talaban-u-Newshirwan

عیماد عەلی : دەستاودەستکردنی دەسەڵات بە هاوپەیمانێتی یەکێتی و گۆڕان دەکرا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ریککەوتنی پارتی و گۆڕان توشی دڵەراوکێی کردم ، نەک لەبەر ئەوەی ئەو دوو حزبە رێککەوتون یان بە پێی قسەی هەردولا بە برابەشی دەسەڵات دەبەن بەرێوە و لە خزمەتی خەڵکدا دەبن ، بەڵکو بە خوێدنەوەی واقعی کوردستان و چۆنێتی بیرکردنەوەی سیاسەتمەدار و خەڵکیش تا دێت بارودۆخەکە ئاڵۆز دەبێت و ئەگەری زۆریش لەئارادادەبێت هەرێمی کوردستان بگەرێتەوە چوارگۆشە سەرەتاییەکەی نەوەدەکان و ململانێی سەخت و پاشقول لەیەکگرتن و پەنابردنەبەر توندوتیژی .
ئەگەر بەهاوکێشەیەکی زانستیانە بارودۆخە چاوەروانکراوەکەی کوردستان بخوێنینەوە، لەدەرئەنجامدا بەرونی بۆمان دەردەکەوێت کەئارامی دەلەرزێت و پەیوەندیە هەمەجۆرەکان دەشڵەژێت ، ئەگەر ئەو کارتانەی بەدەست لایەنە سەرەکیەکانەوەیە هەریەکە لای خۆیەوە بەکاری بێنێت حوکمێکی سەقامگیر نابینرێت و دەشێت رۆژانە چاوەروانی ئەگەری جۆراوجۆری تازە بین لەهەموو بوارەکاندا.
تا رادەیەکی باش هێزو پارە لای یەکێتی و پارتیە و راگەیاندن و جەماوەرێتیش لای گۆڕان ، ئەگەر لەو بارەوە لاسەنگی هەبێت ، لایەک لە دەسەڵات دوربخرێتەوە، بە پێی بیرکردنەوەی ئێستایان ، دەبێت چاوەروانی ئەوەبین کە هەمیشە نسکۆ و دارمان یەکێک لە ئەگەرەکان دەبێت .
لەلایەکەوە ، ئەگەر پارتی تائێستا بێخەم و بە چەند ژمارەیەکی بچوکی کورسی زیاتر لەهەر یەک لە گۆڕان و یەکێتی لە سەر بنەمای ناکۆکی نێوان لایەنەکان خۆی لەهەموان کردبێت بە برا گەورە و بە خشکەیی بۆچونەکانی بەو رێرەوەوە سەپاندبێت و، ئەو وەک خاوەن ماڵ خێری دەسەڵات بەسەر لایەنەکاندا ببەخشێتەوە و ، وردە وردە بیەوێت لە چەند رێگایەکەوە تەوژم و باڵی سیاسی خۆی بەسەر کوردستاندا بکێشێت ، ئامانجی ستراتیجییشی قوڵکردنی ناکۆکی نێوان لایەنەکان و کەمکردنەوەی جەماوەرێتیان بێت و لەدوورەوە تەماشایان بکات و لە هەوڵدانی زیاتردابێت بۆ رەزیلکردنیان لە کوردستانداو، وەک فاکتەرێکی سەرەکی بەدێهێنانی ئامانجە نهێنیەکانی ئەو رێگا سیاسیە بەکاربهێنێت ، لە لایەکی ترەوە ، بەهەموو رێگایەک هەوڵ دەدات خەڵکەکە بێ ئومێد بکات لە ژیانی سیاسی کوردستان و لایەنی رەشی لایەنەکانی تر دەردەخات و وادەکات هەرچۆنێک بێت هەمووان بە فەرمانی پارتی رازیبن .
ئەگەر پارتی لەسەر ئەرزی واقیع کە بۆ چەندین ساڵە دەسەڵاتی بەدەستەوەیە بێ ئەوەی بۆ چرکەساتێکیش بیری لە دیموکراسیەت و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی کردبێتەوە ، لەم قۆناغەدا و لێرەوە و لە پاش هەڵبژاردن دەکرا بە ئاسانی رێگە لەیاریە خەتەرناکەکەی پارتی بگیرێت و سنورێک بۆ زیادەرۆییەکانی دابنرێت و لە بوغرایی کەمبکرێتەوە و ، ملکەچی بنەماکانی دیموکراسی بێت و ، هیچ نەبێت راستگۆیی لەو ئیدعایانەی کە بەزارەکی دەیکات تاقی بکرێتەوە .
پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەگەر یەکێتی و گۆڕان هاوپەیمانێتیەکی پەرلەمانیان پێکبهێنایە با بەشێوەیەکی کاتیش بوایە ، واتە گەورەترین کوتلەیان پێکبهێنایە ، ئەوا لە پێکهێنانی حکومەتدا راستگۆیی سەرجەم لایەنەکانیان بۆ خەڵک دەردەخست و باوەربونی تاک بەتاکیان بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات دەردەکەوت و دەسەڵاتی دیموکراسی لە کوردستانیش هەنگاوێک بەر ەو پێشەوە دەچوو . بەڵام ترس لەوە دەبوو، کە یەکێک لەئەگەرە بەهێزەکان ئەوەبو کە بە هیچ جۆرێک پارتی بەوە رازینەدەبوو چونکە پارەو هێز و کارتی زۆری تری بەدەسەتەوەیەو خۆی بە خاوەنی کوردستان دەزانێت ، ئەوکات لە پێکهێنانی حکومەت دوەم کوتلە رادەسپێرا کە پارتیە و لەم ماوەیەدا پێکیدەهێنا و کەسیش لۆمەی لایەنەکانی تری نەدەکرد.
بۆیە لەم هەلەدا نەک دەستاودەست کردنی دەسەڵات تاقینەکرایەوە بەڵکو وابروات سیستمی پاشایەتی و بنەماڵەیی بە یەکجاری بسەپێنرێت . خەڵک حەقی خۆیەتی بە بێ ئومێدی بروانێتە سیستمی سیاسی کوردستان و دوارۆژی گەلەکەی و ، واچاوەروان بکات ئارامی و ئاسایشی کوردستانیش بکەوێتە خەتەرەوە ، بەهیوام وانەبێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت