Andre-Comte-1

ئه‌ندرێ کۆمت – سپۆنڤیل : کتێبە گچکەی فەلسەفەو کێشە گه‌وره‌کانی ژیان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نووسینی : فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی ئه‌ندرێ کۆمت – سپۆنڤیل

دکتۆر کەمال میراودەلی له‌ ئینگلیزی یه‌وه‌ وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی

چاپی ئینگلیزی : ساڵی ٢٠٠٤ لەلایەن William Hermann، له‌نده‌ن .

بابه‌تی شه‌شه‌م : ئازادی

قبوڵکردنی یاسایەك کە خۆت بۆ خۆت داناوە ئازادییە . ( رۆسۆ )
ئازاد بی : مانای وایە چۆنت حەز لێ بێت وابکەی . بەڵام ئەم راگەیاندنە دەشێ بە ڕێگای جیاواز لێکبدرێتەوە .
یەکەم : ئەوە ئازادیی کردنە : ئازادی کردار و بەم پێیە دژەتێزی سنوور بۆ دانان و لەمپەرو کۆیلایەتی یە .
هۆبز دەنووسێ : ئازادی نەبوونی رێگری دەرەوەیی یە کە رێگە لە پرۆسەیەکی کردار دەگرێ ، بەم مانایە ئەو ئاوەی لەناو سووراحیدا هەڵگیراوە ئازاد نیییه ‌، مادام سووراحیەکە رێگەی ئەوەی لێگرتووه‌ هەڵرژێ کاتێ سوراحییەکە دەشکێ ئاوەکە جارێکی دی ئازاد دەبێ ، بەم مانایە مرۆڤێ ئازادی دەچێژێ بەقەدەر ئەو فەزایەی رێگەی پێدراوە .
من ئازادم ئەوە بکەم دەمەوێ بیکەم کە کەسێ ڕێگەم لێنەگرێ ، ئەم جۆرە ئازادییە هەرگیز رەها نیییه ‌، ( هەمیشە کۆسپ هەن ) و قەتیش بە تەواوی ون نییە .
تەنانەت بەندیش لە زیندانەکەیدا عادەتەن ئیختیاری ئەوەی هەیە دانیشێ ، هەستێ ، قسە بکا ، بێدەنگ بێ ، بیر لە ئازادی بکاتەوە نەخشەی هەڵاتنی دابنێ یان هەوڵدا عەتفی زیندووەکانی راکێشێ و … هتد. هەروەها هیچ هاوڵاتییەك لە هیچ دەوڵەتێکی دنیادا نیییه‌ کە بتوانێ هەرشتێ حەز بکات بیکات ، خەڵك و یاسا هەندێ رێبەندی دەسەپێنن کە تەنیا بەوەی خۆی بخاتە کێشە و مەترسییەوە دەتوانێ لێیان دەرباز بێ . بۆیە ئەم ئازادییە زۆر جار وەك ئازادیی بەمانا سیاسییەکەی دێتە ناساندن ، مادام دەوڵەت ئەو ئامرازە agent سەرەکییەیه‌ کە ئازادییەکان باڵبڕ دەکا و تاقە ئامرازیشە کە دەشێ لە دەوڵەتی مۆدێرندا زامنیان بکات ، ئەو ئازادییە لە سیستمی لیبرال دیمۆکراسیدا زیاتر لەوەی لە دەوڵەتی تۆتالیتاریدا ، هەیە . زیاتریش لە دەوڵەتێکدا کە یاسا حوکمی بکا لەوەی کە لە جیهانی سروشتیدا هەیە . چونکە تەنیا یاسا ئازادییەکانی بە هەمووان دەدات ، رێگە بۆ هاوڵاتیان خۆش دەکات پێکەوە بژین لە جیاتی ئەوەی رکەبەرایەتی یەکتر بکەن بەهێزتربن ( گەرچی ئەمه‌ پێویستی بە سنوور دانان بۆ یەکتر هەبێ ) ، پێکەوە به‌هێزبن ، لە جیاتی ئەوەی یەکتر بێ هێز بکەن .
لۆك تێبینی دەکا : لەو شوێنەی یاسای لێ نیییه‌ ئازادی ناشێ هەبێ ، چونکە کە ئازاد بی مانای وایە لە چەوساندنەوە و توند و تیژی کەسانی دی ئازاد بی ئەمە شتێکە مەحاڵە بەبێ بوونی یاسا بێتەدی .
ئایا دەوڵەت ئازادییەکانی تۆ کەم دەکاتەوە ؟!
دەشێ ، بەڵام ئازادی کەسانی دیکەش کەم دەکاتەوە ئەوەش تاقە شتێکە وا دەکا ئازادییەکەی تۆ راستەقینە بێ . بەبێ یاسا تەنیا توند و تیژی و ترس لە گۆڕێ دەبێ ئایا کەس لەو کەسە نائازادتر هەیە کە هەموو دەمێ لەژێر سێبەری ترسدایە و هەڕەشە لێکراوە ؟!
کە ئازاد بین ، کەوایە ئەوە بکەین کە دەمانەوێ . ئازادی کردن ، ئازادی بەمانا سیاسییەکەی ، ئازادی فیزیکی رێژەیی ، ئەو ئازادییە کە هۆبز ، لۆک و ڤۆلتێر باسیده‌که‌ن : ئازادی به‌ ساده‌یی ده‌سه‌ڵاتی کردنه ‌، ره‌نگه‌ تاقه‌ جۆرێکی ئازادی بێ کە وابوونەکەی و نرخەکەی جێگای مشتومڕ نین .
بەڵام ئایا ئێمە ئازادین لەوەی ئەوە هەڵبژێرین کە دەمانەوێ ؟ ئەمە مانای دووەمی وشەی ئازادیی یە ، ئازادی هەڵبژاردن ئازادی بە مانا میتافیزیکییەکەی هەندێ رەنگە ناوی بنێن ئازادی رەها ، یان لەوانەیە ئازادی سه‌روو – سروشتی لە ڕووی فەلسەفییەوە ئەمەیان هەرە بە گرفت ترەو له‌ هەموویان لێکدانەوەیەکی سەرنجراکێشتری وشەکەیە .
با نموونەیەك وەربگرین: لە سیستمێکی دیمۆکراسیدا شایانی ئەو ناوە بێ ، تۆ ئازادی بۆ هەر کاندیدێکی هەڵبژاردن دەنگ بدەی ، ئازادیی تۆ لە گۆشەی ژووری دەنگداندا کە دەنگ بۆ کێ بدەی ، تەواوە تەنانەت رەهایە گەرچی تۆ لیستی کاندیدەکانت لەبەردەمە ، لەبەر ئەوە تۆ لە ئەنجامدا دەتوانی دەنگ بە هەر کەسێ بدەی کە دەتەوێ : ئه‌مه‌ ئازادی کردن ــه‌ .
بەڵام ئایا تۆ هەروا ئازادی کە ئەم یان ئەو کاندیدە هەڵبژێری ؟ گەر تۆ چەپ بیت ئایا تۆ ئازادی لەوەی دەنگ بۆ کەسێکی ڕاست بدەی ؟ کەتۆ ڕاست بی دەتوانی چەپێ پەسەند بکەی ؟ گەرهیچیان نەبێ ئایا ئازادی لەوەی هەرکامێکیان هەڵبژێری ؟ ئایا تۆ ئازادی لەوەی بیرەکان و ئارەزۆکان و ترس و هومێدەکانی خۆت هەڵبژێری ؟ گەروایە چۆن ؟! تۆ دەتوانی ئەمە بکەی بە پێی رایەکانی تر ، ئارەزۆکانی تر ، ترس و هیواکانی تر ، یان دەتوانی هەر رەمەکی کەسێ هەڵبژێری کە ئەم شتەت کرد چیدی رەمه‌کی نامێنێ . کە رەمه‌کی دەنگ بدەی مانای ئەوەیە ئازادانه‌ ده‌نگ ناده‌ی ، به‌لام له‌ ده‌نگدان بۆ ئه‌و که‌سه‌ی هەلی دەبژێرین ئایا ئێمە دیلی ئیختیارەکان و هۆکارەکانی کۆمەڵایەتی ڕۆشنبیری و ئایدیۆلۆجی- نین ، کە بڕیاری ئەو هەڵبژاردنانە دەدەن ؟ ئێمە بە پێی بیروڕاکانی خۆمان هەڵبژاردن دەکەین بەڵام کێ بیروڕاکانی خۆی بۆ خۆی هەڵدەبژێرێ ؟!
سپینۆزا دەنووسێ : مرۆڤەکان وا بیر لە خۆیان دەکەنەوە کە ئازادن تا ئەو ئاستەی کە هۆشیاریان دەربارەی ئیختیارەکانیان هەیە و ئارەزووەکانیان هەیە و تەنانەت بە خەونیش بیر لەو هۆکارە ناکەنەوە کە ئەوانی بەرەو ئەو ئیختیار و ئارەزووانە بردووە .
ئایا ئێمە ئازادین ئەوە بکەین کە دەمانەوێ ؟ بەڵێ بێ گومان !! بەڵام لەبەرچی ئەوەمان دەوێ کە دەمانەوێ ئیختیاری ئێمە بەشێکە لە وابوون و وەك هەموو شتێکی تر خراوەتە ژێر فەرمانی پرینسپی هۆکاری پێویست : هیچ بەبێ هۆ نیییه ،‌ هەموو شتێ دەشێ لێکبدرێتەوە بە پێی پرینسپی هۆکاریی . ( هیچ شتێ لە هیچەوە پەیدا نەبووە ، هەموو شتێ هۆکارێکی هەیە و لە ئاخریدا ئەو قەدەرییەته‌ هەیە که‌ حوکمی بابەت و شتە دیارەکان دەکا ).
بەڵام تەنانەت گەر لە ئاستی شتە وردەکاندا جۆرێ لە نا بڕیاردەری کۆتایی هەیە indeterminate وەك ئیپۆکراتییه‌کان باوەڕیان وابوو فیزیای کوانتۆمی لەوە دەچێ بیسەلمێنێ تۆ لەگەڵ ئەوەش لە ئاستی نیورۆلۆجیدا determinedبڕیاردەری determined لە ڕێگای ئەو ئەتۆمانەی تۆیان لێ دروست کراوە گەر ئەو ئەتۆمانەی تۆیان لێ دروست کراوە گەر بزاڤی ئه‌و ئه‌تۆمانه‌ به‌رتوانای پێسبینییکردن نه‌بن ، ناتوانن ژێر فەرمانی خواستی تۆبن : ئەوه‌ خواستی تۆیە ، لە جیاتی ئه‌مه ، که‌ ژێر فەرمانی ئەوانە .
رەمەکی بوون ئازاد نیییه‌ چۆن خواستێك رەمەکییانه‌ کار بکات ئازاد دەبێ ؟
نهێنی مەتەڵاوی تر لەوەی سه‌ر سندوقی دەنگدان هەیە .
ئەو نهێنیییه‌یە کە لە ناو مێشکت‌دا هەیە ، ئەو شوێنەی کە کەس ڕێی زانینی تێ ناکەوێ ، تەنانەت خۆشت .
ناوی کێ نیشانەی لێ دەدرێ لەو فورمەی دەیخەیتە ناو سندوقی هەڵبژاردنەوە ؟! ئایا تۆ ئازادی کە هەڵیبژێری ؟ بە دڵنیاییەوە ، بەڵام تۆ چی له‌و میکانیزمە نیۆرۆیی یه‌ دەزانی کە ئەو هەڵبژاردنە دەکات ؟
دوایی ، هەڵبژاردنەکەت ، گەرچی ئێمە دانی پێدا بنێین کە بە ئازادی دەیکەین ، ژێر فەرمانی ئەوە دەمێنێتەوە تۆ کێی ؟! هەزاران کەسی دی جیاواز لە تۆ دەنگ دەدەن . کەوایە کەی تۆ بڕیاری ئەوەت داوە تۆ ببیت و یەکێك لەوان نەبی ؟
ئەمە بێگومان دڕکاویترین بەشی گرفتەکەیە . ئەگەر من ئیختیاری ئەوەم نەبێ کێیە ئەوەی ئەو ئیختیارەی هەیە ( من) ، هەموو ئیختیارەکانی من ، ( من کێم؟) بڕیاریان دەدا ، ئەوەش شتێکە کە من هەڵم نەبژاردووە ، لە به‌رر ئەوە ئەو ئیختیارانە ناشێ ئازادبن . بەڵام چۆن من دەشێ هەڵبژێرم من کێم مادام هەر هەڵبژاردنێکی دیکەم بەوەوە بەندەو ؛ مادام من ناتوانم هیچ شتێ هەڵبژێرم گەر من بە کردە ، کەسێك نەبم کە ئیختیاری ئەوەی کردووە کەسێ یان شتێ بێ ؟
ئەم کێشەیە لەگەڵ دوو پرسیارەکەی دیدرۆ Diderot لە جاکی بەدبەخت Jacque The fatalist دەگونجێ : ئایا دەکرێ من من نەبم ؟ کە من من بم ، دەتوانم ئارەزووی ئەوە بکەم کە کەسێکی دی بم ؟
ئەگەر من نەتوانم لە من زیاتر کەسی دی بم ، کە وایە ((من)) زیندانە : چۆن دەتوانم ئازاد بم ؟
ئێمە نابێ پەلە بکەین لە گەیەشتن بەو ئاکامەدا کە ئەو ئازادییە بوونی نییە ، یان بەتەنیا وەهمە . ئازادیی ئەوەیە ، وەك وتم ، ئەو شتانە بکەی کە خۆت پێت خۆشن . من دەتوانم گەرەنتی ئەوەت بدەمێ کە ئەوە ئازادییە کە هەرگیز بێ هومێدت ناکات . تۆ چۆن دەتوانی ئەوەت نەوێ کە دەتەوێ و لە جیاتی ئەوە شتێکی تر داوا بکەی ؟
حاشا لەوەی کە ئازادیی نییە ، ئازادی هەڵبژاردن شتێکی ئۆکسیمۆرۆنە : هەموو هەڵبژاردەکان ئازادن ، وەك ستۆیکەکان stoics دەڵێن و بەم مانایەیە کە ئازاد ، خۆ کرد ، خۆ هەڵبژێر ( وەك دێسکارتر وەسفی کارێك ده‌کا کە خەریکە بکرێ ) هاوواتای یەکترن .
ئەو ئازادییەی کە زۆربەی فەیلەسوفان نکولی لە بوونی ناکەن ، ئەو جۆرەیە کە دەشێ ناوی بنێی : خۆکردیی ئارەزوو ، ئەمە ئەو ئازادییە کە ئیپیکروس و ئیپیکتیۆس ، ناساندوویانە ، و گەر فراوانتریش بکەینەوە ، ئەرستۆو لایبینز Leibniz و بیرجسۆنیش ، ئازادی هەڵبژاردنە ، یان ڕاستتر ئەوە هەڵبژاردنی خۆیەتی کاتێ بەتەواوی بە منەوە بەندە ( گەرچی ئەو ( منە) بڕیاردراوە ). من ئازادم لەوەی کە حەزم لەو شتانە بێ کە حەزم لێن ، ئەمە ، لەبەر ئەوەیە ، کە من منم .
ئایا مێشکم پێم دەڵێ چیم دەوێ و چ هەڵبژێرم ؟ بێ گومان . بەڵام من مێشکمم ؛ بۆیە من خۆم بە خۆم دەڵێـم . ئەوەی کە چییەتی من بڕیاری من دەدا ، ئەوە دەسەلمێنێ کە ئازادییەکەم ڕەها نییە ، بەڵام نەك ئەوەی کە بوونی نییە . بەم مانایە ئازادی ، بە سادەیی ، توانستێکی بڕیاردەرە بۆ بڕیاردانی کارەکانی خۆم . مێشك ، بە گوێرەی نیۆرۆلۆجیستە هاوسەردەمەکان ، بریتییە لەسیستمێکی کراوەی خۆرێکخەر ، ئاشکرایە من پشت بە ئەو دەبەستم . بەڵام کە تۆ توانای بڕیاردانت بەوە بێ کە تۆ چیت ، نەك بەهێزێك لە دەرەوە بێ ، ئەمە پێناسەی ڕاستەقینەی سەربەخۆییە . ئەوە شتێکی دروستە باسی ئیختیار وەك شتێ کە بریاردراوە بکەین ، بۆ ئەوەی ئاماژە بە ئەوە بکەین کە ئەمە ، نە خۆبەدەستەوەدانە ، نە لاوازییە !
زیاد لە مەش ئەوە کێشيیەك نیییه‌ داخۆ ئێمە باسی عه‌قڵ یان باسی گیانێكی نا ماددی دەکەین . بۆ ئەوەی ئازاد بی ، لە هەر حاڵێكدا ، هێشتا بەوە بڕیار دەدرێ کە کەسێ چییە و وەك پرینسیپ تەنیا بەوە بڕیار دەدرێ .
ئێمە ئازادین ، برجسۆن دەنوسێ ، کاتێ کارەکانمان لە هەموو کەسێتییمانەوە دەردەچن ، کاتێ دەری دەبڕن ، کاتێ ئەو مۆرە نادیارەیان پێوەیەکە لە بەستنەوەی هونەرمەند بە کارەکەیەوە ، دەیدۆزینەوە ، ئاشکرایە ، ڕافایل ناتوانێ ئەوە هەڵبژێرێ داخۆ ڕافایل بێ یان مایکل ئەنگیلۆ . بەڵام ئەمە حاشا لەوەی ڕێگەی لێ بگرێ بە ئازادی وێنە بکێشێ ، ئەو شتەیە کە تواناسازی دەداتێ . چۆن عەدەم ( هیچ ) ئازاد دەبێ ؟ چۆن بوویەکی بێ کەسێتیی ئیختیار دەکا ؟ بۆیە ئەو واگۆیە دەکرێ کە ئێمە خۆ بەدەست کاریگەری بەهێزی کەسێتیمانەوە دەدەین . بێرجسن لە بیرەکانیدا بەردەوام دەبێ بەڵام یەکسەر سەرنج دەدا کە ئەم ناڕەزاییە ( قسەبەستییە) objection بێ مانایە .
کەسێتیی ئێمە هەروەها ( ئێمە) یە ، کە تۆ خۆت کاریگەریت لەسەر خۆت هەبێ کت و مت ئەوەیە کە ئازاد بی .
برجسۆن دەیگەیەنێتە ئاکام لەیەك وشەدا : گەر ئێمە لەسەر ئەوە رێکبکەوین کە ئازادی هەموو جۆرە کارێکە کە لە خودەوەو تەنیا لەوەوە دەردەچێ ئەوا ئەم کارەی کە جێپەنجەی کەسێتی خۆمانی هەڵگرتووە بە راستی ئازادە مادام تەنیا خود داوای لەسەری هەیە ، مەبەستم لە خۆکردی ئیختیار ئەمەیە لەوەدا کە بڕیاردەربێ : راستی دەتوانێ بڕیاردەربێ تەنیا لەبەر ئەوەی بڕیاردراوە . من هەر شتێ بێ نامەوێ ، من ئەوەم دەوێ کە دەمەوێ بەم مانایە من ئازادی هەڵبژاردنم هەیە زۆر چاکە بەڵام ئەی ئازادی ئەوەم هەیە کە شتێکم بوێ جگە لەوەی خۆم دەمەوێ ؟ ئایا ئیختیارەکەم ئازادییەکی خۆکردە بۆ هەڵبژاردن بەمانایەکی تر تەنیا ژێر فەرمانی ئەوەیە کە من چیم یان ئازادییەکی نا بڕیاردەره‌ بۆ هەڵبژاردن کە ژێر فەرمانی هیچ شتێ نیییه‌ تەنانەت هی ئەوەی من کێم ؟! ئازادییەکی رێژەیی کە بە خودەوە بەند بێ یان هی رەها ( کە تەنانەت خود پشتی پێ دەبەستێ ) ئایا من ئازادم کە دەنگ بە کەسێکی راست بدەم تەنیا ئەگەر من بۆ خۆم راست بم یان بۆ چەپ تەنیا کاتێ من خۆم چەپ بم یان راستی من ئازادم کە دەنگ بۆ هەرکام لە چەپ یان ڕاست بدەم کە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ لە هەلومەرجی زۆر تایبەتیدا نەبێ کە من ئازادم چەپ یان ڕاست هەڵبژێرم ؟
ئەو ئازادییە پلە دووە بۆ ئیختیارکردن کە پەنهانە مادام پرینسیپی شوناس دەشکێنێ ، وا تومەز دەکا کە من شتێکم جیا لەوەی دەمەوێ ، ئەوەیە کە فەیلەسوفان زۆر جار وەك فەلسەفەی بێباکی philosophy of indifference سەیری دەکەن ، یان زۆر عادەتی تر وەك ( خواستی ئازادی) . مارسیل کۆنچەMarcel Conche پێناسەیەکی تەواوی ئەوە دەنووسێ : خواستی ئازاد ئازادی خۆ بڕیاردانە بە هیچ شتێکی تر بڕیار نەدرابێ. ئەمە ئازادییە وەك دێسکارت و کانت و سارتەر دەیبینن ، وا تۆمەز دەکا کە ئەوەی دەیکەم ( هەبوونی من) بەوە بڕیار نەدراوە کە من چیم بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەوەی دەیکەم ئەوەیه‌ کە خود دروست دەکا یان ئازادانە هەڵی دەبژێرێ . سارتەر دەنووسێ : ” ئەوەی دیسکارت تەواو تێی گەیشتبوو نەدەبوو کە کۆزانی ئازادیی بە پێداویستی ئۆتۆنۆمییەکی رەهای تێدایە ، کردەیەکی ئازاد به‌ رەهایی ئازادەب، هیچ تۆمێکی ئەو دەشێ لە جیهاندا هەبێ وەك ئەوەی پێشتر هەبووە لەبەر ئەوەی کردە و ئافەریدەی ( خەلق ) یەکن .” ئەو جۆرە ئازادییە تەنیا ئەو کات بەر توانایە وەك سارتەر دەرکی پێکرد کە هەبوون لە پێش جەوهەرە بێ ئەگەر مرۆڤ ئازادە ئەوە لەبەر ئەوەیە کە مرۆڤ هیچی تر نییه ‌، وەك سارتەر دەری دەبڕێ ئەوە نەبێ کە خۆی لە خۆی دروست دەکا. من ئازادم بەو مەرجەی کە ئەمە بیراوه‌ژوو دەردەکەوێ . ” کە من خۆم بە رەهایی هەڵبژێرم سارتەر لە هەبوون و نەبوون دا دەنووسێ ، هەموو کەسێك بریتییە لە ئیختیاری رەهای خود .
ئەم هەڵبژاردنەی خود بە خود کە بەبێ ئەو خواستی ئازاد مەحاڵە و بەدەر لە بیرە لە لایەن ئەفلاتون – وە لە کۆتایی (کۆمار) دا روونکراوه‌ته‌وه‌ به‌ گێڕانه‌وه‌ی ئەفسانەی ئێر Er لەم ئەفسانەدا گیانی نێوان دوو گیانبەرجەستە incarnation لەشی خۆیان و ژیانی خۆیان هەڵدەبژێرن ، ئەمە کانت پێی دەڵێ : کەسێتی تێگەیشتوو ، سارتەر لە بیراوەژوویەکی تردا ناوی دەنێ : ئازادی بنەتاییoriginal freedom کە پێش هەموو بەربژێر ( ئیختیارەکان ) دێ و هەموو ئیختیارەکان پشت بەو دەبەستن . ئەم جۆره‌ ئازادیه‌ یان ره‌هایه‌ ، یان هه‌ر هیچ نا ، ئەوە ئازادی بڕیار نەدراوە بۆ خۆبڕیاردان . بە مانایەکی دی : کە بە ئازادی خۆت ئافەریدە بکەی ئەمە شتێکە کە پێش زێده‌مافی ( ئیمتیازی) خودایە بە پێی هەندێ بیروڕا یان ئەوەیە کە ئێمە بە خوا دەکات ، گەر بە ڕاستی ئێمە ئەو ئازادییەمان هەبێت . لەبەر ئەوە دوو مانای ئازادیمان هەیە ، ئازادی کردن و ئازادی هەڵبژاردن ، ئەوەی دووەمیان دابەش دەبێ بۆ خۆکردیی هەڵبژاردن و خواستی ئازاد.
ئایا ئەمه‌ هەموو مانایەکی ئازادییە ؟ نەء ، مادام بیرکردنەوەش کردارە ، کە ئەوە بکەی پێت خۆشە مانای ئەوەشه‌ کە بیر لەوە بکەیتەوە کە پێت خۆشە .
ئەمە کێشەی ئازادی بیرکردنەوە دێنێتە پێشەوە ، یان وەك ئاماژەی پێدەکرێ سەربەخۆیی عەقڵ . ئەم کێشەیە لە لایەکەوە شوێنی پێی ئازادی کردن هەڵدەگرێ ، واتە ئازادی بە مانا سیاسیەکەی ، ئازادی بیر و ئەو پێشمەرجانەی پێیەوە بەندن ، ئازادیی( بەدەست هێنان ، گۆڕینەوەی ) زانیاری ، ئازادی دەربڕین ، ئازادی دایەلۆگ ، گفتوگۆ مافێکی مرۆڤی هەرە جەوهەریی و بەشێکی ناوەکی دیمۆکراسییە .
بەڵام ئازادی بیرکردنەوە لەوەش تێدەپەڕێنێ ، بۆ نموونە گەر ئێمە بیر لە پرسێکی ماتماتیکی بکەینەوە بە مانایەك من ئازادم ئەو پرسیارە حەل بکەم ؟ ئایا بە مانای ئازادی ئیختیار کردن ؟ دیارە ئەوە نییە ، گەر من سەلماندنەکە تێبگەم چارەسەرییەکە بۆ من ئاشکرایە گەرە تێشی نه‌گه‌م ئەوە بۆم چارەسەر ناکرێ .
ئەمه‌ حاڵەکه‌ دەبێ لەگەڵ ئەوەشدا کە هیچ هێزێکی دەرەوە بیرەکانی من دادەپەڵۆسێ یان ڕێگام لێدەگرێ من بیر دەکەمەوە که‌ خۆزگەی منە واتە ئەوەی من دەزانم یان باوەڕم وایە راست بێ . بە بێ ئەو زانینە هیچ ئازادییەك کاریگەر نابێ . گەر عەقڵ هیچ ڕێگەیەکی نەبێ ، هەرچەندە ناتەواویش بێ بۆ گەیشتن بە ڕاستی ، ئەوا زیندانیی ناوخۆی دەمێنێتەوە ، واتە عەقڵاندنەکەی بە سادەیی جۆرێك ده‌بێ له‌ شێتییکه‌ هه‌ر بیرێک بۆی ده‌بێته‌ دەرنیشانێك symptoms ( نیشانەیەك لە دەرەوە ببینرێ اعراظ ) ئەوە عەقڵە کە ئێمە لەوە دەرباز دەکا . ئيمە لە خۆمان ئازاد دەکا و بۆ گەردوونیشمان دەکاتەوە . ئەلەین دەنووسێ : عەقڵ لەسەری نیییه‌ هیچ ئیتاعەیەك بکا ، بەڵگەیەکی ئەندازەیی ( هەندەسە) بەسە ئەمە بسەلمێنێ چونکە گەر تۆ کوێرانە قبووڵی بکەیت تۆ گەمژەی ! تۆ خیانەت لە عەقڵ دەکەی ، لەبەر ئەمەیە ڕاستی تەنیا ژێر فەرمانی خۆیەتی ، ڕاستی ئازادە نەك لەبەر ئەوەی دەتوانین بیر لە هەر شتێ بکەینەوە کە حەزمان لێی بێت بەڵکو لەبەر ئەوەی کە پێویستی ڕاستی پێناسەی هەرە دروستی ئەو سەربەخۆیی یەیە .
لە فەزای ئیکسیولیدیاندا کۆی گۆشەکانی سێگۆشەیەك چەندە ؟ بێ گوێدانە جەستەم ، وڵاتەکەم ، نەستم ، یان هەر شتێ بێ ، من تەنیا دەتوانم ئەم وەڵامە بدەمەوە بە تۆمەزی ئەوەی کە بەڵگەکە تێگەیشتووم ١٨٠ پلەیە لەگەڵ ئەمەشدا ئەوە بەرعەقڵە کە من قەت لەوە ئازادتر نیم وەك ئێستا کە من تەنیا ژێر فەرمانی راستی دەبم ، وەك خۆم دەیزانم یان با بڵێین کاتێ ژێر فەرمانی عەقڵ دەبم ، بە واتایەکی دی بۆ ئەو پێویستییە لەناو مندا کە من نیییه‌ بەڵام بەناو مندا تێدەپەڕێ من تێی دەگەم .
زۆر نموونە هەن دەتوانین وەریان بگرین، ٣x٧ چەندە ؟ رێژەی ماددە بۆ وزە چەندە ؟ کێ هێزی چوارەمی کوشت ؟ ئایا خۆر بە دەوری زەویدا دەخولێتەوە ، یان زەوی بە دەوری خۆردا ؟ تەنیا کەسێ کە نەزان بێ دەربارەی ئەم شتانە دەتوانێ وەڵامەکەی هەڵبژێرێ و تەنیا کەسێ کە دەزانێ دەتوانێ بە ئازادانە وەڵام بداتەوە .
ئازادی بیرکردنەوە : ئازادی بەکارهێنانی عەقڵ لێکدانەوەیە ، ئەمە ئیختیارێکی ئازاد نیییه‌ ئەوە ئازادی زەرورەتە ئەوە ئازادی ڕاستی یە یان راستیی ئازادیی یە ، ئەوە ئازادییە بە پێی سپینۆزا و هێگل و بێگومان بە پێی مارکس و فرۆیدیش. ئازادی وەك زەرورەتێکی تێگەیشتراو یان باشتر وەك تێگەیشتنی زەرورەت .
گەر ئازادبی بە مانای وشەکە ، مانای ئەوەیە تەنیا ژێر فەرمانی زەرورەتی خۆت بی ، وەك سپینوزا ڕوونی دەکاتەوە : لەبەرئەمەیە کە عەقڵ ئازادە و ئێمەش ئازاد دەکات .
ئازادی کردن ، خوکردی ئیختیار ، خواستی ئازاد ، ئازادی بیر یان عەقڵ … لەو چوار مانایە هەر کەسە دەشێ یەکێ هەڵبژێرێ ( یان زیاتر لە یەك چونکە هیچیان بەدەرکارنین ) کە گرنگترینە یان دامەزراوترینە لای . ئایا ئەم ئیختیارەش ئازادە ؟! ناکرێ وەڵامی رەها بدەینەوە . مادام هیج زانینێ بەس نیییه‌ مادام هەر وەڵامێ پێشتومەزی و پشتبەستوویی بە ئیختیارێكه‌ کە بە کردەوە کراوە . ئازادی رازە ، بەلای کەمەوە تا ئەو ئاستەی کە کێشەیەکی فەلسەفییە : قەت ناتوانین بوونەکەی بسەلمێنین ، نە دەتوانین بە تەواویی تێی بگەین .
!! کەوایە دروشمی رۆشنگەری ئەوەیە ئازایەتی ئەوەت هەبێ کە تێگەیشتنی خۆت بەکاربێنی بەبێ ئەخلاق پێفرۆشتن ( زانین مانای ئەوە نیییه‌ کە حوکمی کەسانی دی بدەی هەموو زانینێك ئەخلاقیات فێری ئێمە دەکات بەبێ ئەو یان دژ بە ئەو هیچ ئەخلاقیاتێك بەرتوانا نابێ .
لەبەر ئەوە کە ئێمە دەبێ عەوداڵی ڕاستی بین وەك ئەفلاتون دەڵێ : بە هەموو رۆحمانەوە خۆ رەنگە رۆحیش لەم گەرانە بەدوای ڕاستیدا زیاتر هیچ شتێکی دیکە نەبێ .
هەر لەبەر ئەمەش ئەم گەڕانە قەت کۆتایی نایە ، لەبەر ئەوە نا کە ئێمە ناتوانین هیچ بزانین کە شتێکی زۆر نابەرعەقڵە ، بەڵام لەبەر ئەوەی کە مەحاڵە قەت هەموو شتێ بزانین ، ئەرستۆی مەزن بە نوکتە زانیین و عادەتیەکەیەوە ئەمەی بە باشترین شێوە وتووە !!
گەڕان بەدوای ڕاستیدا هەم قورسە هەم ئاسانە کەس ناتوانێ بە شێوەیەکی رەها بیزانێ نە بە تەواوەتی لێشی بێبەش بێ.
ئەمەیە وامان لێدەکا کە بەردەوام بین لە فێربون و هەم هەڵەی دۆگمانستەکان ( ئەوانەی وا بانگەشە دەکەن هەموو ڕاستییەك دەزانن) و هەم سۆڤیستەکان ( ئەوانەی دەڵێن ڕاستی یان هەر نیییه‌، یان قەت پێی ناگەن) دەسەلمێنێ.
لە نێوان نەزانیی و رەها و حیکمەتی رەهادا فەزایەك ئارایەك بۆ زانین و پێشکەوتن هەیە، ئێمە تەنیا ئەوەمان لەسەرە کاری لەسەر بکەین !

کۆتایی پەرتوکەکە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت