Malki-tallebani-Hakim

 هەورامان عەلی  : نەخۆشیەکانی کۆیلە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەپێی لێکدانەوە زانستیەکانی زانستی دەرونناسی ” سایکۆلۆژی ” مرۆڤی کۆیلە لەزەت و خۆشی لەوە دەبات کەسێکی تر بکاتە کۆیلە و دەسەلات و هێزی خۆیی بەسەر ئەودا بسەپێنێت ! پیاوی کورد چونکە مێژوویەکی درێژی هەیە لەکۆیلە بووندا ، هەمیشە گرێدەرونیەکەی بە خێزان و دەوروبەرەکەی خالی دەکاتەوە . ژن لە کۆمەلگایی کوردەواریدا چونکە خۆیی کۆیلەی پیاوە ، جۆرەها توندو تیژی بەرامبەر مندالەکەی بەکاردەهێنێت ، تەنیا بۆ ئەوەی بونی خۆیی ، هێزی خۆی بسەلمێنێت ! بێگومان یەکێك لە هۆکارەکانی توندوتیژی نێو خێزانی کوردی ئەمەیە .
مالکی چونکە خۆیی کۆیلەی ئێرانە ، پێی خۆشە جگە لە جێبەجێکردنی ئەجندە و سیاسەتەکانی ئێران لە عێراقدا ، گرێ دەرونیەکەی خۆیشی تیماربکات ! لەوەتەی بوەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق ، هەمیشە هەولی داوە “عەزەمەتی ” خۆیی بەسەر ” کورد ” دا بسەپێنێت !
زوو دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جهیانی یەکەم و سەرکەوتنی هاوپەیمانەکان . عێراقی ئەمرۆ چەند ولایەتێکی دابراوی خەلافەتی عوسمانی بون . لە چوارچێوەی سەرکەوتنەکانی لایەنەکانی جەنگەکەدا وەك دەسکەوتی جەنگ بەر ئینگلیزەکان کەوتن ! ئەوان هەرسێ بە شەکەیان بە زۆری زۆرداری لە پێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا گرێیاندا بە یەکەوە و دەولەتی عێراقیان لێ پێكهێنان . هەر لە سەرەتاوە ولایەتی بەسرە وولایەتی موسل دژی ئەم پێكهاتە تازەیە بوون ، ئەوەبوو دەرەنجامی ئەم سیاسەتە نزیکەی سەد سال هەم دانیشتوانی ولایەتی بەسرە  ” شیعەکان ” و هەم دانیشتوانی ولایەتی موسل ” کوردەکان ” باجی ئەم سەرکێشی و یاخی بونەیان دا و بەرێوەبردنی ولات سپێردرایە ولایەتی بەغدا  ” سونەکان ” .
کە ئەمەریکا عێراقی داگیرکرد ، ئەم جارە هاوکێشەکە پێچەوانە بویەوە ! هەم دانیشتوانی ولایەتی موسل ” کوردەکان ” و هەم دانیشتوانی ولایەتی بەسرە ” شیعەکان  ” پێشوازیان لەم داگیرکاریە کرد و کارئاسانیان بۆ کرد ! ئەمجارەیان ولایەتی بەغدا ” سونەکان ” کەوتنە دژایەتی دەولەت و دەسەلاتی تازە .
ئینگلیزەکان سیاسەتێکیان هەبوو لەو شوێنانەی داگیریان دەکرد ، سیاسەتی ” پەرتکەو زال بە !” ئەوان بە پەیرەویکردنی ئەم سیاسەتە نزیکەی ٤٠ سال راستەوخۆ حوکمی عێراقیان کرد . بەدرێژایی ئەو سالانە کوردەکان و شیعەکان جۆرە هاوپەیمانیەکی رانەگەیەنراویان هەبوو لەدژی دەسەلاتی ناوەندی سونەکان ، پێدەچێت کاتی ئەوە هاتبێت کۆتایی بەم هاوپەیمانیەتیە بهێنرێت . لانی کەم لەلایەن بالێکی بەهێزی شیعەکانەوە .
دەلێن مالیکی فێری سیاسەت بووە ! دەیەوێت هەم وەك کۆیلەیەك گرێ دەرونیەکەی خۆیی سارێژکات و هەم لاسایی ئینگلیزەکان بکاتەوە ! ئەو بریاری داوە بوجە و پارە بۆ هەرێمی ” سەوز” بنێرێت و بایکۆتی هەرێمی ” زەرد  ” ی کوردستان بکات !
سوبحانەاللە  ! ئەم ولاتەی ئێمە نە کۆیلە و نە خاوەن کۆیلەی نە سیاسەتی ” پەرتکە و زالبە ” ی لێنابرێت .
دانیشتوانی ولایەتی موسلی کۆن ” یانی کوردەکان ” گەر ئەلف و بایەك لە سیاسەت حالی بونایە ، مالیکیەك کە خۆیان کردیان بە حاکمی ولات ، دەبوو کلکی لە دەستیانابوایە ! ئاخر ئەو پیاوە سالانێك گسك دەری بارەگاکانی ئەمان بوو ! بلێی کوردەکان سودێکیان لە ئەزمونی تالی رابردوی خۆیان وەرگرتبێت ، جارێکی تر سیاسەتی ” پەرتکە و زالبە ” ئەو چۆرە دەسەلاتەی کە هەیانە نەیدا بەدەم باوە ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت