لوقمان غەفوور : سەنگەر گواستنەوە ، ئابڕووچوونە گەورەکە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

میدیا ئەهلییەکان لەماوەی ئەم دوو هەفتەیەدا پێمان دەڵێن ، تائێسا زیاد لە 10 کادری باڵای یەکێتی سەنگەریان گواستۆتەوە و 2 کەسیش لەگۆڕانەوە بۆ ناو یەکێتی .
گریمان ئەم سەنگەرگواستنەوانە با لەیەکێتییەوە نەبێت بۆ ناو پارتی و لەگۆڕانەوە نەبێت بۆ ناو یەکێتی ، بەڵکو لەناو پارتییەوە بێت بۆ ناو یەکێتی ، لەم گریمانەیەوە ئەوە دەخەینە بەردەست کە ئەم سەنگەرگواستنەوانە هیچ پەیوەندی بەبنەمای فیکر و گۆرینی بۆچوونەوە نییە ، بەڵکو پەیوەندی بەبەرژەوەندییەکی ماددی تەواوەوە هەیە بەتایبەتی ئاڵوگۆڕ لەنێوان چوون و هاتن لەنێوان ئەو حزبانەی خاوەنی ئابورییەکی باشن لەکوردستاندا، ئەگینا ئەگەر ئەو هێزە فیزیکییە بەرژەوەندخوازییە نەبێت چۆن ئەندامێکی سەرکردایەتی یان کارگێڕی مەڵبەندێک بەچەند هەفتەیەک یۆتۆبیایەک بۆ خۆی دروستدەکات لەحزبێکی تردا، وەک هاورێیەکم کە وەسفی عارف روشدی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بەمشێوەیە کرد کاتێک ئامادەبوو لەناو پارتی دیموکراتدا چاکسازی بکات و لەیەکێتیدا بۆی نەکراوە ، ئەو هاورێیەم ، وتی :” وەک ئەوە وایە عارف روشدی لە مەلوانگەیەکی لاستیکی بچوکی منداڵانەوە بچێت لەدەریایەکدا مەلە بکات و مەلەش نەزانێت “.
ئەمە ئەو نیشانە خراپانەیە کە کۆمەڵی کوردی تێکەوتووە ، دەمانگەرێنێتەوە بۆ دوو قۆناغ یان دوو شێوە لەسەنگەر گواستنەوە ، یەکەمیان سەردەمی جاشایەتی کە چۆن خەڵک هەبوو لێرەوە بەیەک هەنگاو لەنێو ئەفواجەکانی جاشایەتیدا چەکەکەی ئەفراند و دەڕۆیشتە ناو پێشمەرگە ، بەڵام دواتر هەر ئەو کارەکتەرە لەناکاو شەوێک خۆی لەتیپەکەی ئەدزییەوە و تەسلیم بەرژێمی بەعس ئەبۆوە ، وەک ئەوەی نێوان پێشمەرگایەتی و جاشایەتیدا هیچ جیاوازییەکی ریشەیی و ئەخلاقی نەبێت و تەنیا ئەوەندە بەس بێت لەمایکی دەنگی گەلی کوردستانەوە بوترێت فلان کەس لەفەوجی ئەوەندە بەخۆی و چەکەکەیەوە پەیوەندی کرد بەهێزی پێشمەرگەوە ، ئەوکاتە لای هێزە سیاسییەکان لەشاخ پارەو پولێکی لەو شێوەی ئێستا نەبوو ، بۆیە زۆرجار چەکەکەی ئەبوو بەکەرەستەیەکی ماددی بۆیی و هەر لەو دۆڵ و شاخە دەیفرۆشت و بەدەستی بەتاڵ دەگەڕایەوە بۆ ناو رژێمی بەعس، بەڵام دووەمیان لەگەڵ ئەوەی ئەم سەنگەرگۆڕینەوەیەی ئێستا لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا بەرهەمی شەڕی ناوخۆی دوای ساڵانی نەوەدەکانە ، لەهەمانکاتدا بۆ ئەم ساتە وەختەی تەخشان و پەخشانکردنی پارە جگە لەبازرگانییەکی پەتیی هیچی تر نییە ، ئەگینا بێماناییە لەهێزێکەوە کە کەمترین هەناسەی ئازادی تێدا بێت بچینە ناو هێزێکەوە بەدوکەڵی کۆنەخوازی خنکابێت و بڵییت چاکسازی دەکەم لەسیستمی سیاسیدا.
لەهەشتاکاندا دەگمەن بوو پێشمەرگەی لایەنێکی سیاسی بچێتە نێو لایەنێکی ترەوە ، ئەگەر ئەوەش رویدایە زیاتر پەیوەندییەکی سوزداریی و نمایشێکی ساتەوەختی بوو یان پەیوەندی بەفکری ئەو تاکەوە هەبوو بۆ مەسەلە نەتەوایەتی و هێزە سیاسییەکان ، بەڵام بۆ ئەمڕۆ کە تەنیا و تەنیا ماددە لەنێوان هێزە باڵا دەستەکاندا ماوە ئەوە زۆر ئاساییە ، بەتایبەتی لەبانگەشەی هەڵبژاردن و لەچرکەساتی دیاریکراودا باوەش بۆ یەک بکەنەوە، ئەمەش جگە لەپەنایەکی ماددی نەبێت لای ئەو تاکە هیچی تر نییە ، بەدبەختی و هەتیوکەوتن و داماوی حزبە کوردستانییەکانیش لەوەدایە کە هەمووی هەڵدەگرن بۆ کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن و وەک درامایەکی فاشیل بەجەماوەرەکانیان دەفرۆشنەوە .
کۆتا دەتوانم بڵێم وەک چۆن 23 ساڵە ئەم هێزانە لەسەر دڵی خەڵک دەژین ، ئەوەهاش بەم جۆرە درامایانە کارەکتەرە خۆفرۆشەکان نمایش دەکەن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت