Hellbjardn1

بەختیار شارەزورى : دوا هەڵبژاردن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر چى هەموو حیزبەکانى ناو گۆڕەپانى ئەم هەرێمە لە پەیڕە و پڕۆگرام و دروشمەکانیاندا ، هەڵگرى دنیایەک لە دروشمى جوانن ، بەڵام کاتێک دێتە سەر پابەند بوون و جێ بە جێ کردن ، سەد لە سەد پێچەوانەى هەموو دروشمەکان و بەڵین و سویندەکانیانن ، هەر لەم ڕوانگەیەوە ئەگەر وا بڕیار بێت ئێمە هەرێمێک بین و بمانەوێ سەرەتاکانى دیموکراتى دروست بکەین ، ئەوا دەبێت پابەند بین بە ئەنجامى سندوقەکانى دەنگدانەوە ، دەستاو دەستکردنى دەسەڵات وەک سەرەتایەک بکەینە کلتور بۆ ئەم هەرێمە ، کام حیزب و پڕۆژە لاى دەنگدەر باش بوو ئەو حوکمى ئەم هەرێمە بکات ، پرسیارەکە لێرەدایە .،.. ئایا دەنگدەر ئەو متمانەیەى لە لایە کە پێى وا بێت دەنگى ئەم دەبێتە سەنتەر بۆ گۆڕینى دەسەڵاتەکان ..؟

پارتى و یەکێتى بە هۆى ڕێکەوتنى ستراتیژیەوە دۆخێکى کونکرێتیان دروست کردوە ، کە سندوقەکانى دەنگدان و ئەنجامى هەڵبژاردنەکان ئەگەر بە قازانجى خۆیان نەبێت ، ئەوا جێگەى گاڵتەجاڕیە ، بە شێوەیەک بە پلە بەندى ئەمە وا دەکات کە هەڵبژاردن لاى تاکى دەنگدەر وێنەیەکى کارتۆنى دروست بکات ، هاوڵاتیان بێ هیوا ببن لە دەنگدان و ئەوەى پێ ى دەوترێت حوکمى سندوقەکانى دەنگدان .
لێرەوە ئەگەر پێشتر پارتى و یەکێتى دوو حیزبى فەرمان ڕەوا بوبێتن لە ڕێگەى داگیرکارى سەرجەم جومگەکانى دەسەڵات و کۆمەڵگاوە بردنەوەیان مسۆگەر کردبێت ، ئەوا ئێستا لە دواى بزوتنەوەى گۆڕانەوە نەحشەى سندوق و دەنگ و داتاکان گۆڕاوە و هێزێکى تر لە دەرەوەى ئەم دیوارى ڕێکەوتننامەى پارتى و یەکێتیەوە دێت و دەڵێت : ئیتر دەبێت لێرەدا ڕاوەستن ، ئیتر ئەم درۆى ناو دروشمانە ڕابگرن ، لێرەدا ئێوە بوەستن دەبێت بگەڕێنەوە بۆ دەنگى تاک ، ململانێکان و چى تر نابێت چەک و پارە موڵکى دوو حیزب و دوو بنەماڵە بن و دەبێت ببنە نیشتمانى ، خۆ ئەگەر لە پێناو قۆناغێکى نوێ و دۆخێکى تازەدا ، دەنگدەر توانیبێتى ئەو میژووە لێرەدا ڕابگرێ ئەوا چاوەڕوانى خەرمانەکەیەتى ، چونکە ناکرێت هەر هەوڵ بدات و خەرمانەکەى نەبینێ ، بە مانایەکى تر ئەگەر لەبەر ئەم هۆکارانە بزوتنەوەى گۆڕان توانبێتى دەنگێکى زۆرى ئەم هەرێمەى مسۆگەر کردبێت ، ئەوا خاوەنى ئەم دەنگە دەیەوێت بەرى ڕەنجى خۆى ببینێ ، ئەیەوێت لە ڕێ ى ئەم دەنگەیەوە نوێنەرەکانى قسە بۆ گیرفانى بکەن ، ئەیەوێت ئەو گۆڕانەى کە دەنگى داوەتێ وەک چێشتخانەیەک وا بێت و نانى لێبخوا ، ئەیەوێت بەردەم ماڵەکى ڕازاوە بێت ، ئەیەوێت شارەکەى مناڵەکەى تەندروستیەکەى لە دۆخێکى دڵنیایدا بێت ، ئەگەر بزوتنەوەى گۆڕان لەیەکەم دروشمیدا نەیتوانیبێت بەشدارى حکومەت بکات و تەرجەمەى دروشمەکانى بکات بۆ دەنگدەر ، بۆ ئەم جارەش کۆمەڵێک بیانوى پێ بێت ، ئەوا دواى ئەم دوو هەڵبژاردنە دواهەمین هەڵبژرادن دەبێت ، ئێمە دڵنیاین ئەمجارەش بزوتنەوەى گۆڕان بە پێ ى ئەوەى زۆر کارى باشى کردوە دەنگى بەرچاو دەهێنێتەوە ، بەڵام دەنگدەر کە دەنگى دا دەکەوێتە دوۆخى چاوەڕوانى لە ڕووى پراکتیکیەوە ، تا هەست بکات دەنگى ئەو شتێک لە ژیانى گۆڕیوە ، دەبێت دواى ئەم دوو هەڵبژاردنە هەموو تاکێک هەست بکات کە ژیانى گۆڕاوە ، دەبێت هەست بکات کە نوێنەرەکانى ڕاستگۆن و چونەتە ناوەندى دەسەڵاتەوە ، خۆ ئەگەر هەستى بەمە نەکرد ئەوا بە دواى ئەلتەرناتیڤى تردا دەگەڕێت .
لە ئێستادا هەمومان چاوەڕێین دەنگ بدەین و بزوتنەوەى گۆڕان قۆناغێکى تر بەرینە پێشەوە ، بەڵام ئەگەر هاتوو نەیتوانى ببێتە جێ بە جێ کارى دروشمەکانى ، ئەوا بێگومانین هاوڵاتى بزوتنەوەى گۆڕانیش تێدەپەڕێنێ ، دور نیە دۆخێکى ئاڵۆز دروست ببێت و هەموو هێزەکان بە بزوتنەوەى گۆڕانیشەوە زەرەمەند بن و هەرێم بەرەو گرژیەکى قورس بڕوات ، بەڵام ئەگەر بزوتنەوەى گۆڕان توانى بۆ ئەم جارە دەنگى باش مسۆگەر بکات و بەشدارى حکومەتى کرد و راستگۆ بوو لەگەڵ تەرجەمەى دروشمەکانىدا ، ئەوا بۆ ئەبەد ڕێکەوتننامەى ستراتیژى هەڵدەوەشێتەوە ، تاک دەبێتە ناوەندى بڕیار ، هەموومان چاوەڕێن ئەو دۆخە بخولقێت کە لە خەونەکانماندا نەخشەمان بۆ کیشاوە تا ببینە هەرێمێک دۆخیکى ئاڵۆز بە شۆڕشێکى سپى کۆتاى پێ بهێنین .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت