بەختیار شارەزورى : ئایا گۆڕان هەمان یارى یەکێتى دووبارە دەکاتەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر لە هەرێمى کوردستاندا کار بکرێت بە ئاراستەى دیموکراتى و دروستکردنى ژینگەیەک کە هەموو دەنگ و ڕەنگەکان هەبێت و لە چوارچێوەى یاسایەکدا جۆرى ململانێکان دیارى کرا بێت ، کێبڕکێکان بۆ گرتنە دەستى دەسەڵات لە چوارچێوەى یاساکاندا بێت ، لە پشتى هەموو ئەم کێبڕکێیانەوە ماف و ئەرکى تاک لە چوارچێوەى یاسادا دیارى کرا بێت ، ئەوا دەبێت بچینەوە سەر بەرنامە و ستراتیژى حیزبەکان ، بزانین کامیان نزیکن لەم پێوەرانەوە ، ئەوە گومانى تێدا نیە هەموو حیزبەکان لە کارنامە و دەستورى حیزبەکانیاندا ئەم پێوەرانە بونى هەیە ، بەڵام پرسیارەکە لێرەدایە ..ئایا کامیان لە ڕوى کردارییەوە کار بەم پێوەرانە دەکات ..؟
خۆ ئەگەر پێشتر لە نێوان پارتى و یەکێتیدا ڕێکەوتننامەى ستراتیژى مۆر کرا بێت ، ئەوا ئەم رَێکەوتنە بە دەنگى خەڵک نەبووە و بە پێ ى ئەنجامى هەڵبژاردن نەبوە ، تەنها ڕێکەوتنێک بووە لە نێوان پارتى و تورکیا و ئێران و یەکێتى بۆ بەشکردنى پۆستەکانى ناو هەرێم و ناو عێراق ، لە دواى ئەم ڕێککەوتنەوە کە کەس نازانێ ڕێکەوتنەکە چۆنە و کامەیە خاڵبەندیەکانى ، ئیتر هەموو هەڵبژاردنەکان زیندە بە چاڵ کران ، بە شێوەیەک خەڵک پەراوێز خرا و دوو حیزب و دوو بنەماڵە بونە بڕیاردەرى هەموو دەسەڵاتەکان ، کار گەیشتە سەندیکاکانیش کە لە پێش دروستبونى بزوتنەوەى گۆڕانەوە هیچیان شەرعیەتیان نەمابوو هەر لە پەرلەمان و سەرۆکایەتى هەرێم و 36 سەندیکاى پیشەیی و پارێزگاکان ، ئەمە لە سایەى ڕێکەوتننامەى ستراتیژیەوە بوو ، کە بە ئارەزوى ئەم دوو حیزبە کەسەکان دادەنران ، زیاتر ئەوانەى لە سەرانى ناو ئەم دوو حیزبەوە نزیک بوون ، ئیتر ئەوەى پێ ى دەوترا ناوەڕۆکى دروشمەکان و ستراتیژى حیزبەکان و دەستورى ناوخۆى حیزبى ببوە گاڵتەجاڕیەک کە ناوەندى پارتى و یەکێتیشى گرتبوەوە ، ئەگەر جار و بار کۆنفرانس یان کۆنگرە بگیرایە جۆرێک بوو لە گاڵتەجاڕى و کارتۆنى ، لە دواى دروست بوونى بزوتنەوەى گۆڕانەوە هەموو ئەم نەخشانە کەوتنە بەر حوکمى گۆڕانکارى ، چونکە بزوتنەوەى گۆڕان توانى تاک و خەڵک بکاتە چاودێرێکى بەهێز بە سەر هەموو دامەزراوە حکومى و حیزبى و سەندیکاکانەوە ، بە جۆرێک خۆشى گرتەوە ، کە دەبێت هەموو حیزبەکان بگڕێنەوە بۆ سندوقەکانى دەنگدان و بکەونە بەر حوکمى خەڵک ، واتا خەڵک بڕیار دەر بێت لەسەر گۆڕینى ڕەنگ و دەم و چاوەکانى دەسەڵات ، لێرەوە ڕێکەوتننامەى ستراتیژى وەک بەشێک لە ئیفلیج کردنى قۆناغێک کۆتاى دێت و قۆناغێکى تر بە ڕابەرایەتى بزوتنەوەى گۆڕان دێتە کایەوە ، ئا لێرەوە ئەگەر لە ستراتیژى بزوتنەوەى گۆڕاندا کار بکرێت بە ئاراستەى بە دیمکراتى کردنى ئەم هەرێمە ، ئەوا دەبێت لە ئامانجە کرداریەکانى بزوتنەوەى گۆڕان تێبگەین ، کە یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانى گەڕانەوەیە بۆ دەنگى هاوڵاتیان و ئەوان خاوەنى بڕیار بن لەسەر حیزبەکان لە ڕێى دەنگییان و سندوقەکانى هەڵبژاردنەوە ، تا بتوانن هاونیشتمانى بوون بکەنە سەرەتاى گۆڕینى قۆناغێکى نوێ و کار بۆ بە نیشتمانى کردنى دام و دەزگاکانى حکومى و دامەزارەوکان بکەن .
لێرەوە دەچینە سەر ئەو پرسیارە سەرەکیەى کە ئێستە لاى هاوڵاتیان دروست بووە ، کە گۆڕان لەگەڵ پارتى ڕێکدەکەوێ بە واتاى پاشکۆیەتى و هەمان هەڵەى یەکێتى دووبارە دەکاتەوە ..؟ کە تا ئێستا وەڵامەکان تینوێتى ئەم پرسیارەیان نەشکاندووە ، وەڵامەکان تێرکەرى پرسیارەکان نەبون ، کە ئەگەر بەکورتى وەڵاى بدەینەوە ، ئەوا رێکەوتننامەى ستراتیژى نە بە نوسرا و هەیە و نە بە دەنگى خەڵک و حوکمى سندوقەکانى دەنگدان بووە ، تەنها ڕێکەوتن بووە لە نێوان سەرانى دوو حیزبدا ، بەڵام ڕێککەوتنى گۆڕان لەگەڵ پارتى ڕێککەوتنە لە سەر بڕیاى خەڵک و دەنگى خەڵک و بە ئیستحقاق و ئەنجامى هەڵبژاردن بووە کە دەکاتە دەنگى هاوڵاتى ، بە شێوەیەک گۆڕان کە ئۆپۆزسیۆن بووە کارى کردوە بە ئاراستەى چونە ناو دەسەڵاتەوە بۆ ئەوەى تەحقیقى ئامانجەکانى لە دەسەڵاتەوە بکات ، وە باوەڕى بە ئامانجى دیموکراتى بووە کە بە پێ ى بنەماکانى دیموکراتى و سیاسەت کردن ، دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەو هێزانەدا بکات کە دەنگیان هێناوە ، ئەمەش بەو واتایە دێت کە حسابکردنە بۆ دەنگى هاوڵاتى ، ئیتر هەر حیزبێک دەنگى ئەو هاوڵاتیانەى هێنا بێت دەبێت مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت ، بەم پێوەرانە پارتى 38 کورسى هێناوە با واى دابنێن کە 5 کورسى ساختەیە [ کە ئەم بۆچونە هەیە] ئەو کات پارتى هەر زۆرینەیە کە بە پێ ى حوکمى دیمکراتى و سندوقەکانى هەڵبژاردن دەبێت پارتى وەک قەوارەى براوەى یەکەم حکومەت پێک بهێنى و زۆرینەى بەربکەوێ ، گۆڕان کاتێک مامەڵە لەگەڵ ئەم پێوەرانەدا دەکات واتا حساب بۆ دەنگى بەشێکى گەورە لە دەنگى خەڵک دەکات …… لە پێکهاتەى پەیکەرى بزوتنەوەى گۆڕانیشدا خەڵک پێکهاتەى سەرەکى ئەم بزوتنەوەیە ، بە واتایەکى تر کاتێک پارتى دەنگى زۆرینەیە دەبێت گۆڕان مامەڵەى لەگەڵدا بکات ، خۆ ئەگەر هەر حیزبێک زۆرینە بوایە ئەوا دەبوو گۆڕان مامەڵەى سەرەکى لەگەڵ بکردایە ، چونکە ئەوە دەنگى خەڵکە و دەبێت ڕێزى لێبگیرێ ، بەم واتایانە ڕێکەوتنى پارتى و گۆڕان ڕێکەتن بووە لەسەر ئیستحقاق و ئەنجامەکانى هەڵبژاردن نەک ڕێکەوتنى نهێنى ، وە بە عەلەنى ئاشکرا ئەمە کراوە بە نوسرا و بە بەر چاوى میدیاکانەوە بووە ، هەموو ئەمانە پابەند بونە بە دەنگى هاوڵاتیانەوە .
بە دیویکى تردا ئەگەر باس لە حکومەتى نیشتمانى بکرێت ئەوا گۆڕان ویستویەتى مامەڵە لەگەَل هەموو حیزبەکاندا بکات بە پێ ى قەبارەى خۆیان ، گۆڕان ویستویەتى گفتوگۆ لەگەڵ هەموو قەوارەکاندا بکات ، ئەوە یەکێتى بووە کە نایەوێ گفتوگۆ بکات ، دەیەوێت هەر لەسەر پێوەرى ڕێککەوتننامەى ستراتیژى کار بکات ، ئەگینا هەمومان دەزانین کە یەکێتى هێزى دووەمە و ئەگەر بمانەوێ حکومەتى نیشتمانى دروست ببێت بە بێ یەکێتى وەک هێزى دووەم ناکرێت ، بۆیە پێویستە لەم قۆناغەدا کە داواى چوار ساڵى هێمنى و پڕ لە چاودێرى گشتى دەکەین ، دەبێت هەموو هێزەکان بە هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانەوە کار بکەن بە ئاراستەى بە نیشتمانى کردنى سەرجەم دام و دەزگاکان و قبوڵ کردنى یەکتر و گەڕانەوە بۆ دەنگى هاوڵاتى و حوکمى سندوقەکانى دەنگدان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت