بەهرۆز جەعفەر : تیرۆریزم و جیهانگیریی ( داعش وەک باسی ئەمڕۆ ) .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

ناساندێک :
ئێران ، عێراقى داگیرکردووەو دەستى تێوەرئەدات ، ئەمریکا لەعێراقەو دەستوەرئەدات ، تورکیا دەستو پێی لەناوچە سوننیەکان و موسڵ گیرکردووە ، وڵاتانى کەنداو لەعێراقن و دەستوەرئەدەن ، ئیسرائیل لەبنە گوێی هەموو بەرگدورەکانە تابەخواستى ئەو بیدورن .
ڕوسیا ، وەک تەلێکى دڕکاوى لەدواى شۆڕشی سوریاو بەهارى عەرەبییەوە ، هاتۆتەوە ڕۆژهەڵاتى ناوین و ، ئەیەوێ ئەم ئاگرەى داگیرساوە ، وەک مەرج و کارتێک لەبەرامبەر پەیمانى باکورى ئەتڵەسی (NATO) بەکاریبهێنێت . هاوکات ماوەیەکە دەستیکردووە بەگەشەپێدانى ( قوتابخانەى ئۆراسیاى نوێ ) بۆ دووشت –
یەکەم : بۆ جەنگێکى نوێ دژى بلۆکى سەرمایەداریی .
دووەم : بۆ بەرەگاربونەوەى ڕێگرتن لەوەى کە ئیحتیوا نەدرێت ( دەور نەدرێت) لە ڕێگەى دووخاڵى تورکیاو پاکستانەوە . ڕونتریش ئەگەر ئەمە سەربگرێت ، جیهان بەرەو دابەشبونێکى جوگرافى نوێ سەرئەکێشێتەوە ، ئەبێت هەموو وڵاتانى ( حەوزى قەزوین ، حەوزى ناوەڕاست ، حەوزى کەنداو ) خۆیان ساغ بکەنەوە .
سوننەکان ، سەرلەنوێ خەریکى خۆفۆرمەڵەکردنن ، پێیان ناشێت . ماڵى سووننى لەدواى ڕوخانى سەدام حوسەینەوە ، گڵۆڵەیان کەوتە لێژى لەتەواوى ناوچەکەدا ، مەداى کۆبونەوەو بیرکردنەوەیان نەما ، هەر بۆنمونە : لەدواى دووجەنگە جیهانییەکەوە ، ئیرادەو ئوزنەکێک هەبوو بۆهەڵسانەوەیان ، زۆرترین کتێبیان لەمیسر دەنوسی ، لەلوبنان چاپیان دەکردو ، لەعێراقیشدا دەخوێنرایەوەو هەڵئەگیرا ، ئێستا نەلەمیسر کتێب ئەنوسرێت و نەلە لوبنان چاپ ئەکرێ و نەش لەعێراق ڕۆژگارى خوێندنەوە ماوە . ئەى چى بکەن ؟. بەکورتی تریش هەموو یەکە سیاسیی و ناوچەیی و تایەفییەکان ، لەپەراوێزى سورتربونى ئەمریکا بۆ بەزلهێزمانەوەى تا (100) ساڵى تر ، وە بێ هیوابون لەڕووداوەکانى خۆرهەڵات و ، نەگەشتنە ئەنجامى ڕێککەوتننامەى ( جنێف 2 ) ى ئێران و کۆمەڵەى (5+1) . گەشتونەتە ئەو دەرەنجامەى دابەشبونێکى نوێتر بەڕێوەیە ، لەئان و ساتى شەپۆلى سەرەتاى سەدەدا مشورێکى خۆیان بخۆن .. سەرەتاى ئەم دابەشبونەش لە خۆرئاوا و باکورى عێراقەوە بەتەواوى دەرکەوتووە .
یەکەم : تیرۆریزم و جیهانگەرایی (Terrorism and Globalization)
گڵوباڵیزەیشن ، بەوە ناسراوە کەجیهان بچوک ئەکاتەوەو، سەروەرى (سیادە-sovereignty) ى وڵاتەکان دادەبەزێنێت و نایهێلێت . (3) بوعد یان ڕەهەندى هەرە گرنگى ئەم پرۆسەیە ، جیهانى خستۆتە شڵەژان و ژێر پرسیارێکى زۆرەوە ، ئەوانیش ( ئابوریى و ئاڵوگۆڕە داراییەکان ، تەکنەلۆژیاو داهێنانى نوێ ، بەریەککەوتنە کلتوریى کۆمەڵایەتییەکان ). لەدواى هێرشی (11ى سێپتەمبەر) ى قاعیدە ، بۆسەر بورجى بازرگانى جیهانى لەنیۆرک ، ئیتر تیرۆریزم و جیهانگەرایی ، لەناوەندە هەواڵگریی و ئەکادیمى و تینک تانکەکانى خۆرئاوادا ، بەتەواى کەوتە بەرباس و لێکۆڵینەوەو یەکگرتن . بەجۆرێک تیرۆریزم لەهەر شوێنێک بێت لەڕێگەى سود وەرگرتن لەتەکنەلۆژیاو داهێنانەکانى خۆرئاواوە ، مەترسی بۆسەر خودى جیهان دروستەکات ، ڕاستەوخۆ دەبێتە ماددەو تۆپیکێکى نوێ لە پەیوەندییە نێو- دەوڵەتییەکاندا . ئەگەر لەئایندەیەکدا تاقە (1) هۆکار ببێتەهۆى هەڵوەشانەوەی سیستەم و قانونى نێودەولًەتى ، یا چاوێک بە هەیکەل و ئامرازو شێوازەکانى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بخشێنرێتەوە ، ئەوا هۆکارەکەى قەبەبونى ئەمریکاو جەنگى تیرۆرە لەبەرامبەریدا . کەواتە جیهان لە جموجوڵەکانى تیرۆریستان بەئاگایە .
تیرۆریستان ، تەکنەلۆژیا و چەکەکانى خۆرئاوا دەکەنە ئامرازێکى کارئاسانى بۆخۆیان ، حکومەتەکانیش لەڕێگەى مانگى دەستکردو تەکنەلۆژیاوە بەتەواوى چاودێریی نەخشەو پەیوەندییەکانى بەرەى تیرۆر ئەکەن ، ئەو شوێنانە دەپێکن کە تەکبیرى تیادەکرێت ، ئەودەرگایانە دەزانن کە یەکەیەکەى سەرکردەى کۆنەبەعسییەکان لێی دەچنە ژوورێ . لەم سۆنگەیەوە ، داعش هێزێکى توندڕەوى ( هەناردە ) کراوى نوێی ئیقلیمییە ، بۆجەنگێکى بەوەکالەت بەکاردەهێنرێت وەک کارتێک . جگە لەکورد هەموو کەس لێی خەبەردارە .
دووەم : داعش بۆچى ؟
ئێمە پێشوتر ، توێژینەوەیەکمان سەبارەت بە ” ڕەهەندەکانى گەڕانەوەى قاعیدە بۆ ناوچەکانى خواروو ناوەڕاستى عێراق ، وەکاریگەرییەکانى لەسەر ناوچە داگیرکراوەکان ” بڵاوکردەوە . داعش هەمەڕەنگە لەوڵاتانى عەرەبى و ، ئامانجەکەشی لەو ماوەکورتەى کە دروستبووە ، دروستکردنى ئەمارەتێکى ئیسلامییە لە عێراق و شام . دواى ئەوەى هێرشێکى توندییان کردە ، سەر زیندانى ئەبوغرێب و زیاتر لە (100) کەسیان کوشت و ، زیندانیەکانیشیان ئازادکرد ، لەکۆتا ڕۆژەکانى (2013) و سەرەتاى سەرى ساڵى (2014) یشدا ، هاتنى خۆیان بە فەرمى بۆ عێراق ڕاگەیاند . کە لەپارێزگاى ( ئەنبار ) دا خۆیان بینییەوە . شەڕێکى زۆریش لەقەزاى فەللوجە ( کە سەر بە پارێزگاى ئەنبارە ) ڕوویداو ، داعش توانى دەست بەسەر شارەکەدا بگرێت . ئەو پارێزگایە لەژێر کۆنترۆڵى ئەم هێزە توندڕەوانەدایە .
ئەنبار : یەکێکە لەگەورەترین پارێزگاکانى عێراق و ، ئەکەوێتە بەشی ڕۆژئاواى عێراقەوەو ، ڕووبەرەکەى (138 ، 500 کم ) چوارگۆشەیە . بەپێی ئامارى (2013) ژمارەى دانیشتوانەکەى دەگاتە (1،90000000) ملیۆنێک و نۆسەد هەزار کەسە . پارێزگایەکى سووننى یە . وە لەمێژوودا بە ( لیواى دلێم ) ناسراوە . گرنگترین شارو قەزاکانى سەر بەم پارێزگایە : ( ڕوومادى : کەمەرکەزی پارێزگاکەیە .. فەللوجە .. هیت .. قائم .. حەدیسە .. عوکاشات .. حەببانییە .. سەرسار .. نوعەیمە .. خالدییه) . هەمیشە ئەو گروپانەى لەشێوەى خەباتى پارتیزانیدا خۆیان دەناسێنن ، چەند سیفەتێکى دیاریان هەیە،کە دوو لەو خاسیەتانە ، سەرەکین :
یەکەم : پاڵپشت بەئایدۆلۆژیایەکى دیاریکراوى حەددى کارئەکەن ، کە لاى داعش ئاینى ئیسلام و بیرى ئوێوڵی سەلەفى پەڕگیرە .
دووەم : ووزە بڕن ( ئستنزاف ) . واتە زۆربەى کات بەشێوەى مەیدانى ناجەنگن ، بەڵکو هەمیشە ناحەزو بەرامبەرەکانیان وەڕس دەکەن ، ترس و قەلەقى لەناوهێزەکانى بەرامبەردا دروست ئەکەن . تا ووزەى لێ دەبڕن .
لە خەت دەرچونى ” داعش ” لە هێڵى بەرەى نوسرەو قاعیدە بەئەندازەیەکى باش ، بەفۆڕمێکى نوێوە هاتنیان بۆ عێراق و، ناوبانگ دەرکردنیان ، (3) هۆکارى سەرەکى هەیە :
یەکەم : پاڵپشتى و ئاڕاستەکردنیان ، لەلایەن وڵاتانى ئیقلیمییەوە .
دووەم : سروشتى ” داعش ” خۆى ، لەڕووى مەشق و جۆرى چەک و تەکتیکى دەستوەشاندن و ڕایەڵەى پەیوەندییە نهێنییەکانیان لەم ناوچەیە . بەجۆرێک ئەم هێزانە توندوتیژترن لە ئەندامەکانى ڕێکخراوى قاعیدە .
سێهەم : ژینگەو ئەدمۆسفێرى عێراق خۆى ، زەمینیەکى لەبارە بۆ بەهێزبون و گەشەسەندنى ” داعش ”. بەجۆرێکیش ئەتوانین بڵێن : ئەمە شەڕێکى مەزهەبیە ، لەبەرگى تیرۆردا .
گریمانەکردن ، بۆپرسی چارەنووسی داعش لە (3) ئۆبشن یان بژاردە تێپەڕناکات :
یەکەم : مت بون و توانەوە لەبۆتەى خۆیاندا ..
دووەم : گەڕانەوەیان بۆسوریا ..
سێهەم : فراوانخوازیی و تەکتیک و ئاراستەکردنى نوێیان ، بۆ وڵاتانى دى ، وەکو ئێران .بەتایبەتى ئەگەرى گرتنە دەستى دەسەڵات لەعێراق و جێگیربونیان لەناوچە سوننیەکانى ئێران . داعش لەسەرەتاى ( نیسانى 2014 ) ڕایگەیاند ، کەئاوى فوراتیان لە عێراق بەدەستەوەیە .. ڕووبارى فورات لەسوریاوە هەڵدەقوڵێت ، ئەى بۆچى دیجلە کۆنترۆڵ ناکەن ، کە لەتورکیاوە دێت ؟.
سێهەم : کوردستان : سەرەڕێی داگیرکەران ، کاروانسەراى تیرۆریستان .
کورد لەباکورو ڕۆژئاوا ، هەنگاوى سیاسیی و سەربازیی خۆى ناوە ، سیاسییەکانى کورد ، ڕەنگڕێژى سیاسەتى خۆیان کردووە ، پاش تێپەڕبونى ڕەشنوسەکان و تاوتوێکردنى بە فلتەرى ( ئیمراڵى – قەندیل – کوردانى ئەوروپا ) لەسەرەتاى گەمەکەوە ، بڕیارى یەکلاکەرەوەکەیان داوە ، لەگەڵ کێ پێکى شەرابەکە نۆش دەکەن و، داواى دانوستانیش لەکێ دەکەن .
وەک چۆن ئەم ناوچەیە ، لەهەموو جەنگە جیهانی و نێوخۆییەکاندا ، بەبێ پرسی خاوەن ماڵ کراوەتە جێ پێگەو حەشارگەى زلهێزان ، ئەمڕۆکە تیرۆریستانیش لێی بێ ئاگانین ، هەردولا کۆک بون لەسەرئەوەى کوردستان هۆتێلێک بێت ، لەنێوان عێراق و ئێراندا . تا بەئارامى تیا بحەوێنەوە ، لەکوردستانیشەوە وەک پشتێنەیەک هەموو لینکەکانى تر ئاڕاستە ( تەوجیه ) بکەن . داعش بەدەنگ و ڕەنگەوە لەکەرکوک و دەوروبەرێتى . بەئاشکراو نهێنى نەک دەزگا ئەمنییەکان ، کەسێک توێژەرێکى ئەمنى و سیاسیش بێت جموجوڵ و لانەو هاتوچۆکانیان هەست پێدەکات ، ئێران و تورکیا بەگۆشت و ئێسقانەوە لەکوردستان و کەرکوک و دەوروبەرین . ئەمریکا وەک دەزووەکەى مەعاوییە توند توندى ئەکات لەگەڵیان ، کەگەشیتە حاڵى بچڕان ، بۆیان شل شل ئەکاتەوە . ئەوەى بونیەتێکى نییە لەناو ئەم گەمانەدا کوردە . بۆچى ؟…(3) هۆکارى سەرەکى کوردستان و کۆمەڵى کوردیی تەواو بێ هۆش کردووە :
یەکەم : نەبونى موخاتەب و دامەزراوەیییە حکومیی و هەواڵگرییەکان ..
دووەم : تەکنەلۆژیا ، کۆمەڵگەى کوردیی بوەتە کۆمەڵێکى بەکاربەر ( مستهلک ) و بەرخۆرى داهێنانە نوێێیەکان ، ئۆتۆمبیل و خانوو ڕێگاوبان و پەردەان و غەسالەکانى خۆشتن – سەیارە شتن – قاپ شتن .. جۆرى مۆبایل .. زیادیکردووەو خەڵکى سەرقاڵکردووە . بەڵام هزرو کەیسە قەومى و پرۆژە ستراتیجییەکان هەر لەشوێن خۆیانن .
سێهەم : گەمەو ڕووداوەکانى ناوچەکە ، هێندە زۆربون ، کوردیان سەرقاڵکردووە بەهەموو شتە لاوەکیەکانەوە . ئەمڕۆکە (90%) ى کۆمەڵگە بەهەموو چین و ئاستەکانەوە ، قسەلەسەر بابەتە لاوەکیەکان ئەکەن . گەلێک هەر تاکێکى سوعبەت بەوى دى دەکات .!.

 

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت