( کەس نازانێ ڕەشە سپى یە گازوایلە،بەنزینە ) . بەپێش چاوى ئەو خەڵکە غەشیم و مێشک پوتەوە دێت و ئەچێت.ئینجا پارەکەشی لەقومارخانە نێودەوڵەتیەکان،یان لەڕێگەى مەسیف و تاسلوجە ، سات و سەوداى پێوە ئەکرێت . ئەمان فێرن ، هەرجارەى ئاگرێک ئەکەنەوە ، ئینجا کەهیچیان پێ نامێنێ هاوار بۆشەقام ئەهێنن . ئەمان هەموو شتێکان لەدەست دێ کوردایەتى نەبێت . ئەگەر چاوێکى ئەو خەڵکە زیتەڵ و خاوەن خۆیانەیان لەسەر نەبێت ، زۆر بەئاسانى بست بەبستى کوردستان لەمەحفەلى دەولیدا ، بەئیمزاى خۆیان هەڕاج ئەکەن .

ئێستا یەکێتى و پارتى ، هەریەکەیان لە زۆر دەوڵەتى بچوکى جیهان دەوڵەمەندترن ، ئەزمون دەرى خست ناتوانن ئیدارەى (3) پارێزگابدەن ، چ جاى شەڕ و باسی کەرکوک بکەن ؟.مالیکى زۆرباش لەم گەمەیەو لە کوردو سەرکردایەتیەکەى گەیشتوە ، بەم فەتارەتەیان ئەباو ، دواتریش بەفەرمانى تورکیاو ئەمریکا ، سەرکردایەتى کورد بەرەو لاى خۆى پەلکێش ئەکاتەوە .

کێشەکانى کوردو کوردستان ، بە ڕووکەش دیارن ، زۆرجار پێویست بەشرۆڤەکارى بەتوانا ناکات ، هەرکەسێکى ئاسایی تێدەگا گرفتە ئابورییەکان و سیاسییەکان و نەتەوەییەکان چۆن سەیانهەڵداوە .هۆیەکەشی دەزانن ، بۆخۆى پەیامبەرى ئیسلام وتویەتى : گەلێکى خراپ سوڵتانێکى خراپ (جائر) ى دەبێت . ئازادیی و بەختەوەرى شایانى خەڵکێک نییە کە توند دەستى گرتوە بەو کەرەستانەى دواى ئەخەن و خۆشی ئەوێن .

 

 وێنەکە لە گۆگلە وەرگیرواوە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت