دارا خونچە : ئەنفالی سەدام و ئەنفالی ئەوانەی سەدامیان ماچ کرد ! .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەنفالەکانی سەدام لە  ٢٣\٢\١٩٨٨ دەستیانپێکرد و لە ٦\٩\١٩٨٨ کۆتاییان هات.. واتە ١٩٨ رۆژیان خایاند .. ئەگەر تەنێ ئەو ژمارەیەی ئەنفالکرایان کە لە میدیایەکان راگەیەندرا – ١٨٢ هەزار – دابەشی رۆژەکانی کاتی ئەنفالەکانیان بکەین ئەوە هەر رۆژەی ٩١٩ کەس ئەنفال کرانە.

بێ گومان دڕندایەتیی لەو جۆرەی کوشتنی وەکۆمەڵ وێنەی زۆر زۆر کەمە لە تەواوی جیهان، لێ ئەگەر ئێستاش پاش ئەوەی خەریکە یازدە ساڵ وەسەر رووخانی رژێمی ئەنفالەکان تێدەپەڕی هێندەک وە هووردیی تەماشای ژیانی هەنووکەی خەڵکی کوردستان بکەین ئەوە دەبینین رۆژانە و وە بەردەوامیی زۆر پتر لەو ژمارەیە وە شێوەی جۆراوجۆر ئەنفال دەکرێن!

ئەدی ئەگەر ئەوانەی خوارێ ئەنفال نەبن دەبی چ بن!؟:

ئەوانەی رۆژانە وە هۆی خواردنی وەسەرچوو نەخۆش دەکەون و گیان لەدەست دەدەن، ئەوانەی وە هۆی نەبوون و خراپیی داودەرمان و نەخۆشییەکانیان تەشەنە دەکەن و گیان لەدەست دەدەن، ئەوانەی وە هۆی نەداریی و خراپی خەستەخەنەکان نەخۆشییەکانیان چارەسەر ناکرێن و گیان لەدەست دەدەن، ئەوانەی وە هۆی ئاوی پیس و ژینگەی پیسەوە نەخۆش دەکەون و گیان لەدەست دەدەن، ئەوانەی وە هۆی خراپیی رێوبان و سیستەمی هاتوچۆ دووچاری رووداو دەبن و گیان لەدەست دەدەن، ئەو ژنانەی وە هۆی هەڵسووکەوتی هزری کۆنەپەرستانەی دین و نێرسالاریی بەردباران دەکرێن و دەسوتێندرێن و دەکوژرێن، ئەو ژنانەی وە هۆی نەبوونی کەمیی بنکەی تەندروستیی و چارەسەریی خێرا و گرنگیی پێ نەدانیان لە کاتی بارداریی و وەچەخستنەوە گیان لەدەست دەدەن، ئەو کرێکارانەی وە هۆی جێی پڕ مەترسیداری کارکردن و نەبوونی یاسای کار رۆژانە زامدار دەبن و لەسەر باڵەخانەکان بەردەبنەوە و گیان لەدەست دەدەن ، ئەوانەی رۆژانە وە هۆی نەبوونی شوێنی مەلەوانی و پڕد و راڕەوی پێویست لەسەر ئاوەکان و نەبوونی پاسەوان و تیمی فریاکەتن لە نێزیک ئاوەکان دەکەونە نێو ئاوەکان و گیان لەدەست دەدەن، ئەو زارۆک و پیر و پەککەتیی و نەخۆشە تایبەتانەی وە هۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست و جۆری پەروەردەی فەرهەنگی کۆنەپەرستانە و گرنگیی پێنەدانیان وە مەرگی ناوادە گیان لەدەست دەدەن، ئەوانەی لە شەڕی خێڵەکییانە و نەبوونی بەرگریی یاساییانە زامدار دەکرێن و دەکوژرێن، ئەوانەی وە هۆی هەبوون و باڵادەستیی گیانی تۆڵەسەندنەوە و دڵڕەقیی لە نێو سیستەمی جڤاکیی کە رۆژانە هەستیان بریندار دەکرێ و دووچاری نەخۆشیی دەروونیی یان خۆکوژیی دەبن، ئەوانەی دەسەڵاتداران و حیزبەکان راستەوخۆ دەیانکوژن یان ئاوارەیان دەکەن و لە رێی هاتونەهاتی هەندەران گیان لەدەست دەدەن، ئەوانەی رۆژانە لە لایەن دین و داب و دەسەڵاتەوە وە شێوەی جۆراوجۆر توندوتیژیی جەستەیی و دەروونیان لە بەرانبەر ئەنجام دەدرێ؛ وەک سووکایەتیی و چاو لێ سۆرکردنەوە.. راونان و ئاوارەکردن، کارکەنارکردن و مووچەبڕین و نانبڕین، لێدان و ئازا و ئەشکەنجەدان، زیندانکردن و بنبزرکردن، تەقینەوە و کوشتن و تیرۆرکردنی ئاشکرا و نهێنیی، ئەوانەی و ئەوانەی و… هتد.

ئەگەر ئەوانەی سەرێ گشتیان کۆ بکەینەوە و ئامارەکی تەواوی ئەو هەموو گیان لەدەست دانانەمان دەستبکەوی و ئەوەش بهیننە بەرچاوی خۆمان کە لە وڵاتەک دەژین لەسەر دەریای نەفت مەلە دەکا.. ئەوە دەگەڵ ئەوەی هەرگیز خۆزگە وە سەردەمی دیکتاتۆری ناخوازین.. لێ پێویستە دانی پێدا بنێین و ببێژین دیکتاتۆریی سەرپۆشوەسەری ئێستا هیچی لە دیکتاتۆریی بێ سەرپۆشی سەدام کەمتر نییە!

جوایەزییەکە تەنێ ئەوەیە کە سەدام حوسێن تاکە دیکتاتۆرەک بوو وە ئاشکرایی و بێ دەربەستانە هەڵسوکەوتی دیکتاتۆرییانەی خۆی دەکرد و ئەنفالەکان و کیمیاباران و هەموو جۆرە کوشتوبڕەکی وە تاک و وەکۆمەڵی ئەنجام دەدا و زۆر رەگەزپەرستانە مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی گەلی کورد و گەلانی دیکەی پێشێل دەکرد، لێ ئێستا تەنێ چەوسانەوە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکە لە چەند شارەکی کوردستان سووکتر بووە.. دەنا لەجیاتی یەک دیکتاتۆر کۆمەڵەک دیکتاتۆرۆکەمان هەن و لە ژێر ناوی دیموکراسییەت و مافی مرۆڤ و سەروەریی یاسا و کۆششکردن لۆ رزگاریی نەتەوەیی و سەربەخۆیی کوردستان وە شێوەی جۆراوجۆ و وە بێدەنگیی ئەنفالی خۆیان ئەنجام دەدەن .

هەڵبەتە سوودیشیان لەو بارودۆخ و رەوشەی میللەت وەرگرتییە کە وە هۆی ئەو هەموو دەردەسەریی و ژیانە پڕ لە کارەساتەی سەردەمی دیکتاتۆریی ماندیی و شەپرزە بوونە و ناتوانن هێندە وە زوویی و وە پێی پێویست رووبەڕووی چەوسانەوەکان ببنەوە و راپەڕین لە دوو راپەڕین ئەنجام بدەن.. ئەوە بێجگە لەوەی سیاسەتی نێودەولەتییش کە چاویان لە سامانی زۆروزەوەندی کوردستان بڕییە و وە پێ بەرژەوندیی مادییانەی خۆیان و دوور لە هەر هەستەکی مرۆپەروەرانە هەڵسوکەوت دەکەن پشتگیرییان لێ دەکەن و وە یاسا و رێسایە پلاستیکییەکانیان رەوایی وە هەموو دڕندەییەکانیان دەدەن و وە ناوی دیموکراسییە پەڕپووتەکەشیان وە میللەت و وە جیهانیان دەناسێنن!

ئیدی ئەنفال هەر ئەنفالە و رۆژی ئەنفالچییانی ئێستاش هەر دادێ.. چونکە میللەتەک توانیبی وە نێو ئەنفالی بێ سەرپۆشدا تێپەڕیبی ئەوە هەر دەشتوانی ئەنفالی سەرپۆشوەسەریش ببڕی!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت