عەتا قەرەداخی : گوتاری کوردی و گوتاری عێراقی  .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گوتار چیە ؟ گوتاری عێراقی چیە ؟ گوتاری کوردی چیە ؟ رەنگە ئەمە پرسیاری زۆرێک لە خوێنەران بێت . لە راستیدا گوتار وەکو دەقێکی نووسراو پێناسە دەکرێت کە بارگاوی کراوە بە فیکرو مەعریفەو روانین کە کۆی ئەمانەش پەیوەستن بە ئایندەبینیەوە یان نەخشەرێگای ئاسۆیەک بەرەو ئایندە نیشان دەدەن . هەر بەم پێیە گوتاری کوردی پێویستە ئەو گوتارە بێت کە بارگاوی کراو بێت بە مەعریفەو فیکری نەتەوەیی و بنەمای سەرەکی بریتی بێت لە روانین بەرەو ئاسۆیەکی گەش پەیوەست بە ئایندەى نەتەوە . کە لە راستیدا رەهەندە واقیعیەکانی گوتاری کوردی وەکو گوتاری نەتەوەیی پەیوەستە بە بوون و ئامادەبوونی ناسیونالیزمی کوردییەوە . هەر بەو پێیەش ئاستی گوتاری کوردی دەبێتە پێوانە بۆ دیاریکردنی ئاستی پەرەسەندنی ناسیونالیزمی کوردی و گەیشتنی بە ئاستی بەدەستهێنانی شووناس .
گوتاری نەتەوەیی کوردی کاتێ دەبێتە گوتارێکی خاوەن شووناس کە بە لایەنی کەمەوە هەڵگری پرۆژەى سەربەخۆیی کوردستان و درووستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی بێت. لێرەو لەوێ گوێمان لێدەبێت باسی بڕیاردانی مافی چارەتووس دەکرێت . لە راستیدا ئەو مافە شتێکی سرووشتیەو هەموو نەتەوەو پێکهاتە ئیتنیکیەکان دەتوانن هەیان بێت . بەڵام بۆ گەیشتن بە ئاستی بڕیاردانی چارەنووس بکەرێکی کارا پێویستە کە ئەویش بکەری نەتەوەیەو ئاشکراتر بڵێین ناسیونالیستێکی پێگەیشتوو کارایە کە هەڵگری پرۆژەى ناسیونالیزمە . کە لە راستیدا ئەو بکەرە تاکو ئێستا لە رووی واقیعیەوەو لەسەر زەمینەى واقیعی کوردستان وەکو پێویست بوونی نییە . واتە ئەوەى تاکو ئێستا دۆزی کوردیی پێوەى دەناڵێنێت نەبوونی ئەو بکەرەیە کە هەڵگری پرۆژەى ناسیونالیزمە . راستە لە باشووری کوردستان لە سەروبەندی جەنگی یەکەمی جیهانیەوە خەباتی چەکداری دەستی پێکردووەو بزووتنەوەکانی شێخ مەحموودی بەرزنجی رووبەرێکی فراوانیان لەو مێژووەدا گرتووەو بۆ ئەو کاتەش شێخ مەحموود خواست و ویستی درووستکردنی دەسەڵاتدارییەکی سەربەخۆی هەبووە، بەلایەنی کەمەوە لە سلێمانیدا. کە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت سەرباری لاوازی ناسیونالیستی کوردی لەو کاتەدا ، گوتاری بزووتنەوەکانی شێخ مەحموود بە هەندێ لە رەگەزەکانی گوتاری نەتەوەیی بارگاوی کراوە . بەڵام بۆ ئەو کاتەو دواتریش و تاکو ئێستاش گوتاری بزووتنەوەى کوردی لە باشووری کوردستان نەبووەتە گوتارێکی خاوەن شووناسی ئەوتۆ کە لە چوارچێوەى گوتاری ناسیونالیزمدا پێناسە بکرێت . هەر ئەم لاوازییانەش لە ئاستی بنیادیدا کە مەبەست بنیادی کۆمەڵایەتی کوردییە بە هەموو رەهەندەکانییەوە هۆکار بووە بۆ ئەوەى کورد بەردەوام مەیلێکی بۆ عێراقیبوون و مانەوە لە چوارچێوەى عێراقدا هەبووبێت . دیارە لای هەمووانیش ئاشکرایە کە باشووری کوردستان لە پرۆسێسێکی ناڕەوای سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بە عێراقەوە لکێندراوە ، کە ئەو کرداری پێکەوەلکاندنەش لەگەڵ رۆیشتنی کاتدا لە کۆنەستی جەماوەری کوردی باشووردا جۆرە پەیوەستبوون یان ئینتیمایەکی بۆ گوتاری عێراقی درووست کردووە ، کە دیارە ئەو وابەستەبوونەش لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی و زیاتر سەرکەوتنی هەژموونی سۆڤێتی کە باشتروایە بە هەژموون و گوتاری ستالینی ناوببرێت لە ناوچەکەدا برەوى زیاتری سەندووە ، بە تایبەتی دوای سەرهەڵدانی چەمکی دیموکراسی بۆ دەوڵەتی سەردەستەو ئۆتۆنۆمی بۆ نەتەوە بندەستەکان کە ئەویش وەکو بەرهەم و گوتاری حیزبە ستالینیەکان و حیزبە شێواز ستالینیەکانی ناوچەکە زیاتر پەرەیسەند . کە لەوسەروبەندەشدا گوتاری نەتەوەیی کورد دووچاری جۆرێک لە پاشەکشە هات کە تاکو ئێستاش کاریگەری و شوێنەواری نەرێنی ئەو پاشەکشەیە بە گوتاری کوردی باشووری کوردستانەوە دیارە . ئەم کاریگەرییە هەرچەندە لە دوای راپەڕینی خەڵکی کوردستان و پێکهاتنی حکومەتی هەرێم زۆر لاواز بوو ، بەڵام لە هەڵەى سەرکردایەتی سیاسی کوردی لە دوای رووخاندنی سەدام حسێن کە بێ مەرج و بەند چوونە بەغدا ئەو گوتارە زۆر لاواز بوو ، ئەو رۆحە گشتیەی کۆمەڵگەى کوردی کە روو لە هەڵچوون بوو پاشەکشەى پێکراو بەوەش گوتاری کوردی بەرەو رووتکردنەوەى زیاتر لە رەگەزە نەتەوەییەکان چوو ، لەبەرامبەردا رەگەزەکانی گوتاری عێراقی شوێنی بەشێک لە رەگەزەکانی گوتاری کوردی گرتەوە .
کەواتە دەشێ لێرەدا ئەو پرسیارە سەر هەڵبدات : ئایا گوتاری عێراقی چیەو چ پەیوەندییەکی ئەرێنی یان نەرێنی بە گوتاری کوردییەوە هەیە ؟ گوتاری عێراقی ئەو گوتارەیە کە بە کۆی رەگەزە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی عێراق بارگاوی کراوەو بە گوێرەى عێراقییەکان عێراق وەکو گەل و وەکو نیشتیمان بۆ ئەوان لە پێش هەموو شتێکی ترەوەیەو بوون و سەروەری ئەوان لە بوون و سەروەرێتی عێراقدایە . بەڵام ئایا ئەو گوتارە چ پەیوەندییەکی بە کوردەوە هەیە کە خۆی چاک دەزانێت چۆن نیشتیمانەکەیان دابەش کردووەو لە پێناوی بەرژەوەندی ئەوانی عەرەب و ئەوانی دەوڵەتانی خاوەن بەرژەوەندیدا باشووری کوردستانیان لکاندووە بە عێراقەوەو لە هەموو ئاستێکیشدا هەوڵیانداوە گوتاری کوردی لە نێو بۆتەى گوتاری عێراقیدا بتوێننەوەو لە بری ئینتیما بۆ کوردستان ئینتیما بۆ عێراق درووست بکەن و بەرهەم بهێنن . لێرەوە ئاشکرایە کە کورد هیچ پەیوەندییەکی نییە بە گوتاری عێراقیەوە . راستە پێشتر بە کاریگەری لاوازیی هەستی ناسیونالیستی کوردی و نەبوونی ناسیونالیزم و رۆڵی نەرێنی ئایدیۆلۆجیای چەپ کە چاوی لەسەر پەکێتی چینی کرێکاری عێراق بووە ، لە ئاستێکی دیاری کراوی هەستدا مەیلی پەیوەستبوون بە عێراقەوە درووستبووە ، کە ئەوەش بۆ رووبەری نەست گواستراوەتەوەو پەیوەستبوونی کورد بە گوتاری عێراقیەوە لە ئاستێکی لاوازدا بەرهەمهاتووە . بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئایا پەیوەستبوونی کورد بە گوتاری عێراقییەوە وەکو نەتەوە چی بۆ بەرهەمهێناوە ، یان بۆ ئێستاو داهاتوو چی بۆ بەرهەم دەهێنێت ؟
لە ئەزموونی فەرمانڕەوایی عێراقی دوای سەدام حسێندا کورد بە جیدی بەشدار بووە لە بەڕێوەبردنی عێراقداو بەو پێیەش بەشداریی ئاشکرای لە بیناکردنی گوتاری عێراقیدا کردووە . بەڵام ئایا ئەو بەشداریکردنە لە رووی راستیەوە کوردی وەکو عێراقییەکی عەرەب نیشانداوە ، یان بەردەوام لە بەرزترین ئاستەوە کە پۆستی سەرۆک کۆمارە هەتا دەگاتە پۆستەکانی تر، کورد لە روانگەى ئەوانی عەرەبی عێراقیەوە وەکو ئەوی تری غەریب سەیر کراون کە بارودۆخێک سەپاندوویەتی بەسەر عێراقدا ؟ تەنانەت پێیان وایە کە ئەمان بەشێک لە پۆست و پایەکانی عەرەبی عێراقیان داگیرکردووە . هەر لەم روانگەیەشەوە عەرەبی عێراق بە تەواووی کورد وەکو ئەوی نەیار سەیر دەکەن . واتە لە روانگەى عەرەبی عێراقیەوە کورد ئەو مافەى نییە بە شێوەیەکی سرووشتی لە جومگە دیارەکانی دەسەڵاتی عێراقیدا بێت. هەر ئەوەش هۆکارە کە کورد لە هیچ کام لەو پێگانەى هەرەمی دەسەڵاتی عێراقی دوای سەدام حسێندا نەیتوانیووە وەکو کورد رۆڵی هەبێت بەڵکو رۆڵی عێراقییەکی بینیووەو هەر کوردێکی تریش بچێتە ئەو پۆستانەوە هەر هەمان شێ،ە دەبێت . ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە کورد لە بەشداریکردنی لە هەرەمی دەسەڵاتی عێراقیدا هەڵگرو جێیەجێکەری گوتاری عێراقیەو گوتاری کوردیش لە بەڕیوەبردنی عێراقدا بوون و ئامادەبوونی نییە . هەر لێرەشەوەیە کە زۆرینەى خەڵکی کوردستان وای دەبینێت ئەو بەرپرسە کوردانەى کە دەچنە بەغدا هیچ بۆ کورد ناکەن و بە گووتەى ئاسایی خەڵک کوردیان بیر نییە ، بەڵام راستیەکەى ئەوەیە کە کورد لە هەرمی دەسەڵاتی عێراقیدا بەرنامەو ستراتیژی عێراقی جێبەجێ دەگات کە گوتاری عێراقی چوارچێوەکەى داڕشتووەو لە ئاستی قوڵی ئەو گوتارەشدا بوونی نەتەوەی عەرەب تاکە بنەماو رەگەزەو گوتاری عێراقیش کە سەرباری رووپۆشکردنی بە رەگەزەکانی گوتاری ئایینی چ سوونەگەرێتی بێت یان تەشەیوع ، گوتاری ناسیونالیزمی عەرەبیە ، کە لە بوونی ئەو گوتارەشدا هیچ رووبەرو جێگایەک بۆ بوون یان ئامادەبوونی گوتاری کوردی نییە . هەر لێرەوەیە کە بەشداریکردنی کورد لە بەڕێوەبردنی عێراقدا هیچ مانایەکی نییەو ئەگەر هەڵگرانی گوتاری عێراقی ببنە خاوەنی دەسەڵاتێکی تەواو و هێزی ئەوەیان هەبێت کە بەرەو دەرەوەى خۆیان هەنگاو بنێن ئەوە هیچ گومانی تێدا نییە کە نەک کورد لە هەرەمی دەسەڵاتی عێراقی فڕێ دەدەنە دەرەوە ، بەڵکو بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدەن ، هەرێمی کوردستان بخەنەوە ژێردەسەڵاتی خۆیان و لە سەرەوەڕا لەبری گوتاری کوردی، گوتاری عێراقی لە کوردستانیشدا بکەنە تاکە گوتاری ئامادە، بەڵام بەبێ ئامادەبوونی بکەری کوردی لە هەڵگرتنی ئەو گوتارەدا ، واتە بە داگیرکردنەوەی کوردستان و هەوڵدان بۆ ناچارکردنی کورد بۆ چوونەوە ژێر سایەی فەرمان و دەسەڵانی ئەوان. واتە گێڕانەوەى کورد بۆ سەروەختی فەرمانڕەوایی پاشایەتی و بەعس .
کەواتە ئەگەر بارودۆخەکە بەمجۆرە بێت لە ئێستادا کورد چی بکات ؟ ئایا بەشداری حکومەتی ئەمجارەی عێراقی بکات یان نا ؟ ئەگەر بەشداری بکات چی دەست دەکەوێت ؟ ئەی ئەگەر بەشداری نەکات بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت ؟ بە بڕوای من بەشداریکردن لە حکومەتی عێراقیدا لە رووی نەتەوەییەوە هیچ سوودێکی نییە بۆ کورد، رەنگە بۆ هەندێ ناکەکەس و ئەو حیزبانەى بەشدار دەبن لە رووی مەعنەوی و مادیەوە سوودی هەبێت بەڵام هەر بەشداریکردنێک کاریگەری نەرێ،ی لەسەر گوتاری نەتەوەیی کوردی دەبێت و دەشێ سەرئەنجامیش ئەو بەشداریکردنە ببێـە رێگا خۆشکەر بۆ بەهێزکردنەوەی حکومەتی عەرەبی عێراقی و ئەوەش سەرئەنجام ببێـە هەڕەشە بۆ سەر هەرێمی کوردستان . بۆیە ئێستا پێویستە کورد بیر لە شێوازێکی تر لە پەیوەندی لەگەڵ عێراقدا بکاتەوە ، کە ئەگەر لە ئێستادا نەشتوانێ جیا ببێـەوە هەوڵی رێکەوتنێک لەگەڵ عەرەبی عێراقدا بدات بۆ بەجێهێشتنی هەموو پۆستەو پایەکانی حکومەتی عێراقی بۆ ئەوانی عەرەب کە لە راستیشدا هی خۆیانە ، لەبەرامبەری ئەوەدا هەوڵی وەرگرتنی زەمانەت بدات بۆ پاراستنی ئەزموونی فەرمانڕەوایی کوردی و چیتر تواناو وزەى خۆی لە پێناوی عەرەبی عێراقدا بە فیڕۆ نەدات . بەمەش دەتوانێت شووناسی گوتاری کوردی بپارێزێت و نەیکاتە پاشکۆی گوتاری عێراقی و سەرئەنجامیش گوتاری کوردی بەرەو گوتارێکی خاوەن شووناسی تەواوەتی بچێت کە ئەوەش تەنیا لە سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەتدا گوزارشت لە خۆی دەکات .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت