Gaddafi-Hosni-Binali-

تەحسین زراری : گریمانەی دیکتاتۆرەکانی جیھانی عەرەبی راست بوون ! .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سێ ساڵ لەمەو بەر جیھانی عەرەبی دەستی کرد بە ھەڵسان بەمەبەستی بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ دیکتاتۆرەکان، کەماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوو لە ڕێگەی دەزگا سەربازی و ھەوالگیریەکان و بەپالپشتی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بەردەوام بوون لە فەرمانڕەوایی کردنی دەوڵەت و کۆمەڵگە ، ھاوڵاتی لەو دەوڵەتانە بەدرێژایی ئەو ماوەیە لە بارودۆخێکی ناڵەبار و ناھەموار دەژیا ، تەنانەت ھاوڵاتی بێ بەش کرابوو لەسەرجەم مافە سەرەتایی و مەدەنییەکان ، سەرەنجام بەھۆی کەلەکە بوونی کێشەکانی نزیکەی پەنجا ساڵی ڕابردوو خۆری دیکتاتۆرەکان بەرەو ئاوابوون چوو .

 گریمانەی دیکتاتۆرەکان
ھەر لەگەڵ دەست پێکردنی ڕاپەڕینەکان لە جیھانی عەرەبی فەرمانڕەوا دیکتاتۆرەکان چەند گریمانەیەکیان خستەڕوو کە ھەر یەک لە گریمانەکان لەوەی تر خراپتر بوو، لە بەرامبەریشدا ھاوڵاتیانی ئەو وڵاتە دروشمی ( ئازدی و عەدالەت وڕێز گرتنی مرۆڤ ) یان کردە دروشمی سەرەکی خۆیان ، گریمانەکانیش بریتین لە مانەی خوارەوە :
یەکەم/ بەردەوام بونی دەوڵەتی پۆلیسی سەرکەوتکەری فەرمانڕەوا لە وڵات ، لە ڕێگەی دەزگا سەربازی و ئەمنیەکان بەرەو ڕِووی ھاوڵاتیانی ناڕازی دەبێتەوە ، بەمەش دەواتێ بەردەوامی بەخۆی بدات و بەرگری لە خۆی بکات لە پێناو مانەوەی خۆی، کە ئەم گریمانەیە جێگەی سەرسوڕمانی چاودێران و توێژەران بوو .
دووەم/ لەدوای شۆڕشەکانی عەرەبی و نەمانی فەرمانڕەواکان ھێزە ئیسلامیە توندڕەوەکان باڵا دەست دەبن ، کە ئەم ھێزانە لەسەر بنەمای ئاینی دەوڵەت بنیات دەنێن و مامەڵە لەگەڵ تاک دەکەن نەک لەسەر بنەمای دەوڵەتی مەدەنی .
سێیەم/ ئەو دەوڵەتانەی کە ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی تێدا ھەلگیرساوە، لەدوای نەمانی حوکمی دیکتاتۆرە ستەمکارەکان ، بەرەو ڕووی شەڕی ناوخۆی تائیفی و مەزھەبی و نەتەوەیی وگروپە جیاوازەکان دەبنەوە ، بەھۆی ئەوەی کە گروپ و پێکھاتە جۆراوجۆرەکان ناتوانن بەیەکەوە بژین .

گریمانەکان شارەزا و چاودێرانی تووشی شۆک کرد !!
ئەگەر سێ ساڵ پێش ئێستا واتە لەو کاتەی کە جیھانی عەرەبی ھەڵسا لە دژی دیکاتۆرەکان کەسێک وتووبای ڕاستە شۆڕشەکانی عەرەبی کۆتاییان بە قۆناغی دیکتاتۆری مێژووی ھێنا بەڵام ئەمە کۆتایی نییە بەڵکو سەرەتایی قۆناغێکی ترە لە توندو تیژی ناسەقامگیری لەو دەوڵەتانە ، ئەوا ئەو کەسە بەوە تاوانبار دەکرا بەوەی کە دژی ئیرادەی ھاوڵاتیانە و لایەنگری دیکتاتۆرەکانە و بەکرێگیراوی دەوڵەتانی ڕۆژئا وا و ئیسرائیلە ، کاتێ دیکتاتۆرەکان ئەو سێ گریمانەیان خستە ڕوو بەشێکی زۆر لە شارەزا و پسپۆران و چاودێرانی تووشی سەر سوڕمانی کرد لەبەر ئەوەی ئەوان پێیان وابوو ئەم شۆڕشانەی جیھانی عەرەبی سەرەتای قۆناغێکی نوێیە لە ناوچەکە ، بەڵام چ قۆناغێک ئایا قۆناغێکی نوێ کە ھاوڵاتی عەرەبی شکۆی بۆ بگەرێتەوە و تێیدا خۆشگوزەران و ئاسوودە بێت ، یان بە پێچەوانەوە قۆناغێک بێت کە ھاوڵاتی عەرەبی تێدا دیسان بگەڕێتەوە حاڵەتی پێشووتر .

شیکردنەوەی دۆخی میسر بە پێی گریمانەی دووەم لە دوای ڕووخانی موبارەک !!
 دوای بەردەوام بوونی ١٨ ڕۆژ لە خۆپیشاندان موبارەک بە ناچاری وازی لە دەسەڵات ھێنا و دەسەڵاتێکی کاتی پێکھات ، بۆ ئەوەی لەماوەیەکی دیاریکراو دا کار بۆ ھەلبژاردنی گشتی و ڕاپرسی لەسەر دەستور بکات ، چاودێران پێیان وابوو داھاتووی دەسەڵاتی میسر و بەرێوەبردنی دەوڵەت بۆ لایەنە ئیسلامیەکانە ، ئەنجامی ھەلبژاردنەکانیش بەھەمان شێوەی پێشبینیەکان بوو ، کە لایەنە ئیسلامیەکان بەتایبەتی ئیخوانیەکان لەڕێگای پارتێکی نوێوە بەشداریان لە ھەلبژاردنی پەرلەمانی کردوو ، کاندیدی سەرۆک کۆماریشان توانی لەبەرامبەر لایەنەکانی تر توانی سەکەوتن بەدەست بێنێت ، بەم شێوەیە ئیخوان موسلمین لە میسر دەسەڵاتی لە ڕێگەی ھەلبژاردنەوە وەرگرت ، بەڵام ئیخوانەکان نەیانتوانی بە شێویەک مامەلە بکەن کە جیاوازی نەکەن و لایەنەکانی تر پەراوێز نەخەن لە دەسەڵات و بەرێوەبردنی وڵات ، بەڵام ئیخوانەکان نەیانتوانی ھاوسەنگی لە نێوان ھەموو لایەنەکان دروست بکەن، بەڵکو بە شێوەیەکی تاک لایەنانە مامەلەیان دەکرد دوای کەمتر لە سالێک سوپا دەستی وەردانی دەست پێکرد و بەشێکی زۆریش لە ھاوڵاتیان پالپشتی سوپایان کرد، ئەمەش ڕێگە خۆشکەر بوو بۆ ئەوەی وڵات سەقامگیر نەبێت و دیسان ناسەقامگیری و ناڕەزایی ڕوو لە میسر بکاتەوە بە پاساوی ئەوەی کە ئیخوانەکان دەیانەوێت بە شێوەیەکی تاکڕەوی حوکمی وڵات بکەن ، لە کاتێکدا کاندیدی ئیخوانەکان (محمد مورسی) توانیبوی لە ٥٢% ی دەنگەکان لەبەرامبەر ( احمدشفیق ) ٤٨% ی دەنگەکانی بەدەست ھێنابوو ، بەڵام ئیخوانەکان بەھۆی نەبوونی ئەزموونی حوکمڕانی نەیانتوانی مامەلەیەکی ھاوسەنگ بکەن لەگەڵ لایەنەکاتری سەر گۆڕەپانی سیاسی لە میسر ، سەرەنجام لە ڕێگەی کودەتاتەوە مورسی لە دەسەڵات وەدەر بنرێت ، دووبارە سوپا دەسەڵات وەربگرێتەوە، بەمەش وڵات دووچاری قەیرانێک بوو کەتا ئێستاش پێشبینی کردن بۆ داھاتووی ئەو وڵاتە ئاسان نییە لەبەر ئەوەی بەرەو ڕووی دۆخێک بۆتەوە کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ناسەقامگیری و توند تیژییەکان لەبەرز بوونەوە دان ، تەنانەت تەقینەوە و کردەوەی تیرۆریستی ڕووی لەو وڵاتە کردووە ، ئەمەش ئەوەمان پێ دەلێت کە ئەو گریمانەی کە دیکتاتۆرەکان باسیان دەکرد خەیال نەبوو بەڵکو ئەوان ھەر لەخۆیانەوە ئەو گریمانانەیان نەخستبووە ڕوو ، بەڵکو ئەو دۆخەی کە میسر دوای شۆڕشی ٢٥ی یەنایەر تێیدا گوزەر دەکات تاوەکو ئێستا نزیکە لە گریمانەی یەکەم و سێیەم کە میسر بەھەردوو حالەتدا تێپەڕیوە ، قۆناغێک کە باڵادەستی ئیخوانەکان بوو دواتریش ناکۆکی و توندو تیژییەکان کە نزیک بۆتە لەشەڕی ناوخۆ .

دۆخی لیبیا لە گریمانەی سێیەمەوە نزیکە
سەرەڕایی ئەوەی لە لیبیا دوای وەدەرنانی قەزافی لە دەسەڵات لە ڕێگەی دەست وەردانی نێودەوڵەتیەوە، لایەنە لیبڕالیەکان لە ھەلبژارنی گشتی وڵات توانیان لەبەرامبەر لابەنەکانی تر سەربکەون، بەڵام بەھۆی سروشتی پێکھاتەی کۆمەلایەتی و نەتەوەیی و مەزھەبی ئاسان نییە ئەو ھەموو گروپ و کۆمەلە جیاوازنە پێکەوە بژین لە چوار چێوەی دەوڵەتێکی یەکگرتووی مەرکەزی، بۆیە لە دوای نەمانی دەسەڵاتی پێشوو لە لیبیا چەندین پێکدادانی نێوخۆی لە نێوان لایەنەکانی لیبیا ڕوویداوە، کوشتنی بالیۆزی ئەمریکا لە لیبیا و رفاندنی سەرۆک وەزیرانی وڵات لە ماوەی ڕابردوو دا لەلایەن گروپە توندڕەوەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی کە دەکرێت بلێین لە لیبیای دوای حوکمڕانی قەزافی وڵات بەرەو  ڕووی ملمڵانێ تایەفی و ئایینی، شەڕی ناوخۆیی بۆتەوە، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە دەبێت شێوازی پێکھاتەی ئەو دەوڵەتە گۆڕانی بەسەر دابێت، بە شێوەیەکی تر دابڕێژرێتەوە، نەک وەکو ئەو فۆرمەی کە ئێستا ھەیە، بۆیە گریمانەی سێیەم کە جەخت لەسەر ململانێی تایەفی و شەڕی ناوخۆ دەبێتەوە دەکرێت بارودۆخی لیبیا بە پێی ئەو گریمانەیە بگشتێنرێت، ھەروەھا بارودۆخی تونسیش تا ئێستا لەو ئاست نییە کە خەڵک ئومێدی بۆ دەخواست .

بارودخی سوریا و گریمانەی یەکەم ؟
بارودۆخی سوریا ئەوە نزیکەی سێ ساڵە ڕووبەڕووی نالەباری و ناسەقامگیری و شەڕی ناوخۆی بۆتەوە، بەھۆی ئەوەی تا ئێستا ئەسەد بەردەوامە لەدەسەڵات، بەھۆی ئەوەی بارودۆخی سوریا بە پێچەوانەوەی وڵاتانی تر ئاراستە کراو خۆپیشاندەران و شۆڕگێڕان نەیانتوانی مڵ بە ئەسەد کەچ بکەن کە واز لە دەسەڵات بێنێت بەھۆی ئەوەی ھەلوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھاوکار و پشتیوان نەبوو بۆ شۆڕگێڕ و خەڵکی ڕاپەڕیوی سوریا، ئەمەش وای کرد دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی سوریا لە ڕێگەی کوشتنی ھاوڵاتیانی و دەربەرکردنیان و تەنانەت بەکارھێنانی چەکی کیمیایش لە دژی ھاوڵاتیانی خۆی توانیویەتی بەردەوامی بە مانەوەی خۆی بدات بەھۆی بێ دەنگی و چاوپۆشی کردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاست کوشت و بڕییەکان و پێشێلکارییەکانی بەشار ئەسەد دەرحەق بە خەڵکی سوریا دەیکات، بەمەش دۆخی سوریا دەگونجێت لەگەڵ گریمانەی یەکەم کە جەخت لەسەر مانەوەی حوکمی دیکتاتۆریەت و ستەمکاری دەکاتەوە لە ڕێگەی بەکارھێنانی ھەموو ئامرازە ناڕەواکان لە دژی ھاوڵاتتیانی خۆی، بۆیە لەسایەی مانەوەی ئەسەد سوریا بەرەو ڕووی شەڕێکی خوێناوی ناوخۆی بۆتەوە، لایەنە ئیسلامیە توندڕەوەکان وەکو بەرەی نوسرە و داعش و بەرەی ئیسلامی، بەمەش ھێندەی تر بارودۆخی سوریا بەرەو حالەتێکی زۆر خراپتر چووە .
لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە سەرەڕایی ئەوەی کە ئەو دروشمانەی کە شۆڕشگێڕان جەختیان لەسەر دەکردەوە نەتوانرا تەرجەمەی واقیع بکرێت ، لەلایەکی تریشەوە لە میسر ئەوانەی شۆڕشیان کرد نەیاتوانی خۆیان ڕێک بخەن بەمەش لایەنی تر لە میسر توانی سوود لە و بۆشاییە ببینێت و ئەو ھەلە بۆ خۆی بقۆزێتەوە ، ھەروەھا دەوڵەتانی ئیقلیمی و جیھانیش زۆر ھاوکار نەبوون بۆ ئەوەی میسر خۆی ڕێک بخات لە دوای شۆڕش ، لە لیبیاش بە حوکمی ئەوەی کۆمەڵگەیەکی عەشایەرییە و تا ئێستا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە قبولی ئەوە بکات کە ھێزێکی لیبڕالی  دیموکرات حوکمی وڵات بکات، لە سوریاش بەھۆی ڕێککنەوتنی زلھێزەکان لە بارەی دۆخی سوریا و توندو تیژی لایەنە ئیسلامییە توند ڕەوەکان وای کردووە ئایندەی سوریا ناڕوون بێت .
    
(*) دەرچووی بەشی زانستە سیاسیەکان/ زانکۆی سەڵاحەدی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت