دەرسیم پێشەوا: سێ شەهیدی قارەمان و سێ هەڵۆی بەرزەفڕی شاری قەڵاو منارە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شەهید کەریم ڕەسوڵ قادر حوسێن سارمەمی ناسراو بە سەرفراز ، لە ساڵی  1946دا لە شاری هەولێر/ پونگینە لە دایک بووە و سەر بە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و نیشتمانپەروەری شارەکەی قەڵاو منارەی هەولێری هۆلاکۆ بەزێنە. شەهید کەریم ڕەسوڵ، کوڕە گەورەی خانەوادەکەیان بووەو هەمیشە هاوکاری باوکی بووە بۆ دابینکردنی بژێوی خانەوەداکەیان. دوای مردنی باوکیشی ئەرکی قورستر بووەو بە ڕۆژ تا ئێوارە کاری کردووەو شەوانیش چۆتە قووتابخانە، هەر لەبەر ئەرکی بەخێوکردن و پێگەیاندنی خوشک و براکانی نەیتوانیووە قووتابخانە تەواو بکات بۆیە تا پۆلی سێی ناوەندی خوێندووەو دواتر وەک برینپێچ لە نەخۆشخانەکانی هەولێر کاری کردووە. شەهیدی ناوبراو، شانبەشانی کارەکەشی کاری بەڵێندەر (مقاول)ی کردووە .
شەهید کەریم، لە ساڵی (١٩٧٤)دا لەلایەن دەزگای ئەمنی ڕژێمی بەعس گیراوەو ئەشکەنجەی زۆری دراوە، بەڵام دوای نزیکەی (٣) مانگ مانەوەی لە زیندان و دوای ئەوەی ناتوانن هیچ نهێنییەکی پێ ئاشکرا بکەن بە ناچاری ئازادی دەکەن .
شەهید کەریم ڕەسوڵی سەرکردە و فەرماندە، لە ساڵی (١٩٧٥)دا پەیوەندی کردووە بە ڕێکخستنە نهێنییەکانی هەولێری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و بەگوێرەی (لە هەواری یادەوەرییەکانمدا) لە نووسینی حاجی مەمۆ، شەهیدی هەمیشە زیندوو ئەندام ڕێکخراوی هەولێری کۆمەڵە و بەرپرسی مەفرەزەی چەکدار و بەشی سەربازی ڕێکخراوی هەولێر، بە بەشداری هەریەک لە تەها فەقێ یوسف، سابیر ڕەسوڵ قادر و دواتریش ئیسماعیل فەقێ حەسەن چەندان چالاکییان جێبەجێ کردوە .
لە هاوینی ساڵی (١٩٨٠)دا هەریەک لە عەباس محەمەد حوسێن (حاجی مەمۆ) بەرپرسی ڕێکخراوی هەولێری کۆمەڵە، ئەکرەم عزیز حوسێن عومەر (حاجی ئەکرەم)، کەریم ڕەسوڵ قادر بەرپرسی بەشی سەربازی کۆمەڵەو سابیر ڕەسوڵ قادر، پلان و نەخشەی بردنی (١٨٠) هەزار دیناری کۆمەڵەی هەرەوزی کشتوکاڵی هەولێریان دانا، کە دوای دەرچوونی حاجی مەمۆ بە نزیکەی یەک دوو مانگ پارەکە بە هاوکاری حاجی ئەکرەم، کەریم ڕەسوڵ و سابیر ڕەسوڵ ڕفێندراو گەیەندرایە دەستی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی بەرپرسی نوێی ڕێکخراوی هەولێری کۆمەڵە؛ سەرچاوە: (لە هەواری یادەوەرییەکانمدا، حاجی مەمۆ)، ئەویش (کۆسرەت ڕەسوڵ) لەگەڵ عەبدولڵا ڕەشید قادر عوسمان کارگێڕ و ئەندام ڕێکخراو و ڕەئوف کامیل ئاکرەیی بەرپرسی ڕێکخستنەکانی ڕێکخراوی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان لە دهۆک گەیاندیانە سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە نێوزەنگ. ڕەئوف ئاکرەیی، بەرپرسی یەکەمی ڕێکخراوی تێکۆشانی ڕەنجدەرانی کوردستان، لە ڕێکەوتی (٢٦/٥/١٩٩٣)دا لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە ئاکرێ لەلایەن دەستی ڕەشی کۆنەپەرست و دژ بە ئازادی بیروباوەڕ تیرۆرکرا .
شەهید کەریم ڕەسوڵ، مرۆڤێکی ڕەوشت بەرز، هۆشیار، وریا، سادە، ئارام، لەسەرخۆ، ورە بەرز، پشوو درێژ، بوێر، چاونەترس، خۆڕاگر، بەوەفا، لەخۆبردوو، ڕاستگۆ، مرۆڤێکی خاکی، دەم و دەست و داوێن پاک، خۆبەختکار، دڵسۆز بۆ نەتەوە نیشتمان، باوەڕی پتەوی بە سەرکەوتنی شۆڕش و دەرپەڕاندنی دوژمن لە کوردستان هەبوو، بەکورتی هەموو سیفاتەکانی هاوڕێی کۆمەڵە لەو مرۆڤەدا بەدی دەکرا .
شەهیدی ناوبراو، یەکەم شەهیدی بنەماڵەکەیانە و دوای خۆی دوو برای دیکەی بە ناوەکانی عومەر ڕەسوڵ و سابیر ڕەسوڵ (١٩٤٧) شەهید بووینە. شەهید عومەر ڕەسوڵ، پێشمەرگەو ڕابەر سیاسی تیپی (٨٣)ی هەورێ لە ڕۆژی (٢٦/٢/١٩٨٨)دا لە چیای مۆتەی نزیک گوندەکانی زێوە و هەرتەل لە خۆشناوەتی شەهید بووە. سابیر ڕەسوڵ، فەرماندەی تیپی (٨٦)ی دەشتی هەولێر، تیپی (٢١)ی کەرکوک و دواتر بەرپرسی سەربازی مەڵبەندی (٣)ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕێکەوتی (٨/٨/١٩٩٦)دا بەهۆی ئەو پارچە ساچمەیەی کە لە سەریدا جێمابوو و بۆ ماوەی سێ ساڵ بێهۆشی کردبوو، لە نەخۆشخانەیەکی وڵاتی سوید شەهید بوو. تەرمی هەرسێ شەهیدی برا لە گوندی پونگینەی سەر بە شارۆچکەی عەنکاوەی هەولێر کە ئەو گوندە دەکەوێتە سەر ڕێگای کۆیە، نێژراون .
شەهید ئیسماعیل حەسەن محەمەد مستەفا ناسراو بە ئیسماعیل فەقێ حەسەن، لە ساڵی (١٩٤٥)دا لە گوندی (مەلا ئۆمەر)ی سەر بە شارۆچکەی خەبات لە دایک بووە، لە ساڵی (١٩٥٣)دا دەگوازنەوە بۆ هەولێر و لە گەڕەکی تەیراوە نیشتەجێ دەبن. شەهید ئیسماعیل، هەر لە تەمەنی مێردمنداڵییەوە پەیوەندی دەکات بە یەکێتیی قووتابیانی کوردستان و بەهۆی چالاکی سیاسییەوە دوو جار لە ساڵانی (١٩٦٢) و (١٩٦٩)دا دەگیرێت، بەڵام هەردوو جار دوای دوو تا سێ مانگ ئازاد دەکرێت.
شەهید ئیسماعیل فەقێ حەسەن، لە ساڵی (١٩٧٤)دا دەچێتە شاخ و پەیوەندی بە شۆڕشی کوردستانەوە دەکات، بەڵام دوای ڕێکەوتننامەی (٦/٣/١٩٧٥)ی جەزائیر بە چەند مانگێگ دەگەڕێتەوە باشووری کوردستان .
لە ساڵی (١٩٧٧)دا پەیوەندی دەکات بە ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و دوای ماوەیەک دەکرێت بە ئەندامی بەشی سەربازی کۆمیتەی کۆمەڵە لە هەولێر. شەهیدی قارەمان، کەسێکی زیرەک، بەتوانا، شۆڕشگێر، جەسوور و جەربەزە بووە .
شەهید تەها فەقێ یوسف عەزیز ناسراو بە تەها فەقێ یان دلێر، لە ساڵی (١٩٥٠) دا لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و دڵسۆز بە کورد و کوردستانی شاری هەولێر لە دایک بووە. شەهید دلێر، فەرمانبەر بووە لە کارگەی ڕستن و چنینی قوماشی هەولێر و لەگەڵ دەست پێکردنەوەی شۆڕشی نوێ، پەیوەندی کردووە بە ڕیزەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و پاش ماوەیەک بۆتە ئەندامی دەستەی سەربازی کۆمیتەی هەولێری کۆمەڵە . شەهید تەهای سەربەرز ، کەسێکی، دلێر ، وشیار ، خۆنەویست ، تێکۆشەرو هەردەم گیانی قوربانیدانی لەپێناوی کورد و کوردستان تێدابووە .
هەرسێ شەهیدی قارەمان (کەریم ڕەسوڵ قادر حوسێن سارمەمی، ئیسماعیل حەسەن محەمەد مستەفا و تەها فەقێ یوسف عەزیز)، لە دوای جێبەجێ کردنی چەندان چالاکی سیاسی و سەربازی هاوبەشیان لەناو شاری هەولێر و لە ئەنجامی خۆفرۆشتن و ناپاکی کردنی جەلال عەزیز لەک (جەلال کاکۆ/ خەڵکی گوندی جدیدە لەک – قوشتەپە) لە شەهیدان و کورد و کوردستان، لە ڕۆژی (٢٣/٣/١٩٨١)دا لەلایەن بەڕێوەبەرێتی ئەمنی هەولێر دەستگیرکران و خرانە ژێر قورسترین و دڕندەترین ئەشکەنجە و ئازاری بەعسییە فاشیستەکان، بەڵام ئەوان بەرگەی هەموو جۆرە ئەشکەنجە و ئازارێکی هۆڤییانەی زیندانەکانی دائیرەی ئەمنی هەولێر و هەیئە خاسەی کەرکوکیان گرت و بەندیخانەیان بەزاند و جەللادەکانیان شەرمەزارکرد. جەلال کاکۆ، هاوڕێی خۆیان بوو، دەمانچەیەکی ڕێکخستنی لابوو، دوای داواکردنەوەی دەمانچەکە، ناوبراو دەستی دەستی پێدەکردن، تا ڕۆژی پێش گیرانیان بۆ دواجار گفتیان دەداتێ کە سبەینێ دەمانچەکەیان بۆ دێنێتەوە، وەلێ بەداخەوە بەشێوەیەکی زۆر نامەردانە ئەمنی هەولێر ئاگادار دەکاتەوەو بۆ سبەی هەرسێکیان لەیەک کاتدا لە شوێنی کارەکانیان دەستگیرکران و ناوبراو دەمانچەکە و هەموو زانیارییەکان دەدات بە ئەمنی هەولێر .
جەلال کاکۆ، دواتر لە ئەنجامی خۆفرۆشی و خزمەت کردنی ڕژێمی سەدام و بەعس دەیان تاوانی دیکەی لەدژی کورد ئەنجام دا، تا ئەو تاوانانەی بوونە هۆی لەناوبردنی خۆی و لە ساڵی (٢٠١٠) یان (٢٠١١)دا لەناو دوکانی فڕنەکەی خۆی لە موسڵ بەدەستی هێزی پێشمەرگە کوژرا. جەلال کاکۆی خۆفرۆش، پێشتر نزیکەی ساڵێک دوای تێپەڕبوون بەسەر تاوانی شەهیدکردنی ئەو سێ هەڵۆ بەرزەفڕ و قارەمانەی شاری قەڵاو منارەی هۆلاکۆ بەزێن، لەلایەن مەفرەزەیەکی پێشمەرگەی ناو شار بریندارکرا کە دوو لە پێشمەرگەکان (ش. ح. ج. ئ) و (گ. س) بوون. بریندارکردنی ئەو تاوانبارە لە مانگی (٦)ی ساڵی (١٩٨٢)دا بوو، کە بەهۆی سەختی برینەکەی لە هەولێرەوە بە کۆپتەر بۆ نەخۆشخانەی ڕەشیدی سەربازی گواسترایەوە. ئەوکاتە خزمێکی ئێمە بەناوی مەحمود مەعروف ساڵح دیبەگەیی کە نائب زابت بوو لە تەجنیدی هەولێر و تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی قوڕگ ببوو و بۆ چارەسەرکردن ڕەوانەی نەخۆشخانەی ڕەشیدی سەربازی کرابوو، باوکم و خزمەکان و کۆمەڵێک ناسیاو و خزمانی دیبەگە لە ڕێکەوتی (٢٥/٦/١٩٨٢)دا بۆ سەردانی ئەو نەخۆشە چوونە بەغدا و ڕۆژی دواتر گەڕانەوە، هەر ئەو ڕۆژە لە بەغداوە تەلەفۆن کرا بۆ دیبەگە و هەواڵی کۆچی دوایی مەحمود مەعروف ڕاگەیەنرا، دەستبەجێ خزم و ناسیاو ڕێگای بەغدایان گرتەوە بەر، کەچی هەواڵەکە ناڕاست دەرچوو، وەلێ دکتۆر گوتبووی : (بیبەنەوە چونکە ئەوپەڕی ٤٨ کاتژمێری دیکە دەژیت). هەر هەمان ڕۆژ (٢٦/٦/١٩٨٢) نەخۆشەکەیان هێنایەوە و دواتر لە شەوی (٢٧/٢٨-٦-١٩٨٢) دا کۆچی کرد . لە سەردانی ڕۆژی (٢٥/٦/١٩٨٢)ی باوکم و خزمانی دیبەگە بۆ نەخۆشخانەی ڕەشیدی سەربازی بۆ لای مەحمود مەعروف، یەک دوو ڕۆژ دەبوو جەلال کاکۆ گەیەنرابووە ئەم نەخۆشخانەیە، بۆیە دەبێ تاوانباری ناوبراو لە ڕۆژانی (٢٣-٢٤/٦/١٩٨٢) هەوڵی کوشتنی درابێ لە تۆڵەی خوێنی ئەو سێ شەهیدە سەربەرزەی شاری هەولێر .
دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو مانگ بەسەر دەستگیر کردنی هەریەک لە (کەریم ڕەسوڵ قادر، ئیسماعیل فەقێ حەسەن و تەها فەقێ یوسف)، لە دادگایەکی قەرەقوشییانەی بەعسییەکان لە هەیئە خاسەی کەرکوک، بڕیاری لە سێدارەدانیان دراو ڕەوانەی بەشی سێدارەی زیندانی ئەبوغرێب کران .
شەهیدان ئیسماعیل فەقێ حەسەن و تەها فەقێ یوسف، لە ڕێکەوتی (١/٧/١٩٨١)دا لە سێدارە دران و لە ڕۆژی (٥/٧/١٩٨١)دا تەرمە پیرۆزەکانیان گەییشتەوە هەولێر، کە دوای لە سێدارە دانیان لەناو فڕن سوورکرابوونەوە .
لە ژووری سێدارەی بەغدا بەعسییەکان زۆر هەوڵیان دا شەهید کەریم و بنەماڵەکەی سازش بکەن و واز لە بیری کوردایەتی و شۆڕشی کوردستان بهێنن لە بەرانبەر ئازادکردنیدا، هەر بۆ ئەو مەبەستەش (١٥) ڕۆژ لە سێدارە دانی ئەویان دواخست، وەلێ شەهید کەریمی سەربەرزو بنەماڵە کوردپەروەرەکەی مەرگیان بە ژینی سەرشۆڕی نەگۆڕییەوە و شەهید بوونیان لەپێناوی کورد و کوردستان کردە تاکە ئاواتی خۆیان و خەبات و تێکۆشانیان .
دوای بێئومێد بوونی ڕژێمی بەعس و نۆکەرەکانیان، ئەوەبوو لە ڕێکەوتی (١٥/٧/١٩٨١)دا هاوڕێی قارەمان کەریم ڕەسوڵ بە (١٥) ڕۆژ لەدوای دوو هاوڕێکەی دیکەی لە زیندانی ئەبوغرێب لە سێدارە دراو لە ڕێکەوتی (١٠/٨/١٩٨١)دا تەرمی پیرۆزی گەییشتەوە شاری هەولێر، بەڵام لەبەرئەوەی وەکو دوو هاوڕێکەی پێشووی دوای لە سێدارە دانی لەناو فڕن سووتێنرابوو نەیانهێشت کەسوکارەکەی سەیری تەرمەکەی بکەن و لەناو هەولێر بیشارنەوە، بۆیە بەناچاری و بە پەلە بردیان لە دێی پونگینەی زێدی باوک و باپیرانی بە خاکیان سپارد .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت