گیوم ڤالاریۆ : سێ کلیل ، بۆ تێگەیشتن لە هانا ئارێنت

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە عەرەبییەوە : جیهاد موحەمەد

هانا ئارێنت ، فەیلەسوفێکی ئەڵەمانی بوو ، قوتابی فەیلەسوف‌و زانا گەورەکانی وەک هایدیگەر‌و هوسرڵ‌و یاسبرز بووە . لە ساڵی ١٩٤١ توانی لە ئەڵەمانیای نازیەوە هەڵبێت‌و بگاتە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا . کتێبەکانی لەسەر مێژووی بیری سیاسییە ، بە تایبەتی لێرەدا دەمانەوێت لەسەر نووسین‌و کارەکانی بدوێین سەبارەت بە ” بنەچەی تۆتالیتاریزم ” The origin of totalitarianism دواتریش ” ئیخمان لە قودس ” کە لە ئەنجامی تێزەکەیەوە لە سەر پڕوپوچی شەڕ ، بووە بە روداوێکی کۆتا نەهاتوو .
بە دڵنیاییەوە ، هانا ئارێنت ، بە پێیی دەربڕینی” هانست جوانس” ی هاوورێی ، ( لەسەر پشتی کەشتی سەدەی بیستدا) لە مێژوودا قوڵبووەتەوە : بوو بەو ژنەی ، کە بە ئازادنە ئاراستەی ژیان‌و بەرجەستەبوونی لە بیردا دیارییکردوە ، بە هەمان شێوەش بە ئازادانە هەلوێستەکانی خۆی دەربڕیوە . هەر لە تەمەنی سەرەتاییەوە کەسایەتیەکی بۆ خۆی دروستکرد ، کە تێشکان نەزانێت‌و سوربێت لە سەر ئەوەی ، خۆی دەیەوێت‌و بە راستی دەزانێت ، یان وەک خۆی وتویەتی: ( من ئەو کەسەم ، کە دابینناکرێم ).
هانا ئارێنت لە نزیک شاری هانوڤەری ئەڵەمانیا لە ساڵی ١٩٠٦دا لە دایک بووە ، کچی خێزانێکی جولەکە بووە ، باوکی مردوەو باپیریش لە دەستداوە ، کە یەکێ بووە لە نزیکتریین کەسی . دایکی کەسایەتیەکی پێشکەوتووخوازی بێ باوەر بووە بە دین ، لە ساڵی ١٩١٩دا پشتیوانی لە ” رۆزا لۆکسمبورگ ” ی مارکسی کردوە ، هەر زوو تێبینیکردوە ، کە بیری سەربەخۆیی‌و ئازادی لە لای کچەکەی لە گەشەدایە ، هەستیکردوە ، ئەم کچەی گیانێکی گۆشەگیریی‌و شۆرشگێڕێتی‌و بە پەرۆشی‌و عەقلانێتی تێدایە ، ئەویش دوای ئەوە بوو ، کە هانا ئارێنت لە قوتابخانەکەیدا لە بەرلین بەرەنگاری مامۆستاکەی ببووەوە دەربارەی بوونی خودا، لە سەر ئەو مەسەلەیە وتووێژیی لەگەڵ مامۆستاکەیدا کردبوو ، بۆیە لە قوتابخانە دەرکرا. بەڵام لەگەڵ ئەو دەرکردنەشدا ، توانی بڕوانامەی بەکالۆریا بەدەستبهێنێت.
لەساڵی ١٩٢٤دا لە کۆلێژی فەلسەفە لە زانکۆی ” ماربورگ ” وەرگیرا تیاییدا مامۆستایەکی لاو هەبوو بە ناوی ( مارتن هایدیگەر) ، کە لە جێگەی دەستی راستی هۆسرڵ بوو ، لە هانا ئارێنت نزیک بووەوە ، بوو بە دڵسۆزێکی ڕاستینەی ، تا بوو بە هاوکاریی‌و لە دواجاردا ئەم هاوکاریی‌و هاورێیەتییە بوو بە عیشق‌و خۆشەویستی ، پێوەندیەکی خۆشەویستی قوڵ هەبوو لە نێوانیاندا ، بەڵام ئەم خۆشەویستییە ، ماوەی چەند مانگێک زیاتری نەخایاند ، پەتی خۆشەویستیەکەیان بچڕا ، لەگەڵ ئەوەی هایدیگەر ئەمەی نەدەویست بەڵام هانا ئارێنت وازیلێهێناو ڕوویکردە خوێندن لای هوسرڵ‌و یاسبرز . لە ساڵی ١٩٢٩دا بە بێ ئارەزویەکی راستینە هاوسەرگیری لەگەڵ ” گونتر ئاندیرس” دا کرد، کە قوتابیەکی پێشوتری هایدیگەر بوو. 
ساڵەکانی سیی ، وەرچەرخانێک بوو بۆ هانا ئارێنت ، کە تیایدا ناچار خۆی ئازدکرد لە مامۆستە وەرسکارو شەکەتکارەکانی ، بەڵام سیاسەت داگیریکردو بەم جۆرە شوناسی خۆی جارێکیتر لە سیاسەتدا دۆزیەوە ، گرنگی دا بە دیانەتی یەهودی‌و زایونی ، بیرمەندە سیاسییە یەهودیەکانی دەبینی ،‌ کە رەخنەیان لە هەمان ئاراستە دەگرت‌و پاڵپشتی کۆمۆنیستییان دەکرد .
لە ساڵی ١٩٣٣دا سەفەریکرد بۆ پاریس ، هاوکاری هەندێک لە لاوانی ئیسرائیلی کرد، ئەوانەی کۆچیاندەکرد بۆ فەلەستین . هەندێک بابەتی سیاسی نووسی‌و هەندێک لە بیرمەندانی بینی وەک “ولتر بنیامین”‌و ” فرتولد بریخت ” و ” غیرشوم شولیم ” دواتر لە مێردەکەی جیابووەوە ، لە ساڵی ١٩٤٠دا لەگەڵ ” هنریش بلوشیر ” دا هاوسەرگیرییکرد ، کە خەباتگیرێکی کۆن بوو لە بزوتنەوەی ئەڵەمانی سۆشیالیستدا کە ناو دەبرا بە ” سپارتکیە “.
لە تێشکانی فەرنسادا ، دەستگیرکراو لە خێوەتگەی ئاپارتایدا زیندانیکرا ، بەڵام لە ساڵی ١٩٤١دا ، توانی هەڵبێت‌و بگاتە نیویۆرک لەگەڵ مێردەکەیدا.
لە رێکخراوە رۆشنبیرەکانی جولەکەدا کاریدەکرد ، نووسینەکانی کافکای بڵاوکردەوە. لە ساڵی ١٩٤٥دا رەخنەیگرت لە بیرۆکەی دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتیمانی جولەکە .
لە ساڵی ١٩٥٠بەدواوە ، هانا ئارێنت ئازادیەکی تەواوی وەرگرت، بە ئارتیکل‌و بابەت‌و وانە وتنەوەکانی ، بەم ئازادیی وەرگرتنەش ، ئاسۆی بیری خۆی بە بێ سڵکردنەوە تێپەڕاند. زۆر بە رێکخراوەیی سەفەری دەکر بۆ ئەورپا. لە ساڵی ١٩٤٤دا کارە گەورەکەی خۆی کە “بنەچەی تۆتالیتاریزم” بوو ئەنجامدا، لە ساڵی ١٩٥٨دا کتێبی” شێوەی مرۆڤی سەردەم”ی ئەنجامدا، هەروەها ” قەیرانی رۆشنبیری” لە ساڵی ١٩٦دا ئەنجامدا، هەر لەو ماوەیەدا شیکاریەکی کرد بۆ ڕۆژنامەی “نیویۆرک” لە سەر دادگاییکردنی تاوانباری جەنگی نازیەکان” ئۆدلف ئیخمان” لە قودس، کە ناکۆکیەکی توندی نەبڕاوەی دروستکرد.
لە ساڵی ١٩٦٣ بوو بە مامۆستای زانکۆ لە شیکاغۆ ، دواتر لەساڵی ١٩٦٨وە لە نیویۆرک مایەوە تا لە ساڵی ١٩٧٥دا کۆچی دواییکرد .

گۆتاوڕۆ لە سیاسەتدا :

هەر لە زەقبوونەوەو گەورەبوونی فاشیەوە، پرسیار لە سەر شەڕی سیاسی لە بیرو تێڕامانی هانا ئارێنتدا جێگەیەکی گرنگی گرتبوو، چی لە توانای بیردایە، دروستیبکات سەبارەت بە شەڕو ناڵەی ئەوانەی ئەم شەڕە بەسەریاندا دەسەپێنرێت ؟ ئۆگستین کۆنت ئەم پرسیارەی دەکرد، ئەگەر مرۆڤەکان هۆگری رقەکانیان بن، چۆن دەتوانین خۆشەویستی لەم جیهانەداو بۆئەم جیهانە دامەزرێنین، کە سەرچاوەی هەموو بیرێکەو هەموو بیرێک پێکدەهێنێت ؟ لە زەمەنی پوچگەراییدا پرسیارەکە بەم جۆرە پێچەوانە بووەوە. چۆن بتوانین شەڕ بخەینە دەرەوەی بەهای جیهانی مرۆیی؟ چۆن بتوانین چاکە بەرپابکەین بۆ جیهانی مرۆیی؟ سودی مرۆڤ چییە؟ هانا ئارێنت، لە ژیانیدا بیریی خۆی بە تێزێک دەستپێکرد دەربارەی بۆچوونی “خۆشەویستی” لای ئۆگست کۆنت، بە درێژایی ژیانیی لە سەر خۆشەویستیی مرۆییبوون بۆ یەکتریی، لەم مەسەلەیەدا تێرامانیکردو قوڵبووەوە.
هانا ئارێنت بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە، خۆی فێری کارو پیشەی ڕۆژنامەنووسیی‌و دەرونناسی‌‌و کۆمەڵناسی‌و زانستی سیاسی‌و زانستی خواناسی‌و زانستی مێژو‌و فەلسەفە نەکرد، بەڵکو هەوڵیدا بەرنگاری مەسەلەی شەڕی مرۆڤەکان بێتەوە. شەرێک، کە بە پێی ئاماژە گشتیەکان، لە هەموو چوارچێوەو درێژبوونەوەیەکیدا، دەتوانین وەسفیبکەین بە شەڕی سیاسی. هەر لێرەشەوە ڕادیکالیەت بۆخۆی کێشەو گرفتی خۆی هەیە. هانا ئارێنت، تێبینی‌و سەرنجی ئەوەی هەبوو، لە ژێر سایەی فەلسەفەی نەریتییدا بیر تێشکاوە، ئەوش لە سەر ئاستی دیاریرکردنی بەهای سیاسەت یان شەڕ، بە هەمان هۆ: ئەم دوو شتە هەردووکیان، هیچ جەوهەرێکیان نییە. سیاسەت بۆ لە دایکبوونی خۆی جێگەیەکی وەرگرتووە لەو نێوەندەی دەکەوێتە نێو مرۆڤەکانەوە، کە لە راستیدا لە دەرەوەی مرۆڤەکانە، لە بەهای مرۆڤەوە بونیاد نەنراوەو بونیاد نانرێت، بەڵکو تەنیا پێوەندیەکە لە نێوان مرۆڤەکاندایە. هەروا شەڕ بە جۆرێک دەردەکەوێت لە درەوەی درکی مرۆڤەکانە، شەڕ لە دەرەوەی هەموو شتێکە: پێویستە ئابڕوی شەڕ بەریین، بۆ ئەوەی نەبێت بە جەوهەری مرۆڤ، پیویستە بەوەفابین بۆ وانەکانی ئۆگست کۆنت، بۆ ئەوەی لە شەڕ رزگارمان بێت. سیاسەتی تۆتالیتاریانە، کە ئەرکی کارگێڕیی‌و حوکمڕانی مرۆڤەکان‌و پێکهێنانی سروشتیان‌و پاکردنەوەیان لەو لایەنانەی کە تیایاندا خراپە، بە خۆی سپاردوە، ئەوە خراپەی شەڕو ئاژاوەکانی خۆیەتی، کە پێچەوانەی دەکاتەوە بۆ مرۆڤەکان. هانا ئارێنت بەرگری لەو بیرە دەکرد، کە لایوابوو ئەوەی تۆتالیتاریەت دەیکات، ئەوە وێرانکاری‌و مالوێرانی‌و پاکتاوی مرۆڤەکانە، دەیانگلێنیت لە شەڕێکی رەهاو دوایینەهاتووەوە، چوونکە بڕوای بە لۆژیکێکی رەها هەبوو، کە دەتوانرێت یەکێتیەکی تۆکمە دروستبکرێت لە نێوان مرۆڤەکاندا دوور لە شەڕو شۆڕو جەنگ‌و خوێنڕشتن. مرۆڤەکان هەموویان، بوون بە کۆمەڵە کەسانێک، بەبێ یەکتری سودییان نییە، بەبێ یەکتریی‌و خۆشەویستی دەکەونە شەڕو تاوانێکەوە، لێبوردنی نییەو سزادانیشی نییە.
بەم جۆرە هانا ئارێنت قسەی لەسەر” بنچینەی تۆتالیتاریەت ” دەکرد کە “شەرێکی ڕیشەیی” ە ، هەروەها لە(کانت)یشەوە ئەم تیگەشتنەی وەرگرتبوو. بە قوڵی تێرامانی هەبوو بۆ ئەم مەسەلەیەو دەیویست ئەم تیۆریە سەقەتەی تۆتالیتاریەت راستبکاتەوە، دوای نووسینەکەی لە سەر” ئیخمان لە قودس ” : لە نامەیەکیدا کە بۆ “سکولم”Scholem نووسیوێتی دەڵێت (شەڕ هەرگیز رادیکالیەت نییە)، (بەڵکو توندڕەوییە) هیچ کاتێک شەڕ ڕیشەی شتەکان نییە، ڕیشەی چارەسەری گرفتەکان نییە، بەڵکو کێشەو گرفتەکان بە ئارستەیەکی پێچەوانەدا دەبات، بۆیە بە ئاسانی دەتوانن بڵاویبکەنەوەو بیوروژێنن. دەربارەی ئەم تیۆریەی هانا ئارێنت، پێویستە لە تێزەکەی “پوچێتی شەڕ” تێبگەین. ئارێنت دەستپاک بوو لەوەی، کە هەموو نازیەکان بە تاوانبار بزانێت، ئەو رای وا بوو کە نازیەکان ئەگەر شەڕو شەرخوازییان لێدابماڵرێت دڕندە نامێنن، چوونکە کەس بە ڕچەڵەک دڕندە نییە، ئەوە هەندێک لە تێگەیشتنە سیاسییەکانە، کە تواناکانی ئێمەی سڕیوەتەوە لەوەی وەک مرۆڤ‌و مرۆییانە رەفتاربکەین، ئەو تێگەیشتنە سیاسیە شەرنگێزانەن، کە مرۆڤەکان تووشی شەڕێکی نەخوازراو دەکەن‌و بەرەو شەر راپێچیاندەکەن. بە پێی تیۆری ئارێنت دەبێت وا لە مرۆڤەکان بکرێت، کە مرۆڤبوونییان بۆ دروستبێت‌و خۆیان بە ئازادانە حوکمی خۆیان بکەن .
ئارێنت، بە پێی ئەو تیۆرییەی، کە دایڕشتبوو، سڕینەوەی شەڕو فەراهەمکردنی ئاشتیی‌و بەها بەرزەکانی مرۆڤبوون‌و بە مرۆڤکردنی مرۆڤەکان، دژایەتیەکی سەرسەختی توندوتیژیی‌ سیاسەتی دەکردو بە توندی رەخنەی لێدەگرت، دژایەتی زۆری ئاراستە سیاسیەکانی دەکرد، لەوانەش: سەهوێنیەت‌ لە چوارچێوەیەکی ئایدۆلۆجیەتدا .

جۆرەکانی مرۆڤ:

لای هانا ئارێنت، سیاسەت چەمکێک بوو لە سەر ئەم واقیعەوە ‌هەڵنرابوو: جۆرەکانی مرۆڤ. ئارێنت، لای وابوو، کە مەحاڵە کەسێک پێناسە بکرێت لە سەر بنەمای پێکهاتە کیمیاوییەکانی، یان بە پێی وەرگرتنی نموونەگەلێکی وەک خۆی. لە هەر کەسێکدا تەنیا مرۆڤبوون نییە، بەڵکو‌ زۆر خەسڵەتی تریش هەیە، بە جۆرێک، کە لە راستیدا پارادۆکسی هەیە لە “سروشتی مرۆڤدا”، مرۆڤ پوختێکی دروستکراو نییە، کورت ناکرێتەوە بۆ “هەموو شتێک، کە بشێت” بۆ توانا تەکنیکیەکانی یان بۆ تۆتالیتاریەت. مرۆڤ هەرگیز بە زانست ئاشکرا نابێت. بەم جۆرە بەهای مرۆڤ روندەبێتەوە، وەک کۆدێک لە جۆرەکانییدا، کە بە واتای ئەوە دێت:(( لە یەک کەسدا چەندین جۆری کەسایەتی هەیە، بەراوردکردنی هەریەکێ بەویتر، لە دابەشکردنییدا بە سەر جۆرە رێژەییەکانی گەلان‌و نیشتیمان‌و ڕەگەزدا زۆر زیاتر گرنگی هەیە)). مەسەلەی مرۆڤ، پێوەندیدار نییە بە کورتکردنەوەی بۆ چەند جۆرێکی رێژەیی، بەڵکو مەسەلەی مرۆڤ پێوەندیدارە بە رێزگرتنییەوە، بەو واتایەی دامەزراوەیەکی مرۆڤیە. جۆری مرۆڤ، لە میانەی چۆنیەتی تواناکانی‌و کارلێکەکانی‌و پەیڤەکانییەوە ئاشکرا دەبێت، لە تاکگەراییەکەی‌و جۆرەکانیەوە ئاشکرا دەبێت. ئەو رێگە هاوبەشەی، کە هەر یەکێک لە مرۆڤەکان بیکەن بە جیهانی خۆیان‌و لە سەری برۆن، ئارێنت ئەم ڕێگە هاوبەشە ناودەنێت ” لە دایکبووی تاکەکان “. ئەمەش ئاماژەیە بۆ سازان‌و دەوڵەمەندییەکی ڕۆشنبیریی، نەک بایۆلۆجی. واتە هەڵەیە سیاسەت لە سەر جۆرە جیاوازە بایۆلۆجیەکانی مرۆڤەکان بونیادبنرێت، بەڵکو ئەوەی دروستە، ئەوەیە، کە پێویستە سیاسەت لە سەر زەوینە سازیی رۆشنبیرییەک بونیاد بنرێت، کە رێزو شکۆمەندی هەموو مرۆڤە لە بەرچاوبگرێت. لای وایە، کە جۆرەکانی مرۆڤ دەکرێت بە ئامانجی سیاسی‌و هەروەها دەشیکات بە مەرجێکیش بۆ ئازادی: (( دەبێت بە ئەرکێکی زۆر بەهێزی سیاسەت‌و پێکهێنانی جیهان))، یان دروستکردنی فەزایەکی هاوبەش، واتە ئەو میانەو چوارچێوەیەی، کە هەر تاکێک بە رێژەیەک هاوبەشی تیا بکات لەگەڵ بەرامبەرەکەیدا، ئەمەش ژیانە هاوبەشەکەمان دەردەخات.

جۆرکانی سروشتی مرۆڤ، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا دەردەکەوێت، بەڵام لە بواری سیاسییدا ئەم خەسڵەتە چەند جۆرەی مرۆڤ بە بەراورد بە بوارەکانی تری ژیان، زیاتر خۆی دەنوێنێت‌و باڵای زەقتر دەبێتەوە. سیاسەت ئەو بوارەیە، کە لە بوارەکانیتر زیاتر دەردەکەوێت‌‌و خۆی دەنوێنێت، هەرووەها ژیان‌‌و بوارەکانی تری ژیان، زیاتر خۆی لەم فەزایەدا دەنوێنێت‌و دەردەکەوێت. ئارێنت بەم زاراوەیە گوزارشتی لێدەکات ” ژیانی کاریگەر ” یان بواری کاریگەر: سیاسەت کارێکە، بە جۆرێک وێنادەکرێت، کە گونجاوە بۆ قبوڵکردن، وەک چالاکیەک، کە گرێدراوی واقیعێکی بایۆلۆجی زیندوە، کارێکە وەک داهێنانی بەردەوامی بابەتەکان، درکدەکرێت‌و کارو وشەی سیاسیەکان بۆ پێدانی ئەم خەسڵەتە بە خۆیی، پوختە‌.
دیسان ئەم بوارە بڕیاردەدات لە سەر جیاکردنەوەی تایبەت‌و گشت(بە مەبەستی پوچکردنەوەی تۆتالیتاریەت)، جیاکردنەوە لە نێوان ساتی باڵاکردن‌و کارکردندا. بۆیە دامەزراوە سیاسیەکان، هەموو ململانێ‌و ناکۆکیەکانی نێوان دەسەڵاتەکانیتری بوارەکانی ژیان لە خۆیدا کۆدەکاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت دەسەڵاتی خۆی بەهێزبکات، بەمەش خۆی بەهێزدەکات‌و رێگر دەبێت لە ئاراستەکردنی دەسەڵاتەکانیتر بەرەو گەندەڵی. دەسەڵات، لە جیاتی پەنابردنە بەر هێزو زەبەروزەنگ پێویستە لە میانەی فرەیی‌و هەمەجۆرەوە پراکتیکیی ئازادیی بکات. لای ئارێنت، ئەمە دروستکردنی ناوەندی دەسەڵاتە. لەگەڵ ئەمەشدا سیاسەت ئەو فەزایە نییە، کە هەموو خەسڵەتە مرۆییەکان لەخۆ بگرێت، بەڵکو فەزایەکە جیاواز لە فەزای تێڕامان‌و زانست. فەزایەکە دۆزینەوەی بیریی جیهانیی مرۆڤیی سەربەست دەکات. دەتوانیین بە سیاسەت جیهانی مرۆڤیی سەربەستبکەین، بەمەش نینۆکە تیژەکانی تۆتالیتارییەت هەڵدەوەرێنرێت، کە هەموو شتێک دەکات بە سیاسەت‌و لە سیاسەتدا کۆیدەکاتەوە .

تازەگەری :

ئەوەی تێبینیمانکردوە، تێروانین‌و بیریی تیژیی هانا ئارێنت سەرسوڕهێنەرانە ئاراستەی دەرکەوتەکان‌و ئەوەی هەیە لە ئاردا کراوەو مەبەستی پێکاوە. لەگەڵ ئەوەشدا، لای کەمی ئەوەی دەتوانیین بیلێین، رەخنەی لە ئێستاو سەردەم واتە لە تازەگەرێتی، رەخنەگرتنبووە لە ناتازەگەرێتی، واتا هەوڵەکانی بە پێیی داخوازییە تازەگەرییەکان بووە، لە تێرامانییدا لە سەر ئێستا، بەو مانایەیی کە ئێستا گرێدراوی ساتەوەختی ئێستا خۆیی نییە. ئەو مەسەلانەی ئارێنت جەختی لە سەر کردوەتەوە، لە روبەرو میانەیی بابەت‌و ئارتیکەل‌و نووسینەکانیەوە رون‌و ئاشکران، دەگەڕێتەوە بۆ قوڵاییەکی گەورە لە تێروانینەکانیدا. بۆچوونی مێژووی ئارێنت، بۆچوونێکی مێژوویی نییە بە مانا پرۆفیشوناڵییەکەی، لێرەوەیە، کە کەسە تایبەتمەندەکان زۆر دەکەونە تێگەیشتنێکی هەڵەوە. وای لێکدەدەنەوە کە هەندێک جار وەسفکردنەکانی ورد نەبووە، یان دەربارەی دەرکەوتنەوەکان وشکە، پێویستە شیکارییەکانی وەک وەسفی واقیع نەخوێندرێتەوە، بەڵکو وەک بۆچوونی لە سەر واقیع بخوینرێتەوە. مەسەلەکە پێوەندی بە وێنەکێشانی واقیعە مێژووییەکەوە نییە، هێندەی شیکارییەکانی بە ئامانجی وەرگرتنی ئەو”ڕەگەزانەی” کە پێوەندیدارە بە واقیعی ئێستاو پاشەڕۆژەوە، بەوجۆرەی، کە هەردوو واقیعەکە وەک یەک نابن لە مێژوودا. مەبەستی ئارێنت ئەوەیە قۆناغە مێژووییەکان، کە بە دوای یەکدا دێن دەرچوونی هەر قۆناغێکی نوێیە لە قۆناغەکەی پێشووتریی. بۆیە لای وایە پێویستە قۆناغە مێژووییەکان وەک ئامێرێک وەربگرین بۆ تێگەیشتن لە ئێستا، هەروا وەک ئامرازێک بۆ تێگەیشتن لە تازەگەریی، بۆ ئەوەی تازەگەریی بە سروشتی وەربگریین، بە مەنهەجێتە مرۆییەکەی ئارێنت دەتوانیین لە دووتوێیی تازەگەرییدا ئەوەی کۆنەو بەسەرچووە بدۆزینەوە، وەک چۆن رۆمانسیەتی ئەڵەمانیی وای لە کولتووریی گریک کرد، کە گوتاری پاشەرۆژی پێبنووسنەوە، مەبەست لەو گرێدانەیە، دووبارە ئەوەی کۆنبووەوەو بەسەرچووە گرێدراوە بە تازەگەرییەوە، کە تازەگەرێتی دەیشارێتیەوە، بۆیە پێویستە لەدووتوێیی تازەگەرێتییدا بدۆزرێتەوە، وەک تێگەیشتن‌و بۆچوونەکانی “توکلیف” Tocqueville، ئارێنت لە مانای هەموو شۆڕشە سیاسییەکان تێدەگەیشت، بەوەی کە هەموو کەلەپورە کۆنەکانی دووبارە دادەڕشتەوەو ژیانی بە بەردا دەکردنەوە .

سەرچاوە : الاوان

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت