بەهرۆز جەعفەر :  ئایا بە بەشداریکردن لەدەسەڵات ، سیستەمى سیاسی دەگۆڕێت ؟.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆ وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارە، پێویستمان بەڕوبەرێک لە تێگەیشتنە بۆ چەمک و فەلسەفەى (دەسەڵات, سیستەمى سیاسی، گۆڕان ).

یەکەم: دەسەڵات (power )
دەسەڵات لە چوارچێوەى سیاسیی و ئاینى و فەلسەفی و ئەکادیمى و سایکۆلۆجیا دا، پێناسەى جۆراوجۆرى بۆ کراوە. بۆنمونە: دەروونناسی واى دەبینێت مرۆڤ هەر بۆ خۆى کەسێتیەکى شەڕانگێزى هەیە، وەکو لە ئەزمونى (میلیگرام) دا هاتووە، کە حەز بەزاڵبون دەکات بەسەر ئەویتردا، چێژ لە دەسەڵات وەرئەگرێت. هەمیشە لاى (وەرگر) ووشەى دەسەڵات و هێز، هەست و گوژمێکى خراپەکاریی و ناچارکردنى تیا هەیە. ئەگەر ئەرکى دەروونناسی ئەوەیە، لەڕەفتارى تاکەکان بکۆڵێتەوە، سیاسەتیش هەر ئەمەیە. بەڵام بەکۆمەڵێ چەمک و باکگراوەندى قووڵەوە، ناوکى سیاسەت بریتى یە لەدووشت: (دەسەڵات) و ( ململانێ –ێراع-conflict). هەموو دیاردەکانى سروشت، هەموو زانستەکان، لەململانێیەکى هەست پێنەکراودان، لەڕووى پراکتیک و زمانیشەوە، (دەسەڵات و هێز ) ئەوەندە لێک نزیکن جیاناکرێنەوە، تەنانەت لەزمانى ئینگلیزیدا بۆ هەردوکیان ووشەى (power) بەکاردێت. گەیشتن بە (هێز) یانى گەیشتن بە (دەسەڵات). یانى گەیشتن بە (سیاسەت). چۆن دەگەین بەهێز؟. چۆن دەسەڵات وەردەگرین؟.
بۆ یەکەمیان، دەکرێت، تاکەکەسێک، دامەزراوەیەک، دەوڵەتێک، بە (2) شێوە خۆى بەهێزبکات، یان خۆى خۆى بەهێز ئەکات، وەیاخود دەبێت لەگەڵ (بەهێز) ێکدا ڕێک بکەوێت. بەگشتى ڕێککەوتن لەگەڵ بەهێزێکدا، لەقوتابخانەى ڕیالیستى دا، تەنها یەک قازانجى هەیە، ئەویش (دەتهێڵێتەوە). واتا بۆ مەبەستى مانەوە دەوڵەت یان لایەنێکى لاواز لەگەڵ بەهێزێکدا ڕێک دەکەوێت، وەکو کوەیت و ئەردەن لەگەڵ ئەمریکا. ئەگەرچى ئەم جۆرە ڕێککەوتنە زیانەکانى زۆرترن، بەڵام مانەوەیەک مسۆگەردەکات. کەسێک نەشتەرگەرییەک دەکات، بۆچەندین شوێنى دیکەى باش نابێت، بەڵام ئەگەر نەشتەرگەرییەکە نەکات، دەمرێت. ئێمە لەمە زیاتر بڕۆین، دەچینە سەر دیدى تیۆرە کۆمەڵایەتییە کلاسیکى و هاوچەرخەکان بۆ دەسەڵات و، دوورمان ئەخاتەوە لەئامانجى نوسینەکە.

دووەم: سیستەمى سیاسیی (political system).
سیستەمى سیاسیی: سیستەمێکى کۆمەڵایەتییە. کەتیایدا ڕۆڵەکان دابەشکراون، بۆپاراستنى ئاسایشى دەوڵەت و کۆمەڵ لە ناوخۆ و دەرەوەدا. لەبەرئەوەى شارستانیەتەکان و کلتورەکان لەسەردەمى جیهانگیریی و ئامرازەکانى مۆدێرنیتەدا بەریەک ئەکەون، وە پرسیار دێتە سەرکۆمەڵگە. هاوکات پرسیاریش دێتە سەر دەوڵەت، کە ئیدى (دەوڵەت – نەتەوە) لەماناکانى چوارسەد ساڵى پێشووى دائەماڵرێت. کەوابێت بەپێی (زەمەن وزەمین) نەبێت، ناتوانین پێناسەیەکى جێگریش بۆ سیستەمى سیاسیی بکەین. وەکو ڕەفتار سیستەمى سیاسیی کۆمەڵێک مامەڵەى بەیاسایی کراوە، بۆتاکەکانى ناو کۆمەڵ. وەک پەیکەرو دامەزراوەو ڕێکخستنیش، سیستەمى سیاسیی ڕاستەوخۆ ئاماژەیە بۆ (3) دەسەڵاتى گەورە کەبەشدارى لەدروستکردنى بڕیاردا ئەکەن .دەسەڵاتەکانى (جێبەجێکردن، یاسادانان، داوەرى )..
ئێمە ویستمان، بگەین بەوەى کە، سیستەمى سیاسیی هەرگیز بریتى نییە لە حکومەت و یەک دوو حزبى دەسەڵاتدار. بەڵکو سیستەمى سیاسیی و کۆمەڵگە دووشتى تەواو ڕاستەوانەن. ئەوەى لەناو ئەم کۆمەڵەدا بگوزەرێت بەشێکە لەسیستەمى سیاسیی وەکو }سێ دەسەڵاتە سەرەکیەکە، حزبەسیاسییەکان، ئۆپۆزسیۆن (ئەگەر هەبێت)، میدیاکان بەهەموو ئامرازەکانیانەوە، ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى، پیاوە ئاینییەکان ). هەموو ئەمانە لقێکن لەسیستەمى سیاسی و لەو چوارچێوەدان کە بڕیاربو بگۆڕرێت. چونکە پەیوەندییەکى ڕاستەوخۆى پێکەوە گرێدراویان هەیە. لاوازى هەریەکێکیان، لاوازى سوڕى جوڵەیە لەناو سیستەمەکەدا، لاوازى هەمووشیان مت بون و مەرگى سیستەمەکەیە.

سێهەم: فەلسەفەى گۆڕان
کەسێک، کێشى (140 کگم) ـە. لەماوەى (90) ڕۆژدا، توانى کێشەکەى دابگرێت بۆ (80 کگم). ئەمە گۆڕانێکى هەست پێکراوە لەکێش دا؟. بەڵام چۆن؟. یەکەم: بە بەرنامەیەکى دیاریکراو، ئەم گۆرانە ڕوویداوە.

دووەم: بەگوێرەى لێکدانەوە تەندروستییەکان، کە ئایا ئەم گۆڕانە لەکێشدا، زیان بەهیچ ئەندامێکى جەستە ناگەیەنێت؟. سەیرکە، لاى مارکس تەواوى جەستەى کۆمەڵگە ئابورییە. ئابوریی دەتوانێت کۆمەڵ لەبارێکەوە بباتە بارێکى تر. بەڵام لاى دۆرکهایم و ماکس وێبەر کۆمەڵگە وەک پەیکەرى جەستەى ئەم مرۆڤە وایە، هەموو ئەندامەکانى پێویستن، نەک بەتەنها ئابوریی. ئازارێک لەبڕبڕەى پشتدا، لانى کەم دەبێتە هۆى ئەوەى بەئاسانى هەناسە نەدرێت، وە یارمەتى ڕێک ڕاوەستان نادات. بۆ کۆمەڵ و لقە جیاوازەکانى ناو سیستەمەکەش هەروا.
فەلسەفە، واتا حەزکردن بەدانایی، لەڕێگەى بیرى قووڵ، گومان، پرسیار دروستکردن، ڕەخنەگرتن. کە بەپێچەوانەى ئاینەوە بەردەوام لەسێرچدایە، لەخاڵێکدا ناوەستێت. فەلسەفە لەیۆنانى کۆنەوە، ڕێگەیەکى دوورو درێژ، تەحەدایەکى زۆرى کردووە، تا ئەمدواییە دەگاتە تیۆریی ڕەخنەگەرایی (نەزەریەى نەقدى). تیایدا بەپێی ( تیۆدۆر ئادۆرنۆ) و لە “دیالێکتیکى ڕۆشنگەری” دا. ئێمە هیچ ڕێگایەکى ترمان لەبەردەست نەماوە، ئەوە نەبێت بەردەوام ڕەخنە بگرین، وە خۆمان ڕادەستى شتەکان و دیاردەکانى دەوروبەر نەکەین” .گۆڕانیش یانى لەحاڵەتێکەوە بازبدەین بۆ حاڵەتێکى تر .بۆنمونە: ئەمانەوێ لەسیستەمى سیاسییدا، گۆڕان بکەین، کەواتە دەبێت لەبنەڕەتدا سیستەمێک هەبێت، تابیگۆڕین بە سیستەمێکى تر. ئێمە باس لەجۆرەکەى ناکەین کە کەس نازانێت چییە، بەڵکو ئایا لەبنچینەدا ئەوەى لە کوردوستان هەیە سیستەمە؟. یان دوو حزبن و هەندێ پارە لەبەغداوە دێت، بەناڕێکى دابەشى ئەکەن و هیچى دى؟. بۆ ئەمە لەدیدى قانونى دەستوریی و قانونى سیاسییەوە، پێویستمان بەناسینى تایبەتمەندییەکانى سیستەمێکى سیاسییە:
یەکەم: سیستەمى سیاسیی خاوەنى باڵاترین دەسەڵاتە لەکۆمەڵدا،بەپێی دەستورو یاساو ڕێنمایی و بڕیارەکان ڕەنگ ڕێژ کراوە.. بەم پێیە کوردوستان دەستورى نییە !. 22 ساڵە دوو حزبى سیاسیی دەستورێکیان نەنوسیوەتەوە. دەستور خەڵک و کۆمەڵ دەکاتە خاوەن ماف و ئەرک، مەهامە نیشتمانییەکانیش پیشانى وڵاتانى جیهان ئەدا.
دووەم: سیستەمى سیاسیی ئەوەیە، کاریگەریی دروست بکات لەسەر کۆمەڵ و سیستەمە فەرعیەکانى دى، بۆ نمونە: لەسەر سیستەمى کارەبا، خوێندن، ئاسایش، ئاو، تەندرووستى، کرێ، باج، بۆ دوایی. دواجاریش کۆنترۆڵى ئەم سیستەمە فەرعیانە دەکات، ر ِیتمى پەیوەندیی و ڕایەڵەکانى نێوانیشیان دەست نیشان ئەکا.
سێهەم: سیستەمى سیاسیی ئەوەیە، کە ڕاستەوخۆ، کارلێک دەکات لەگەڵ سیستەمە ئابوریی و کۆمەڵایەتى و کلتورییەکاندا. (ئا ئەمە ئەسڵى مەسەلەکەیە. تا فەرهەنگ و کلتورو جۆرى بیرکردنەوەکان نەگۆڕێن، چى دەگۆڕێت؟.).
ڕەنگە گۆڕان، گۆڕانێکى نێوخۆیی کۆمەڵگە بێت، لەخاڵێکدا وەرچەرخانێکى گەورە دروست بکات، وەک شۆڕشى فەڕەنسى (1789). شۆڕشێکى پڕتوندوتیژیی و کوشتار، دوای زیاتر لە (20) ساڵ. بنى نایەوەو بەروبومى شۆڕشەکە، مێژووى جیهانى کرد بە دوولەتەوە، پێش شۆڕش و پاش شۆڕش. ڕەنگیشە گۆڕان تەنها بابەتێکى شکڵى بێت لەسیستەمەکەدا، وەکو شۆڕش/ کودەتاى (14ى تەمموزى 1958) سیستەمەکە لە پاشایەتیەوە بوو بە کۆماریی، بەڵام هەیکەلى ئیداریی و ئابوریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتى هەروەک خۆى مایەوە لەعێراقدا. بگرە پێشووتر لەهەندێک ڕووەوە باشتر بوو. هەروەها دەکرێت گۆڕان لەڕێگەى هەندێ شتى پڕوپوچى وەک کاسێت و پارچە کاغەزى فڕێدراوەوە بێت، وەکو شۆڕشى ساڵى (1979) لەئێران. دواجارئەمە بە پارچە کاغەزو کاسێتیەکیش هەر لەناو ئەچێت.

چوارەم: بزوتنەوەى گۆڕان فیفتى بەفیفتى کرد بە ئەیتى بە توێنتى؟.
وەک بەشێک لە (ی، ن، ک) لەساڵى (2009) چوار ئەندامى مەکتەبى سیاسیی و شەش ئەندامى سەرکردایەتى ئەو حزبە جیابونەوە، بەسەرکردایەتى نەوشیروان موستەفاو سەدان کادرى دیکەى پێشوى یەکێتى، جاڕى بزوتنەوەى گۆڕان یان دا، بە (10) ملیۆن دۆلارى یەکێتى و (122) دۆنم زەوى موڵکى گشتى و بەکارهێنانى ئامێرەکانى پارێزگاى سولەیمانى بۆ شوێن خۆ خۆشکردن، سود وەرگرتن لەچەندین کارگەو کارخانەى دى. توانیان بەخستنەگەڕى ماشێنێک لەمیدیاى هێرشکەر، ببنە چەترێک بۆ کۆکردنەوەى دەنگە ناڕازییەکانى کە ساڵانێک لەشەقامدا، چاوەڕێی چرکەساتى تەقینەوەیەکى کۆمەڵایەتی و سیاسی یان بوو، تا ڕقى پەنگخواردووى خۆیان لەدژى دەسەڵاتى پارتى و یەکێتى بڕێژن. ئەمجارە توانییان (25) کورسی مسۆگەر بکەن. دواى ئەوەى ئەم هێزە نەیتوانى وەڵامى ئەو پرسیارە بداتەوە، کە ئەوان گروپێکى بێ ئایدۆلۆژیان، بێ بەرنامەى نەتەوەیین، بێ دونیابینییەکى تەواون. هەڵەو پەڵەکانى (17) ى شوباتیشى هاتەسەر. (63) ڕۆژ خۆپیشاندان، بەرهەمەکەى تەنها ئەوەبوو هەندێ ڕۆشەنبیر و ڕۆژنامەوانى فەل و موزەیەف، چەند وێنەیەکیان گرت، هاتوهاوارێک و دوایی پێی چوونە پەرلەمانەوە؟.
پرسیارەکە ئەوەیە، بزوتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووش، لەساڵى (2009) بۆچى بەشدارى حکومەتیان نەکرد، کە کورسیەکانیان ئەو کات زیاتریش بوو؟. بۆچى بەیاننامەى (7) خاڵیان بۆ هەڵوەشانەوەى حکومەت و پەرلەمان دەرکردو داواى حکومەتى تەکنۆکراتى بێلایەنیان کرد؟ ئێستا دواى (4) ساڵ کە هەمان ڕێژەى کورسییان هەیە، چییان گۆڕیووە، وا دەچنە هەمان پەرلەمان وحکومەتەوە و دەیگۆڕن؟. ئەبێت ئێمە حیسابى ڕەشەولاخمان بۆ کرابێت کە ئەم درۆ و کلاواتانەمان بۆ دەکەن! ئەگەر پێشوتر قۆناغى (50 بە 50) بوو، ئێستا لەوەئەچێت ڕێککەوتنى پارتى و گۆڕان (80 بە 20) بێت؟. چى ئەگۆڕن لەناو ئەم (3) دەسەڵاتەدا.
گریمان من بەڕێوەبەرى گشتى ئاسایشى پەرلەمانم، لەسەر لیستى پارتى، ئەگەر ملکەچى فەرمانەکانى سەرۆکى پەرلەمان (لەپشکى گۆڕان) نەبم، چى ئەکا؟. بەوەرگرتنى چەند وەزارەتێک کۆمەڵگەو ئابوریی و فەرهەنگ دەگۆڕێت؟. زمانى ستانداردى کوردیی دروستە بێت؟. ناوچەداگیرکراوەکان دێنەوە سەرکوردوستان؟. مێژوویەکى هاوبەشیی یەکگرتوو دروستە بێت؟. تاک و کۆمەڵ تەوزیف ئەکرێت لەچوارچێوەى ئەم سیستەمەدا؟. یان لەبنەڕەتدا ئەمە هاتنەدى ڕاستیی قسەو هاوارەکانى ئێمەیە، کەلە (17)ى شوبات جیابوینەوە، بەخەڵکمان ووت: لەئایندەدا ئەم داخوازییانەى خەڵک ئەفرۆشن بەدەسەلات. جنیۆ نەما، شوێن نەما، بەرنامەى تەلەفزیۆنیمان نەما مونتاژى نەکەن، تا تیرۆرى کەسێتیمان بکەن.

پێنجەم: دەنگەکانى خەڵک
چوار ڕێگە هەیە بۆ گەیشتن بەدەسەڵات

یەک: میرات و بۆماوە لەباوکە بۆکوڕبۆ وەچەو براکان.

دوو: دانان و دامەزراندن وەک دانانى سەرۆکێک.

سێ : ڕێگەى کودەتا یانى لەڕێگەى هێزەوە لایەنێک لایەنێکى دى لائەبات.

چوار : هەڵبژاردن.
هەڵبژاردن، جیا لەوەى باشترین بژاردەو سیمایەکى گرنگى دیموکراسییەتە، بەگشتى لەزۆربەى وڵاتانى ڕۆژهەڵاتدا، تەنها بۆ فریودانى خەڵکە، شتێکە باس ئەکرێت، بەس نابینرێت. ترسى گەورە لە هێزە ڕیفۆرمخوازەکانى ئەم ناوچەیە ئەوەیە، دواجار هەر دەبنەوە بەوەى پێش خۆیان. بۆ سەلماندنى ئەمەش لەهەموو ڕۆژهەڵاتى ناوین، بێجگە لەئیسرائیل کە گۆڕانە ڕیشەییەکەى پێشوتر، لەفەرهەنگدا کردووە، ئەوسا دەستى بۆ ئامرازەکانى دیموکراسیی بردووە. باشترین وڵاتیان لەناوچەکەدا تورکیایە، هەرچەندە پشتگیریی ئەمریکاو مووشەکى دوورهاوێژدەکڕێت و ئەندامى ناتۆیەو پێگەى ئابوریی و گەشتیارى گرنگى هەیە، لەبەرئەوەى کێڵگە کلتوریی و ئایدۆلۆجیەکەى نایواتێ. بولغاریا و کرواتیا لەمدواییە دەبنە ئەندام لەیەکێتى ئەوروپا، کەچى تورکیا هەرخەوى پێوە دەبینێت.
دیموکراسیەت، باشترین فۆڕمە کەمرۆڤایەتى پێی گەیشتووە، لەمسەر بۆ ئەوسەرى دونیا لەسەرى ڕێککەوتون، کەسێکى وەک خاتەمى لەئێران دەڵێت: ئەگەر خۆمان فریو نەدەین لەدیموکراسیی باشتر، شتێکى دیمان دەست ناکەوێ. هەڵەدەکەین ڕاستەوخۆ کۆى دیموکراسییەت ببەستین بە هەڵبژاردنەوە، چونکە ئەگەر کێڵگەکانى دیموکراسیی لەڕێگەى سەنتەرکردنى ئەقڵ و پیشەسازیی کردن لە مێژوو لە کلتورەوە، دانەمەزرابن. درۆ دەکەین باسی دەنگى خەڵک بکەین، لەکاتێکدا نە کۆمسیۆنى هەڵبژاردنى سەربەخۆ هەیە، نە دەزگاى ئەمنى و داوەریی سەربەخۆ، نە ڕۆشنبیر و بیرکەرەوەى باش. ئەوەشى سەربار بێت کە بۆخۆى سیستەمى دیموکراسیی بێ عەیب و عار نییە، ئەگەر دیموکراسییەت ئەوەیە زۆرینەى خەڵک حوکم بکات، ئەمە قسەى قۆڕە، لەهیچ شوێنێکى دونیا زۆرینەى خەڵک حوکم ناکەن. بەڵکو ئامانجەکە ئەوەیە تۆ خاوەنى ملیۆنێک دۆلار بیت. نەک باوەشێک بەها و مۆراڵ.

شەشەم: گۆڕانێکى ڕیشەیی لەکۆمەڵى کوردیدا چۆن دەکرێت؟
تاکى کوردیی، تائەم چرکەیە گیرۆدەیە، بەدەست دوو تەڵەزگەى گەورەوە:

یەکەم: تێنەگەیشتن لەئەرک و مافەکانى خۆى.

دووەم: گرفتە غەریزییەکانى، لەغەریزەى سێکسەوە بۆ ئەوانى تر. ئەم تاکە ڕق و حەز دەکاتە تاى تەرازوویەک، لەچرکەساتەکانى یەکەم بینینی دا، هەست بەوە دەکەین لەناوەوەیدا کۆمەڵێک غەریزەى کەبتکراو هەیە، کۆمەڵگە ڕێی پێنەداوەو، ئەمیش لە ئەقڵى باتندا هەڵیگرتووە. هەربۆخۆى بەشى هەرە زۆرى خوێنەوارو قەڵەم بەدەستەکانى کورد، بەشێکن لەو ماددە خاوە خێڵەکی و شارچێتیەى کەهەیە. توند دەستیان گرتووە بەو پەتانەى کە نایگۆڕێت.
لەبەرئەوە، یەکەم هەنگاوى گۆڕانێکى ڕیشەیی لەوێوە دەست پێدەکات، کەجڵەوى ئاڕاستەکردنى کۆمەڵگە، لەدەست ئەم جیلە نەخوێنەوارو میدیا ناکارە دەربهێنرێت، ئەم جیلەى کەهەرکەسێک و سایت و گۆڤارێکى بۆدانراوە، خراپتریان لەوجیلە کردووە کەشەڕى ناوخۆى کردووە لەساڵانى ڕابردوو، خەڵک لێرە نابێتە ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیر، تاکارى پیشەیی بکات، یان کۆمەڵگە بگۆڕێت، بەڵکو بۆ ڕیکلام و ڕاوە مامزو تالەپڕێکیشدا ببێت بەکاندیدى پەرلەمان یان مودیرعامێک. بۆ وێنەگرتن دێتە ناوئاپۆڕاى خۆپیشاندانێکەوە؟.
قۆناغى دووەم: ئامادەکردنى پرۆژەیەکى نیشتمانى– کلتوریی. کەتواناى فەرزکردنى هەبێت، لەچوارچێوە کۆمەڵایەتیەکەدا. بەزانینى ئەوەى، گۆڕانێکى ڕیشەیی بەبێ ئاگابوون لەوەى ئێستا لەم دونیایە چى دەگوزەرێت، لەم جوگرافیایەى دەوروبەرمان چەند دەستى چەپەڵ نان ئەخوات. حیساب بۆنەکردنى، هەنگاونانە لەخەودا.

سەرئەنجام :
یەکەم : لەڕێگەى بەشداریکردن لەدەسەڵاتەوە، سیستەمى سیاسیی ناگۆڕێت. هیچ نمونەیەکیش لەمێژووى گۆڕانى سیستەمە سیاسییەکاندا، ئەوەمان پێ نیشان نادات.
دووەم : لەباشورى کوردوستان، ئەوە فێربوین، کەلەڕێگەى هەڵبژاردنەوە، دیموکراسییەت نەک کامڵ نابێت، بەڵکو ئەتک ئەکرێت. لەڕێگەى تەزویرو پێکنەهێنانى حکومەت بۆ ساڵێک!. خروقاتەکانى بانگەشەو … هتد. ئەمە وێڕاى ئەوەى ئێران دەتوانێت لەعێراق و هەرێمى کوردوستان هێزى ژمارە 3 بکات بە ژمارە 1، نیوەى شەو خەڵکى عێراق نوستون، ئەو دەستکاریی دەنگەکان و ئەنجامەکەشى ئەکا. کارگەشتۆتە ئەوەى کاندیدەکان بەدەنگى خەڵک، دەریش دەچن. حزبەکان و کۆمسیۆن دەستکاریی دەنگەکانیان بۆقازانجى کەس و خەڵکى تر دەکەن !. واتە ئەگەر کاندیدێک دەریش بچێت بەدەنگى خەڵک، لایەنەکە ئەتوانێت یەکێکى توڕەهات بخاتە شوێنەکەى.
سێهەم: بزوتنەوەى گۆڕان و دەرکەوتنى چەندین کەسى وەئاگا لەچوارچێوەیدا، تەنها کەفوکوڵێک بوو،هەنگاوێک بۆ پیشەوە، دوان بۆ دواوە. لەتێگەیشتنى خەڵک. شێوازى دەنگدانى خەڵک بەکاندیدەکان و کەسەکان، ئەمە باش دەرئەخات. کە سەقافەتى خەڵک نەجوڵاوە. کەسێک لەناو ئەم هێزەدا (250000) دووسەدو پەنجا هەزار دەنگى هێناوە، لەدەرەوەى ئەم هێزە ڕەنگە بتوانێت (2500) دووهەزارو پێنج سەد دەنگ مسۆگەر بکات؟. ئەمە چییە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت