بەھرۆز جەعفەر : زێدە ڕۆیی لەکەسێتى تاکى عێراقیدا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

( دیدێکى سۆسیۆپۆڵەتیکى )

عێراق: وڵاتی شۆڕش و کوتاوئاژاوەو یاخیبونەکانە ، جەگرافیایەکە مێژووەکەی تراژیدی و تۆقینەرو خەمھێنەرە ، لێرە ھەمیشە تاکی عێراقی حەزێکی دکتاتۆریانەو خۆسەپێنی ھەیە بەسەر ئەوانی تردا ، تەنانەت لەسەر گومان خەڵک دەکوژن بۆ تەمێکردنی ئەوانەی دژی گروپگەرایین لەعێراقدا.

ڕەنگە فەلسەفە لەعێراقدا لەو پەندەوە دەست پێبکات کە دەڵێت : ” لەبری ئەوەی کشی لێبکەیت ، قاچی بشکێنە”. واتا پێویست ناکات چەند جارێک کش لەمریشکێک بکەیت و قاوی بدەیت ، بەڵکو چارەسەری بنجبڕ ئەوەیە قاچی بشکێنیت ، تاجارێکی تر توخنت نەکەوێتەوە. زیادە ڕۆیی ، لەمتمانە پێدان و بەیعەتدان و ، دواتر زیادەڕۆیی لە تۆڵەکردنەوەو سەرشۆڕکردن ، بەشێکی گرنگە لەئاکارو کەسێتی تاک و کۆمەڵگەی عێراقی ، لەمێژوویەکی کۆندا ، ئەو خەواریجیانەی ئێمام عەلی یان کوشت ، پێشوتر لەھەرە توندترین ھەوادارو لایەنگرو پێڕەوانی بوون . لە سەردەمی نوێشدا زیندوترین نمونە : ھەڵوێستی عەبدولسەلام عارفە ، کە یەکەمین کەس بوو دروشمی ( ماکو زعیم الا کریم) ی ھێنایە گۆڕێ و داوای کرد.

پێدەچێت زۆرێک لەعێراقیەکان تائێستا ئەوە نەزانن کە عەبدولسەلام زۆر شلگیرو سەرگەرم بوو، زێدەڕۆیی دەکرد لەمتمانەو پشتگیری بۆ ” عەبدولکەریم قاسم” لەماوەی کاری لیژنەی باڵای ئەفسەرە ئازادیخوازەکاندا.بەڵام لەکۆتاییدا عەبدولکەریم قاسم دەڕوخێنن ،قاسم داوا لەسەلام دەکات کە لەفەرمانی لەداردان ئاوارتەی بکاو دەڵێت:” لەدارم مەدە،چونکە من لەدارم نەدایت.”. کەچی عەبدولسەلام گوێی بەم تکا برایانەیە نەدا،بەڵکو زێدە ڕۆیی کردو گوللە بارانیان کرد،قاسم ئەوەندە مەردانە لەپێناو دۆزو بۆچونەکانی خۆیدا جەنگا تەنانەت بەچاوی خۆی تەماشای ئەو گوللانەی دەکرد،کەپێوەی دەنران.لەباری زێدەڕۆیی عێراقیەکان بۆ تۆڵەکردنەوە، بینیمان ، لەساڵی (٢٠٠٤) تەرمی سەربازە ئەمریکیەکان دوای کوشتنیان لەفەللوجە،دەسوتێراو بەدوای ئۆتومیلدا ڕادەکێشرا.ھەموو ئەمانە سەرەنجامێکی ترسناکی سیاسی ئەدەن بەدەستەوە،ئەویش قەیرانی متمانەی ھێزە ئایدۆلۆجیاکانە بۆ پێکەوە ھەڵکردن،مەگەر ئەوە حەسەن نەبوو وەسیەتی کرد،کەباوکیشی پێی وتووە :” متمانەتان بەخەڵکی کوفە نەبێت،چونکە ھەم باوکیان کوشت و ھەم سوپاکەیان ھەڵوەشاندو،کەرەستەکانیشیان بەتاڵانبرد.”.

لە مێژووی شیعرو ئەدەبی عێراقیدا یەک شاعیرو روناکبیر نییە دووفاقی نەکردبێت و دوای چەپڵەلێدان،تفی لەڕێبازەکەی پێشووی خۆی نەکردبێت. بەزەحمەت نەبێت ئەرێ ئەو چەند ملیۆن کەسەی پێشبڕکێیان دەکرد لەچەپڵلێدان و ھوتاف کێشان و قوون بادان بۆ بەرزڕاگرتنی سەرۆک چییان لێھات..؟.”باقر یاسین” سەرکردەی رۆشنبیری بەعس،ئەلێت: بەدرێژایی حوکمی بەعس عێراقم بەجێنەھێشتوو،تەنیا پەروەردگار لەعێراقدا چەپڵەی بۆ ێەدام لێنەداوە.”ئەرێ ھەر ئەمانە نەبوون لەپەرلەمان دەنگیان بە فیدراڵیەت داو،دواییش لەدەرەوە دەستی یان کرد بەوتار نوسین دژی و لێدوانی توندیان ئەدا،تەنانەت بەشێکی ئەم پەرلەمانتارانەی ئێستا پشتگیری لەمالیکی دەکەن ،پێشووتر لەسەر بنەمای دژایەتی کردنی مالیکی ھاتوونەتە ناو پەرلەمان و دەنگیان ھێناوە.بەڵێ..ئیمامی عەلی ووتی: خەفەت بۆ ئەوکەسەش ئەخۆم کە ھەوڵی ئاشتەوایی لەگەڵ ئەمانە ئەدات.بۆ..؟. ئەو یەکەم کەس بوو کە باسی لێبوردەیی و ئاشتی و برایەتی و شورای دەکرد،بەڵام شکستی گەورەی خوارد،ئەگەرچی ئەم چەمکانە ئەخلاقین و پێویستن، بەڵام تا دێنەدی ڕەنگە عەیامێکی دوورو درێژی گەرەک بێت . بۆیە عێراق ئەو شوێنەیە کەھیچ تاک و سیاسیەک متمانەی بەئایندە نییە، وەکو چۆن شاعیرەکە ووتی:” ھیچ ساغێک بەمزووانە،بەساغی نامێنێتەوە.”.ھەر ئەوەندە ھەستی کرد سەرکەوتووە،ئیتر حوکمی ئاگرو ئاسنی حەجاجیانەی خۆی دەست پێدەکا. ئەم دیاردەیە( متمانەدانی زیاد لەپێویست)،لەناو بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردیدا نادیار نییە .

لەحەفتاکانی سەدەی پێشوو،بەشێک لەسەرکردەو کادرەکانی کۆمەڵە،بەئەندازەی دەرۆیشی شەیدای ئەندێشەی –ماو- دەبن.کاتێک ماوتیستۆنگ،دەمرێت. ھەریەکەو لەپاڵ تاشە بەردێکدا دەست بەگریان ئەکەن،کاکە حەمە ووتی :” ماو لەو دورەوە چوزانێ ئێمە بۆی دەگرین و شوێنکەوتووی ئەوین .” لەمدواییانە وەفدێک دەچنە چین و باسدەکەن کە چەندین سەرکردەی کورد لەرێگەی بیروباوەڕی ماویزمی ئەوانەوە شەھیدو لەداردراون ،دەڵێن” ئێستا دەیبیستین ..!!”.لەبارودۆخی (10) ساڵى رابردووى عێراقدا، سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی کۆماری عێراق،کوردبون و دوو ڕۆڵی جیاوازیان گێڕا. یەکێکیان  سەرۆک کۆمار بو زۆر سەیر لەسەر تەختەی شانۆکه نمایشى کرد ، به و پارادۆکسەی  تاڵەبانی “لەپشت عەلی نوێژ کرد و، لەسەرسفرەی مەعاویە نانى خوارد.”

لەقۆناغێکى نوێدا ، لەسەرەتاى پرۆسەى ئازادییەوە، نورى مالکى خاوەنى فلسێک نەبو، کورد سەیارەیەکى بۆکڕى و هەندێ پارەیان پێدا تابگاتەوە بەغدا، یەک جوندى بەسەر شەقامەوە نەمابوون، ئەو جوندی و جەیشەى کوردییان ئەنفال و گازباران کرد،سەگە ڕەشەکانیان تىً بەرداین ،ئێمە چوین سوپاى عێراقیمان دروستکردەوەو،ناوەندگیرییمان کردن تا شیعەکان دەستى یان دارى گرت،بێگومان دەچن چەک دەکرن ؟ تۆبڵێى چەک بۆ پاراستنى ژینگە بکرن ؟.عێراق زەمینەکەى توندوتیژیی بەرهەم ئەهێنێ،هەموو وڵاتانى دراوسێی جگە لە (کوێت) لەوەدا قازانج ناکەن عێراق هەنگاوێک بەرەو دیموکراتیەت بچێت. سەیربکە: خودى “داعش” لە سەرەتاى (2014) ەوە،بەپشتیوانى خەڵکى عێراق ئەم کارانە ئەکەن ،سەدان ئۆتۆمبیل و شوێنگەى مەشق و داکۆکی و لینکى هەمەجۆریان لە عێراقەوە هەیە،ئەوە عێراقییەکانن متمانە بە “داعش” ئەکەن و،ڕۆژێکیش دێت ئەوان دەبنە خاوەنى عێراق ،بۆ؟ چونکە گەردەلولى داعشییەکان، جۆرێکەن لەشۆڕش لە سەر (لم).بنچینەیەکى نییە، هەمان شێوە ئەوە عێراقییەکانن بەتێلى کارەبا داعش دەکوژن و پارچە پارچەیان ئەکەن، زێدەڕۆیی لەکوشنیشیان ئەکەن و جەستەیان ئەشێوێنن .

                                                  

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت