عەتا قەرەداخی : حکومەتی یەکێتی نیشتیمانی یان حکومەتی پێکەوە نەگونجاوەکان !

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێستا ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەبەردەم دوو بۆچووندا راماوین ، ئایا حکومەتی یەکێتی نیشتیمانی پێویستە ، یان حکومەتی زۆرینەو بوونی ئۆپۆزسیۆن ؟ رەنگە کۆمەڵگەى کوردی چ لەسەر ئاستی خەڵک و جەماوەر ، چ لەسەر ئاستی نوخبەی رۆشنبیرو سیاسی ، چ لەسەر ئاستی حیزب و رێکخراوە سیاسیەکان ، لەم رووەوە دابەش ببن بەسەر دوو تەوەردا ، تەوەی لایەنگری حکومەتی یەکێتی نیشتیمانی کە سەرجەمی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن کۆبکاتەوە، یان تەوەری حکومەتی زۆرینە کە لەمەشیاندا زۆرینە حکومەت پێکبهێنێت و لەبەرامبەریشدا ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی بوونی هەبێت . دیسان لێرەشدا لە رووی ژمارەوە بوونی ئەو ئۆپۆزسیۆنە گرنگە چونکە ئۆپۆزسیۆنی بە ژمارە کەم ناتوانێت رۆڵ و کاریگەرییەکی ئەوتۆی هەبێت . هەروەها ئێستا پرسیارێکی تر سەرهەڵدەدات ئەویش ئەوەیە ئایا هیچ لایەنێکی براوەى هەڵبژاردنەکان لە خۆی رادەبینێت کە ببێـە ئۆپۆزسیۆن ، یان بە شێوەیەکی تر ئایا هیچ کام لە لایەنە براوەکانی پەرلەمان بڕوایان بەوە هەیە لە ئێستادا ببنە ئۆپۆزسیۆن ؟ ئایا کامیان بۆ ئێستای کورد گرنگە حکومەتی یەکێتی نیشتیمانی یان حکومەتی زۆرینە ؟
ئەوە ئاشکرایە لە مێژووی بزووتنەوەکانی کورددا ، هەر لە دەسەڵاتە ناوچەییەکان و پاشتریش دەسەڵاتی میرنشینەکانەوە تا دەگاتە راپەڕین و بزووتنەوەکانی کوردو ، دەسەڵاتدارییەکەی شێخ مەحموودو دواتریش ، یەکێک لە هۆکارە سەرکییەکانی شکستی کورد نەبوونی یەکێتی و یەکبوون بووە . هەروەک ئەوەش ئاشکرایە یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی کورد ، یەکێتی و یەکبوونەو ئەستەمە کورد بەبێ یەکێتی و یەکبوونی نەتەوەیی بتوانێت هەنگاوى جیدی بۆ هاتنە ناو مێژوو بنێت. کەواتە دەشێ لێرەدا بپرسین چ پەیوەندییەک هەیە لە نێوان حکومەتی یەکێتی نیشتیمانی و یەکێتی و یەکبوونی نەتەوەیدا ؟ دیارە دەکرێت ئەم بۆچوونە بە شێوەیەکی تریش دابڕیژرێت ئەویش ئەوەیە ئایا دەشێ لە پێکهاتنی حکومەتی یەکێتی نیشتیمانیدا شتێک بەرهەم بێت بە ناوی گوتاری نەتەوەیی کوردی ، یان بەلایەنی کەمەوە گوتاری هەرێمایەتی کە مەبەست لەمەش بەرهەمهێینانی گوتارێکی یەکگرتووە لە چوارچێوەى باشووری کوردستاندا ؟
بەهەرحاڵ ئەگەر لە باشووری کوردستان حکومەتێکی وەها پێکبێت کە هەمووان تیایدا بەشداربن و هەمووان بە حکومەتی خۆیانی بزانن و لەسەرووى هەموو ئەوانەشەوە ئەو حکومەتە ببێتە حکومەتی هاووڵاتی بەو مانایەی کە فەزایەک درووستبکات ئینتیمای جەماوەر بۆ خۆی بگێڕێتەوە ، کە ئەوەش بە دابینکردنی ژیانێکی شەرەفمەندانە بۆ هەمووان دەبێت ، بە جۆرێک کە هاووڵاتیان هەست بە غوبن نەکەن ، ئەوە پێشبینی ئومێدێک دەکرێت بۆ جۆرێک لە یەکبوون . دیارە ئەوەش پێش هەموو شتێک بە فەراهەمکردنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانی دەبێت لە هەموو ئاستەکاندا . ئەمەش پێویستی بە کۆمەڵێک بنەما هەیە کە دەبێ کۆی ئەو حیزب و لایەنانەی کە لەو حکومەتەدا بەشدار دەبن نەک هەر لەسەری رێک بکەون بەڵکو دەبێت بە کردەوە جێبەجێی بکەن . لەسەرووى هەموویانەوە پەیوەستبوونی تەواوەتی بە بەرژەوەندییەکانی کوردەوە وەکو نەتەوەو بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکەوە وەکو جەماوەری خەڵکی کوردستان . بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ ئینتیمای یەکەم بۆ حکومەتەکەو نیشتیمان و نەتەوەو جەماوەرەکەی بێت . ئەمەش تەنیا کاتێک فەراهەم دەبێت کە کۆی لایەنەکانی پێکهێنەری ئەو حکومەتە پەیوەستبن بە بڕیارەکانی ئەو حکومەتەوە کە خۆیان پێشتر لە کارنامەى حکومەتدا لەسەری رێک دەکەون . نەک وەکو هێستا هەر لایەنەو دەوڵەتێکی دەرەوە بەرنامەی بۆ دابنێت ، یان بە پشتی ئەو بجوڵێت . بە تایبەتی ئەو بارودۆخەی ئێستا کە بە ئاشکرا دیارە ئێران و تورکیا بە تەواوی کۆنترۆڵی بڕیاری کوردییان کردووەو بە ئاشکرا دیارە کە زۆرینەى حیزب و لایەنەکانی کوردستان لە سایەى هەژموونی ئەو دوو دەوڵەتەدا دەجوڵێن کە ئەمەش نەک لەگەڵ بنەماکانی حکومەتی یەکێتی نیشتیمانی خاوەن بڕیاردا یەکناگرێتەوە ، بەڵکو لەگەڵ سادەترین بنەمای سەروەری نەتەوەیی و نیشتیمانیدا ناکۆکەکە . بۆیە لێرەوە من وایدەبینم لە ناوەوەڕا زەمینەو ویستێکی بابەتیانەی بەهێز بۆ پێکهێنانی حکومەتی یەکێتی نیشتیمانی بەو خاسێتانەوە کە لەسەرەوە باسمان کردن بوونی نییە . بە تایبەتیش لەبەر دوو هۆکار یەکەمیان ئەو وابەستەیی و پاشکۆیەتیەی کە بەشێک لە حیزب و لایەنەکانی باشووری کوردستان بۆ دەوڵەتانی دەوروبەر هەیانە ، بە جۆرێک کە لە هەندێ ئاستدا هەست دەکرێت ئامادەبوونی کوردی و بڕیاری کوردی تیایاندا زۆر لاوازەو هەندێ جار پەنابردنی هەندێ لایەنی کوردی بۆ ئەملاو ئەولا بە تەواوى پاشکۆیەتی ئەو لایەنانە دەردەخات بە جۆرێک لەبەرچاوی جەماوەر وەکو پاشکۆی تەواوەتی ئەو دەوڵەتانە دەربکەون کە لە وڵاتەکەى خۆیاندا بە ئاگرو ئاسن مامەڵەى کورد دەکەن و رۆژانە زوحاک ئاسا خوێنی لاوی کورد دەڕژن .
بەربەستێکی سەختی تر لەبەردەمی پێکهێنانی حکومەتێکی یەکێتی نیشتیمانی خاوەن شووناسدا ، کێشەى ئاشکرای تاکو ئێستا یەکتر قبوڵنەکردنی حیزب و لایەنەکانی باشووری کوردستانە . بە تایبەتی ناکۆکی تاکەکەسی و خێڵەکیانەى نێوان نوخبەى سیاسی کوردی کە تاکو ئێستا نەیانتوانیووە وەکو حیزب و رێکخراو و نوخبەى سیاسی نێو کۆمەڵگەیەکی شارستانی مامەڵەى یەکتر بکەن ، بە جۆرێک کە جیاوازییەکانیان لەبەرامبەر یەکتردا دیاربێت و لەسەر بنەمای ئەو جیاوازییانەش پێکەوە کاربکەن . کێشەى ئەم نوخبە سیاسیە کە بەردەوام واقیعی کۆمەڵگەی کوردەوارییان بە رق و کینە خێڵکیەکانی خۆیان و بە گیانی تۆلەکردنەوە بارگاوی کردووە ، زەمینەیەکی روو لە تەقینەوەی ئەوتۆیان ئامادە کردووە کە تیایدا خاڵیکردنەوەى ئەو بارگەیە هەروا کارێکی ئاسان نییە . لەوەش ترسناکتر ئەوەیە کە ئەم مێژووە ترسناک و پڕ لە خەوشەیان بۆ نەوەکانی دوای خۆیشیان گواستۆتەوەو نەوەى نوێیان بە جۆرێک پەروەردە کردووەو دەکەن کە هەمان شێوەى خۆیان هەڵگری هەمان رق و کینەو گیانی خێلگەری و تۆڵە سەندنەوە بێت ، بۆیە ئەگەری درووستبوونی زەمینەیەکی تەندرووست لە کوردستاندا بۆ پێکەوە ژیان ئەگەرێکی زۆر لاوازەو هەر بەو پێیەش ئەگەری درووستبوونی حکومەتی یەکێتی نیشتیمانی بە جۆرێک کە حکومەتێکی کارا بێت ئەگەرێکی لاوازە . کۆکردنەوەى کۆمەڵێ لایەن لە حکومەتێکدا کە لە راستیدا بنەمای پێکەوەژیان و پێکەوە هەڵکردنێکی بابەتیانە لە نێوانیاندا زۆر لاوازبێت ، چاوەڕوانی ئەوەى لێناکرێت بەرهەمێکی ئەوتۆی هەبێت .
کەواتە لە کاتێکدا وەکو لەسەرەوە باسمان کرد ئەگەری درووستبوونی حکومەتێکی یەکێتی نیشتیمانی کارا ئەگەرێکی لاواز بێت ، کەواتە ئەڵتەرنایتیڤ چیە ؟ هەڵەبەت دەشێ حکومەت لە نێوان لایەنە براوەکانی هەڵبژاردندا بە فشاری دەوڵەتانی ئەملاو ئەولا درووست بکرێت ، بەڵام لە راستیدا ئەوە حکومەتی یەکێتی نیشتیمانی نییە . ئەو حکومەتانەى کە لە دەساڵی رابردوودا لە عێراقدا بە رێکەوتنی دەوڵەتانی خاوەن هەژموونی ناوچەکەو ئەمەریکا پێکهاتوون ، ناویان لێناون حکومەتی یەکێتی نیشتیمانی ، بەڵام ئایا ئەوانە حکومەتی یەکێتی نیشتیمانی بوون یان حکومەتی دژە لەگەڵ یەک نەگونجاوەکان ؟ ئەو حکومەتەى کە لە کوردستانیشدا بە تەماین پاشی حەوت مانگ لە هەڵبژاردن درووستی بکەین ، یان ناچارمان بکەن درووستی بکەین ، پێموایە بە شێوەیەک لە شێوەکان نزیک لە حکومەتەکانی ئەم دەساڵەى رابردووی عێراق دەبێت . واتە حکومەتی لاوازو ناکارا ، چونکە ئاشکرایە هەر پێکهاتەیەک چ فیزیکی بێت یان مەعنەوی ، ئەگەر یەکێتیەکی ناوخۆی بەهێزو پتەوی نەبێت ، بەرهەمهێن نابێت . بۆیە دەشێ حکومەتی نێوان لایەنە براوەکان لە کوردستان درووست بکرێت بەڵام پێموایە بەم عەقڵیەت و تێڕوانینەى کە کۆی لایەنەکان بۆ یەکتر هەیانەو ئەو تێڕوانینەشی کە هەر چوار لایەنەکەی تر بۆ پارتی هەیانە کە بە حیزبێکی کۆنترۆڵکەرو دیکتاتۆرو بنەماڵەیی دەزانن و بەردەوامیش باسی دەکەن و ئاستەکانی خوارەوەى خۆیشیان بەو عەقڵیەتە پەروەردە دەکەن کە پارتی رێگرو بەربەستە لەبەردەم ئازادی و دیموکراسی و یەکسانی و شەفافیەت و تەنانەت یەکێتی نەتەوەیشدا ، چاوەڕوانی ئەوەى لێناکرێت کە حکومەتێکی کاراو بێت . کەواتە ئەوە ئەگەرێکی لاوازە کە حکومەتی ئەم پێنج لایەنە پێکەوە لە رووی نەتەوەیی و نیشتیمانی و درووستکردنی هێمنی و ئاسایشەوە بەرهەمهێن بێت ، چونکە جەستەیەک کە سازاندن و گونجاندن لە نێو پێکهاتەکانیدا نەبێت نەجەستەیەکی تەندرووست دەبێت نە بەرهەمی تەندرووستیشی دەبێت .
کەواتە ئەگەر ئەمە ئەو حکومەتە بێت کە هاووڵاتیانی باشووری کوردستان چاوەڕوانی پێکهێنانی دەکەن ، ئەوا دەشێ جارێکی تریش لێدانێکی بەهێزو ترسناک بەر هەست و چاوەڕوانییەکانی جەماوەر بکەوێت و ئەوەش ئەوەندەى تر بێئومێدیان بکات و ئاستی ئینتیماش ئەوەندەى تر هەرەس پێبهێنێت . بۆیە من وای بۆدەچم حکومەتی زۆرینە باشترین هەڵبژاردەیە بۆ هەرێمی کوردستان ، چونکە بوونی ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوەى حکومەت ئەگەر کاریگەرییەکانیشی کەم بێت لەلایەک زۆر لەوە باشترە بوونی نەبێت ، لەلایەکی تریشەوە ئەگەر حکومەتی زۆرینە پێکبێت ئەوا جەستەی ئەو حکومەتەى کە پێکدێت بریتی نابێت لە کۆمەڵێک دژ کە بەرئەنجامی کارکردنیان بریتی بێت لە سفر . دیارە پارتی وەکو هێزی یەکەم دەیەوێت هەموو ئەم لایەنانە بباتە ناو حکومەتەکەیەوە بۆ ئەوەی دەنگی بەهێزی دژ لە دەرەوەى حکومەتەکەى نەهێڵێت و بەلێکدانەوەى خۆی هەموو دەنگەکانی دەرەوەى جکومەت کپ بکات ، دیارە رەنگە لەم هەنگاوەدا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت بەڵام وەکو پێشتر گوتمان دژەکان دەباتە ناو جەستەى حکومەتەکەوە . ئێستا پرسیار ئەوەیە ئایا دەتوانێت لە ناو حکومەتەکەیدا کۆنترۆڵی ئەو هەموو دژە بکات و جەستیەکی کش و مات درووست بکات ؟ بە گوێرەى ئەو لایەنانەى تریش کە باسی ئەوە دەکەن لە ناو حکومەتیشدا ئەوان هەر رۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەبینن ، ئەگەر لەو کارەیاندا سەرکەوتوو بوون ئەوە حکومەتەکە حکومەتی فەوزاو ناکۆکی و نەگونجان دەبێت ، ئەگەر سەرکەوتووش نەبوون ئەوا پارتی دەنگی هەموویان دەخنکێنێت و سیاسەت و بەرنامەی خۆی بەسەر هەموویاندا دەسەپێنێت . دیارە داهاتوو لە پێشمانەو رەوتی رووداوەکانیش شەرم لەکەس ناکات ، کەواتە با چاوەڕوان بین .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت