بەهرۆز جەعفەر : گرنگ ئەوەیە بیکەینە ژوورەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یەکەم : چەند لەنوکتە ئەچێت ، وڵاتێک لەسەدا پەنجاى خەڵکەکەى کرێچى بن ، 2 مانگ جارێک مووچەیان بدرێتى ، شووققەو ڤیەللا لەسەر زەوى بەلاش ، بە 20 دەفتەرو 80 دەفتەرو 120 دەفتەر بێت !!. من زۆرجار ئەڵێم بەخوا ئەو هیتلەرە چاک خەڵکى ناسیوە !!.
دووەم : باشە ئێمە پەرلەمانمان بۆ چییە ، خۆ لە4 ساڵى ڕابردوو لەبرى یاسادەرکردن ، یاساکانى پەکخستوە ، لەبرى چاودێری دەسەڵاتى تەنفیزى بکات ، خۆى پێویستى بە چاودێرییە !!. ئەوا ساڵیکیشە ڕۆشنبیرە هەلپەرستەکانى دوێنێ ، کەخەڵک واى ئەزانى ئەمانە جەهەنم تووڕ ئەدەن و فیردەوسى نەبڕاوە دێنن ، مووچە وەرئەگرن و کارو دەوامیشیان نییە !.
سێهەم: هەندێک لەمەکتەبى سیاسیی یەکێتى و هەندێکى دەوروبەریشیان ، وەک ئەوەى ئەو مەکتەبى سیاسیی و ئەو دارایی و پەیوەندیی و ناسەروەرییانە ، هەموو موڵکى ماڵى باوکیان بێت ، بێ خەبەر لەوەى ئەو یەکێتیەى ئەمڕۆ هەیە ، بەس ئەوان خاوەنى نین ، چونکە هەموو ئەوانەى خاوەنى بوون چوونە دەرەوە لێی ، یان لەکەنارەوە چاوەڕێی هاتنەدى خەونى چاکبونى دەکەن . سەیرەکە ئەوەیە لەشەرقا بەگشتى حزب نانى کۆمەڵگە ئەدات !. زۆرجار بیستراوە فڵانە ماڵ هەرنانى ئەو حزبە ئەخۆن !!!.
چوارەم : ئەوا نزیکەى 90 ڕۆژە سەیرى یەک کەناڵى ئاسمانى کوردیم نەکردووە ، ساڵێکیش زیاتر یەک میدیاى ئەهلیم نەخوێندۆتەوە ، لەدواى ڕۆشتنى کەمال ڕەئوف لە هاوڵاتى ، بابەتەکانى ئێمەیان سانسۆرکرد ، بەئیعازى گۆڕانى ئاخر زەمان و ئاخر زەمانى گۆڕان ( ئەى چۆن ئێمە کوڕى شارەکە نین !) بۆیە هاوڵاتى بم خوێنێتەوە ناى خوێنمەوە . ئینجا ڕۆژنامە یەومییەکانى حزب ئەوا هەر ناى خوێنمەوە .. خۆشیەکەى ئەوەیە هیچ بێ زانیارى نیم و بگرە زیاتریش لەوان !.
پێنجەم : ئەڵێن لەکۆندا وتراوە ، ” لەم گوێیەیەوە ئەڕوات ، لەو گوێیەى تریەوە دەرئەچێت !”. ئەمە کوردە نەک کارەساتى دوێنێ و پێرێ ، سەعاتێکى ترى بیرەچێتەوە ، ئێمە بەوەش مەمنونین لەم گوێیەیانەوە بڕوات لەوەى ترەوە دەرچێت ، بەڵکو هەر ڕێگەنادەن بچێتە ژوورەو ە، بەئومێدى ئەوەى تۆزێکى تیا جێ بمێنێت !!.
ئەم 5 خاڵە ، کورتکراوەى پێنج ووتارە ، بەقەولى خۆیان هینەکانمان درێژەو ، زۆر ئەچینە ناوقووڵاییەوەو ، ووشەى قورس نابێت بەکار بێت و ، هیوادارم تەنها ئەم چوار بچێتە ژوورەوە ، واز ناهێنین تا نەیکەینە ژوورەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت