بەهرۆز جەعفەر : چەمچەماڵ – قوربانى هەمیشەیی !

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەموو وڵات و شارێک چەند وێستگەیەکى تاڵى هەیە ، دواتر هیچ نەبێت بۆماوەیەک دەگاتە کەنارى ئارامى و خزمەتگوزاریی . بەڵام قەدەرى ڕۆژگارو خراپ بەکارهێنانى دەسەڵاتەحزبى و حکومییە یەکلەدواى یەکەکان وایانکردووە ، چەمچەماڵ پێچەوانە بگۆڕێت لەگەڵ تەنانەت یاساکانى سروشتیشدا.
ئەم شارە ، لە کۆنترین قەزاکانى کوردستان و عێراقە ، ئامارى دانیشتوانەکەى بەقەد هەندێک وڵات یان هەرێمى جیهانە ، نزیکەى (200000) دووسەد هەزار کەسە.. هەموو جار ئەیڵێم : هیچ بوارو مەیدانێک نییە چەمچەماڵ تیایدا هەڵسوراو نەبوبێت ، ئەگەر شیعرو ئەدەبیاتە چەندین هێماى وەک : شێخ ڕەزاو مەلاى جەبارى و فەقێ قادر و لەتیف حامد ، لەسنورەکەیدا بووە.. ئەگەر خەبات و بەرخۆدانە ، زۆرترین ڕێژەى ئەنفال و شەهیدو کەڵەپیاوى قارەمان خۆیان بەختکردو ، هاوڕێکانیشیان ئەم ڕۆژە پۆخڵەیان بۆ کورد هێنا .ئەگەر ڕۆژنامەگەرییە ڕۆژنامەى چەمچەماڵ لەپێش ڕۆژنامەى هەولێر لە (1946) بەسەرپەرشتى ” شاکر فەتاح ” دەرچووە . ئەى چى ؟. ئەگەر پێگەو هەڵکەوتەیە ، غازى چەمچەماڵ بەقەد غازى سیبیریا ئەبێت کە ، یەکێتى ئەوروپا چەند ساڵە تەکبیرى بۆ ئەکەن . ئەگەر مێژوو کلتورە چەمچەماڵ وێڕاى ئەوەى لەخانەدانیدا لێی ئەڕژێت ، فەزڵی بەسەر شارستانیەتیشەوە هەیە کە ” گوندى چەرمو ” دەکەوێتە سنورەکەیەوە. کەواتە یان ئیدارەکەى باش نەبووە ، یان حزب و حکومەت ئیستغلالیان کردووە . یان خەڵکەکەى ئەم زەمەنە حەز بەخێرى یەکتر ناکەن .
چەمچەماڵ لەدواى پرۆسەى ئازادییەوە ، زیاتر بوو بەپەند. یەک نەفەر یەک قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحیە لەوشارە نەیانزانیوە قەزاکەیان سەر بەکوێیە ، هەروا هاتون و چوون . هەندێک فەرمانگە بەڕێی کەرکوکەوە ، هەندێک بەڕێی سولەیمانى و پارێزگاى گەرمیانەوە ، هەشبوە ڕاستەوخۆ بۆ هەولێر .. مەسەلەن ئەگەر ساڵێک ئاڵف و پەینى کیمیایی زیاتر درابێت بەپارێزگاى گەرمیان ، جوتیارەکان مانیان گرتوە بۆ (2) فەردە پەیین ، چونەتە بارەگا حزبییەکان ، دواتر فەرمانگەکە یاخود شارەکە خراوەتە سەر گەرمیان …. ئیتر ئاوها .
لەم ڕۆژانە بوو بە چەپڵەو هاتو هاوار ، چى بو ؟. ئەڵێن چەمچەماڵ بە گۆشت و ئێسقانەوە چووە سەر سلێمانى ..!. کاتى خۆى شەڕى ئێران- عێراق.. (6) مانگ بو ، ئێران ” فاو” ى گرتبو ، حکومەتى عێراق نەیهێشتبو کەس بیزانێت . کەعێراق فاوى گرتەوە ، لەناکاو بو بەتەپڵى دەستکەوت و سەرکەوتن ( ئەروەڵا فاومان گرتەوە) . جا بۆ ” فاو” گیرابو تا ڕزگار بکرێت ..؟. چەمچەماڵیش (3) ساڵە بڕیارى بەتەواوى خستنە سەر سولەیمانى دەرچووە ، وەک کەس نەیزانیبێت .. کەچى وەک بانگەشەى هەڵبژاردن بو نازانم چى ، گوایە گەرەکیان بێت وەک جاخى جاران کۆمەڵگە بەمەڕو بزن بزانن تا بیاندەن لەبەر ..
واز لەبێ ناسنامەیی ئیداریی قەزاکەش بهێنن ، ئەدى چەند گەنجى خوێن گەرم لەڕێگەى گەرمێنێ گیانى سپارد ؟. چەندى کە لەڕێگەى سولەیمانى و هەولێرو کەرکوک و تەنانەت تکریت ” یش بۆ ئیمزاو مۆرێک ڕۆحى سپارد ؟. ئەرێ بۆچى کەس متەقى لێوە نایات لەپارەو بودجەى چەمچەماڵ ئیش بۆ ( تەق تەق) کراوە ؟ ئەدى بۆڕى ئاوەکە هەرنەگەشتە چەمچەماڵ ؟. ئەرێ بۆچى سەى سادق دوێنێ بوو بەقەزا ، (30%) ى دامەزراندن گرتونیەتەوە ، کەچى چەمچەماڵ لەباشترین حاڵەتدا (8% و 10%) ؟. ئەى بۆچى ئەم حزبانە چەمچەماڵیان کردووە بە ماعەسکەر هەر خیڵ و خێزانێکى گەورەیان کردووە بە ( سریەو فەوج و… هتد) لەبرى چاندنى سەحافەو سەقافەو شتى تر ؟. ئەى بۆچى شارى غازو کارەبا لەچەمچەماڵە ، ناونراوە شارى غازى سلێمانى .؟.
چەمچەماڵ ، وێڵاشی جێبەجێکردنى ماددەى (140) ە . ئەم قەزایە (40کم) لە کەرکوکەوە دوورە ، بەشێکى زۆرى خەڵک و ناحیەکانى نفوسیان کەرکوک و سەدو چلە ، دیارە حکومەت و حزب و بەرپرسان دەستى یان لەکەرکوک و سەدوچل شۆردوە بەفەرمى ؟. یان هەرکاتێک کەرکوک گەڕایەوە چەمچەماڵیش ئەگەڕێتەوە . ئەم نوسینە شیعرو پەخشان و حیکایەت و دژایەتى و دۆستایەتى کەس نییە ، بەڵام ئەوانەى دەیانەوێ بەعەمدەن سەر لەوشارە تێک بدەن لە بەرپرسانى حزبى و حکومى ، تەمەنى کارو کەسایەتیان درێژ نابێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت