بەختیار شارەزورى : سێ پایەکەى نەوشیروان مستەفا و و سێ سەبەتە و سێ پشک و ڕێگاکانى تر .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر نەخشەى سیاسى هەرێم لە دواى ئەنجامەکانى هەڵبژاردنەوە گۆڕا بێت ، بەوەى کە بزوتنەوەى گۆڕان لە هێزێکى ئۆپۆزسیۆنەوە دەبێت بە هێزێکى کارگەر و دوەم هێزى ناو هەرێم ، ئەوا دەکرێت لەوە تێبگەین کە بزوتنەوەى گۆڕان سیاسەتێکى ورد و یاریەکى ئاقڵانە لە ناو دۆخى ئێستاى پارتى و یەکێتى و ڕێکەوتننامەى ستراتیژیدا دەکات ، بەوەى کە ئەمرۆ ئەگەر وا بڕیار بێت حکومەت پێکبهێنرێت ، ئەوا دەبێت لەو ڕاستیە تێبگەن کە ناکرێت لێرە حکومەت دروست بکرێت و ناو بنرێت حکومەتى نیشتمانى هەتا ئەو کاتەى پۆستەکانى ناوەند واتا لەسەر ئاستى عێراق نەبێتە بەشدارى نیشتمانى ، ئەگەر چى بەرەى ئۆپۆزسۆن و بزوتنەوەى گۆڕان چەندین پڕۆژەیان پێشکەش کردوە بەوەى کە پەیوەندیەکانى نێوان هەولێر و بەغداد بە نیشتمانى بکرێت ، حیزب و کەسایەتى بڕیاردەرى چارەنوسى کێشەیەکى نەتەوەیەک نەبن ، بەڵام ئەمە گۆێى بۆ نەگیرا … وا ئێستا کە نەخشەى سیاسى لە کوردستاندا گۆڕاوە ، دەکرێت ڕێکەوتننامەى ستراتیژى بچوک بکرێتەوە بۆ نێوان پارتى و یەکێتى بە تەنها ، چى تر هەموو جومگەکانى دەسەڵات و بڕیار دان نەکەوێتە بەر پێوەرى ئەم ڕێککەوتنەوە .

کاتێک نەوشیروان مستەفا دەڵێت ئەم دوو هەڵبژاردنە لەگەڵ هەڵبژاردنى پێشو ئەو سێ پایەن کە دەتوانرێت زۆر شتى لەسەر بونیاد بنرێت ، ئەو نامەیەیە کە دەکرێت ئەمەش وەک سێ سەبەتەى دەسەڵات وێنا بکەن وەک خۆى (نەوشیروان مستەفا ) وەزارەتەکانى وێنا کردبوو بە سێ سەبەتە ، ئەوا پەرلەمانى هەرێم و ئەنجومەنى نوێنەران و پارێزگاکان دەبنە ئەو سێ سەبەتەى کە دەتوانرێت بەشدارى چالاکى تیا بکرێت ، بە مانایەکى تر ناکرێت بزوتنەوەى گۆڕان وەک هێزى دووەم لە سەبەتەیەکیاندا سێو و پشکى هەبێت و لە سەبەتەکانى تردا سێو و پشکى نەبێت ، کە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ تا ئەو دوو سەبەتەى تر هێزى دووەم سێوى تێنەکات و پشکى نەبێت دروست بوونى ئەم حکومەتە بە بێ بەشکردنى تەواوى دەسەڵات و پۆستەکانى بەغداد و هەرێم مەحاڵە ، بۆیە ئەم دوو هەڵبژاردنە بۆ کۆى دەسەڵاتى هەرێم گرنگى خۆى هەیە و دەبێتە ئەو سەرەتایەى ئەوەى پێ ى دەوترێت دەسەڵاتى ڕەهاى ڕێکەوتننامەى ستراتیژى لە ناوەندى دەسەڵاتى ڕەها دوور بخرێتەوە و بچوک بکرێتەوە بۆ پەیوەندى نێوان دوو حیزب و کۆى چەک و پارە ببێتە موڵکى گشتى و لە دەستى حیزب بهێنرێتە دەرەوە .

بە واتایەکى ترحیزب و ڕێکەوتننامەى ستراتیژى لە کۆى دەسەڵاتەکانى چەک و پارە داماڵرێت ، ئەو کات دەتوانرێت سەبەتە یان پشکى گۆڕانى تێبکەوێت بە پێ ى دەنگى هاوڵاتى … بە مانایەکى تر ئێستە بە بێ بونى بزوتنەوەى گۆڕان لە هەر حکومەت و پۆستەکانى بەغدادا بەشدارى کردن دەبێتە لاسەنگى لە تەرازوەکەدا ، کە گەیشتینە ئەوەى بۆ ئەم دوو هەڵبژاردنەى ئەنجومەنى نوێنەران و پارێزگاکان کە دەکاتە دوو سەبەتەکەى تر و پشکى بزوتنەوەى گۆڕان کە ئەگەر ئەمە هیچى پێ نەکرا ، ئەو کات دەچنە سەر بەشى دووەمى نامەکەى نەوشیروان مستەفا کە ئەگەر هاتوو دواى سێ سەبەتەکە پارتى و یەکێتى  هەر کاریان بە باڵادەستى ڕێکەوتننامەى ستراتیژى کرد ئەو کات بونى ڕێگاکانى تر کراوەیە ، کە ئەمەش ناکاتە ئەوەى کە دەبێت یەکسەر بچەنە سەر کودەتاى سەربازى ، یان شۆڕشى چەکدارى  ، چونکە ئەم جۆرە لە گۆڕینى دەسەڵات لە سەدەکانى ناوەڕاستەوە باوى نەماوە  ، گۆڕان بۆى خۆى هەڵگرى باکگراوندى ئەم جۆرە لە بیر کردنەوە نیە و باوەڕیشى پێ ى نیە ، لە ئامانجە نیشتمانى سیاسى و کۆمەڵایەتیەکانیدا بونى نیە ، ئێستە ڕێگاى تر هەیە کە ئەگەر کار بە دەنگى تاک و سندوقەکانى دەنگدان نەکرا ، ئەو کات بایکۆت کردنى پڕۆسەى سیاسى و شۆڕشى سپى و ڕاپەڕینى شەقام ئەگەرێکى کراوەیە ، تا ئێستا ئەم ئەگەرە بە کراوەى ماوەتەوە ، چونکە ئەگەرى ئەو هەیە کە پارتى و یەکێتى لە ژێر گوشارى ئۆپۆزسۆن و دەنگى شەقام و سندوقەکانى دەنگداندا ، مل بۆ ئەنجامى ئەو سێ سەبەتەیە کەچ بکەن  ، ئەگەر نا ئەوا نامەکەى نەوشیروان مستەفا هەڵگرى ئەگەرى دوومە ، کە بۆ خوشیان پارتى و یەکێتى ئەو ڕاسیتە دەزانن کە دەکاتە مەرگى هەردوکیان ، چونکە ئەگەر پارە و چەک و ساختە بەکار نەهێنن ئەوا بزوتنەوەى گۆڕان هێزى یەکەمە ، بەدەر لەمە هەموو شەقام هیواى بەم بزوتنەوەیە بەستوە تا ئەو کاتەى سێوەکانى دەکاتە هەر سێ سەبەتەکەوە ئەو کات ئەگەر گۆڕان کار بە نامەى دووەم نەکات ، ئەوا سفر بونەوەى خۆى لەسەر ئاستى دەنگ و شەقامدا دەبینێتەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت