PUK-1

دەرسیم پێشەوا: چەند تێبینییەک لەسەر سەروەریەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕۆژگارە سەختەکانی گەلی کورددا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نووسینەوەی مێژوو زۆر جیاوازە لە نووسینی بابەتێکی ڕۆژنامەوانی یان دیمانە و ڕیپۆرتاژێک. ئەرکی نووسینەوەی مێژوو قورسترە لە نووسینی پەرتووکێکی ئاسایی سەبارەت بە بابەتێکی دیاریکراو، مێژوو نووسینەوە وردبینی، وریایی، هەڵە نەکردن، ئەمانات، ڕاستگۆیی و دڵنیابوون لە ڕاستی و دروستی ڕووداو و یاداشتکردنیانی دەوێ !

ئەوەی عوسمان کانی پانکەیی، لە نووسینی پەرتووکی ( سەروەریەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕۆژگارە سەختەکانی گەلی کورددا) تۆماری کردوون، کارێکی گرنگ و پڕ بایەخە، بەڵام ئەگەر بێتوو خۆی زیاتر ماندوو بکردایەو سەرچاوەی زیاتری بەکاربهێنایە باشتر دەبوو، بۆ نموونە کاسێتە کۆنەکانی دەنگی گەلی کوردستان بۆ سوود وەرگرتن لە مێژووی داستان، چالاکییەکان، ژمارە، ناوی شەهید و بریندارەکان، دەزگای شەهیدان و مەکتەبی شەهیدان بۆ وەرگرتنی ناوی تەواو و دروستی شەهیدەکان، هەروەها دیداری تایبەت و فرەی کەسانی بەشدار بوو لە داستانەکان و پەیوەندی کردن بە بنەماڵەی ئەو شەهیدانەی کە کوڕەکانیان لە شەڕێک، داستانێک یان چالاکییەکی دیاری کراودا شەهید بووینە .  

نووسەر زۆربەی ناوەکانی بە عارەبی نووسیوە، کە دەبوایە تەواوی ناوەکانی بە کوردی بنووسیبایە و چ پێویستی بەوە نەدەکرد ناوەکان بەمشێوەیە بنووسێت: محمد، أحمد، ناصر، محمود، ملا، محسن، سعید، صالح ، خفیفە ، عبداللە ، عبدالرحمن ، علی ، خلیل ، عمر، سید صادق و سەدان ناوی دیکە !

نووسەر زۆر گرنگی بە ناوی تەواوی شەهیدەکان و بەرپرسێتی هەندێکیان نەداوە ، کە دەبوایە بە هاوکاری دەزگای شەهیدان و مەکتەبی شەهیدان تەواوی زانیارییەکانی تۆمار بکردایە .

ئەم پەرتووکە چاپی چوارەمێتی، خۆزگە زووتر چاپی ئەم پەرتووکەم دەست دەکەوت بۆ ئەوەی زووتر لە چەندین هەڵە و کەموکوڕی ئاگادارم دەکردەوەو بۆ چاپی دواتر سوودی لە نووسینەکەم دەبینی. وا لە خوارەوەدا خاڵ بە خاڵ و لاپەڕە بە لاپەڕە هەڵەکانی نووسەر وەکو خۆی تۆمار دەکەم و دواتریش هەڵەکان دەست نیشان دەکەم و ڕاستیان دەکەمەوە. هیوادارم ئەم هەوڵەم سوودی هەبێت بۆ هەموو لایەک. هەرچەندە وەکو خوێندنەوە، ئەم پەرتووکەم نەخوێندۆتەوە بەڵکو تەنیا سەیرێکی بابەتە سەرەکییەکانم کرد و بەشێکیانم خوێندەوە، دڵنیام ئەگەر بە وردی بمخوێندبایەوە هەڵەی زیاترم دەدۆزییەوەو داستان و ڕووداوی گرنگتری تۆمار نەکراوی سنووری مەڵبەندەکانی (٣) و (٤)ی پارێزگای هەولێرم دەست نیشان دەکرد .

ل٤٠/ لە ڕۆژی ٥/١١/١٩٧٨ کۆبوونەوەی فراوانی لە شێنێ و گۆڕینی ناوی (کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان) بۆ (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان) دوای خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی لەناو ڕێکخستنە نهێنی یەکان و شاخدا بە پێی گونجاندنی لەناو چین و توێژەکانی جەماوەری گەلی کورددا. نووسەر هەر خۆی لە لاپەڕە (١١٠)دا نووسیوێتی : (لە ٣/١١/١٩٧٨ کۆبوونەوەی کۆمەڵە ناوی کۆمەڵە لە کۆمەڵەی مارکسی – لینینی کوردستان گۆڕا بۆ کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بۆ ئەو سات و کاتەی ناوبانگی لەناو جەماوەری گەلی کوردا ڕۆڵی کاریگەرو وەرچەرخانێکی باش بوو) .

عوسمان کانی پانکەیی لە دوو لاپەڕەی ئاماژە پێکراو لە سەرەوەدا، دوو مێژووی (٥/١١/١٩٧٨) و (٣/١١/١٩٧٨)ی بۆ گۆڕینی ناوی کۆمەڵەی مارکسی – لینینی کوردستان بۆ کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان دیاری کردووە، کە هەردووکیان هەڵەن .

شەهید شاخەوان (محەمەد عەباس عەوڵا)، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ، سەبارەت بە گۆڕینی ناوی کۆمەڵە لە لاپەڕە (١٩٨) ی (سەفەری کوردایەتی بیرەوەرییەکانی شار و شاخ ١٩٧٤-١٩٨٠)دا نووسیوێتی: ( کۆمەڵەی مارکسی – لینینی کوردستان لە ١/٥/١٩٧٩ لە بارەگای سالار عەزیز کۆبونەوەیەکی کرد، کە ژمارەیەک لە کادیران و سەرکردایەتی کۆمەڵە و لە ئەنجامدا لە کۆبوونەوەکە بەوە گەیشتن کە ناوی کملک ببێ بە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان ).

بۆیە بۆچوونەکەی شەهید شاخەوان بە ڕاستتر دەزانم ، چونکە ژمارە (٤) ی وەرزنامەی کۆمەڵە، بەهاری (١٩٧٩) ، لە سەری نووسراوە : ( کۆمەڵە ، ئۆرگانی ناوەندی کۆمەڵەی مارکسی – لینینی کوردستان) ، بەڵام لە ژمارە (٥ ) ی هاوینی (١٩٧٩) دا نووسراوە: ( کۆمەڵە ، ئۆرگانی ناوەندی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان ) .

بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر … سەروەریەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت