تەحسین زراریى :  بزوتنەوەى گۆڕان لە نێوان پاشەکشە و گۆڕاندا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بزوتنەوەى گۆڕان ئەو بزوتنەوەیە بوو کە لە نێو هەناوى یەکێتى نیشتمانى کوردستان هاتە بوون، ئەگەر چی بەر لە هەڵبژاردنەکەى 25 ى تەموزى 2009 هەمان ئەو کاراکتەرانەى کە بزوتنەوەى گۆڕانیان دامەزراند لە نێو یەکێتى دا خۆیان بە جیاواز تر لە سەرکردایەتى نیشان دەدا، بەڵام بە شێوەیەکى کردەیی تا ئەو کات بە فەرمى ڕانەگەیەنرابوو کە مەبەستم پێی هەڵبژاردنى 25 ى تەموزى 2009 ، بە هاتنە کایەى بزوتنەوەى گۆڕان بەشێک لە ڕۆشنبیران و ئەوانەى کە خۆیان بە بێ لایەن و سەربەخۆ دەزانى چوونە نێو بزوتنەوەکە، بەمەش گۆڕان بوو بە جێگاى ئۆمێد بەخش بۆ ئەوانەى هیوایان بە بزوتنەوەى گۆڕان هەبوو، لە دواى هەڵبژاردنى تەموزى 2009 خۆى وەک لایەنێک نیشاندا کە خاوەنى گوتارێکى جیاوازە لە پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانى کوردستان، یاخود بەو مانایەى ئەو بەهەشتەى بزوتنەوەى گۆڕان لە چوارچێوەی گوتارەکەى بانگەشەى بۆ دەکرد زۆر جیاوازە لە گوتارە کلاسیکیە خەیالیەکە پارتى و یەکێتى، بەوەى کە هەریەک لە پارتى و یەکێتى خاوەن مۆدێلێکى کلاسیکین لە شێوازى حوکمڕانیدا ، بزوتنەوەکەش لە پێناو تێکشکاندنى ئەو مۆدێلە کلاسیکە و هێنانە کایەى مۆدێلێکى تر هاتۆتە بوون .
بۆ ڕوونکردنەوەى زیاترى ناونیشانى بابەتەکە، وا پێویست دەکات پرسێک بخەمە ڕوو ئەویش بریتى یە لەوەى ئایا دواى چوار ساڵ لە ئۆپزۆسیۆن بوون ئێستا بزوتنەوەى گۆڕان پاشەکشەى کردووە لە پرەنسیپە یان ئامانجە سەرەکیەى کە لە پێناوى دروست بووە یاخود نا، یان بەمایەکى تر مەبەست و ئامانجە گەورە و سەرەکیەى بزوتنەوەى گۆڕان بریتى بوو لە گۆڕینى ڕیشەیی بوو لە نێو سیستم یان درێژە پێدان و بەشدارى کردن لە و سیستمە سیاسیەى کە هەریەکە پارتى و یەکێتى خۆیان بە پێشەنگ دەزانن ، هەر یەکە لەم دوو پرسە خۆى لەخۆیدا دوو کۆڵەکەن کە پێکهاتەى سەرەکى بابەتەکەمانن ، ئەمەش پێویست دەکات بەر لەوەى بچینە سەر ناوەڕۆکى وەڵام ئەو دوو پرسە سەرەتا بزانین گوتارى سەرەکى لە چوار ساڵی ڕابردووى ئەزموونى ئۆپزۆسیۆن بوونى خۆیدا چی بووە و چۆنیش هەوڵى داوە بۆ ئەوەى لەبوارى پراکتیکى دا جێ بەجێی بکات .
کاتێک بە شێوەیەکى خێرا چاوێک بەسەر ئەدائی بزوتنەوەى گۆڕان لە ماوەى چوار ساڵى ئۆپزۆسیۆن بوونى بخشێنین، ئەوا لەو ماویەدا ئەو بزوتنەوەیە بەچەندین ئامرازى جیاوازە کارى لەسەر پەیامە سەرەکیەکەى خۆى کردووە ، بەو ئامانجەى بتوانێت ئەو سیستمە سیاسیە بگۆڕێت کە لە پێناوى سەرى هەڵداوە ، بۆئەم مەبەستەش بە گشتى بە سێ شیوە ویستویەتى بەرەنگارى سیستمى سیاسی ببێتەوە، یەکەمیان لە ڕێگاى میدیاوە ، بزوتنەوەى گۆڕان لە ماوەى چوار ساڵی تەمەنى ئۆپزۆسیۆن بوون خاوەن مەکینەیەکى میدیا بەهێز بوو کاریگەریشى دروست کرد لەسەر هاوڵاتى لەڕێگەى خستەڕووى ئەو داتاو زانیارییەکان و ئاشکرا کردنى داهاتەکان ، دووەمیش لەڕیگەى کارى نێو پەرلەماندا بزوتنەوەى گۆڕان لەماوەى ڕابردوو بەشێوەیەکى چڕ دەوەستایەوە لەبەرامبەر ئەو پرۆژانەى کە پارتى و یەکێتى کە ئاراستەى پەرلەمانیان دەکرد ، بە بیانوى جیاوازەوە بزوتنەوەى گۆڕان هاوڕا نەدەبوو لەگەڵیان بەهۆى ئەوەى ئەو پرۆژانە لەبەرژەوەندى گشتى دا نین .

خاڵى سێیەم کە بزوتنەوەى گۆڕان کارى لەسەر دەکرد شەقام بوو، ئەویش لە ڕێگەى خۆ پیشاندانى جەماوەییەوە لەناوچە جیاوازەکان خەڵکى هاندەدا بۆ ئەوەى بێنەگۆ لەبەرامبەر ئەو سیستمەى کە بزوتنەوەى گۆڕان بە مۆدێلێکى کلاسیکى لە شێوازى حوکمڕانى ناوى دەنا ، بەرچاوترین نموونەش خۆپیشاندانەکان لەبارەى یاساى خۆ پێشاندان لە هەرێمى کوردستان ، خۆپیشاندانەکانى 17ى شوبات و ڕۆژانى دواتر کە بزوتنەوەى گۆڕان ڕۆلێکى بەرچاوى تێدا بوو ، پەیامى ئەم ناڕەزایەتیانە سەرچاوە سەرەکیەکەى لە گوتارى بزوتنەوەى گۆڕان هەقوڵابوو، ئەویش گۆڕانکارى کردن بوو لە سیسیمى هەریمى کوردستان لەسەر ئاستى بوارە جۆراو جۆرەکانى ئابورى، سیاسی، کۆمەڵایەتى و ڕۆشنبیرى ، لەبەرامبەر دا بزوتنەوەى گۆڕان ئەلتەرناتیڤیکى جیاوازى خستەڕوو، لە ڕێگەى ئەو سێ میکانزمەى ئەماژەم پێیدا ، لێرەدا بانگەشەکەى بزوتنەوەى گۆڕان دەمانباتەوە بۆ ئەو ڕەخنەیە کە بیرمەندى ئەلمانى هێربرت مارکۆز دەیگرت لە کۆمەڵگەى سەرمایەدارى و سوسیالیستى ، خستنەڕووى سارستانیەتێکى جیاواز تر لەوەى هەبوو لە پیناو ڕزگارکردنى مرۆڤ کە بەهەموو شێوەیەک دوور بوو لە چێژ وەرگرتن لە خۆشی و ئاسودەییەکانى ژیان، ئەو شارستانیەش بریتى بوو لە شارستانیەتى ئیرۆس لە شوێنى لۆگۆس ، بە شێوەیە بزوتنەوەى گۆڕان چوار ساڵی ئۆپزۆسیۆن بوونى خۆى بەڕێکرد ، بە گوتارێکى جیاواز لە گوتارى دەسەڵات ، گوتارەکەش لەوەدا خۆى دەبینەوە کەوا گۆڕانى ڕیشەى لەبنەماکانى(structure) ئەو سیستمەى لەسایەى پارتى و یەکێتى هاتۆتە ئاراوە، هەر ئەمەش واى کردبوو کە ئەم بزوتنەوەیە کۆمەڵی کەسی لەدەور کۆ ببێتەوە و خەونیان بەوە دەبینى کە ئەو گوتارەى بزوتنەوەى گۆڕان هەلیگرتبوو لەبوارى کردارى جێ بەجێی بکات .
دواى ئەوەى بزوتنەوەى گۆڕان لە هەڵبژاردنەکەى 21 ى ئەیلولى ساڵی ڕابردوو توانى پڵەى دووەم بەدەست بێنێت ، لە ڕێگەى ئەم هەڵبژاردنەوە گۆڕان توانى هاوکێشەى سیاسی لە هەرێمى کوردستان گۆڕانکاری بەسەر دا بینێت ، بەجۆرێک کە چیتر لایەنێک یان دوو لایەن نەتوانن بە تەنیا حکومەت پێک بێنن بەبێ بەشدارى کردنى لایەنەکان ، بۆیە ئەم هەڵبژاردنە کۆتایی بەقۆناغێک هێنا و سەرەتایەک بۆ قۆناغێکى تر کە بەبەراورد لەگەڵ پێشووتر زۆر جیاواز بێت ،.

بزوتنەوەى گۆڕان هەر لەکاتى بانگەشەى ئەو هەڵبژاردنە دروشمى بەرەو دەسەڵاتى کرد گوتارى سەرەکى خۆى ، بۆ ئەوەى ئەو گوتارەى کە لەماوەى چوار ساڵی ئۆپزۆسیۆن بوونى هەلیگرتبوو بخاتە سەر ئەرزى واقیع، ئەو بەلێنانەى کەبە هاوڵاتیان و دەنگدەرى خۆى دابوو بێنێتەدى ، بەڵام لێرەدا پرسیارێکى زۆر گرنگمان بەرەو ڕوو دەبێتەوە ئەویش ئەوەیە ئایا بڕیارى بەشدارى کردنى بزوتنەوەى گۆڕان لە دەسەڵات لەگەڵ هەریەکە لە پارتى و یەکێتى پێچەوانەوەى ئەو گوتارە نەبوو کە بزوتنەوەکە لە پێناوى دا دروست بوو ، بەگەڕانەوە بۆ دروشمە سەرەکیەکانى بزوتنەوەى گۆڕان بۆمان دەردەکەوێت کە هەموو بزوتنەوەى گۆڕان دروشمى گۆڕانکارى کردبووە ئامانجى سەرەکى خۆى ، گۆڕانێک کەلە ڕەگەوە ئەو سیستمە هەڵتەکێنێت و سیستمێکى تر بنیات بنێت، بەڵام ئەوەى ئێستا دەیبینین ئەوە نییە کە بزوتنەوەکە لەماوەى ڕابردوو بانگەشەى بۆ دەکرد بەڵکو گۆڕان ئاوێتە بوو لەگەڵ ئەو سیستمە کە پێشتر بە سیستمێکى کلاسیکى کات بەسەرچووى ناودەبرد ، بوو بە بەشێکى سەرەکى ئەو سیستمەى پێشتر ڕەتى دەکردەوە کە هەرگیز نابێتە بەشێک لەو سیستمە ، بۆیە ئەگەر لەم ڕوانگەیە سەیرى گوتارى بزوتنەوەى گۆڕان بکەین دەبینین جۆرێک لە پاشەکشەى تێدا بەدى دەکرێت، لەبەر ئەوەى ئەو گوتارەى ئێستا هەلیگرتووە پێچەوانەوەى گوتارى پێشوویانە ، چونکە ئەگەر بزوتنەوەى گۆڕان پێی وابێت دەتوانێت بە بەشدارى کردن لە دەسەڵات دەتوانێت گۆڕانى ڕیشەى لە سیستم دروست بکات، ئەوا ناتوانێت لەبەر ئەوەى خۆى بۆتە کردۆتە بەشێک لەو سیستم و دەسەڵاتەى کە پێشتر بە هەموو شێوەیەک ڕەتى دەکردەوە ، بەڵگەش بۆ پاشەکشەى بزوتنەوەى گۆڕان لە گوتارى سەرەکى خۆى بریتى یە لە دوو خاڵی سەرەکى ، یەکیان کەم کردنەوەى دەنگەکانى خۆى لەهەڵبژاردنەکانى ئەنجومەنى پارێزگا بەتایبەتیش لە هەولێر و لەبەرامبەر هەڵکشانى دەنگەکانى یەکێتى ، سەلمێنەرى ئەوەیە کە بزوتنەوەکە ئەو پەیامەى کە پێشتر هەلیگرتبوو لێی پاشگەزبۆتەوە ، خاڵەکەى تریش وازهێنان و دەست لەکار کێشانەوەى هەندێک لە ئەندامان و هەلسوڕاوانى ئەو بزوتنەوەیە لەو ماوەیەدا بەتایبەتى ئەوانەى کە خۆیان بەخاوەنى بۆچونێکى سەربەخۆى ئازاد دادەنا ، دواى ئەو هەلوێستانەى بزوتنەوەکە هیوایان بە بزوتنەوەکە نەما بۆ گۆڕانى ڕیشەیی لە سیستمى گشتى هەرێمى کوردستان .
کەواتە بە خویندنەوەى بارودۆخى ئێستاى بزوتنەوەى گۆڕان و گوتارى سەرەکیان بە ئاشکرا ئەو پاشەکشەیە ڕوون دەبێتەوە ، چونکە ئەو پەیامەى کە بزوتنەوەکە لەناخى خۆى هەلیگرتبوو نەیتوانى بخاتە سەر ئەرزى واقیع ، سەربارى ئەوەى کۆمەڵێ گۆڕانکارى گرنگى لە هەرێمى کوردستان هێنایە کایەوە ، بەڵام هەرگیز ئەو گۆڕانکاریە بەراورد ناکرێت بەو بانگەشەیەى کە پێشتر بزوتنەوەکە بەبەر گوێ خەڵکە دەدەا ، لە لایەکى تریشەوە لە ماوەى ئەو دانوستاندن و گفتوگۆیانەى کە لە ڕابردوو کراون لە نێوان لایەنە سیاسیەکان بەگشتى و پارتى و گۆڕان بەتایبەتى، ئەوەندەى باس لە پۆستەکان و بەرژەوەندییەکان کراونەتەوە بە نیو ئەوەندە قسە لەسەر پرۆژە و بەرنامەکان نەکراوە ، بۆیە لێرەدا پرسیارێکى زۆر گرنگ ئاراستەى ئەو کەسانە دەبێتەوە کە دواى ئەوەى بزوتنەوەى گۆڕان دروست بوو پێان وابوو کە بزوتنەوەى گۆڕان گۆڕانکارى ڕێشەیی دروست دەکات نابێت ئەوەیان لە بیر بچێت کە ناتوانرێت گۆڕانى ڕیشەیی بە بەشدارى کردن لە دەسەڵات دروست بکرێت، بەڵکو گۆڕان دەبێت سەرەتا لە بنەما و ستراکتۆرى کۆمەڵگە دەست پێ بکات، بۆیە بەشدارى کردنى بزوتنەوەکەش لە دەسەڵات بەماناى ئەو گۆڕانکارییە نایەت کە ئەوان هیواکانیان لەسەر هەلچنیبوو ، بەمەش بەماناى پوچەڵ بوونەوە یاخود بەتاڵ بوونەوەى ئەو بەهەشتە دونیایەی کە بزوتنەوەى گۆڕان لە هزرى ئەندام و لایەنگرانى دا چاندبوو، کەچی دەرکەوت جیاوازى ئەو تۆى نەبوو لەگەڵ بەهەشتە ئاساکەى یەکێتى پارتى کە هەمیشە بە شانازیەوە باسی دەکەن .

نوسەرو یاریدەدەرى توێژەرى سیاسى لە زانکۆى سەڵاحەدین .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت