دکتۆر کەمال میراودەلی : لە شاخەوە بۆ شار،، ئەزموونی باشوور و پێویستیی ڕوانگەیەکی مێژوویی نوێ .

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

بەشی یەکەم : ئەرکەکانی گوازتنەوەو گۆڕینی عەقلییەت

[[ بە کورتی دەمەوێ بڵێم، گرفت و گیرکاریی هەرە گەورەی ئێمە چۆنێتی گوازتنەوەیە لە شاخەوە بۆ شار، لە چەکەوە بۆ چۆنێتی درووستکردنی کۆمەڵگای شارستانیی، لە حیزب و خێڵەوە بۆ نەتەوە، لە کۆوە بۆ تاك، لە تاکە کەسەرکردەوە بۆ دامەزراوە و داموودەزگای دەستووریی و قانوونیی کە بیروڕا و هەڵبژاردن و بەرژەوەندی دیموکراتییانەی خەڵك بنوێنن ]]

(ئەم باسە لە کۆنفرانسی کۆنگرەی گەلی کوردستان لە لەندەن (٨/٤/٩٥) و لە سێ سیمیناری جەماوەرییدا لە سوید لە ستۆکهۆڵم و ئەسکلتۆنا و یتوتوبوری، لە ١٥، ١٦، ١٧/٤/١٩٩٥ دا پێشکەش کراوەو دوایی لە مانگنامەی هەنگاو دا بلاوکراوەتەوە)….

لە کاتی گفتوگۆ لەگەڵ هەندێ برادەردا، دەربارەی دامەزراندنی کۆنگرەی گەلی کوردستان، ئەو مەبەست و پێشنیارە خرایە ڕوو، کە هەر هەنگاوێکی لەم چەشنە دەبێ (جیابوونەوە)یەکی تەواوبێ لە تاقیکردنەوە شکست خواردووەکانمان، لە دووبارە کردنەوە پڕ هەڵەشەکانمان، لە مێژووە تاریك و پڕ کارەساتەکانمان، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ چاو گێڕانەوەیەکی زانستیی، ڕادیکاڵی، قووڵ بە مێژووماندا بکەین، دەبێ هەوڵ بدەین وەڵامی ئەو پرسیارە ترسناکە بدەینەوە. بۆچی ئاواین؟

ئایا قەدەر و چارەنووسێکە کوردی بۆ تاقی کراوەتەوە و پێێ تاقی دەکرێتەوە؟

ئایا لەعنەتی جیۆپۆلیتیکە  و لێی دەرناچین؟

ئایا دوژمنان زۆرن و دەرەقەتیان نایەن؟

یان ئایا هەموو دەردەکە لە ژێر پێستی خۆماندایە، لە ناو مێشك و دەروونی خۆماندایە، خۆمان دوژمنی هەرە گەورەی خۆمانین؟!

چ ڕازێکە، ئەوەتا، لەبەر دەروازەی سەد و بیست و یەکدا، لەش بە خوێن، دڵ پڕ لە خەم، ڕابردوو وون و ئایندە نادیار وەستاوین؟!

بۆچی، کورد گووتەنی، نابین بە هیچ؟ ئەگەر هیچ، هیج بێ؟!.. هەڵبەتا ئەم پرسە قورسە قووڵە، قابیلی چەندان لێکۆلینەوە و تۆژینەوە و گەڕان و پشکنین و پێداچوونەوەیە.

من نامەوێ و هەوڵ نادەم لێرەدا ئەم ئەرکە قورسە بخەمە ئۆباڵی خۆم. و لە لایەکی دیکەوە، من پرسیارەکەو وەك مێژوویەکی دوور و درێژ نابینم کە دەبێ بەدوای هەموو چرکەیەك و چرپەیەك و چەند و چوونییەکیدا بگەڕێن. من مەسەلەکە وەك ئێستا دەبینم، وەك ڕابردوو لە ئێستادا و لە ڕابردوودا؛ وەك چەند (ستراکتوورێك) ئاشکرا کە ڕێچکەی هەمان ڕەفتار و کردا دیاری دەکەن، وەك کۆمەڵە سیاسەت و پراوە و هەڵوێست و هەڵسوکەوت و هەڵەیەك کە خۆیان دووبارە دەکەنەوە و (کات)تێیاندا توخمێکی کارگەر و بگۆڕ نییە؟! لە کۆڕێکی پاردا، لە لەندەن و لە کوردستان، ئەم جۆرە ستراکتوور و ڕەچەیەم بە ئاخاوتن یا بیر یا فەلسەفەی شاخ ناوبرد. کێشە مێژوویە-ستراکتووریەکەشم وەك کێشەی گوازتنەوە لە شاخەوە بۆ شار دەستنیشان کرد. کێشەی گوازتنەوە لە پاوانەوە بپ پەرلەمان. لە حیزبەوە بۆ حکوومەت، لە بیری هۆز و خێڵەوە بۆ بیری هاووڵاتێتی، لە سەرکردەچێتییەوە بۆ سیاسەت کردن، هتد، من باوەڕم بەو بۆچوونە نییە کە مێژوو بەچەندەها قۆناغی مێژوویی حەتمی دوور و درێژ تێدەگا و وای دادەنێ و وای دادەنێ هەموو میللەتێك دەبێ بە هەموو قۆناغیکدا تێپەرببێ.. من باوەڕم وایە تەنیا دوو قۆناغ و دوو سیستمی ژیان هەیە. ناشارستانیی و شارستانیی. گواستنەوەش لە حاڵەتێکەوە بۆ حاڵەتەکەی دیکە لە سەردەمی ئێستاماندا، ئەوەندە بە مەسەلەی قۆناغ و کاتەوە بەستراوەتەوە وەك بە مەسەلەی ئیرادەی سیاسیی و، تەکنۆلۆژیا و پەروەردە و ڕاهێنان و لە بارهێنانەوە بەستراوەتەوە.. هەرچۆنێ بێ. لە ناو دوو توێی ئەم چەمکانەوە، لە پێوەندی و نێوبەندی گوازتنەوە لە یەکێکیانەوە بۆ ئەوی تر، هەموو گرێ و گیرکارە سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی و سوسیۆلۆژییەکان خۆیان دەردەبڕن و دەسەلمێنن.

بەڵام من نامەوێ لێرەدا مەسەلەکە بۆ سەر سەکۆیەکی ئەکادیمی بگوێزمەوە و لە مەبەستی ئەم باسەی ئەمڕۆمان لابدەم، بە کورتی دەمەوێ بڵێم، گرفت و گیرکاریی هەرە گەورەی ئێمە چۆنێتی گوازتنەوەیە لە شاخەوە بۆ شار، لە چەکەوە بۆ چۆنێتی درووستکردنی کۆمەڵگای شارستانیی، لە حیزب و خێڵەوە بۆ نەتەوە، لە کۆوە بۆ تاك، لە تاکە کەسەرکردەوە بۆ دامەزراوە و داموودەزگای دەستووریی و قانوونیی کە بیروڕا و هەڵبژاردن و بەرژەوەندی دیموکراتییانەی خەڵك بنوێنن.. دەمەوێ ئەوە بڵێـم، کە ئەم گواستنەوەیە لەم سات و سەردەمەی ئێمەدا ئەوەندە قورس نییە، یان نابێ ئەوەندە بە سەخت و ئەستەم دابنرێ. پێویست ناکا وەك دەڵێن بە هەموو قۆناغەکانی عەبدایەتی و دەرەبەگایەتی و بۆرژوازی و سەرمایەدارییدا تێپەربین (گەر قۆناغی وا قاڵدرمەیی و دیاریکراو هەرگیز هەبن) بۆ ئەوەی بتوانین کۆمەڵگای شارستانیی بەدی بێنین. ئەمڕۆ سەدەی تەکنۆلۆژیا و زانست و شۆڕشی زانیاری و پێوەندییە زانیارییەکانە. ئەم نەوەیەی ئەمرۆ لەدایك ئەبێ و سبەی دەبێ، پێویستناکات لە قۆناغی عەبدایەتییەوە تێهەڵچێتەوە-چونکە باوباپیری ئەو قۆناغەیان نەدیووە! یان ستەمی دەرەبەگایەتی و چینایەتی بچێژێ بۆ ئەوەی فێری شۆڕش و یاخی بوون بێ.. هەر چۆن مناڵێك دەتوانێ فێری زمانێکی بێگانەبێ، فێری بەکارهێنانی کۆمپیوتەربێ، فێری سەیرکردنی تەلەفزیۆن و سەتەلایت بێ، ئاواش دەتوانێ تەنانەت بە ئاسانتریش- فێری بییر و دابونەرێتی شارستانی نوێ بێ.. ئێمە لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتیدا، بازاڕێکی کراوەمان بۆ هەموو کەرەسە و کەلووپەلێکی سەرمایەداریی ڕۆژئاوایی هەیە. لە سەیارەوە تا سەتەلایت، لە دەرزییەوە تا داودەرمان، لە جل و بەرگەوە تا تەیارە و تانکی جەنگ.. بۆجی کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان-دەتوانن گەنجەکان ڕابهێنن مۆدێرنترین و کوشندەترین تانک و تەیارە و تۆپ و چەکی دی بەکاربێنن، بۆجی دەتوانن سنعەتسازی گازی ژیمیاویی و بایۆلۆژی بکەن، بۆجی دەتوانن سەرسورهێنوترین شێوەی ئەسکەنجە و کوشتنی مرۆڤ دابهێنن، بۆجی ناتوانن وەك مرۆڤ رەفتار بکەن، بۆچی ناتوانن کۆمەڵگایەك دابمەزرێنن سادە ترین شێوەی پێوەندی ئینسانی و ڕێزی مافی مرۆڤ و دیمۆکراسی تێدابێ؟

کێشەکە نەتوانین نییە ، کێشەکە نەویستنە، نەویستنی ئینسانییەت، نەویستنی دیمۆکراسی، نەویستنی کۆمەڵگای شارستانی، ئەم کێشەی نەویستنەش خۆی لە سێ بەش پێکەوە بەستراوە و درووست بووە .

١- کێشەی دەسەڵات

٢-کێشەی کولتوور

٣- کێشەی سیستمی سیاسی (ئابووری) جیهانی .

لە ڕۆژهەڵاتی ئیمەدا دەسەڵات و کلتوور بەتوندی پێکەوە گرێدراوون، یەکتر تەواو دەکەن، یەکتر بەهێز دەکەن، یەکتر دەهێڵنەوە. بۆیە لە کاتێکدا دەسەڵات پەنادەباتە بەر تازەترین شێوەی بەرهەمی تەنۆلۆژیای سەردەم، بۆ بەهێزکردن و پڕچەك کردنی خۆی، هەر وەهاش پەنا دەباتە بەر کۆنەپەرسترین و تاریکترین شێوەی کولتوور، بۆ درووستکردنی بنکەی کۆمەڵایەتی ئەو دەسەڵاتە.. ناکۆکییەکە، تەناقوزە هەرە گەورەکە، لێرەدایە!!

چەمکی ستەمگەریی رۆژهەلاتیی

ئەگەر چەمکی ستەمگەریی ڕۆژهەڵاتی (واتە ئیستیبدادی شەرقی) قبووڵ بکەین، دەبێ بڵێین ستەمگەریی ڕۆژهەڵاتیی لەسەر ئەم ناکۆکییە دەژی، تازەرتین بەرهەمی دنیای سنعەت و شارستانێتی و تەکنۆلۆژیا بۆ ئەشکەنجەدان و کوشتن و بڕین وەردەگرێ، بەڵام کەمترین و سادەترین هاوکێشەی ئەو شارستانێتییە لە پرسیپی دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ و حوکمی مەدەنیی قبووڵ ناکات.. ئەمەشی بۆ دەچێتە سەرێ. چونکە سیستمی سیاسیی جیهانیی بە زۆر پشتگیری مانەوەی ئەم تەناقوزە دەکا، یان هەر ئەبێ تا ئێستا پشتیوانی بووە. چونکە بازاڕی چەك، بازاڕی خۆێن، بازاڕی دۆلار، لە پێش هەمو شتێکدا ئەم سیستمی سیاسییە جیهانییە دیاری دەکات؟! بۆ نموونە. مادام تورکیا چەك دەکڕێ و وڵاتەکەی خستۆتە بازاڕی مەزاتی سەرمایەدارییەوە، ئەوا تورکیا دەشێ ئەندامی ناتۆ بێ و ئەوروپایی بێ لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەو ناکۆکییەی باسمان کرد ژێرپێدانی پرنسیپی دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ ئەمڕۆ لە تورکیا دا هەموو وڵاتێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاشکراتر خۆی دەردەخا.

ئێمەی کوردیش وەك کۆمەڵ بەشێکین لە سیستمی ستەمگەریی ڕۆژهەڵاتیی. بەڵکو کەوتووینەتە ناو جەرگەیەوە. کۆنە ئیمپراتۆرییەکانی سەفەوی و عوسمانی و عێراقی و حەججاج و معاویه… بە هەمو دابەشە دینی و تایەفی نەتەوەییەکانیانەوە، بە هەموو مێژوو و پاشماوەی خەلیفە و سوڵتان و پاشاکاناینەوە. کولتووری ستەمگەری ڕۆژهەڵاتی لەسەر ژێر پێدانی تاك و جەزرەبەدانی تاك و قوربانی دانی تاك وەستاوە. کولتووری بە مێگەل کردنە. تۆتالیتارییایەکی هەموو مرۆڤیی تاك و کەسێتی تاك قووت دەدا، کەچی هەمووەکەشی (کۆمەڵ، گەل، تیرە، گرووپ، حیزب) نە رەنگی هەیە نە ڕوخسار، نە سەنگی هەیە نە کردار، ئەگەر لە تاکێکی گەورەی تاکان، باوکی باوکان، سەرکردەی سەرۆکاندا خۆی دەرنەخا. خەلیفەیەکی واریسی خودا، ئەمیری موئمنین، شای شاهان، زەعیمی ئەوحەد، قائیدی ئوممە، ئیمامی رەهبەر.. هتد، کوا ئێران گەر شاهەنشا یان خۆمەینی نەبێ، کوا عێراق گەر قاسم یان سەددام نەبێ، کوا تورکیا گەر ئەتاتورك و دیمیریل نەبێ، کوا سوریا گەر حافز ئەسەد نەبێ، کوا لیبیا گەر قەزافی نەبێ، کوا سعوودیە گەر بنەماڵەی سعوودیە نەبێ…هتد.

لە سیستمی ستەمگەریی رۆژهەڵاتییدا، ئەو دام و دەزگایانەی پێیان دەوترێ دامودەزگای دەوڵەت یان حکوومەت، ڕاستییەکەی خزمەتی دەسەڵاتەکە دەکەن و بۆ بەهێزکردن و پاراستنی دەسەڵاتە تاکڕەوییە کە درووست بوون، نەك ئەو میللەتەی دەسەڵاتەکە بە ناوییەوە فەرمانی ناڕەوایی دەکات! بۆیە پەرلەمان و ئەنجوومەن و حیزب و ڕێکخراوەکان تەنیا ناو و قەوارەیەکی بۆشن. بەو شتانە پڕ دەکرێنەوە کە تاقە سەرۆك دەخوازێ!!..

بەڵام هەرچۆنێك بێ، دەبوو بۆ ئێمەی کورد کار جیاواز بێ. چونکی ئێمە لەوەتی مێژوومان هەیە یان لە بیرمان دێ، بەشێك نەبووین لەو دەسەڵاتە ستەمگەرییە ڕۆژهەڵاتییە. ئێمە قوربانی ئەو ستەمگەرییە ڕۆژهەڵاتییە بووین، ئێمە جەزرەبەدراوو، ڕاونراوو، کوژراوی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆریی و مرۆڤکۆژانە بووین ئێمە نەوە دوای نەوەمان، مناڵ دوای مناڵمان، لە قەسابخانەی ئەو ستەمگەرییەدا سەمایان کردووە. ئێمە، لە ئەنجامی ئەو میژووە مەرگەسات و خوێنینەدا، بە دڵ و بە گیان، شەیدای ئازادی بووین، ئەم شەیدای ئازادییە تا ڕادەیەك کەسێتییەکی جیای بە مرۆڤی کورد داوە. کەسێتی تاك، کەسێتی بەرگەگر، بەرگریکەر، موقاویم، یاخی، پێشمەرگە. کەسێتی مرۆڤێکی ئایدیالی. خەون بە ئاشتی و ئازادی و دادپەروەرییەوە دەبینێ. برایەتی و خۆشەویستی و هاوکاریی گەلانی پێخۆشە، دڵی لەگەڵ هەموو بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازدا لێدەدا.

ئیمە کە زیندەبەچاڵکردن و سێدارە و ناپاڵم و کیمیایی و هەڵەبجە و ئەنفال و ئەنفالمان بینی، ئێمە کە لە ناو تونێلی جینۆسایددا گیرمان خوارد و، بە موعجیزە، لەو سەری توونێلەوە ڕووناکییەکمان دی-کە بۆ ئیمە درووست نەکرابوو،.. ئیمەی کوژراو، ماف ژێرپێدراو، ڕاوەدوونراو، ئەنفالکراو، دەبوو قەت قەت لەو ئاستەدا نەبین کە ببینین وەکو حەزرەتی ئیبراهیم مناڵەکانمان لە ناو قەدی ئاگرستاندا بە سەلامەتی هاتنە دەرێ.. کەچی دوای کەمێ، دوای کەمێکی زۆر کەم، هەموو ئاگر و ئەنفالمان لەبیرچۆوە، سێدارە و سەربرینمان لەبیرجۆوە، دەرپەڕاندن و دەربەدەریمان لەبیرچۆوە. ئەوەتا بەدەستی خۆمان، دەست و قاچی کۆرپەکانمان دەگرین و فڕێیان دەدەینەوە ناو نێڵەی ئاگرەوە.

دەبوو، وانەبین.. دەبوو، وانەبین.

دوبوو ئەوەندە وەحسی و بەربەری نەبین. دەبوو ئەوەندە بێ هەست و بێ هۆش و بێویژدان نەبین.. دەبوو ئەوەندە خۆکوژ نەبین. دەبوو وانەبین، چونکە چارەمان هەبوو وانەبین. چونکە هیچ پاکانەیەك نەبووە و نییە وابین، لە کاتێکدا سەدان هۆ و هۆکار هەیە وانەبین، چونکە سووك و ئاسان بە بەخت بێ یان بە ڕێکەوتی ڕۆژگار، دوای سەدان ساڵی چاوەڕوانی، باشترین و پیرۆزترین و، شارستانیترین شێوەی چارەسەری گیروگرفتەکانمان و دەرکەوتنمان لە دنیای شارستانیدا بۆ فەراهەم بوو. بووینە خاوەنی پەرلەمان! بووینە خاوەنی حکوومەت. بووینە خاوەن ووڵاتی خۆمان!! دڵمان ڕاچڵەکی، گیانمان فڕی! تا ئەوەتا ئەی دنیا، دنیای دڵڕەق و کورد کوژ، ئا ئەوەتا ئێمەی چەوساوە، ئیمەی مێژوو-کوژراو، ئێمەی دیل و ئاوارە، جیاین، جیاین. بە حوکمی زەوتکردنی مافی مرۆڤانە و نەتەوەییمان جیاین، بەحوکمی شەهیدبوونمان جیاین. ئێمە بەشێك نین و نابین لە سیستمی ستەمی رۆژهەڵاتیی!!

ئەوەتا ئێمە بە ڕزگاربوونمان، بە گەیشتنمان بە ئاشتییەکی سەرەتایی لە وڵاتی خۆماندا دەتوانین، بەڵێ دەتوانین ببینە نموونە. ئێمە کە تا ئێستا نموونەی کوژران و قوربانی و جینۆساید بووین، دەتوانین ببینە نموونەی ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ، ئەوە میللەتەکەمان سەیری کەن چۆن بە هەزاران دەنگ دەدەن، بەچ خۆشی و سۆز و حەماسەتێکەوە دەنگ دەدەن. ئەوەتا، بە بازێکی میژوویی، خۆمان کردە هاوتای پەرلەمانەکانی دنیا، هاوتای نەتەوە و شارستانی و یاسادارەکانی دنیا. بەڵێ نموونەین-نموونەیەك کە هەرچەندە بچووکیش بێ، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیدا، لە ڕۆژهەڵاتی ستەمگەریی ڕۆژهەڵاتییدا، دوژمنەکانمان دەترسینێ، بەڵام ئەمجارە بە نموونەیی بوونی خۆی دەیانترسێنێ، بە ئینسانیەتی خۆی، بە دیموکراسی خۆی، بە شارستانیتی خۆی تەحەددایان دەکا، لەبەردەم دنیادا ڕیسوایان دەکا، لە ئاخریدا سەریان پێ شۆر دەکا و ناچاریان دەکا بیسەلمێنن کورد خۆیەتی و بۆخۆیەتی و دەبێ دەستی تاوان و چەوساندنەوەی لەسەر هەڵگرن. دەڵێین.. ئێمە کە چەوساوەترین و جەزرەبە دراوترین گەلی ڕۆژهەڵاتین، لەگەڵ ڕزگاری خۆماندا، مژدەی شەبەقی ڕزگاری و دیمۆکراسی بۆ نەتەوە کوژرا و گرووپە مافخوراوەکان دەهێنن.. ئەوەتا، ئاشووری و ئەرمەنی و کلدانی و تورکمان بۆ ئێمە دەڕوانن، بۆ ئازادی ئێمە دەڕوانن، بۆ ئەزموونی دیمۆکراسی ئێمە دەڕوانن.

تەنانەت نەتەوە سەردەستەکان کە خۆشیان چەندەها ساڵە قوربانی و ئازار چێژی دەستی ڕژێمە دیکتاتۆری و ئۆتالیتارییە ستەمگەرەکانن ئەوانیش بە هیواوەیان بە حاسادەتەوە، بۆ ئێمە دەڕوانن، زۆر لە عەرەبەکان زۆر لە خەڵکە ڕۆشنبیر و بیرفراوانەکانیان، ڕۆژ لە دوا ڕۆژ ئەزماننی ئێمە قبووڵ دەکەن، بەڕێز و نرخ زانینەوە بۆی دەڕوانن-وەك نموونە و ئەزموونێکی هیوا بەخش سەیری دەکەن.

زۆر لە فارسەکان، بۆ سەرکەوتنی ئێمە بە پەرۆشەوەن.. تەنانەت تورکە شۆڤێنیبیەکانیش، کە خۆیان بە پێشەنگی دیمۆکراسی و علمانیەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەزانن، بۆ ئەزموونی ئێمەیان دەڕوانی و لێی دەترسان.. ئۆپۆزسیۆنی عێراقیش بۆ کورد دەڕوانێ. ئەوەتا کۆنگرەی نیشتمانی عێراق، کە بە یارمەتی ئەمریکا و بەریتانیا، وەك بەدیلی ڕژێمی سەددام و دەسەڵاتی دوا ڕۆژی عێراق درووست بوو- بڕبڕەکەی پستی کوردە.

واتە کورد ئەگەر چارەنووسی لەناو عێراقیشدا بێ، ئەوا نەك هەر دەبێ بتوانێ خۆی چارەنووسی خۆی بڕیار بدا، بەڵکو دەبێ دەوری سەرەکی و هەرە گەورەشی لە بریاردانی چارەنووسی عیراقدا هەبێ-قوربانییەکانی ئەنفالی و ڕاپەڕینە مەزنەکەی و ئەزموونە دیمۆکراسییەکەی و میللەتە لە خۆبوردووەکەی: زامنی ئەوە بوون ئە دەورەی بدەنێ.

ئەوەتا دۆستمان ڕۆژ بە ڕۆژ پتر دەبن. دۆستەکانمان پێمان شادن.. ئەوەتا خەریکە دیمۆکراسی کوردی لە ئیمتیحانەکەی دەردەچێ. خەریکە دەیسەلمێنین کە میللەتێکین ئاشتیمان ئاشتی گەلانی دیکەشە و ئازادییەکەمان ئازادیی بێ ئازادییانە؟!

خوشکینە، برایینە.

باوەڕ بکەن ئەمانە خەون نەبوون.

خەیاڵێکی سەرخۆشانە نەبوون.

واقیع بوون، ڕاستی ماددی بەرچاو، بەرهەست، بەردڵ و بەرهەۆش بوون.

ناوچەی سەربەخۆی هەرێمی کوردستانمان ڕاستی بوو.

پاراستنی جیهانیی ڕاستی بوو- و ڕاستییە.

بوونی نەتەوە یەکگرتۆکان لە کوردستان، دەیان ڕێکخراو بۆ یارمەتی دروستکردنەوە و ئاوەدانکردنەوە و پشتگیری گەلەکەمان ڕاستی بوو..

پەرلەمان و دەوری پەرلەمان

هەڵبژاردنی پەرلەمان و بەشداری جەماوەری ملێونیی ڕاستی بوو-درووست بوونی چەندەها حیزب و ڕێکخراوی جەماوەریی و ڕۆشنبیری ڕاستی بوو- خەباتی قوربانییبەخشانە و لە خۆبوردووانەی جەماوەی ڕەش و ڕووت بۆ ئاوەدانکردنەوە و ژیاندنەوەی کوردستان و بەختکردنی هەموو شتێ بۆ پاراستنی ئەم ئازادییە و ئەم دیمۆکراسییە ڕاستی بوو- نا… پەرلەمانیش- وەك پەرلەمان، وەك دەزگا، هەر ناو نەبوو. چەندین یاسای باش و گرنگی دەرکردووە. یاسای فیدرالیزم، یاسای ئەحزاب و ڕێکخراوەکان، قانوونی چەك، قانوونی چاپەمەنی-وەك- جێفری ئارچەر- لە چاوپێکەوتنەکەی هەنگاودا ژمارەی ٦ (مانگی تەمموزی ١٩٩٤ دا) وتوویەتی. (من باوەڕم وایە کە ١٨ مانگی یەکەم پەرلەمان زۆر سەرکەوتووانە بوون. کە لە کاتێکی زووتری ئەمساڵدا (واتە ١٩٩٤) قسەم بۆ پەرلەمان کرد، من خۆم بەرامبەر گروپیکی پەرلەمانیی زۆر شارستانی بینیەوە کە ئارەزووی یارمەتیدانی وڵاتەکەیان هەبوو.

بەڵێ بیگوومان دەبێ فێر بن، ئەمە یەکەم تاقیکردنەوەی پەرلەمانتانە.. بەڵام ئێوە نەتەوەیەکی یەکجار زیرەکن، کورد نەژادێکی زۆر زیرەکە، دەتوانن بەخێرایی فێر بن ئیمە مامەڵە لەگەڵ گەلیکی نەخوێندەوار ناکەین، بەڵکو مامەڵە لەگەڵ قانوونی و دکتۆر و ئەکادیمییان دەکەین من بەشێوەیەکی گستی ئینتیباعێکی زۆر باشم لە نوێنەرە کوردەکان وەرگرت.. ئەوان دەتوانن لەو کەسانەوە فیر بن کە لەسەر بنچینەی ئەوان پەرلەمانی خۆیان (کوردییان) دامەزراندوە.. لەوە دەچێ زیاتر لەسەر مۆدێلی پەرلەمانی بەریتانی پەرلەمانەکەیان دامەزراندنی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ئامادەیە یارمەتیتان بدات، بۆیە دەبێ سوود لەم دەرفەتە وەرگرن، لەبەر ئەوە دەبێ خۆتان ئەمە گەشە پێبدەن. من باوەڕم وانییە بتانەوێت نەتەوە یەکگرتوەکان حوکتان بکات، کورد خۆی توانای باسی هەیە وڵاتەکەیان بەڕێوەبەرن). هەر لەو کاتەدا جیفری ئارچەر ئەم ئاگادار کردنەوەیەی پێشکەش کرد.. (ئەم بەربەرەکانی و شەڕی ناوخۆییە کارێکی زیرەکانە نییە، پێویستە پێکەوە ئیش بکەن، پێویستە دیمۆکراسیەتێکان هەبێ کە کار دەکا، پەرلەمانێکتان هەبێ کە دەتوانی ئیش بکات. بەپێچەوانەی ئەمەوە کورد دەکەوێ و کەوتنی گەلی کورد هۆیەکەی کەوتنی گەلی کورد خۆیەتی).. مادام میترانیش لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ هەنگاو دا لە (مانگی مارتی ١٩٩٥) دەڵێ: ((حوزەیرانی ١٩٩٢ لە کوردستان بووم. لەو کاتەدا بوو حکوومەت بە پەرلەمان و دانیشتووان ناسێندرا و منیش دەعوەت کرام بۆ بەشداریکردن لەم مەراسیمەدا. ئەم خواستە دیمۆکراسییە و ئارەزووی دانیشتوان دوو هۆکاری گرنگ بوون بۆ سەرکەوتنی ئەم تاقیکردنەوەیە لە ناوچەیەکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە هەرگیز دیمۆکراسی بە خۆیەوە نەدیوە. مرۆڤ دەتوانێ فێری دیمۆکراسییەت بی. ئەم تاقیکردنەوەیە هەرچەندە سنوورێکی دیاریکراوی هەبوو، لەوانە بوو ببێت بە سەرەتایەك بۆ دیمۆکراسیەتیێکی ڕاستەقینە لە عێراق و تورکیا، جارێ باسی ئێران ناکەم))…..

باوەڕم پیبکەن گەر بڵێم.. ئەگەر دوو ساڵی دی بەبێ هەرا و گێچەڵ ئەم پەرلەمان و دیمۆکراسییەمان بپارستایە، هەر تەنیا ئاشتی و ئاسایشی ناوخۆمان بپارستایە، کوردستانی باشوور وەك ڕیگای حەجی لێ دەهات. سەدان خێرخواز و ئایدیالیست و باسکار و تۆریست ڕوویان تیدەکرد، دیراسەیان دەکرد، یارمەتییان دەدا، سەدان پرۆژەی نوێ و داهینەرانەیان لە کوردستاندا دادەمەزراند.. من ئێستا لیستی ناوی (٧٧) ڕیکخراوی خێرخواز و هی نەتەوەیەکگرتووەکان و، ڕێکخراوی ناحکوومی نێونەتەوەیی (NGO) لا هەیە کە لە کوردستان پرۆژەیان هەیە. ئەمانە ساڵی ملیۆنەها دۆلار لە پرۆژەی یارمەتی و ئاوەدانکردنەوەی کوردستاندا خەرج دەکەن.. من خۆم دوو جار لە کۆبوونەیوەی ڕێکخراوە (NGO)یانەی لە کوردستان کاردەکەن لە براسل لەگەڵ بەشی یارمەتی ئینسانی یەکێتی ئەورووپی Echo بەشدار بووم. سەرۆکی ئەو بەشە زۆر سۆز و پەرۆشی ڕاستەقینەی بۆ کورد هەبوو. ئەگەر ڕێکخراوێکی باش داوای نیو ملیۆن دۆلاری بۆ پرۆژەی کوردستان دەکرد، هانی دەدان داوای زیاتر بکەن.. نەخشەی حەملەیەکییان دانابوو، بۆ ساڵی ١٩٩٤ زیاتر لە ٢٥٠ ملیۆن دۆلار بۆ کوردستان لە حکوومەتەکان کۆبکەنەوە. مەسەلەیەکی گرنگی تریش خەریك بوو بە قازانجی حکوومەتی کوردستان چارەسەر بکرێ. مەسەلەی ئەوەی کە (یارمەتی جیهانی) ڕاستەوخۆ بدرێ بە ئیدارەی کوردستان. گەرچی لە ڕووی یاساییەوە ئەمە ئاسان نەبوو، چونکە ئەو ووڵاتەی کە یارمەتی ڕاستەوخۆی دەدرێ دەبێ دەوڵەتێکی ناسراو بێ (یاداشتی تێگەیشتنی) Memorandum of Understabding لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا ئیمزا کردبێ، بەڵام ئەم گیرکارییەش چارەی بۆ دۆزرایەوە.. زۆر لە ڕێکخراوەکان وردە وردە قەناعەتیان بە ڕاستەقینەیی پەرلەمان و ئیدارەی کوردی دەهێنا.. نەخشەی ئەەیان دانا کە ئەوان پرۆژەکانی خۆیان بە موقاولە (سەبکۆنتراکت) بدەنەوە بە وەزارەتەکان بەم جۆرە پارەکە ڕاستەوخۆ بۆ حکوومەت بچێ و پرۆژەکانیش بە سەرپەرشتی و کاری وەزارەتەکان ئەنجام بدرێن.. بۆ نموونە ڕێکخراوی Save The Childernی بەریتانی کە ملیۆن و نیوێك پاوەنی لە حکوومەتی بەریتانی ODA بۆ چاککردنی ڕێگای هەولێر-زاخۆ وەرگرتبوو، ئەم کارەی بە وەزارەتی هاتووچۆی کوردستان سپارد. هەمووشتان ئاگادارن کە مەسەلەیەکی سیاسیی سەرەکی بەر لە شەڕی ناوخۆ مەسەلەی هەڵگرتنی ئابڵووقە لە سەر ناوچەی کوردستان بوو، ئەم مەبەستە لە کۆنگرێسی ئەمریکیدا، لە پەرلەمانی ئەورووپیدا، لە بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و لە ناو ڕێکخراوە ناحکوومییەکاندا ڕۆژ بە رۆژ پتر پشتگیری پەیدا دەکرد. ئەمە سیاسەتێکی ڕەسمی کۆنگرەی نیشتمانی عێراقیش بوو.. حەفتەی پێشوو لە دانیشتنێکدا لەگەڵ لۆرد ئەیڤبری بۆی باسم کرد کە ئەو پار ئەم مەبەسەتەی لەگەڵ دۆگلاس هێرد وەزیری دەرەوە باسی کرد. وتی: دۆگلاس هێرد یەکەمجار وتی کە لە ڕووی قانوونی نێونەتەوەییەوە ئەمە مومکین نییە، چونکە عێراق یەك قەوارەی سیاسی یەکگرتوو-وە جیا ناکرێتەوە و کارێکی وا زیان بە سەروەری عێراق دەگەیەنێ. لۆرد ئەڤبری وتی دوای کەمێ وتی دوای کەمی موناقەشە گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە لە سنووری بڕیاری ٦٨٨ دا سەروەریی عێراق خراوەتە پشت گوێ و پاراستنی کوردستان و بوونی نەتەوەیەکگرتووەکان لەوێ بەڵگەن. ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش وەك بەرزترین دەسەڵاتی یاسا دانەری جیهانی دەتوانێ ئەم کارە بکات.

پتر لەمەش مەسەلەی درووست کردنی فرۆکەخانەیەك لە کوردستاندا و مەسەلەی چاککردنەوە و بەکارخستنەوەی کارخانەکان و یارمەتیدان لەبەرهەمهێنان و پاڵاوتنی نەوت لە ئارادا بوو.. مەسەلەی گواستنەوەی بارەگای هێزە هاوپەیمانییەکان لە زاخۆوە بۆ سەڵاحەددین لە ئارادا بوو.

هەمووشتان دەزانن، کە سەرکردەکان- مام جەلال و کاك مەسعوود- دەچوون بۆ تورکیا ئۆزال و دیمیریل پێسوازیان دەکردن، لە ئەورووپا مەیجەر و میتەران و کۆڵ پێشوازیان دەکردن، لە ئەمریکا ئەل گۆر پێشوازی دەکردن.. ڕێکخراوە جیهانیەکان، حیزبەکان و پەرلەمانەکان، جامعەکان، دەزگا سیاسییەکان، بەچاوی ڕێزەوە سەیریان دەکردن و ئامادە بوون پێشوازی و میواندارییان بکەن.. لە دوا سەفەرە ناکامەکەی مام جەلالدا بۆ دەرەوە دەعوەتی لە فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و ئیتالیا و ئەسپانیا و یابانەوە هەبوو…. تا ئەو کاتەش مانگی ناکامی ئایار- مەسەلەی کورد، ئەزموونی دیمۆکراتی کورد- لە دنیادا لە باڵاچوون و پێشکەوتندا بوو.

ئەی چی ڕوویدا؟ لە دوا سەفەرمدا بۆ کوردستان، پیرێکی نەخوێندەوار لە ڕانیە لێی پرسیم، ئەرێ دەرەوە لەگەڵمان چۆنە؟ بەر لەوەی وەڵامی دەمەوە، وتی دەترسم و ئیستەیەکی کرد، من وام زانی بەشێوە کلاسیکییەکەی کورد کە خۆی هەمیشە بێ دۆست و بەدگوومان لە هەموو کەس دەزانێ دەڵێ، دەترسم ئەمجارەش هەڵمان بخەڵەتێنن و هیچمان بۆ نەکەن. بەڵام خاڵە وای نەوت، وتی: دەترسم هەموو دنیا ئێمە بە شت بزانێ هەر ئێمە خۆمان پێ هیچ بێ؟!

بەڕاستی ئەمە ناوەڕۆکی مەسەلەکەیە، ناوەڕۆکی کارەساتەکەیە. ڕاستە، دنیا ئەزموونی کوردستانی پێ شت بوو، پەرلەمانی پێ شت بوو، گەلەکەشمان بە گیان و دڵ پێی خۆش بوو- شانازی پێوە دەکرد کوردی هەموو کوردستانی گەورە دڵیان پێوە بوو- و خۆنازییان پێوە دەکرد- هەموو کوردی دەرەوە لە ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەدا و ئوسترالیا و هەموو دنیادا، هەر یەکە خەیاڵ و خەون و پرۆژەیەکی هەبوو، بە پارە، بە پیتاك، بەچوونەوە بۆ کوردستان یارمەتی گەلەکەیان بدەن. هەندێ خەیاڵی دامەزراندنی پرۆژەی کۆمپیوتەریان هەبوو، هەندێ کردنەوەی قوتابخانە و خەستەخانە، پرۆژەی ئاو، یارمەتی لەشساغی و دەرمان، هەر نەبێ یارمەتی کەس و کار و کەسانی نەداری خزم و ناسیاو.. ئەم تاقیکردنەوە سەربەخۆییە (بە رواڵەت دیمۆکراتییە)ی حکوومەتی باشوور، یەکەم تاقە ئەزموونێکی مێژوویمان بوو کە هەموو کورد بەیەکەوە بجووڵێنێ، هەستی ڕێز و سەنگینی لای هەموو کوردێك درووست بکات. بزووتنەوەیەکی کوردستانی سەرانسەری لە ئاستی بیر و هۆش و هەستی کوردا، بەرپا بکات .

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان