بەهرۆز جەعفەر : چۆن گەمارۆى مالیکى بدەین .؟.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زۆربەى ڕۆژهەڵاتناسە نوێیەکان ، بەکۆى سیاسییەکانى باکورى کوردستانیشەوە ، گەشتونەتە ئەو سەرئەنجامەى هەتا: کێشەکانى کورد بەلایەکدا نەخرێت ، کێشەکانى ڕۆژهەڵات بەردەوامى هەیە . قەزیەى کورد لەوە گەورەترە مالکی تێی هەڵبچێت ، لەسەرەتاى شەستەکان ” سەلام عارف” خۆى لەپێشەوەى بەرەى شەڕا بو ، دژى شۆڕشی کوردیی ، کوا؟. ئێستاش خاڵە بەهێزەکانى مالیکى (3) شتن :
یەکەم : نەوت و بودجەى عێراقى لەبەردەستە .
دووەم : هێزە ئەمنى و سەربازییەکانى وابەستە بەخۆى کردووە .
سێهەم : ئێران و ئەمریکا لە (8) ساڵى ڕابردوودا ، لەگەڵ ئەوەى تەنانەت لەخوا پەرستنیشدا جیاوازن ، لە مالیکیدا هاوبەشن.
خاڵە لاوازەکانى مالیکیش ئەوەیە ، شەقامى عێراقى وکورد و سوننەو چەندین پارێزگاى عێراقى لەدەست دەرچووە ، بەبەشێکى شیعەکانیشەوە . ئەوگەمەیەى مالیکى لەسەرەتاى شۆڕشی سوریاوە دەستى داوەتێ ئەوەیە : عێراقیش بەڕاستەوخۆیی ( بەگۆشت و ئێسقانەوە) بکاتە بەشێکى لەزۆنى شیعى ئێران و سوریاو حزبوڵڵا. گەرەکێتى دەست بەچەند پەتێکەوە بگرێت . لەهەموو حاڵەتێکدا مالیکى لەم هەڵبژاردنەدا کۆتایی بەخۆرى دەسەڵاتى خۆى دەهێنێت ، خاڵە بەهێزەکانى کاتین . گریمانەکردن لەسەر ئەمەش زۆرە ، تەنها ئەوەبەسەبڵێین : ئەو هاوکێشە جیۆ- سیاسی و دابەشبونە نوێیەى بەڕێوەیە لەناوچەکەدا ، ئەو گەمە هەواڵگریی و سیاسیانەى دەگوزەرێت ، دەمارەکانى مالیکى زۆر بچوکترە لەوەى بەرگەى بگرێت .
ئێستا ، بەکورتى ئەفسەرێکى کورد ، کەسێکى ئەکادیمى و ڕۆژنامەوانێکى عەرەبى کوشتوە ( ئیتر لەپشتەوە بوە یان لەپێشەوە بوە،ئەوە بۆیاسا و داگاباشە ، کەلەعێراق نییە) . . لەڕووى ئیتنى و کوردایەتى و ئەخلاقییەوە ، ئەگەر ئەفسەرەکە هەموو عەرەبیشى بکوشتبا ، هێشتا لەهێڵى ئەفسەرەکەدا دەماینەوە ، چونکە عەرەبەکان چەندین سەدەیە نەک تاکى کورد بەڵکو  کلتورو جوگرافیاى کورد دەکوژن . بەهەرحاڵ کورد و سیاسییەکانى کورد دەبێت تەنها (2) ئەرک ،(2) گۆڕانکاریی لەسیاسەتیانا بەجێ بهێنن ، ئەوسا دەتوانن وەبەرهێنان لەهەموو قەیران و ڕووداوێکدا بکەن ، وەکو ” لینین” یش  نامیلکەیەکى بەناونیشانى ( کیف تتحول هزیمە الى نصر ) هەیە. بۆیە دەتوانرێت گەمارۆى بەرامبەرەکان بدەیت :
یەکەم : ئیش کردن لەناو ڕایەڵەکانى ئەوان ، شکاندنى کۆدە ئەمنى و سیاسیی و ئابورییەکانیان . کەرتى بکە ، ئینجا پەلامارى بدە ، لاوازیی بکە ، ئینجا لێی بدە. لەڕێگەى چونەناوسیاسەتى  پاراستنى بەرژەوەندیی  ” ئاسایشى نیشتمانى لەدەرەوەى  هێڵەجوگرافییەکانى خۆت “. زۆربەى خەڵک “یاسر عەرەفات” یان وادەناسی ، کە وڵاتفرۆشە ، کەچى چەندین ڕێکخراوو گروپى دروستکردبو ، بێ ئەوەى هیچ کەس هەست بکا، تەسفییەى بەرامبەرەکانى ئەکرد !.
دووەم : بۆڕوونکردنەوە، لەوەها ڕووداوێکدا ،بەکارهێنانى ” والدم بالدم”  و گرتنى ئەفسەرە کوردەکە بەو پەلەییە. لەواقیعدا مالیکى  هێڵکەکەى لەسەرى خۆیدا شکاند ،وەکو گرتنى ئۆجەلان حکومەتى تورکیاى ئیحراجکرد ، نەیاندەتوانى بیکوژن ، نەشیاندەتوانى حوکمى بدەن .سەرۆکوزەیران ئەیوت : ئێستاش نەمانزانى بۆچى ئۆجەلانیان تەسلیمى ئێمە کردەوە !.
کەواتە،دەبێت کورد فێرى قۆستنەوەى فرسەت بێت ، ئاخر سەیربکە: لەپرۆسەى ئازادیی یەک جوندى عێراقى بەسەر جادەى عێراقییەوە نییە،کورد بەغداو موسڵ و ناوچەکانى باشورى نەپاراستایە ، دیجلەو فوراتیان دەتەقاندەوە ، نیوەى عەرەب هەر ئاو دەیبردن ، کورد ئەو سوپایەى دروستکردەوە کە پێشتر ئەنفالى کردبون ، کورد ڕازیبو بەوەى کورسییەکانى لە (76) ەوە ببێتە (59) کورسی ، کورد بێدەنگبو لە لەسێدارەنەدانى سەدام لەسەر کەیسى هەڵەبجەو ئەنفال ، زۆرشتى تر.دەبێت کورد لەخاڵێکدا خاڵێکى گەورەتر دروست بکاو بیبا بەرەو ئامانجەکەى ( ئەگەر سەرکردایەتى کورد ئامانجى هەبێت ؟) .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت