tenha-5

ئاکۆ برایم : بۆ فریشتەى ون ، سەرابى عیشق .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەى کە ئاسودەیم پێ دەدات و هێمنیم پێدەبەخشێت تۆیت ، لەبەر ئەوەى چ تۆ چ من لەراز و نیەتى دڵى یەکترى دەگەین و، خویندنەوەمان بۆ ئایدیا و هزرى یەکدى هەیە . هەر ئەمەشە کەوا دەکات زیاتر و زۆرتر بمەوێت بمناسیت و ئەوەى کە مەبەستمەو پێم راگەیاندویت لەئایندەدا ببەئامانەتەوە بیگەیەنیت .
ژن ، بەلێ ژن ، رەگەزى مێینە ، لاى من جوانترین مەخلوقی خوداییە ، ئەبێت ئێمەی ( پیاوان) سوپاس و ستایش و کڕنۆش بۆ دروستکەرى بەرین ، لەبەر ئەوەى پاکى ، جوانى ، وەفا ، خۆشەویستى ، عیشق ، لێبوردەیى ، بەخشندەیى ، دایکایەتى ، میهرەبانى، سۆز ، بەزەیى ، و…. هەتا بیڵێم وشە ڕیزکەم هەست دەکەم هیچم نەوتوە . هەزاران و ملیۆنان سیفەتى جوان و ناوازەى تریش لەتاکە یەک ژندا بەرجەستە دەبن..
من هەست دەکەم ژن بەشێک بێت لەنور و رۆحى خودا ، بۆیە ئەوەندە مەزن و بەخشندە و پایەدارى کردووە ، رەنگبێت هەر لەبەر ئەوەش بوبێت کە خودا پێغەمبەرایەتى بەژنان نەبەخشیوە ، چونکە زۆرى خۆش ویستون و رێزو گەورەیى لێناون ، حەزى نەکردووە ، هیچ کام لەوانە روبەروى توندو تیژى و رەخنە و دەربەدەرى ببنەوە .. بەدەر لەوەش خوداى گەورە زانیویەتى کە ژنان سۆز و هەست و بەخشندەیى و میهرەبانیان بێ سنورە و ، ناتوانن وەکو پێغەمەبەرەکانى دیکە زەبر و زەنگ و شەریعەت و ئەحکام بەسەر خەڵکیدا بچەسپێنن ، بۆ ئەوەش نەیخستونەتە ژێر ئەو بارە سەختەوە .. لاى من ئەوە لەخۆشەویستى و رێزى بێ پایانى یەزدانە بۆ ئێوەى ژن و ئێوەى سروشت و ئێوەى کەون . نەک بەوەى کەسانى بەجەستە و سمێڵ پیاو و بەهزر گەلۆر دەڵێن: ژن زەعیفە و بێ دەسەڵات و چى و چى یە ؟؟ . بەڵام بیرمان نەچێت بارتەقاى ئەوەش یەزدانى مەزن ، هەر وازی نەهێناوە ، گەورەترین شکۆى بەژن داوە ئامینە و عایشە و مریەم نموونەى ئەو راستیەن، لەوەش زیاتر پایەدارى دونیا، پێغەمبەرى ناچار کردوە کە ئەو بەهەشتەى کەوا ئێمەو مانان بەساڵان و ئیتاعەت ئەکەین و، بەهەزاران میل دەبڕین بۆ حەج و پاکبوونەوەى جەستەو رۆحمان ، زۆربەى کات بە مانگ بە رۆژو دەبین و هەرچى ئەرک و واجیبێکى ئیسلامى و دینى یە پەیرەوى دەکەین، تەنها بۆ خاترى ئەوەى، نەک بەهەشت بگرە لە سزاو دۆزەخ بەدوور بین. کەچى ئێوەى ژن،ئێوەى خۆشەویستى خودا ، بەهەشتى بۆ ئاوەڵاکردون هێندە ئەو فیردەوسەى بێ بایەخ کردوە بۆتان کە خستویەتیە ژێر پێتان.
من عاشقم زۆر عاشقم ، عاشقى ژن ، عاشقى میهرەبانى ژن ، عاشقى جوانى ، عاشقى سۆز وئەوینى ژن.. عیشقێک ئاوێتە لە رۆح وجەستە ، نە بەتەنیا بۆ ژنێک یان کەسێک ، بەڵکو بۆ هەموو ژنێک ، هەرچى ژن هەیە لاى من جوانە ، پاکە ، ئازیزە ، هەست ناسکە . پیرۆزە.
تۆ دەزانیت بەپێچەوانەى هەمو گەنج و هەرزەکارێک من لەهەرەتى لاویشما عاشق نەبووم ، عیشق بازیشم نەکردوە ، نەک لەبەر ئەوەى ترسنۆک بووم ، یان نەمزانیوە ، یان بێ هەست و دڵ مردوو بووم ، نەخێر ، من هەمیشە لەوە ترساوم کە نەتوانم ببمە هەڵگرى ماناى بەرز وجوانى ئەو عیشقە ، بەهۆى سەرەڕۆیى و هەرزەکاریى ونەفامیەوە ، ئەو وشە بەرزو جوانە سوک وبێ بایەخ بکەم .
چۆن دەبێت و دەکرێت من و تۆ لەبەرامبەر کەسێک عیشق بازى بکەین ، لەکاتێکدا ئەو بۆخۆى دروستکەرى عیشق و هەوێنى ئەو رۆحە بێگەردەیە ، بەسۆز و ئەوین و موحیبەتى بارانى عەشق ببارێنێت بەسەر دونیاى خاڵى لە سۆز و ئەوین و جوانى دا ، چۆن دەتوانم و دەکرێت ، منێکى نابەڵەد ئەو سارا کاکى بەکاکى یە ، بە دوو وشە و چۆڕێک هەستى ساردو سڕ بکەومە بەرامبەرى . خوداش ئەو نابەرابەریە قبوڵناکات ، بۆیە نەمکرد .
عیشق لاى من ئاوێتە بون و رۆچوونە بەناخ دا و توانەوەیە لە ئاست ئەو شتەى عاشقى دەبیت ، بۆى دەسوتێیت ، جا عیشقەکە ، کچە ، شیعرە ، حەز و خولیایە ، گرنگ ئەوەیە عاشقێکى سۆفیگەرانە و عاریفانە بێت ، بۆى بسوتێیت و شەو تابەیان بۆى لەخەڵوەتا بیت ، شەم ئاسا ببیت بەقەرەبرووت ، گیان ورۆحى بۆ فیداکەى ، من ئەو شتانەم هیچى تیا بەرجەستە نەبووە ، بۆیە نەموێراوە دوور و نزیک توخنى عیشق بکەوم .
تۆ دەزانیت هاوتەریب لەگەڵ گەورە بوونى ژیان و دونیاو سەرهەڵدانى نەوەى نوێدا ، عیشق بچوک وبچوکتر ئەبێت ، من زۆرجار پێکەنینم دێت کاتێک باسى کچێک یان کوڕێک دەکەن ، دەڵێن فڵان کەس عاشق بووە ، کەوتۆتە داوى عیشقەوە ، عەشقێکى درۆزنانە عیشقێکى پڕ لەفێڵ وپیلان ، عیشقێک تەنها بۆ دەستکەوتنى نیگایەک یان ماچێک یان جێژوانێک، یان بۆ بەژن وباڵاو چاو و دەمو لێوێک.. ئایا ئەمە عیشقە یان فریودانە ؟ هەرکات باسى عیشق و عیشقبازى دێتە گۆڕێـ مەم وزین و وەلى دیوانە وشەم .. مان بیر دەکەوێتە ، عاشقى راستە قینە ئەوان بوون ، ئەوان ماناى عیشقیان زانیوە ، ئەوان جوانى و هەقیان بەعیشق داوە ، نەک عاشقەکانى ئەم دەورو زەمانە کە بەمۆبایل و مەسیج و چات و چى و چى ئەوعیشقەیان هەراج کردوە ، تۆ خۆت باش گوێبیستى شیعرە جوانەکەى وەلى دیوانە( هەى شەمى شەوان بویت ) کە گوێت لێدەبێت بەبێ ئەوەى عاشقیش بیت ، یان هەست بە دوراییەکان و قرچە و ناڵەى ئەو عاشقە بکەیت ، دڵ و هۆش و دەمارت دەبزوێت ، چێژ و لەزەت و خۆشى لەو عیشقە ناکامە وەردەگریت ، کە دوور ونزیک پەیوەندى بەتۆوە نى یە … عیشق ئەبێت وابێت ، ئەوان رێز و قەدریان بەعیشق داوە . نەک ئێمە ومانان… جوانى ئەو عیشقەیان لەچیدا بووە ، گەیشتۆتە خاڵى کۆتایى و ترۆپک ، خۆ گەر بهاتایە ، بەمرازى دڵ بگەیشتنایە و بۆیەکترى ببوونایە ، عیشقەکەیان ئەرزشى سووتوە جگەرەیەکى نەدەبوو.. وەکو ملیۆنان دڵدارى ئەم سەردەمە دەچوونە پەراوێزى ژیانەوە.
عیشق لاى من تا ئەورادەیە پیرۆز و بەرز و پڕ مانایە کە خاڵى نەبێتەوە ، ئاهـ و حەسرەتى پەنگ خواردولەناخەوە قوڵپ بدات ، پشکۆیەکى داگیرساو بێت بۆ هەتایە بگەشێتەوە ناڵە و نێڵەى بگاتە عەرشى عەزیم تا قیامەت بەو کەفو کوڵەوە بمێنێتەوە .. من چى لەعیشقێکى درۆزنانە بکەم ، کاتێک کەسێک بۆخاترى بەریەک کەوتن یان غەریزەیەک ، خۆى دەکات بەعاشقى بەرامبەرى و هەزار و یەک مەرایى و مامە حەمەیى بۆ دەکات ، تەنها بۆ مەبەست و پێگەیشتنى ؟!! جوانیەکەى عیشق لەوەدایە بە بەرامبەرەکەت نەگەیت و ، ئەو عیشقە لەناو دڵ و دەروندا پەنگ بخواتەوە ، ئاوێزانى رۆح و جەستەت بێت و شەو رۆژ بەخەیاڵى ئەو بتلیێتەوە ، مەحوى ئاسا بڵێت
لەسەر خۆچوونە ، شەیدا بوونە ، قوڕپێوانە ، سوتانە
هـەتـا مـردن مـوحیبـەت ئـێشى زۆرە ریـزى لـێدەگـرم
عیشق وەکو دوو جەمسەرەکەى کارەبا وایە ، کاتێک شان بەشانى یەکترى رێدەکەن جوانى وروناکى دەبەخشن ، بەڵام هەرکات بەریەک کەوتن رووبدات ، ئەوکاتە ئەو عیشقە لەجێدا دەمرێت و خاڵى دەبێتەوە ..
سەردەمانێک من عاشقى کوردایەتى و شۆڕش بووم ، بەڵام کاتێک چومە شاخ و ئەو حەزەم بەرجەستە کرد عیشقم مردو نەما ، وەختایەک حەز و خولیا و عیشقم پیاسەو گەڕان بوو کەیف و سەفا بوو ، بەڵام کە ئەوەش هاتە دى ، ئەویش بەناکامى سەرینایەوە ، مودەتێک عاشقى شیعرى شاعیران بووم دەروێش ئاسا هەمویانم بە نوقتەو فاریزەوە لەبەرکرد ، کاتێک گەیشتمە دوا خاڵى کۆتایى هیچم نەما و خاڵى بوومەوە . کە هەژار بووم عاشقى ئوتومبیل و ماڵ و خانو شتی تایبەت بووم ، شەو رۆژ کارم بۆدەکرد ، بەڵام کەئەوانیشم هاتنە دەست ، ئەو عیشقەش با بردى . کەواتە لەم ژیانە پان و بەرینەدا شتێک بۆمن نەماوە کەیبکەمە سیمبول و رەمزى عیشق.
بەهۆى سیاسەتى وشک و بێ فەڕەوە ، بەهۆى جەنجاڵى ژیانەوە ، ساڵانێکە عیشق لێم تۆراوە ، بەسەردانیش نایەتە ناو هزرمەوە ، بەڵام کاتێک ، تۆم ناسى و قەدەر تۆى کرد بەنسیبم هەست ئەکەم ، ئەوشتە خەریکە لەناخما چەکەرە ئەکاتەوە ، سەرەتاکانى و ئەلف و بێى و عیشق و ژیانى راستى ئەناسم .
جا بەڕێز و سەنگینەکەم : بۆیە رووم لەتۆ ناوە ، دەزانم کە تۆ لەمانا و چەمک وجوانیەکانى عیشق تێدەگەیت ، کەم تازۆر عیشق لەناو رۆح وگیانتا چەسپیوە و رۆچوە و هیلانەى کردوە ، منیش پێویستم بەعیشقە ، لەبەر هیچ نا لەبەر ئەوەى هەستە تۆراوەکانم ئاشت کەمەوە ، بۆ ئەوەى وشە ، رەش و خۆڵەمێشەکانى ناو دەرونم جارێکى تربە عیشق بڕەنگێنم . بۆ ئەوەى بتوانم پێش مردن و نەمانم ، هەر هیچ نەبێت دوو وشە و دەستەواژەیەک لەسەر عیشق بنووسم . تا پەڕاوى ژیان و کێلى گوڕەکەم بە سپێتى بە جێ نەێنێت.

 

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت