Yusf-Xalil

یوسف خەلیل : سیناریۆی نمایشێكی خەواڵوو .

شوێن نوواڵەی شاخەو
وەرزی داماڵینی شەختەی بەفرە
گیانێكی نوێ یە
سروشت لەئامێزیا سەمایەكی ئاڵ پیادە دەكا
لەم هەواری ئازارەی ساڵدا
سەدەیە دەبەنگ
سەدەیە شۆڕش
سەدەیە هەرەس
سەدەیە سیناریۆو
سەدەیە شكستی هەمیشەیی
نەورۆز
لەنێو تەمتومانی كەروێشكە خەودا
وەئاگا هات
لەجەنگەڵی ڕاچەنین و
شپرزەیی خەونێكی ڕەش و پڕ ناسۆر
بایەشكی ڕەشماڵێكی لەسەر خاك لادا
ئێمە دەبینە زستان
تۆش بەدیار زارۆڵەكانەوە چیچكاند كردووە
مامە پیرەیەكی كاندێشیت و
دەروێشانە گوێت لێ ڕاگریین
ئاخر دڵی پڕ میهرت ئەی خاك
بەرگەی ئەم حەسرەتە ناگرێت
كەزریان شكۆمانی دەكات
ئەترسم بمریت ئەوسا دەبم بە هیچ
یا زێوانی مەرگێكی بێ شوومارو
لەنەبووندا بۆ هەمیشەیی
سیمام سەمایەكی شپرزەیی دێنێتە گۆڕێ
سێو كڕنیم و نیم
گەرچی بەهاری ژییانەوە
پێنج هەزار دانەی شكۆكردم
مەخابن بێئاگا
كردمە گۆچان بۆ پیرەكان
كردمە شیر بۆ زارۆڵەكان
دەستگیران بۆ یاران
ئەوین بۆ دایكی میهرەبان
ئەوانەی هاوڕۆحم بوون ئێدی نەم دینەوە
ئاخ دڕك چیت پێ كردم !!
دۆزەخم لێ بوو بەنمایش و
كەسەكان ئەكتەر
خەونم سیناریۆو بینەر مەرگ ڕاپێچی كردن
ئەی خاك
گەرەكم بوو شەوبۆو وەنەوشەو
گوڵەباخت لێ بچێنم
نەمدەزانی دەتكەنە چوار ڕێیانی مانگی ئازارو !!
لەخەمی بیاباندا بەساویلكەیی دەمێنمەوە
ویستم ڕەش بەڵەك
گەڕەك گوند شار
هەموو دیدە ئازار چەشتووەكان لەئامێزنێ‌
بەڵكو تاوێ‌ بحەوێنەوە
نەمدەزانی درزو خۆڵی وشكی نەگریسەكان
دەمكەنە حوشترە لۆكەو لەكەنار باڕەشی تاواندا
دەرخواردی دەڵە دێوەكانی
سەدەی بیستم دەكەن !
ئەمێستا نابێ من نەورۆز بم
كە ئازار ڕاڤەی جوانی پرچی خورماییم بێ
چی وەڵامی (پیرەمێرد) بدەمەوە
چۆن بەچۆكا بێم بۆ گوڵەباخ 
كە جووداییم یادگار كرد
حەسرەتەكانی تۆ 
چۆن بلاوێنمەوە ئەی خاك
چی وەڵامی گەورەو بچوكی هەڵەبجە بدەمەوە
بەچ شێوەیەك لێم دەبوورن
نامن دزێوترین خوێنمژی دنیام
پێویستە ئێدی من نەورۆز نەبم
كەچاوی هەڵەبجە لەمندا كوێر ببێ
تەنها هەڵوێستێك ماوە 
كە (كانی عاشقان) لێم وەرگرێ و
ببورێ لێم
كە ڕاپەڕینی گەلی یادگار كەم
ئەی نەورۆز بەرز مەفڕە
دەمێكە نووستوویت
خۆشنوودم بەهەڵسانت
قەدەرێكە لەئامێزی خەوندا 
شەق لەهاوەڵەكانت
هەڵدەدەی ؟!
سەیركە خوێنی كچێنی كچان و
قۆڕبوونی كوڕان ببینە
بەرگە ناگرم
 دەمەوێ‌ بۆ یەكجاری سەربنێمەوە
تۆ بمریت ئەی خاك
ئێمە لەبێهودەییەكی نادیاردا
ڕێیەكی نەهات دەگرینەبەر
پێویستە بمرم
چونكە هەست دەكەم خەو دەتباتەوە نەورۆز
هێشتا خوێنی براكوژی ساڕێژ نەبووە !!
هەڵەبجە 
داوای ڕۆحی ڕۆڵەكانیت لێ دەكا
سەیری شەهیدان كە
بەچ دیدەیەك لێت دەڕوانن
منی دایكت
 هێشتا ئاوێزانی نامەحرەم نەبووم
ڕۆڵە تۆ 
بۆچی دەتەوێت بەزۆڵی بمریت
واهەرچی دڕكە مووی سەرسینەت هەیە
هەر ئێستا سەریان دەبڕم
بەس تەنها مەنوو نەورۆز
نەورۆز      نەورۆز
مەخابن نەورۆز 
بۆ یەكجاری نووست !!
بزاڤی گەل 
لەهزری جووداییدا بێ ئاڵا مرد !!
چرۆی باخچەكانی شاریش
لەئامێزی پەناهەندیدا ڕووزەرد .