Andre-Comte

ئه‌ندرێ کۆمت – سپۆنڤیل : کتێبە گچکەی فەلسەفەو کێشە گه‌وره‌کانی ژیان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نووسینی : فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی ئه‌ندرێ کۆمت – سپۆنڤیل

بەشی سێیەم /

دکتۆر کەمال میراودەلی له‌ ئینگلیزی یه‌وه‌ وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی
چاپی ئینگلیزی : ساڵی ٢٠٠٤ لەلایەن William Hermann ، له‌نده‌ن

بابەتی یەکەم :

(١)
ئەخلاق چییه ‌؟ Ethics

باشترە مرۆڤێکی بەختەوەربی لەوەی بەرازێکی بەختەوەر بی ؛
باشترە کە سۆکراتێکی نابەختەوەر بی لەوەی گەمژەیەکی بەختەوەر بی . ئەگەر بەراز و گەمژەکە بیروڕایەکی جیاوازیان هەبوو ، ئەوە تەنیا لەبەر ئەوەیە کە تەنیا لایەنی خۆیان لە پرسیارەکە دەزانن ، ئەوی دی ، بە به‌راورد ، هەردوو لایەنەکان تێیده‌گه‌ن .
جۆن ستوارت میل John Stuart Mill

خەڵك باوەڕی هەڵەیان دەربارەی ئه‌خلاق هەیە . ئه‌خلاق لە سەرەتاوە بۆ سزادان ، داپڵۆسین و شەرمەزارکردن نەهاتۆتە ئاراوە . بۆ ئەمە دادگا ، پۆلیس و زیندان هەیە ؛ کەس بانگەشەی ئەوە ناکا ئەمانە ئەخلاق رێبەرییان دەکا . سۆکرات لە زینداندا مرد ، بەڵام ئەو زۆر ئازادانەتر لەزیندانەوانەکانی مرد . لێرەدا ، رەنگە ، کە فەلسەفە دەست پێبکا. لێرەوەیە کە ڕەوشتیاریی ، بێ وەستان ، لە هەر یەکێکماندا دەست پێدەکا ؛ لەو خاکەدا کە هیچ سزایەك ئەگەر نییە ، هیچ یاساییکردنێك کاریگەر نییە ، هیچ شەرمەزارکردنێك، بەلای کەمەوە ، شەرمەزارییەك لە دەرەوە ڕاسەپێندرابێ ، پێویست نییە .

ئەخلاق لەو شوێنە دەست پێدەکا کە ئێمە ئازادین : ئەخلاق خودی ئازادیی خۆیەتی ، کاتێ ئەو ئازادییە دەخرێتە بەر باس و کۆنترۆڵ دەکرێ .

تۆ دەچییە ناو دوکانێکەوە .
سیدی CDیەك یان چاکەتێك دەبینی کە حەزی لێ دەکەی و پێتخۆشە بیدزی . بەڵام حەرەس هەیە چاودێری دەکا ، یان سیستمی چاودێری ئەلکترۆنی هەیە سڵی لێ دەکەیتەوە . یان هەر خۆت لەوە دەترسی بگیرێی و سزا بدرێی ، شەرمەزار بکرێی .
لەبەر ئەمانە سڵ لە دزیی کردنه‌که‌ دەکەیتەوە . ئەمە دەستپاکی نییە . ئەمە بەرژەوەندی کەسییە . ئەمە ئەخلاق نییە ؛ ئەمە وریایی و حەز کردنە . ترس لە پۆلیس پێچەوانەی پەسنی ( سیفەتی چاکە ) یان پەسنی ئاگا لە خۆبوونە .
لەلایەکی دیکەوە ، وا خەیاڵ بکە ، کە تۆ ئەو ئەنگوستیلەیەت هەیە کە ئەفلاتون دەربارەی نووسیوە :
ئەنگوستیلە بەناوبانگەکەی جایگز Ring of Gyges کە ئەو توانایەت دەداتێ بەئارەزووی خۆت لەبەرچاوی کەسانی دی خۆت نادیار بکەی . ئەمە ئەنگوستیلەیەکی جادوویی بوو شوانێك دۆزیبوویەوە . تەنیا ئەوەندەی دەویست نقێمەکەی بخەنە سەر بەری دەستی تا بە تەواوی لەبەر چاو ونبێ .. یان هەڵیگێڕێتەوە تا جارێکی دی دەربکەوێتەوە .
تا ئەو کاتەی ئەنگوستیلەکەی دۆزیەوە ، جایگز پیاوێکی سەرڕاست و دەستپاك بوو . بەڵام دوای ئەوە بەرامبەر تەماعکێشی ( أغراء) ی ئەنگوستیلەکە و دەرفەتەکانی دەوڵەمەندبوون ، خۆی پێڕانەگیرا. ئەو هێزە سیحرییەکەی بەکارهێنا و چووە ناو کۆشکی پادشاوە ، شاژنی هەڵخەڵەتاند و پادشای کوشت ، دەسەڵاتی گرتە دەست خۆی بە قۆرخکراویی تەنیا بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاری دێنا.
لە کتێبی ( کۆمار ) ی ئەفلاتون‌دا ئەو کەسەی ئەو چیرۆکە دەگێڕێتەوە ، جەخت لەسەر ئەو ئەنجامە دەکا کە ئەوەی کەسێکی خراپ لە کەسێکی چاك جیا دەکاتەوە ، تەنیا ئاگا لە خۆ بوون و دووڕوویی‌یە . بەواتایەکی تر یان : مرۆڤە چاکەکە گرنگییەکی بێ مانا بەبیر و ڕاو و هەڵوێستی خەڵکی تر دەربارەی ئەو دەدات ( بۆیە نایەوێ یان ناوێرێ کاری خراپ بکات ) یان ئەو شارەزایی و زیرەکییەی هەیە بەدکاریی خۆی بشارێتەوە .
ئەگەر هەردوو پیاو چاکەکە و پیاو خراپەکە ئەنگوستیلەکەی جایگزیان هەبایە ، ئەوا هیچ جیاوازییەك لە نێوانیاندا نەدەبوو ؛ ( هەردووکیان هەمان ڕێگایان دەگرتە بەر ) { واتە بۆ مەبەستی ته‌ماو ئاره‌زوو – و خۆپەرستی خۆیان بەکاریان دەهێنا } .
بەم ئەنجامە ، چیرۆکبێژ پێشنیازی ئەوە دەکا کە ئەخلاق تەنیا جۆرێکە لە وەهم ، درۆیە ، ترسێکە بەرگی چاکە و پەسنی( فه‌زیله‌ت ) پۆشیوە .
ئەو وای لێکدەداتەوە گەر دەسەڵاتی ئەوەمان هەبایە کە خۆمان نادیار بکەین ، هەموو قەدەغەکراوەکان ون دەبوون ، هەر یەکە لە هەوڵی ئەوەدا دەبوو تەنیا خۆشییە شەخسییەکانی خۆیان دابین کەن و خزمەتی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بکەن .
ئایا ئەمە وایە ؟ بێ گومان ، ئەفلاتون ئەم ئەنجامگیرییە بەڕاست نازانێ . بەڵام تۆ ، وەك خۆت ، پێویست ناکا پلاتۆنیست بی ، بەدوای ئەفلاتون و ئایدیاڵەکانی بکەوی . تاقە وەڵامی دروست بۆ ئەو پرسیارە ئەوەیە کە پێوەندی بە تۆوە هەیە ، کە لە ناو تۆدایە ، وا خەیاڵ کە ، لە تاقیکردنەوەیەکی بیرکردنەوەی خۆتدا ، کە تۆ ئەنگوستیلەکەت بەدەستەوەیە . چی دەکەی ؟ چی پێدەکەی ؟ چی ناکەیت ؟
ئایا لەگەڵ ئەم دەسەڵاتەشدا کە ئەنگوستیلەکە دەتداتێ ، تۆ ڕێزی ماڵ و موڵکی خەڵك دەگریت ؟ ڕێزی ژیانی تایبەتی و خێزانییان ، پاراستنی نهێنییەکانیان ، ئازادییەکانیان ، کەرامەتیان ، ژیانیان ؟ کەس ناتوانێ لەجیاتی تۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە . ئەمانە بەتەواوەتی پێوەندیان بەخودی خۆتەوە هەیە . هەر شتێ کە ئێستا نایکەی بەڵام ئەگەر توانای خۆ نادیار کردنت هەبوو ، خۆیان بۆ شل دەکەی ، ئەوە دەگەیەنێ کە ڕەوشتی ئێستات هیچ پێوەندی بە بنەمای ئه‌خلاقییه‌وه‌ نییە . بەڵکو بریتیە لە خۆپارێزیی prudent و نیفاق .
لەلایەکی دیکه‌وه ‌، ئەو شتانەی کە تۆ هێشتا لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە تازەشدا وەك ئەخلاق لە خۆتیان دەخوازێ یان دەستت نایان چێتێ بیانکەی ، نەك لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی ، بەڵکو لەبەر هەستی بەرپرسیارێتی ئینسانییەتت ، ئەوانە تەنیا ئەوانە ، بە تەواوی ئەخلاقین ( مۆراڵین ) .
ڕۆحت مەحەکی خۆی هەیە . ئەخلاقت مەحەکی خۆی هەیە کە بەپێی ئەو مەحەکە حوکمت بەسەردا دەدا. ئەخلاقی تۆ ئەوەیە کە تۆ لە خۆتی دەخوازی ، نەك لەبەر ئەوەی کەسانی دی چۆن دەربارەی تۆ بیر دەکەنەوە ، نەك لەبەری هەندێ هەڕەشە و مەترسی دەرەکی ، بەڵکو لەبەر بیرۆکەی تایبەتی خۆت دەربارەی ئەوەی خراپە ، ئەوەی دەشێ و ئەوەی ناشێ ، دەربارەی مرۆڤایەتی و خۆت . بە مانا پراتیکییەکەی : ئەخلاق کۆی ئەو ڕێسا و ڕێشوێنە ئەخلاقییانەیە کە دەبێ تۆ هەمیشە ڕەچاویان بکەی ؛ ئەو کاتەی دیاری ، یان ئەو کاتەی دەتوانی خۆتیان لێ بشاریتەوە .
ئایا ئەمە بارێکی قورسە بۆ تۆ ؟ ئەمە شتێکە کە تەنیا خۆت بڕیاری لەسەر دەدەی ؟ ئەگەر تۆ بتوانی خۆت نادیار و بزرکەی ، ئایا پیاوێکی بێ گوناه تووشی ئەوە دەکەی بۆ نموونە خیانەت لە هاوڕێکەی بکا، لە مناڵێك بدا، ئایا تۆ دەستدرێژیی دەکەیە سەر ئافرەت ، خەڵك ئەشکەنجە دەدەی . دەکوژی ؟ تەنیا تۆ خۆت دەتوانی وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەیتەوە . ئەخلاقی تۆ بەتەواوی ئەو وەڵامدانەوەیەت دیاری دەکا .
ئەگەرچی ئەنگوستیلە سیحریەکەشت بەدەستەوە نەبێ ، ئەوە رێگات لێناگرێ بیربکەیتەوە . حوکم بدەی بە کردەوەی خۆت بسەلمێنی ، ئەگەر جیاوازیەك لەو دیو ڕواڵەتەوە لە نێوان کەسی سەرسەری و پیاوی ئەماندار هەبێ جیاوازیەکە ئەوەیە کە بۆ پیاوی ڕاست و ئەماندار بیرکردنەوەی کەسانی دی هەموو شتێ نییە ، خۆپارێزیی و سومعە و پاراستن هەموو شتێ نییە . ئەمەیە گرەوی ئەخلاق و دوا پەنای هەموو جۆرە ڕەوشتێك بە خەڵکی ترمانەوە گرێ دەدا ، بەڵام بە خۆشمانەوە گرێ دەدا کە بە شێوەیەکی ئەخلاقییانە ڕەفتار بکەی بێ گومان مانای ئەوەیە کە چاکە و بەرژەوەندی کەسانی دی لەبەرچاو بگری ، بەڵام چاوەرێی ئەوە نەبی کە نەخوا و نە مرۆڤ چاویان لەو چاکەیەی تۆ بێ وەك ئەفلاتون پێمانی وتوە واتە نابێ چاوەڕێ و هیوای پاداشت دەدەنەوە یان سزادان بکەی داوا لە کەس نەکەی بێ کارە چاکەکەت ببینێ خۆت نەبێ.
ئایا ئەمە گرەوە؟ ڕەنگە من خراپ بیرکردنەوەکانی خۆم دەرببڕین مادام وەڵامەکە بە تەواوی هی تۆیە . ئەمە قومار نییە ئەمە ئیختیار و هەڵبژاردنە تەنیا تۆ دەزانی دەبێ چ بکەی کەسی دی ئەم بڕیارە لەجیاتی تۆ نادا.
پەناگە و دەسەڵاتی ئەخلاق ئەوەیە کەتۆ بەقەدەر ئەو چاکەیەی کە دەیکەی چاکی ، بەقەدەر ئەو خراپی و بەدکارییەی خۆتی لێ دوور دەخەیتەوە لە هەموو ئەمەدا هیچ پاداشتێك بەنسیب نابێ . خۆشی ناوەوەی خۆت نەبێ ، ئەگەر چی کەسی دیش بەوە نەزانێ کە تۆ چاکەت کردووە .
ئەمەیە مانای عەقڵ لای سپینۆزا ، کاری چاکە بکە و شادبە ، ئەمە خودی عەقڵ خۆیەتی . تۆ چۆن دەتوانی شاد و خۆشنوودبی کە تۆ ڕێزی خۆت لا نەبێ ؟ تۆ چۆن دەتوانی ڕێزی خۆت بگری گەر تۆ نەتوانی کۆنترۆڵی خۆت بکەی دەسەڵاتت بەسەر خۆتدا نه‌شکێ لاوازی و کەماسییەکانت لابەری ؟ تۆپەکە وەك دەڵێن لە مەیدانی تۆدایە بەڵام ئەمە یاری نییە ، نە زۆرانبازییەکە بۆ سەیرکردن. ئەمە ژیانی تۆیە ئا لێرە ئا لەم لەحزەیەدا لەم کارەدا تۆ دەیکەی .
لە ڕووی ئەخلاقییەوە کارێکی بێهودە و بێ مانایە خۆزگە بەوە بخوازی تۆ ، تۆ نەبایە و کەسێکی دی بایە . تۆ دەتوانی خەون بەوەوە ببینی دەوڵەمەند بی و ساغ و تەمەن درێژبی جوان و سەرنج راکێش بی ، شاد و بەختەوەربی بەڵام ئەوە شتێکی بێ مانایە خەون بەوە ببینی کە تۆ پیاوێکی چاك یان ژنێکی چاك بی . ئایا تۆ بەدکار و سەرسەری یان پیاوچاك و سەر ڕاستی ئەوە تەنیا بۆ تۆیە بڕیاری بدات ، تۆ دەقاودەق شایستەی ئەو شتەی تۆ دەیخوازی .
ئێ ئەخلاق چییە ؟ ئەخلاق کۆی سەرجەمی ئەو شتانەیە کە تاکە کەسێك دەیانکا بە هی خۆی یان لە خۆیانی حەرام دەکا نەك لەبەر ئەوەی لە پێش هەموو شتێکدا دەیەوێ بەرژەوەندیی و بەختەوەریی خۆی پتر بکات ئەمە جۆرێکە لە خودیاریی ( خۆپەرستی ) بەڵکو لەبەر ئەوەی بەرژەوەندیی و چاکەی ئەوانی دی لەبەر چاوە لەبەر ئەوەی نایەوێ بێتە بەدکار و سەرسەری ، لەبەر ئەوەی دەیەوێ دڵسۆز و ڕاستگۆ بمێنێتەوە بەرامبەر بیرۆکەیەکی دیاریکراوی خۆی دەربارەی خۆی و مرۆڤایەتی .
ئەخلاق وەڵامە بۆ ئەو پرسیارە : دەبێ چ بکەم ؟ بریتییە لە سەرجەمی ئەو ئەرکانەی یان ئەو فەرمانانەی کە من باوەڕم وایە ڕەوان گەرچی ناو بەناو وەك هەموو کەس دەیکا منیش ئەو فەرمانانە دەشکێنم ، ئەخلاق ئەو یاسایەیە کە من بەسەر خۆمیدا دەسەپێنم بێ گوێدانە حوکمی کەسانی دی بەسەر مندا یان چاوەڕوانی هیچ پاداشت و سزایەك .
ئەخلاق پرسیاری : من دەبێ چ بکەم ؟ نەك کەسانی دی دەبێ چ بکەن ؟ ئەمەیە کە ئەخلاق لە وه‌عزدان جیادەکاتەوە ، ئەخلاق بە بۆچوونی ئەلەین Alain هەرگیز دەربارەی دراوسێکەت نییە ، کەسێ کە هەموو خولیای ئەرک و کاری دراوسێکەی بێ کەسێکی ئەخلاقیی نییە کەسێکە ئامۆژگاری ئەخلاقیی دەکا . وه‌عز دەرە ، ئایا کەسێکی لەوە ڕەزا قورسترت پێ شك دێ ؟ کارێکی لەمە بێ ماناترت بە بیردا دێ ؟
ئەخلاق تەنیا لەگەڵ ڕاناوی یەکەمی تاك ، ڕەوا و دروستە کە بە شتێك بڵێی پێویستە تۆ مرۆڤێکی بەخشندەبی هیچ بەخشندەیی تۆ نیشان نادا ، بە کەسێك بڵێی: دەبێ ئازا و نەترس بی ! کارێکی ئازایانە نییە . ئەخلاق تەنیا سەبارەت بە ڕەوشتی خۆت کار دەکات ئەرك تەنیا بە پێوەندی بە خۆتەوە چاك یان خراپە ، بۆ کەسانی دی ڕێز و بەزەیی و یاسا بەسن .
لەمەش پتر : کێ دەتوانێ نیازی کەسانی دی و بەهانە و باشییەکانیان تێ بگات ؟ کەس ناتوانێ لە ڕووی ئەخلاقییەوە لە لایەن هیچ کەسەوە حوکم بدرێ لە لایەن یەزدانەوە نەبێ گەر هەبێ ؟ یان لە لایەن خۆیەوە ئەمەش بەسە . ئایا تۆ خۆپەرست بووی ؟ ئایا تۆ ترسنۆك بووی ؟ ئایا تۆ دەرفەتت لە لاوازیی و بێدەسەڵاتی کەسانی دی بینیوە ؟ لە کوێرەوەری و بەرائەتیان ؟ ئایا تۆ درۆت کردوە ، دەست درێژییت کردۆتە سەر نامووس ، دزییت کردووە ؟
تۆ خۆت لەهەموو کەس باشتر ئەمانە دەزانی ئەو خۆ زانین و خۆناسینه‌یە کە پێی دەڵێن ویژدان لە ڕوانگەیەکی ئەخلاقییەوە تاقە حوکمێك کە گرنگ بێ ئەمەیانە دادگایی کردن ؟ غەرامە کردن ؟ زیندانی کردن ؟ ئەمانە تەڵەی عەدالەتی مرۆڤین : جگە لە کێشەی پۆلیس و پارێزەران شتێکی دی نین .
چەند شەقاوە هەن کە بە ئازادی پیاسە دەکەن ؟ چەند کەسانی ڕاست و ئەماندار هەن کە لە زیندان دان ؟
تۆ دەتوانی خۆت لەگەڵ یاساکانی کۆمەڵ بەراورد بکەی بێ گومان دەبێ ئەمە بکەی . بەڵام ئەمە ڕێگای ئەو ئەرکەت لەسەر لا دەبات خۆت لەگەل خۆت بەراوردکەی ، لەگەڵ ویژدانی خۆتدا کە ڕاستیەکەی تاکە یاسای ئەخلاقە .
ئایا ئەوە مانای وایە چەند تاکە کەس هەن ئەوەندە جۆرە ئەخلاق هەن ؟ نەء ، هەرگیز نا ، ئەمەییه‌ بیراوه‌ژووی ( پەرەدۆکس ) ئەخلاق : تەنیا لە حاڵەتی ڕاناوی کەسی یەکەمدا بەکار دێ ، بەڵام هەر لەوکاتەشدا بەشێوەیەکی گەردوونیی بەکاردێ ، بە واتایەکی دی بۆ هەموو مرۆڤێك بەکاردێ چونکە هەموو مرۆڤێك : من ـه . ئەمە بەلای کەمەوە ئەو ڕەوشەیە کە دەبێ بە گوێرەی کار بکەین . ئێمە دەزانین لە پراکتیسدا دەشێ ئەخلاق بە گوێرەی پەروەردەی کەسێك بە گوێرەی کۆمەڵ و ئەو سەردەمەی تێیدا دەژی و ئەو خەڵکانەی لە نێوانیاندا هەڵسوکەوت دەکەی و ئەو کەلتوورەی بەهی خۆتی دەزانی بگۆڕێ .. ئەخلاقی ڕەها نیییه‌ بەلای کەمەوە ئەخلاقێك کە کەسێك دەتوانێ بە تەواوەتی بیزانێ بەڵام من کاتێ دڵرەقی و کوشتن و رەگەز پەرستی بەکار ناهێنم ئەوە تەنیا پرسی ئەوە نیییه‌ من خۆم چیم لەلا باشە و خراپە ، شتێك کە پەیوەندی بە زەوقی کەسییەوە بێ . ئەمە لە جەوهەردا پرسی مانەوە و کەرامەتی کۆمەڵە بە گشتی یان بە واتایەکی دی هی مرۆڤایەتی و شارستانێتی .
گەر هەموو کەس درۆی کرد ئیدی کەس باوەڕ بە کەس ناکا : ڕاستی مەحاڵ دەبێ تەنانەت کە درۆش بکەی مادام درۆکردن ئەو پێشمانایەی تێدایە کە خیانەت بە متمانەی کەسانی دی بکەی و هەموو پێکەوە قسەکردن و کۆگەیاندنێك دەبێتە شتێکی پووچ و بێهودە .
گەر هەمو کەس دزیی کرد ژیان لە کۆمەڵدا مەحاڵ یان ناخۆش و پڕ کوێرەوەری دەبێ ئەوسا هیچ بیرۆکەیەکی خاوەندارێتی نامێنێ ، کەس ساغ و تەندرووست نامێنێ هیچ شتێ نامێنێ کە نەدزرابێ . گەر هەموو کەس دەستی چووە کوشتن ، مرۆڤایەتی و شارستانێتی خۆیان بەرەو هەرەس و ڕوخان دەچن هیچ شتێ نامێنێتەوە جگە لە توندوتیژیی و ترس ئێمە هەموومان دەبینە قوربانی دەستی خۆمان هەموومان دەبینە بکوژ .
ئەمانە تەنیا گریمانن بەڵام بۆ ناوجەرگەی چییەتی ئەخلاقمان پەلکێش دەکەن ، تۆ دەتەوێ بزانی داخۆ کارێك چاك و دروستە یان بەدە ؟ تۆ لە خۆت بپرسە گەر هەموو کەس وەك تۆ ڕەفتار بکات ژیان چی بەسەردێ ؟ کۆمەڵ چی بەسەر دێ ؟
کاتێ مناڵێ بنێشت لە شەقام فڕێ دەدا باوك و دایکی پێی دەڵێن : گەر هەموو کەس وەك تۆ بکات بیر لەو هەموو زبڵ و زاڵە بکەوە لە شەقامەکان دا خڕ دەبێتەوە . ئایا ئەمە بۆ تۆ و کەسانی دی زۆر ناخۆش و زیان بەخش نابێ ؟
وا خەیاڵ بکە ئەوپەڕەکەی بگرین کە هەموو کەس درۆ دەکا هەموو کەس دەدزێ داوێنپیسی دەکا دەستدرێژیی دەکا ، خەڵکی دی ئازار دەدا .. ئایا کەسێك هەیە حەز بە جیهانی ئاوا بکات ؟ ئایا تۆ ئەم شتانە بۆ مناڵەکانی خۆت دەخوازی ؟ کەوایە چۆن خۆت دەخەیە دەرەوەی ئەوشتانەی دەتەوێ یان ناتەوێ ؟
کەوایە تۆ دەبێ خۆت لەو شتانە دوور خەیتەوە کە لە خەڵکی تردا بە خراپ و بەد ناویان دەبەی . گەر وانەبێ ئەوا تۆ نابێ باوەڕت بەوەبێ کە تۆ بە بیرێکی گەردوونی واتە عەقڵ و هۆشی خۆت رێنمایی دەکەی .
ئەمە خاڵە گرنگەکەیە . کە ئەخلاقیار بین ، دەبێ خۆمان ژێر فەرمانی ئەو یاسایە بکەین کە باوەڕمان وایە دەبێ بەکاربێ ، یان دەبێ بۆ هەمووان بکار بێ .
ئەمە ئەو دەربڕینەی کانت ـه دەربارەی فەرمانی کاتیگۆری له‌ کتێبی بنەماکانی میتافیزیکی ئەخلاق ـدا :
(( تۆ تەنیا بە پێی ئەو بەهایە کار بکە کە تۆ دەتوانی لە هەمان کاتدا بخوازی ئەوە بێتە یاسایەکی گەردوونی ))
واتە بەو شێوە ڕەفتار بکەی کە دەتەوێ مرۆڤایەتی رەفتار بکات نەك تەنیا منی پیری هەژار بەدوای عەقڵ بکەوێ نەك حەز و بەرژەوەندی تایبەت .
کارێك چاکە تا ئەو ڕاددەیەی ئەو پرینسیپەی بەخێوی دەکا و لە ژیانا دەیهێڵێتەوە بەهایەکە دەکرێ لەپراکتیسدا بۆ هەموو کەسێ بەکار بێ ، کە ئەخلاقییانە هەلسوکەوت بکەی مانای وایە تۆ بەو شێوە رەفتار دەکەی کە حەز دەکەی هەموو کەس بە پێی ئەو پرینسیپانەی تۆ رەفتار بکەن . ئەمە لەگەڵ رۆحی کتێبە پیرۆزەکاندا دەگونجێ یان بە راستی لەگەڵ رۆحی مرۆڤایەتیدا مادام بیری لێچووی ئەمە لە هەموو ئاینەکاندا هەن ، ئەمە ئەو پرنسیپەیە کە ( رۆسۆ) ناوی دەنێ ( بەهای بەرز ) : تۆ وا لەگەڵ خەڵك رەفتار کە پێت خۆشە لەگەڵ تۆدا وا رەفتار بکەن ، ئەمە گەرچی کەمتر بە ڕوونیی و بێ تەماتر لەگەل رۆحی میهرەبانیش تەبا دەوەستێ کە جارێکی دی رۆسۆ دایڕشتووە ناتەواوتر لەو پرنسیپەی پێشوو به‌لام رەنگە بەسوود تربێ : چاکە لەگەڵ خۆت بکە بە شێوەیەك کەمترین ئەگەری ئازار بە ئەوانی دی بگەیەنێ .. ئەمە تا ڕادەیەك مانای وایە بۆ کەسانی دیکە بژی یان ڕاستتر بۆ خۆت بەڵام خۆ یەك کە عەقڵ بەکاردێنێ و بیر دەکاتەوە . ئەلاین Alain دەڵێ : بە تەنیا گەردوونی ، ئەمە مانای ئەخلاقە . ئایا ئێمە پێویستمان بە بنەمایەکە بۆ پاکانەکردن بۆ ئەم ئەخلاقە ؟!
ئەمە پێویست نیییه‌ رەنگە هەر نەشکرێ . مناڵێك دەبینی خەریکە دەخنکێ ئایا پێویستت بەوەیە پاکانە بۆ هەوڵی رزگارکردنەکەی بکەی ؟ زۆردارێ دەکوژێ ، دەبڕێ ، دەچەوسێنێتەوە … ئایا پێویستت بەوە هەیە پاکانە بۆ بڕیاری بەرهەڵستکردنی بدەی ؟ ئەو بنەمایە تەنیا راستییەکی حاشالێنەکراو دەبێ کە گەرانتی بەهای بەهاکانمان دەکا . ئەو توانستەمان دەداتێ کە تەنانەت بۆ کەسێ هاوبەشی بەهاکانیشمان نەبێ ، بیسەلمێنی کە ئێمە راستین و ئەو هەڵەیە. بەڵام بۆ ئەوەی ئەوە بکەین ئێمە پێویستمان بەوە هەیە بنەمایەك بۆ عەقڵ خۆی فەراهەم بکەین ، ئەوەش شتێکە ناتوانین بیکەین .
چ سەلماندنێك دەشێ ببێ بەبێ پرنسیپێکی لەوە پێش کە ئەویش دەبێ بسەلمێندرێ ، بە هەرحاڵ چ بنەمایەك دەشێ بۆ ئەخلاقێك دابنرێ کە خۆی گریمانی ئەو ئەخلاقە دەکا کە دەیەوێ بیسەلمێنێ ؟ چۆن ئێمە دەتوانین بیسەلمێنین بۆ کەسێك کە خۆپەرستیی لە بەخشندەیی پێ باشترە ، درۆی لە ڕاستگۆیی پێ باشترە ، دڵرەقیی لە نەرمیی و میهرەبانیی پێ باشترە کە ئەو هەڵەیە ؟ چ دەگەیەنێ بۆ ئەو کە ئێمە توانیمان ئەمە بکەین ؟ بۆچی کەسێك کە تەنیا بیر لە خۆی وبەرژەوەندیی خۆی بکاتەوە گوێ بداتە عەقڵ ؟ چۆن کەسێك کە تەنیا بۆ خۆی دەژیا گوێ دەداتە پرنسیپە گەردوونیییه‌کان ؟ بۆچی کەسێك کە باکی نییه‌ ئازادیی کەسانی دی پێشێل بکات ، کەرامەتی کەسانی دی بشکێنێ ، ژیانی کەسانی دی بخاتە مەترسیەوە کەمترین بایەخ بە پرنسیپی خۆ – بەدرۆخستنەوە بدات ؟ بۆچی گەر ئێمەش بمانەوێ بە گژی دابچین پێویستمان بە جەدەل دەبێ بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو ؟
لە جەنگان دژی توند و تیژیی ، دژی دڵرەقیی ، دژی بەربەریزم ئێمە پێویستمان بە ئازایەتی یە نەك پرینسیپی ئەخلاقی . بۆ خۆشمان پێویستمان بە دیسیپلین و دلسۆزیی هەیە نەك پرنسیپیکی ئەخلاقی بۆ کارەکانمان . ئەوەی گەوهەرییە ئەوەیە بیسەلمێنی کە ئێمە ناشایستەی ئەو حاڵەتە نین کە مرۆڤایەتی ئێمە دروستی کردووە ، بۆچی ئێمە پێویستمان بە بنەمایەك بێ تا ئەمە زامن بکەین. چۆن ئەگەری وا دەبێ ؟ خواست – ئیرادە بەسە و شایستەی زۆر لەمە زیاترە . ئەلەین Alain دەنووسێ : ئەخلاق لەوە پەیدا دەبێ کە بزانین ئێمە کەرامەتمان هەیە و لەمەوە بە شێوەیەکی رەها بەرامبەری بەرپرس دەبین- بەرپرسیاریی جوانمەردانە .
ئەخلاق هیچی تر نیییه‌ هەست کردنت بە کەرامەتی خۆت نەبێ ، ئەخلاق ڕیزگرتنی مرۆڤایەتی خۆت و کەسانی دیکەیە . ئەمە بەبێ ئینکاری خۆکردن ، بەبێ رەنج ، بەبێ خەبات بەدی نایە ، ئەوە داوات لێ دەکا ئەو بەشەی خۆت بێبەش کەی کە بیر ناکاتەوە یان تەنیا بیر لە خۆی دەکاتەوە . داوای ئەوەت لێ دەکات خۆپەرستیی و نەفسنزمیی ، خواستی توند و تیژیی لە خۆتدا رەت کەیتەوە یان هەرنەبێ لە سەروویانەوە بوەستی ؟ داوای ئەوەت لێ دەکا هەوڵ دەی ببیە ئەو ژنە یان ئەو پیاوەی شایستەی مرۆڤایەتییە . یەکێ لە کەسەکانی دستۆڤسکی دەڵێ : گەر خوا نەبێ کەوایە ئەوەی نەشێ دەشیا ، بەڵام ئەمە ڕاست نیییه‌ چونکە تۆ باوەڕت بە خوا هەبێ یان نەبێ تۆ ڕێگا بە خۆت نادەی هەموو شتێ بکەی هەموو شتێك بە هەرەخراپەکانیشەوە شایانی تۆ نیییه‌ . ئەو ئیماندارەی تەنیا کاری چاکە دەکا بەو هیوایەی بچێتە بەهەشت یان لە دۆزەخ رزگاری بێ نابێتە پیاوچاك ، ئەو تەنیا کەسێکی خۆپەرست و خۆپارێزە . کانت باوەڕی وایە ئەو کەسەی کاری چاکە تەنیا بۆ ئەوە دەکا کە لە سزای ( خوا) ڕزگاری بێ ، نە کاری چاك دەکا ، نە ڕزگاری دەبێ . ئەمە مانای وایە وەك کانت ڕوونی دەکاتەوە کاری چاك تەنیا ئەو کارەیە کە پشت بەو ئەنجامە نابەستێ کە لەو کارە چاکەوە دێتە دی. ( چاکە بکە و بیدە بەدەم ئاوا – پەندی کوردیی ) ( وەرگێر ) .
لەم خاڵەدایەکە ئێمە دێینە ناو جیهانی نۆدەمەوە ( مۆدیریزم ) یان دنیای بوون بە مانا هەرە پۆزەتیڤەکەی وشە بەو مانایەی کە پیاوێکی دینی یان پیاوێکی بێدین هەردووکیان دەتوانن دنیایی ( عەلمانی) بن . ئەمە رۆحی فەلسەفەیە .
لای رۆشنگەرەکانی فەرەنسایی : رۆحی بەیلBayle ، ڤۆلتیر ، کانت . دین بناغەی ئەخلاقیات نیییه‌ ، ڕاستتر ئەوە ئەخلاقییاتە کە بناغە و پاکانەی دینە ، ئەوە لەبەر ئەوە نیییه‌ کە خودا هەیە من دەبێ کاری چاکە بکەم ئەوە لەبەر ئەوەیە چونکە من کاری چاك دەکەم من پێویستم بەوەیە – نەك لەبەر ئەوەی ببمە پیاوچاك بەڵکو بۆ ئەوەی تووشی بێهومێدی نەبم کە باوەڕم بە خودا بێ . ناکرێ باوەڕ بە هەرشتێ بکەین کە چاکە ، کە کەسێ پێمان بڵێ ئەوە لە خواوە هاتووە . شتێك چاکە لەبەر ئەوەی نا کە خودا پێمان دەڵێ چاکە بەڵکو لەبەر ئەوەی فەرمانەکە چاکە من دەکرێ باوەڕ بەوە بکەم کە لە خوداوە هاتووە .
بەم جۆرە ئەخلاق لە باوەڕ بەدەر نیییه ‌، ڕاستیەکەی وەك کانت دەڵێ : ئەخلاق ڕێگا بۆ ئایین خۆش دەکا . بەڵام پشت بەوە نابەستێ و ناشکرێ بۆ پرسی دین کەم بکرێتەوە ئەگەر خوداش نەبێ گەر هیچ شتێکیش دوای مردن نەبێ ئەوە تۆ لە بەدیهێنانی ئەرکی خۆت دەرباز ناکا بە مانایەکی تر لەوەی بە شێوەیەکی میهرەبانانە رەفتار بکەی .
مۆنتەین Montaigne دەنووسێ : هیچ شتێ ئەوەندە جوان و ئەوەندە درووست نیییه‌ وەك کارکردنی مرۆڤانە ئەرکی مرۆڤ ئەوەیە کە مرۆڤ بێ ، بەو مانایەی کە مرۆڤ بێ هەر ئەوە نیییه‌ جۆرێك حەیوان بێ بەڵکو بە عەقڵ و لەبەر رۆشنایی زانینی بەکۆمەڵی شارستانیدا کار بکەیت ، ئەوەش شتێکە کەس ناتوانێ لەجیاتی تۆ بیکا.
ئەمە جێگەی بەختەوەریی ناگرێتەوە ، لەبەر ئەمەیە کە ئەخلاق هەموو شتێك نییه ‌، ئەمە جێگەی خۆشەویستی ناگرێتەوە ، لەبەر ئەوەیە کە ئەخلاق شتی هەرە گرنگ نییه ‌، بەڵام بەختەوەری نابێتە هۆی ئەوەی کە ئەخلاق کەمتر پێویست بێ ، خۆشەویستی بەس نییه‌ تا جێگەی بگرێتەوە لەبەر ئەوە ئەخلاق زەرورەتێکە .
ئەمەیە وات لێدەکا کاتێ ئازادانە رەفتار دەکەیت تۆ هەر خۆت بی لەجیاتی ئەوەی ببیە دیلی غەریزەکانت و ترسەکانت کە بە ئازادیی لە نێو کەسانی دیکەدا بژی .
ئەخلاق گەردوونییه‌ یان بەلای کەمەوە ئەگەری گەردوونیی بوونی هەیە ، پێویستییەکە کە شەخسی دراوە بە تۆ .
ئەوە بەکاری چاکە کردنمانە بەرامبەر ژنان و پیاوان کە یاریدەی مانەوەی مرۆڤایەتی دەدەین ئەوەش کارێکە پێویستە : پێویستی بە تۆیە هەر وەك چۆن تۆ پێویستت بە ئەوە !

بۆ خوێندنەوەی بابەتی یەکەمی ئەم پەرتوکە  کلیک بکەرە سەر ــ کتێبە گچکەکەی فەلسەفەو پرسه‌ گه‌وره‌کانی ژیان .

بۆ خوێندنەوەی بابەتی دووەمی ئەم پەرتوکە  کلیک بکەرە سەر ــ  کتێبە گچکەکەی فەلسەفەو پرسه‌ گه‌وره‌کانی ژیان . 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت