عەتا قەرەداخی  : کورد لە بەرگرییەوە بۆ لە ڕوودا وەستان .

بوونەوەران لە رووی هێزەوە هاوشێوە نین ، ئەمەش وایکردووە لە ئاستی جیاجیادا بن بەپێی جۆرەکانیان. کاتێ ناوی پڵنگ و شێر دەبیستین راستەوخۆ وەکو هێمای هێز دێنە پێش چاومان . ئاسک ئەو زیندەوەرە جوان و دڵگیرەیە کە هەمیشە لەبەردەمی هێزدارەکاندا وەکو نێچیر یان قوربانی دێتە پێش چاو. لە نێوان هێزدارو تێکشکێنەرەکان و قوربانیەکاندا چەندین جۆری تر هەن کە لەو رووەوە بێلایەنن . بێگومان سرووشت تا ئەو کاتەى مرۆڤ کۆنترۆڵی نەکات یاسای هێز یان یاسای دارستان بەڕێوەى دەبات. ئەوەش هەرچەندە حەقیقەتێکی تاڵە بەڵام جۆرێکە لە هارمۆنیای سرووشت . رەنگە کاتێ لە سرووشتدا دەبینین کە دڕندەیەک شاڵاو دەباتە سەر زیندەوەرێکی لە خۆی بێهێزترو تێکیدەشکێنێت ، نەفرەت لەویاسایە بکەین کە ئەو هێزەى بە دڕندەکە بەخشیووەو نێچیرەکەشی لەبەردەمیدا بەوجۆرە لاواز ئەفراندووە. رەنگە لە بارێکی وەهادا راستەخۆ خەیاڵمان بۆ لای مرۆڤ بچێت ، بۆ لای ئەو بوونەوەرەى کە بە پێی سەرچاوە ئایینیەکان گەردوون لەبەر ئەو درووستکراوەو لە روانگەى ماتریالیزمیشەوە بەهادارترین بوونەوەرەو ئەم خاوەنی راستەقینەى گەردوونە ، بەڵام راستەخۆ بۆمان ئاشکرا دەبێت کە ئەمیش تا ئەندازەیەکی ئاشکرا بەپێی هەمان یاسا دەڕوات بەڕێوە کە زیندەوەرانی تری پێدەڕۆن بەڕێوە . رەنگە ئەو پرسیارە سەرهەڵبدات ئایا بەڕاستی مرۆڤەکانیش دابەشبوون بەسەر بەهێزو بێهێزدا؟ ئایا لای ئەمانیش بەهێزەکان بێهێزەکان دەخۆن ؟ جائەگەر مرۆڤیش بەپێی هەمان یاسای دارستان بڕوات بەڕێوە کەواتە جیاوازی نێوان ئەفریدەبووی خاوەن عەقل و ئەفریدەبووەکانی تر چییە؟ ئایا ئەوە گومان ناخاتە سەر شووناسی مرۆڤبوون ؟
راستە کۆمەڵگەى مرۆڤایەتی لە مێژووى زانراویدا ئازادی و سەربەخۆیی رەهای بە خۆیەوە نەدیووە ، تەنانەت لە کۆمۆنەى سەرەتایشدا گومان لە بوونی ئازادی رەها دەکرێت ، چونکە لەوێش هەژموونی بەهێزەکان ئەگەر کەمیش بووبێت بەسەر بێهێزەکاندا هەبووە ، بەڵام ناشیرینترین رووی ئەو هەژموونەى کەمینە بەسەر زۆرینەدا لەگەڵ زیاتر پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و درووستبوونی سیستێمی بەڕێوەبردندا دەرکەوتووە. لەگەڵ درووستبوونی سیستێمە رێبەرایەتییەکاندا کە بە گشتی شێوازیی هەرەمییان هەبووەو هەیە، تاکەکەس یان کەمینە لە ترۆپکی هەرەمەکەوە کە نوێنەرایەتی خودا دەکات لەسەر زەوی هەژموونی بەسەر خوار خۆیدا کردووەو چۆنی ویستووە بەکاری هێناون. هەروەک لەلایەکی تریشەوە هەرکام لەو دامەزراوانە بەهێزتر بووبێت لە دەوروبەرەکەى هەوڵیداوە دەسەڵات بەسەر ئەوانیشدا بکات و بە ئارەزووی خۆی بەکاریان بهێنێت. لێرەوە بە ئاشکرا دەردەکەوێت غەریزەى دەسەڵات و هەژموونکردن بەسەر ئەوانی تردا لای مرۆڤیش هاوشێوەیە لەگەڵ زیندەوەرانی تردا. هەر ئەمەشە هۆکاری سەرەکی کێشە بنەڕەتیەکانی مرۆڤ لە گەردووندا کە غەریزەو ویستی دەسەڵات هەمیشە بکوژو لە ناوبەری ئازادی و مافە. هەرچەندە لەلایەکی ترەوە بەرهەمهێنانی کۆی شارستانێتی مرۆڤایەتی لە ئاستی یەکەمدا بەندە بەو غەریزەى دەسەڵاتکردن و بیناکردن و ئاوەدانکردنەوەیەوە. واتە ئەگەر مرۆڤ لە غەریزەو لە هوشیاری رووتبکرایەتەوە کە ئەم دووانەش یان پەیوەستن بە عەقڵەوە یان پێکەوە لەگەڵ عەقڵدا کاردەکەن، ئەوا پێگەى مرۆڤیش زۆر جیاواز نەدەبوو لە زیندەوەرەکانی تر، واتە ئەوەى مرۆڤی جیاکردۆتەوە عەقڵە ئەگەرچی زۆرجار مرۆڤ وەکو بوویەکی خاوەن عەقڵ و بە هۆی بەکارهێنانی عەقڵەوە لە ئاستی دڕندەییدا پێش هەموو ئاژەڵە دڕندەکانی تر دەکەوێت .
لە کاتێکدا کە دەستەیەک لە مرۆڤ بەمجۆرە پەیوەستبووە بە ویستی دەسەڵات و هەژموونکردن بەسەر ئەوانی تردا، ئەوا لەبەرامبەردا جۆرێک لە بەرگریکردن و خۆنەدانەدەستەوەو لە رووداوەستان هەبووە، کە ئەوەش زیاتر زیندوێێتی مرۆڤی سەلماندووە ، چونکە سەرباری بەکارهێنانی هێزو فشاری سەخت بۆ مل پێکەچکردن، زۆربەى کات رووبەرە فراوانەکەى کۆمەڵگە خۆی نەداوەتە دەستەوەو لەهەر ساتێکدا هەلی بۆ رەخسابێت لە رووی دەسەڵات و هەژموونی کەمینەدا وەستاوەو لەو پێناوەشدا قوربانی داوەو زۆربەى کات توانیوێتی خۆی لەو دەسەڵاتە رزگار بکات، ئەگەرچی جارێکی ترو لە فۆرمێکی تردا کەوتووەتەوە ژێر سایەو هەژموونی دەسەڵاتێکی تر کە هەندێجار لە رووی سەرکووتکردن و پێنان لە مافە بنەڕەتیەکانی زۆرینە لەوەى پێشوو خراپتر بووە .
ململانێکانی مرۆڤ لەسەر دەسەڵات و لە پێناوی گەیشتن بە ماف و دابینکردنی ژیانێکی باشتر و ئازادی زیاتر هەمیشە بەردەوام بووە. کەواتە لێرەوە ئاشکرایە درێژەى مێژووى مرۆڤایەتی مێژووی ململانێ و ناکۆکیەکانە، هەرچەندە مارکس مێژوو بە مێژووى ململانێی چینایەتی باس دەکات، بەڵام مەوداو سنووری ململانێکان بە ئاشکرا دیارە لە مەوداو سنووری ململانێکانی چینایەتی زیاترو فراوانترە، بەڵکو رەنگە ئەوە درووستتر بێت کە بگوترێت مێژووی مرۆڤایەتی بریتیە لە ململانێی نێوان خەڵک و دەسەڵات لە پێناوی ماف و ئازادی زیاتردا، کە دەشێ دەسەڵات لە دەسەڵاتی خێزانەوە بۆ دەسەڵاتی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە بگرێتەوە تا بەدەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبەرێتی و ئابووری و ئایینی و کەلتووریشەوە، واتە هەموو ئەو بنەمایانەى کە سنوور بۆ ئازادییەکانی مرۆڤ دادەنێن هەموویان لەبەرامبەر خەڵک یان مرۆڤەکاندا پیادەی بەشێک لە هەژموونی خۆیان دەکەن کە ئەوەش دەبێـە بەربەست لە رێگای مرۆڤدا بۆ ئەوەى بە ویستی خۆی و چۆنی دەوێـت وەها بژی . 
ئەگەر سەیری قۆناغێکی مێژوویی بکەین کە تیایدا سیستێمە سیاسیەکان پێکهاتووەو دەسەڵاتیان بەسەر کۆمەڵگەدا کردووەو ویستوویانە بە جۆری تایبەتی خۆیان کۆمەڵگە بەڕێوەببەن، بەڵام بۆ ئەوەى بتوانن ئەوەى کە خۆیان مەبەستیانە بیکەن کە پێش هەموو شتێک پاراستنی بوونی خۆیان و زیاتر کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگەیە ، بۆ مانەوەى خۆیان هەوڵیانداوە هەموو دەنگێکی دژ بخنکێنن. ئەمەش خاسێتی کۆی سیستێمە سیاسیەکانی ئەوساو ئێستاشە بە تۆتالیتارو دیموکراسەوە، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە کە لە سیستێمە تۆتالیتارەکاندا بۆ بێدەنگ کردن رێگای یەکەم کوشتن و لەناوبردنە، بەڵام لە سیستێمە دیموکراسیەکاندا شێوازی تری هێمنترو شارستانیانەتر هەیە بۆ بێدەنگ کردن. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هیچ کام لەو سیستێمە سیاسیانە نەیانتوانیووە بە تەواوەتی مرۆڤەکان بێدەنگ بکەن. ئەمەش بەهۆی ئەو هێزی بەرگریکردن و خۆبەدەستەوەنەدان و لە رووداوەستانەى کە بە سرووشتی لە گەوهەرو ماهیەتی مرۆڤدا هەیە. هەر ئەم هێزەشە وایکردووە کە لە مێژووى مرۆڤایەتیدا قوربانی زۆر بدرێت لە پێناوی ئازادی و مافداو مرۆڤەکان بە گشتی ئەو هێزى لە رووداوەستانەیان تێدایە. هەربۆیە دەشێ تێکبشکێدرێن بەڵام ناشێت ببەزن، ئەمەش ئەو هێزە مەعنەویە پتەوەیە کە پیناسەى بوونی مرۆڤ دەکات لە پێناوی ماف و ئازادیدا، لە پێناوی گەیشتن بە ژیانێکی سەربەرزانەدا.
کورد وەکو نەتەوەو وەکو کۆمەڵگە مێژوویەکی دووردرێژی ژێردەستەیی هەیەو ئەوەى ئاشکرایە تاکو ئێستا لە لایەن ئەوانی ترەوە بەڕێوەبراوەو بەردەوامیش چەوسێندراوەتەوەو سەرکوتکراوە، بەڵام ئایا گیانی بەرگری تیایدا هەرەسی هێناوەو بە تەواوەتی خۆیداوەتە دەستەوە یان بە پێچەوانەوە بەردەوام خۆی راگرتووەو لەهەر کاتێکدا هەلی بۆرەخسابێت بە شێوازى جۆراو جۆر بەرگری لە خۆی کردووە؟ ئەوە ئاشکرایە کە کورد بەردەوام لە باری بەرگری کردن لە خۆیدا بووەو هەرگیز بە تەواوەتی خۆی نەداوەتە دەستی ئەو هێزو عەقڵ و کەلتوورانەوە کە دەسەڵاتیان بەسەردا کردووە، هەر ئەمەش یەکێک بووە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مانەوەى. واتە کورد بەردەوام لە خەباتی مانەوەدا بووە، ئەوەش بەرهەمی ئەو گیانی بەرگری لەخۆکردنە بووە کە هەرگیز لە بوونی ئەمدا وەکو نەتەوە هەرەسی نەهێناوەو هەر هەلێکی بۆ رێکەوتبێت لە شێوازی جۆراوجۆردا گوزارشتی لە خۆی کردووە. درووستکردنی چەندین دەسەڵاتی ناوخۆیی لە شێوەى میرنشین و دەسەڵاتی ناوچەیداو خەبات و راپەڕینی بەردەوامی لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەوە تاکو ئێستا بەڵگەى ئەو نەبەزین و بەرگریکردنیە کە هۆکاری راستەقینەى مانەوەى ئەم بوون وەکو نەتەوە .
بەڵام ئەوەى ئاشکرایە تاکو ئێستا کورد لە پێگەى بەرگریکردندا بووەو هەمیشەش بەوچاوە روانیوێتی کە خۆی بپارێزێت یان بپارێزرێت. دیارە زۆر هۆکاریش لەم رووەوە دەوریان هەبوو کە کورد بەوجۆرە بیر بکاتەوە، بە پێچەوانەى جولەکەوە کە لە هەڵوێست و پێگەى بەرگریکردن لە خۆیەوە گواستیەوە بۆ هەڵوێست و پێگەى لە رووداوەستان. مەبەست لەمەش ئەوەیە جولەکە گەیشتە ئەو ئاستەى کە نەک هەر خۆی بپارێزێت بەڵکو لە رووی ئەوانی تریشدا بووەستێـت و کێشەیان بۆ درووست بکات و تەنانەت بگاتە ئاستێک کە بەجۆرێک لەسەرکێشەوە بە دنیا بڵێت بە ئاسانی مل نادات و ئەو مادەم بوونی هەیە دەبێ مافیشی هەبێت. سەرئەنجام جولەکە بووە ئەو هێزەی کە ئێستا لە رووی گەورەترین ئەو هێزانەشدا بووەستێتـ کە دەشێ مەترسیان بۆی هەبێت . 
وەکو گوتمان کورد تاکو ئێستا لە پێگەى بەرگریکردندا بووە، بەڵام بۆ ئێستا کە بووەتە خاوەنی دەسەڵاتێک و هێزێکی ئابووری و مرۆیی دەولەمەندی هەیە ، پێویستی بەوەیە هەنگاوی فراوانتر یهاوێت کە ئەویش گواستنەوەیە لە قۆناغی بەرگریکردنەوە بۆ قۆناغی بە دەنگبوون و بۆ قۆناغی رەتکردنەوەو بۆ قۆناغی لە رووداوەستان. هەتا کورد نەگاتە قۆناغی لە رووداوەستان و بە ئاشکرا بەوانیتر نەڵێت ئەمە ئێمەین خۆمان بڕیاری خۆمان دەدەین و خۆمان چارەنووسی خۆمان دیاری دەکەین، ناتوانێت بوونی خۆی بسەلمێنێت و بەردەوامیش لەبەردەم مەترسیدا دەبێت. بەڵام ئەگەر گەیشتە ئاستی لە رووداوەستان ئەوا دنیاش ناتوانێت ئیرادەی نەتەوەیەکی پەنجا ملیۆن کەسی بخاتە ژێر پێیەوە. دیارە بۆ ئەوەى کە کورد وەکو نەتەوە بگاتە قۆناغی لە رووداوەستان پێویستی بە رەخساندنی زەمینەی یەکبوون و یەکێتی نەتەوەیی هەیە لە هەموو ئاستەکاندا، کە ئەوەش بە بیناکردنی سیستێمێکی فەرمانڕەوایی دیموکراسی ئەوتۆ دەبێت کە ئینتیمای هاووڵاتی پتەوبکات و سنووری ئازادییەکان فراوان بن و عەدالەت و یەکسانی بنەمای کارو بەڕیوەبردن بێت و چەمکی هاووڵاتیبوون پرینسیپی بالا بێت و کۆی ئەندامانی کۆمەڵگە وەکو یەک بگرێتەوە. لەبارێکی وەهادا هێزى کۆمەڵگە ئەو هێزە پتەوو پۆڵاینە دەبێـت کە فشارو هەڕەشەى ئەملاو ئەولا جوڵەى پێناکات. لەم رووانەوە ئەوە قۆناغێکە لەپەرەسەندن کە کورد مل بۆ داگیرکەری عەرەبی عێراقی یان سووری و تورکی و فارسی نەدات و سووربێت لەسەر ئەوەى کە ئەم خۆی بڕیاری خۆی دەدات. ئەو فشارو دەنگە ناسازانەى کە لە هەندێ لە دەوڵەتانی گەورەوە دەبیسترێن تەنیا بۆ رازی کردنی عەرەب و ئەوانی ترو پاراستنی بەرژەوەندییەکانیانە، ئەگینا هیچ رۆڵ و کاریگەرییەکیان لەسەر کورد نابێت ئەگەر کورد لە پێگەى لە رووداوەستانێکی بەهێزدا بێت وەکو تاکە هێزێکی یەکگرتووە بە گەل و بە دەسەڵاتیەوە .

ببن بە هاوڕێمان لە نوێترین بەشماندا لە فەیسبوک

وتاری کورد، ڕۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی ئەهلی سەربەخۆ و ئازادە


This will close in 30 seconds