Dr.-kemal

دکتۆر کەمال میراودەلی: بۆ دەنووسم ؟ .

بۆ دەنووسی؟ گەر بە سادەیی وەریگرین ئەمە پرسیارێکی سادەیە . گەر فەلسەفی وەریگرین دەبێ پرسیار لە خودی پرسیارەکە بکەین . بۆچی دەنووسی؟
ئای کە رەهایی و بێسنووریی تێدایە ! ئەمە مەزندەی ( من) ێک دەکات کە وەک نووسەر بکەرێکی نەگۆڕ بێ ، پرۆسە نەبێ ، سەرەتاو کۆتایی یەک بن ، یان ئایندەی کردىبێتە کۆمەلە ئایدیایەکی لەوەپێشبڕیاردراو ، وەک سازندەی حیزبێک ئایدیۆلۆجیاو پرۆگرام و پێرەوی هەبێت و هەموو هەلێکیش ئەجندای بۆ دیداری داهاتووی هەبێ.
قورساییەکە ئەوەیە کە من شیعر بنووسم ، کە بەردەوام دەینووسم گەر بلاویشی نەکەمەوە ، نازانم ئەو دیدارە کەیە ، لەگەڵ کێیە ، لە کوێیە ، ئەجندای چییە ، چی لێ شین دەبێتەوە ، باوەڕ دەکەی شیعر بۆ من ئاوایە . زۆربەی جار هەست دەکەم شیعر دەمنووسێ نەک دەینووسم . ئەو هەستانە، بیرانە ، وشانە ، داڕشتنانە ، مۆسیقاو میلۆدی ، سۆزو ساز ، وێنەو رەنگ ، لە کوێوە دێن ؟ بابەتەکانی دی ، بە تایبەتی وتاری سیاسیی ، تەواو پێچەوانەی ئەوەیە ، هەست دەکەم هێزێکی بابەتی دەرەوەیی : مێژوویەک ، جوگرافیایەک ، سەردەمێک ، هۆکارە .
وەک ئەرک بە نابەدڵیی رامدەکێشێ ، زۆرم لێدەکا دەبێ بنووسم . چونکە پرسیارێ هەیە کە نەپرسراوە ، پرسێ هەیە وەلام نەدراوەتەوە ، راستییەک هەیە دەخنکێنرێ . ئەوە ئەرکە، ئازارە و پەیامە . حەزیشی لی ناکەم بەلام دیسان وەلامی بانگەوازێکە نازانم لە کوێوە دێ : دەمکا بە ئامرازی خۆی ، پێم دەڵێ : بەس تۆ دەتوانی ئەمە بڵێی ، چونکە کەسی دی ئامادە نییە بیڵێ . یان وەک تۆ نایڵێ . جۆری سێیەم : نووسینی باسی ئەکادیمی جیایە : ئەمە بیرۆکەو پرۆژەو بەرنامەو سەرچاوەو میتۆدو چوارچێوەو کارنامەو کاتبەندیی دەوێ . ئەوە بابەتەکەو میتۆدەکەت ، کەرەسەو سەرچاوەکانت ، دیاری دەکەن بە کوێ دەگەی . دیسان: هەر نووسەریک قۆناغی نووسینی هەیە ، تەمەنی نووسینی هەیە ، ناتوانم ئێستا وەلامی نووسینەکانی هەرزەکارییم بدەمەوە بۆچی نووسیومن. ئەمانە راستە بەشیکن لە من ، بەلام مەخلوقی ئازادن رەنگە باوەر بە تیۆریزەکردنی من بۆیان نەکەن . رەنگە نەشتوانم وەلامی ( تیلۆس) ی واتە ئامانجی نووسینەکانی سبەینێ ، حەفتەی دادێ ، سالێکی تر یان زیاتر بدەمەوە کە ئەوسا بۆ دەنووسم . نووسین خۆی هوشیاریی ، کەرەسە ، میتۆد ، ئامانجی خۆی هەیە کە لە فەزایەک و زەمەنێکی تایبەتیدا من دەکاتە ئامراز . ئایا ئەمە هەمووی مانای وایە ، نووسین جیایە لە خودی نووسەر ؟ نا ، بەلام لای من جیایە لە بەرنامەی لەوەپێش . بەلام جیا نییە لە خودم ، هەستم ، بیرکردنەوەم ، موعاناتم ، خەونەکانم . ئەزموونی کەڵەکەبووی رۆژانەو شەوانەم . بەکورتی لە بوونیاریی بوویەک کە ناوی ( کەمال میراودەلی) یە . ئەمانەن ئاخری ، گەر نەشزانم بە چ میکانیزمێک ، دەبنە هۆکارو کەرەسەو پەیامی دەقە جۆراوجۆرەکان. دوای ئەمە ، گەر بمەوێ رابمێنم و لە خۆم بپرسم ؛ ئەرێ بەراست بۆچی دەنووسی؟ بۆ ئەو قەلەمە لە پەنجەی دڵ و مێشکت جیا نابێتەوە ؟ بۆ کۆل نادەی و خولیایەکی دی ، هەر خولیایەک ، ناکەی بە هاودەمێکی هاوساز تر ؟ بەڵێ : لەم پرسە راماوم و وەلامەکەشم تا رادەیەک ئاشنا کردووە : هەست دەکەم بە پلەی یەکەم بۆ ئازادییی دەنووسم . ئازادیی خۆم وەک هەڵبژاردەیەکی چارەنووسیی ، بۆ پراکتیزە کردنی ئازادیییەکەم وەک مرۆڤی هەستدارو هۆشمەند ، بۆ بەرجەستەکردنی ئەوەی بوونەوەرێکی تەواو ئازادم و هیچ سنووربەندییەکی سیاسیی ، کۆمەڵی ، ئایدیۆلۆجی , رۆحیی قبووڵ ناکەم . ئازادیی رەها ، کە دەشی پێی بڵێـم : ئازادیی رۆح بەلام ئازادیی ویژدان بە دروستتر دەزانم .
ئازادیی ویژدان جەوهەرترین ئازادیییە بۆ مرۆڤ: ئازادیی ئەوەی پێگەشەی [ پۆتێنشیاڵی] بوونیاریی ( وجودیی) مرۆڤبوونت بەدەستبێنی و دەریبڕی . ئەمە زیاترو باڵاترە لە ئازادیی عەقڵیی . ئەمەیان خۆی کۆدژە : ئازادیی و عەقڵ هەموو دەمێ کۆ نابنەوە. مانای ئەسڵی وشەی عەقڵ – ی عەرەبی ، رێشمە یان پەتکی بەستنەوەیە نەک ئازادییی . دیارە وەک چەمک بە تایبەتی دوای فەلسەفەی عەقلانی ئەرستۆ و دواتر ، دوای رۆشنگەریی ئەوروپایی ، عەقل کۆزانێکی تازەی وەرگرت وەک ئامرازێک بە دەست مرۆڤەوە بۆ کۆنترۆلی سروشت و پێشکەوتنی فەلسەفیی و زانستی وشارستانی . وەک دەبینن هێشتا بیری کۆنترۆل بەشێکە لە کۆزانی عەقڵ . رەشنالیزم – یش وەک عەقلانییەت ، مانای پێوەندی رێژەیی شتەکان دەگەیەنێ . بوونیان وەک کۆبەند. جگە لە مەش عەقل بە ئامانجەوە بەندە : بۆیە ئامرازی ئامانجەکەیەتی گەر چی ئەو ئامانجەش خۆی بە رامانی رێژەیی شتەکان دیاریکردبێ ، بەم جۆرە دەشێ عەقڵ سنوورێکیش بۆ ئازادیی دابنێ ، بۆت بلوێنی پاکانە بۆ هەڵبژاردە نائازادەکانی خۆت بکەی ، پێت بلێ : راستە ئەمە راستە بەلام کاتی وتنی نییە ، هەلومەرجی بۆ نەرەخساوە ، سەر بە هەرێمێکە هێشتا جوگرافیاکەی نەزانراوە. لەو کاتانەدا من گوێ لە ویژدانم دەگرم ، ئەو ئازادیی بوونیاریی تەواوم دەداتێ ، گوتاری ویژدانم لە سەرووی گوتاری عەقلەوەیە . عەقڵ دەبێ خزمەتی مەبەست و خواست و راستییەکانی ویژدان بکا نەک بە پێچەوانەوە . گەر ویژدانم وتی: بنووسە واتە ببە ، ناتوانم نەبوون هەڵبژێرم . لەمەدا بە شێوەیەکی رەها هیچ بەرژەوەندییەکی ماددی ، سوودمەندیی ، خۆخوازیی لە نووسینەکانما نییە ، ویژداننامەیەکی سافن . دووفاقترین نووسەر ئەوانەن ویژدانیان دەخەنە ژێر پێوە ئەوسا بە عەقڵ تیۆری خۆهەڵخەلەتاندن و فریوادنی ئەوی دیی بۆ پاکانەی کوشتنی ویژدان دادەنێن .
بەڵێ ؛ ئازادیی ئاستی یەکەمی هۆکاری بوونیاریی نووسینمە . ئاستی دووەم : مانا یە ، مانایەک بۆ ژیان و بۆ شتەکان و بۆ مۆڵەتی بوونمان لە سەر ئەم زەمینە . ئازادییە ویژدانییەکەیە کە لای من مانا بە بوونم دەدا . لەم ئازادییەدایە ئەوانی دی دەدۆزمەوەو هاوهەستیی لە گەڵیان دادەمەزرێنم. ئاستی سێیەم : دیارە نەمری یە . مۆڵەتی بوونمان بە سەختی کاتبەندە . سێبەری مەرگ لە گەڵ یەکەم چریکەو یەکەم چرپەو یەکەم قاقا وە بە دوامانەوەیە . ئازادیی ، مانا ، مەودام دەداتێ هەمیشە بێ ترس لە پێش ئەو سێبەرەوە بڕۆم ، کە گەیشتیش نەتوانی زەفەر بە مانا بەرێ . دەشێ ئەمەش فانتازیایەکی بوونیاریی بێ تا بەردەوام خۆمان لە خۆمان هەڵبێێن یان خودی هەڵاتوو- و ترساومان لەگەڵ خۆمان ئاشت بکەینەوە . هەرچۆنێ بێ ئەو یەقینەمان هەیە کە ئازادیی و مانا ، جەوهەری بوونن و ئەو جەوهەرەش بۆ پالەوانانی ئایندەی هەبوو- نەبووە کە بە نەمری دەمێنێتەوە. بە کورتی بۆ پاراستن و سەلماندنی ئازادیی ویژدانیی ، بۆ دانی مانایەک بە مۆڵەتی خەیاڵییانەی بوونم لەم سەر زەمینە ، بۆ تۆمارکردنی وشەی نەمریی لە سەر ناوچەوانی زەمەن: دەنووسم . دەبێ ئەوەش بلێم کە باسی ئازادیی ویژدانیی دەکەم باسی خۆشەویستی مرۆڤ دەکەم . بانگەوازو سەرچاوە نادیارەکانی هەموو جۆرە نووسینەکان لەو ویژادنی ئازادەوە دێن ، لە خۆشەوسیتی رەها بۆ راستیی و جوانیی و داد.

======================

[ ئەم بابەتە یەکەمجار وەک وەلامێک بۆ پرسیارێکی چاوپێکەوتنێکی کاک پێشەوا محەممەد لە ساڵی ٢٠١٢ ەدا نووسراوە و لە پاشکۆی چاودێری رەخنەیی دا بلاوبۆتەوە ]

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies