بەهرۆز جەعفەر : پارتى ئۆباڵ بەگەردنت ئەمجارەیان نەکەى ..!.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

له‌ناو کورددا ، هیچ ده‌ردێک به‌قه‌ده‌ر خۆخۆری و خۆکوژی ، ترسناک و کاره‌ساتبارتر نییه ، له‌سه‌رده‌می میرنشینه‌کانه‌وه‌ ، یه‌ک ئه‌ماره‌ت نییه‌ براکه‌ی یان هاوخه‌باته‌که‌ی خیانه‌تی لێنه‌کردبێت ، به‌جۆرێک ده‌ستی له‌گه‌ڵ تورک و فارس و بێگانه‌دا تێکه‌ڵ کردووه ‌، تا هاوڕه‌گه‌زو زمانه‌که‌ی خۆی له‌ناوبدات و شانازیشی پێوه‌ کردووه‌ .” ئه‌حمه‌د پاشا ” ی میری بابان به‌ ” ڕیچ ” ئه‌لێت : ئه‌نجامی دووبه‌ره‌کی میره‌کانمان ، تیاچوونی خۆمانه ‌، ئه‌گینا فارس و عوسمانیه‌کان ده‌ره‌قه‌تمان نه‌ده‌هاتن .
” نه‌وشیروان مسته‌فا ” له‌کتێبی ” میرایه‌تی بابان له‌نێوان به‌رداشی ڕۆم و عه‌جه‌م ” دا ، له‌ژێر سه‌رباس و مانشێتی ” 5 براو 37 ساڵ براکوژیدا ، باس له‌وه‌ ئه‌کات که‌ میره‌کانی بابان ، چۆن بۆ سه‌رشۆڕکردنی براکانی خۆیان ، په‌نایان بردۆته‌ به‌رئێران و عوسمانیه‌کان ، که‌ بۆماوه‌ی (37) ساڵ ئه‌مه‌ پیشه‌ی ئه‌و (5) برا هەقیقیە‌ ده‌بێت .
ڕەحمەت لەگۆڕى حاجى ، جوانى وتوە ” جۆشێک بدەن وەکو هەنگ ، تەکبیر بکەن بەبێدەنگ “. ئەوساش ئەسبـابى شەڕ پەیا کەن .. لەماوەى (23) ساڵى ڕابردودا باشورى کوردستان هەموو دەسەڵاتێکى هاوشێوەى دەوڵەتى هەبووە. دوورگەیەکى وەک قوبرس لەناو ئاودا نزیکترە لە لوبنان و ئیسرائیلەوە ، کەچى بە پایتەختەکەوە لەنێوان یۆنان و تورکیا کرابە (2) بەشەوە ،ئەو دەمەى ( ڕەئوف دانکتاش ) کۆمارى قوبرسى ڕاگەیاند ، تەنها تورکیا دانى پیانا. بۆیە ئێستا هەرێمێکە هیچ شتێکى لەدەست خۆى نییە ، بۆ هەموو شت دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئەنقەرە . بەشەکەى دیکەشی بەهۆى یۆنانەوە ڕاستەوخۆ بوو بەپارچەیەک لەیەکێتى ئۆروپا . کورد لەساڵانى ڕابردوودا زۆر سەربەخۆیانە تر و دەستکراوەتریش بوە ، دەسەڵاتى پەیوەندیی دەرەکى و سەربازیی و ئابوریی هەبوەو بەزیادیشەوە مومارەسەى کردووە. کەچى یان براکوژییان کردووە ، یان گەندەڵى و تاڵانى و رێخۆشکردن بۆ دوژمنانى کورد .
ئێستا ناڵێین ، ئەوەى کردتان گەردنتان ئازابێت ،، ئەوەى جەلالى و مەلایی (70) ساڵە بەرامبەر کورد ئەیکەن ، ئاسەوارەکانى بەدەم ژیان وکارى ئێمەى نەوەى نوێشەوە دەمێنێتەوە . ئەوەشی لە ساڵى (1996) کردتان هەردولا بەهەمان شێوە . ڕۆژگارى ئەمڕۆ جیاوازییەکى زۆرى هەیە . ناوچەکە بەگشتى بەرەو دابەشبون سەردەکێشێت .
ئێمە ئەمجارە ، نایشارینەوەو،درک بەوە دەکەین قەزیەى کورد لەوەرچەرخان و یەکلابونەوەدایە ، ترسی زۆر گەورەشمان لەپارتییە . سەرەتاى سەدە بۆ کورد زۆر چارەنوسسازە . ڕوئیاى کوردبینى تەنها ناوچەى بارزان یان شەقامى سالم نییە لەسلێمانى ، بەڵکو کەرکوک و موسڵ بینى و مەهاباد بینى و قامیشلۆ و ئامەد بینى و بگرە کوردەکانى ئەردەن و ڕوسیاو هندیشە . یان نیشتمانێکى لەتلەتکراومان ناوێ ، یان هەنگاومان بۆ نیشتمانێکى یەکگرتووە .
ئەم ترسە لەوێوە دێت پارتى لەناوچەکەدا نفوسی کەمبۆتەوە ، بەهەق خاوەن و جێى متمانەى (30%) ى هاوڵاتیانە . بەتەنها ئەم بارەقورسەى پێ ناچێتەسەر. ناشتوانێت و ناشکرێت ئەوانى دەرەوەى خۆى فەرامۆش بکات ، چ لەباشور چ لەڕۆژئاوا .
لەوەها ساتێکدا ، پارتى بەرەو ئەوە هەڵسوکەوت ئەکا ، ئەگەر خۆى خاوەن بڕیارى یەکەم و پشکى زۆرینە نەبێت ، بارەکە ئەخاتە ئاوەکەوە ، لارکردنى بارى کورد ئەمجارە گێڕکردنى بارێکە کە نەک بەئێمە بەڵکو نەوەیەکى تریش ئەستەمە بتوانێت ساغى بکاتەوە . بۆیە واقیع سەلماندویەتى پارتى ناتوانێت تاکلایەنە و بێ گوێگرتن و ڕێزگرتن لەجەماوەرو نوخبە بڕیاربدات . لەتۆڵەى ئەمەدا ناشێت هەر ڕێگەیەکى نا نەتەوەیی و نائەخلاقیش بگرێتە بەر . ڕێگەى دروست ئەوەیە ڕێڕەوى سیاسەتکردن و ڕەفتارەکانیان بگۆڕن . ئەگەرنا سەرى خۆى و چارەنوسی گەلێکى بێدەوڵەتیش دەخاتە بیابانێکى چۆن و ، بەئایندەیەکى دژوارى ئەسپێرێت .
بۆیە ، پارتى نەکەى .. پارتى .. ئەمەیان نەکەى .. ئۆباڵ بەگەردنت ئەمەیان نەکەى .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت