عیماد عەلی : گۆڕان لەبەردەم دوریانێکی سەختدایە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

جارێک ، هەرلەسەرەتای دەستبەکاربونی پەرلەمان و تێپەراندنی یەکەمین پرۆژەیەوە ، گۆڕان کەوتە نێو پرسیار گەلێکی هەستیارەوە ، کە بە سەرەتایەکی خراپ لەقەڵەم دەدرێت و حەقی خەڵکە گەر گومان لە شتی نهێنی و رەفتاری خراپتر بکەن . دەکرا خۆی لەقەرەی هیچ کارێک نەدات کە مایەی ئیحراجبونی بێت ، پێش هەر کار و کردەوەیەک ، پێویست بوو بە وردی چاو بە هەڵوێستەکانی پێشووی خۆیدا بخشێنێتەوە و تیشک بخاتە سەر ئەو بۆچونانەی پێشووی خۆی ، ئینجا دەیتوانی کاری خۆی بە سەرەتا و دەستپێکێکی جوانەوە رایی بکات ، کە ناکرێت و لەزەرەری خۆیدا دەشکێتەوە ئەگەر دژ بەهەڵوێستەکانی دوێنێی بجوڵێتەوە . لەو بەینەشدا دەکرێت بڵێین ، پێش دانپێدانان بە شەرعیەتی سەرۆکایەتی هەرێم ئەگەر بە ناراستەوخۆش بێت ، دەبوایە هۆکاری سەرەکی ئەو رەفتارەی بۆ خەڵک روون بکردایەتەوە ، کە یان دەبێت هیچ پرۆژەیەک لەپەرلەمان دەرنەچێت کە پێویستی بە رەزامەندی سەرۆکی هەرێم بێت تاوەکو سەرۆکایەتی نوێ بۆ هەرێم هەڵدەبژێردرێت ، ئەمەش کارێکی ئەستەم و قورسی نەکردەیە لەم کاتەدا ، یان دەبوایە باس لەناچاری ئەم رەفتارەی بکات و روونی بکاتەوە کە تا ئێستا سەرۆکی هەرێم بەماوەبۆدرێژکراو دەزانێت ، بەڵام لەبەرژەوەندی هیچ کەس و لایەنێک نیە ئەو پرۆژە کۆن و نوێیانەی لە خزمەتکردنی خەڵکدان لەسەر رەفەی پەرلەمان بمێننەوە و نوێنەرانی خەڵک دەستەوەستان و بێکار دانیشن و لەچاوەروانیدا بن .
دیارە کارکردن وەک دەسەڵات جیاوازە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن بوندا ، ئێستا فەرزە لەسەر گۆران پێش خەڵکی تر ئەولەویاتی خۆی ئاشکرا بکات و بەو جۆر و رێرەوەدا کاربکات کە لەچەند ساڵی ئۆپۆزسیۆن بونیدا وەعدی بەخەڵک دابوو ، پێش هەموو شتێک بۆ خەڵک بیسەلمێنێت کە ئامانجی سەرەکی ئەو گۆڕینی سیستمی سیاسی و راستەرێکردنی دەسەڵات و دوبارە نەکردنەوەی هەڵەکان و نەهێشتنی گەندەڵی و پاشاگەردانیە لەم هەرێمەدا ، نەک خۆی ببێت بە بەشێک لەو سیستمە و لە پێناو ئامانجێکی کورتخایەنی دیاریکراو چوبێتە دەسەڵاتەوە .
پاش ئەو چەند ساڵەی ئۆپۆزسیۆنبونی گۆڕان ، کۆمەڵێک پەیمان و وەعدی بە خەڵک داوە ، کە ئەو وەک ئەو دەسەڵاتە نابێت و بە فیعلی و لە جەوهەردا نەک تەنها بە زارەکی و لە رواڵەتدا وەعدەکانی بباتە سەر و پەیمانەکانی جێبەجێبکات .
بۆ سەلماندنی ئەو بۆچونانەی دەبێت گۆڕان وەڵامی پرسیار گەلێکی پیویست بداتەوەو خەڵک دڵنیابکاتەوە :
1- پێی دەکرێت ، لەکاتی راییکردنی سیاسەتەکانی لە دەسەلاتدا، سازش لەسەر ئامانجە گەورەکان نەکات لەم کوردستانەی کەلەهەموو بوارەکاندا لەسەر سازش بەرێوەدەچێت .
2- بەرگری ئەوەی دەبێت کە نەچێتە ژێر رکێفی لایەنی بەهێزی دەسەڵاتەوە و نوێنەرانی لە حکومەت و پەرلەمان دڵسۆز بن ، خەڵکیش نمونەی لایە کە تەنانەت لە کاتی ئۆپۆزسیۆنبونیدا و تا ئێستا چەندین نوێنەری رێگەیەکی تریان گرتۆ تەبەر .
3- بەرگەی لەزەتی دەسەڵات دەگرن و وەک لایەنی تر دەستەمۆ نابن .
4- پەیوەندیە ناوخۆ و دەرەکیەکانیان لە ئاست بنەمای پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاکانی میلەت دەبن یان بۆ کاتێک و ناوچەیەکی دیاریکراو رێکدەخرێن.
5- ستراتیجی سیاسەت و کاکردنیان لە مەر پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی تاوەکو کوێ بردەکات و لەئاست روبەرێکی دیاریکراو خولناخواتەوە .
6- لەنێو کارلێکە ناوچەیی و جیهانیەکەدا چ هەڵوێستێکیان دەبێت و لەگەڵ بەغدادا چۆن رەفتار دەکەن .
7- هەڵوێستیان لەمەر پرسی ناوچە دابرێنراوەکان چۆن دەبێت و ئەو بێ متمانەییەی خەڵکی ئەو ناوچەیە بە گۆڕان لە جێی خۆی دەبێت و بۆچونەکانیان راست دەردەچێت .
8- دیاریکردنی نوێنەرەکانی لە بواری جیبەجێکردن و تەشریعیشدا لەئاست متمانەی خەڵکدا دەبن وسیفەتی نابەجێیان لێ دەرناکەوێت ، کە بەسەرەتایەکی خراپەوە دەستیان پێکردووە .
9- پشت بە سەرکردەی کاریزما دەبەستێت وەک مەرجەعیەت لە ساغ کردنەوەی بریارەکانیدا کە تا ئێستا وا دەردەکەوێت ، یان سیاسەتی زانستیانە پەیرەو دەکات .
ئەمە و چەندین پرسیاری گرنگ و پێویستی تر لە مێشکی چاودیران و خەڵکدا خولدەخواتەوە ، دەبێت گۆڕان وەڵامی قەناعەتپێکەری پێبێت ، ئەگینا ئەویش وەکو هێزیتر لە بازنەیەکدا خولدەخواتەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت