بورهان شێخ ره‌ئوف : داعش له‌به‌رده‌می‌ ماڵه‌كانمان .

کلیکی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکە، سوپاس

ئه‌وه‌ی‌ كه‌له‌چه‌ند ڕۆژی‌ ڕابردوودا ڕوویدا ، به‌ كۆنترۆڵكردنی‌ شارێكی‌ گه‌وره‌ی‌ وه‌كو مووسڵ ، كه‌ ناوه‌ندی‌ سێ‌یه‌م پارێزگای‌ عێراقه‌ دوای‌ پارێزگاكانی‌ به‌غداد و به‌سره‌ و ، ژماره‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ چوار ملیون كه‌سه‌ . شتێك بوو دوور له‌ هه‌موو بۆچوون و خه‌مڵاندنه‌ سیاسی‌ و سه‌ربازیه‌كان به‌و پێیه‌ی‌ دوو فرقه‌ی‌ هێزی‌ سه‌ربازی‌ له‌ هه‌ردوو به‌ری‌ شاره‌كه‌دا بوون ، جگه‌ له‌ فرقه‌یه‌كی‌ پولیسی‌ ئیتیحادی‌ و ، جگه‌ له‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ئۆپه‌راسێۆنه‌كانی‌ نه‌ینه‌وا و ، زیاتر له‌ 60 ده‌بابه‌و ده‌یان موده‌ڕه‌عه‌و هه‌روه‌ها فڕۆكه‌خانه‌ی‌ موسڵ ، كه‌ كه‌ده‌ڵین دوو فڕۆكه‌شی‌ تێدایه‌ به‌ساغی‌ ده‌ستی‌ هێزه‌كانی‌ داعش كه‌وتوون . ئه‌مانه‌و هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ بڕی‌ زیاتر له‌ 450 ملێۆن دۆلار له‌ بانكه‌كانی‌ ئه‌و شاره‌دان ، كه‌ئه‌مه‌ش سه‌رمایه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌و به‌كه‌ڵكه‌ بۆ درێژه‌دان ، به‌ ماكینه‌ی‌ جه‌نگی‌ و به‌ڕێوه‌بردنی‌ شاره‌كه‌ .
كه‌باسی‌ شاری‌ موسڵ بكه‌ین ناكرێت باسی‌ پاشخان و پێكهاته‌و باكگراوندی‌ ئه‌و شاره‌ نه‌كرێت له‌ ڕابردوودا ، كه‌به‌ بڕبڕه‌ی‌ پشتی‌ سوپای‌ پێشووی‌ عێراق ناوده‌براو ، به‌ جۆرێك كه‌زۆربه‌ی‌ زۆری‌ ئه‌فسه‌رو سه‌ربازه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌م شاره‌ بوون و ، له‌ پێكهاته‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ سوونه‌ بوون و سه‌دام حسینی‌ سه‌رۆكی‌ ڕژێمی‌ پێشوو به‌شاری‌ ڕمه‌كان ناوی‌ ده‌برد .
به‌ڵێ‌ ئه‌مه‌ چ ئابڕوچوونێكه‌ كه‌ هێزه‌كانی‌ سوپاو پۆلیسی‌ ئیتیحادی‌ عێراق ، له‌ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر كورتدا له‌ به‌رده‌م یه‌ك دووهه‌زار چه‌كدارێكی‌ داعشدا ، خۆیان پێ‌ ڕانه‌گیرێت و هه‌ڵبێن ئایا له‌ سه‌ره‌وه‌ فه‌رمانیان پێ‌ كراوه‌ ؟ ، یان له‌ ترس و هه‌ستكردن به‌لاوازی‌ ؟ ،یان چۆن ئه‌و داواییه‌ی‌ مالیكی‌ لێك بده‌ینه‌وه‌ ئه‌مڕۆ داوای‌ چه‌كداركردنی‌ گشتی‌ خێڵه‌كان و خه‌ڵكی‌ ده‌كرد . ئایا ئه‌مان له‌ سوپا ملێۆنیه‌كه‌ی‌ مالكی‌ به‌ هێزتر ده‌بن ؟ . ئه‌مانه‌ هه‌مووی‌ له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ هه‌روه‌كو ئه‌مڕۆ له‌ چاودێرێكی‌ سیاسیه‌وه‌ بیستم ، موسڵ وه‌كو شانه‌یه‌كی‌ نووستووی‌ پێكهاته‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ سوونه‌ وابووه‌ له‌ چه‌ند ساڵی‌ ڕابردوودا ، هه‌ركات و ساتێك بیانوویستایه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ریدا ده‌گرت . به‌ڵام ئه‌وه‌یان نه‌كرد تا ئه‌م كاته‌ كه‌پێ‌ ده‌چێت ئێستا گونجاوترین بێت بۆیان . دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ دووساڵی‌ ڕابردوودا بزووتنه‌وه‌و ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی‌ عه‌ره‌بی‌ سوونه‌ له‌هه‌موو مه‌یدانه‌كانی‌ شاره‌كانی‌ موسڵ و ڕومادی‌ و سامه‌ڕاو فه‌لووجه‌و حه‌ویجه‌ شكستی‌ هێنا و ، مالیكی‌ هیچ كام له‌ داخوازییه‌كانیانی‌ به‌ جێ‌ نه‌هێنا و ، به‌زۆری‌ چه‌ك بڵاوه‌ی‌ پێكردن . ئێستاش له‌ دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌ گشتیه‌كانی‌ 30 نیسانی‌ 2014 ، كه‌ جارێكی‌ تر لیسته‌كه‌ی‌ مالیكی‌ ، ده‌وڵه‌تی‌ یاسا وه‌كو یه‌كه‌می‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان وه‌ده‌ركه‌وتووه‌ و ، كاندید كراوه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌ن لیسته‌كه‌یه‌وه‌ بۆ ولایه‌تی‌ سێ‌یه‌م . ئیتر عه‌ره‌بی‌ سوونه‌ هیچ ئومێدێك له‌ ئاسۆوه‌ نابینن ، بۆ به‌شداریپێكردنی ڕاسته‌قینه‌یان له‌ ده‌سته‌ڵات و به‌ده‌ستهێنانی‌ خواست و ئاره‌زویی مافه‌ زه‌وتكراوه‌كانیان به‌قه‌ولی‌ خۆیان . بۆیه‌ له‌م كاته‌دا كه‌ خوولی‌ دووه‌می‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق ماوه‌یاساییه‌كه‌ی‌ ته‌واو ده‌بێت و ، ئه‌نجامه‌ كۆتاییه‌كانیش ڕاده‌گه‌ینرێن پێ‌ ناچێت كۆبوونه‌وه‌ی‌ خوولی‌ سێ‌یه‌می‌ ئه‌نجومه‌ن و هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆك كۆمارو و ڕاسپاردنی‌ كاندیدی‌ لیستی‌ براوه‌ی‌ یه‌كه‌م بۆ پێكهێنانی‌ كابینه‌ی‌ نوێ‌ كارێكی‌ هێنده‌ ئاسان بێت . له‌وه‌یه‌ بگاته‌ بنبه‌ست و تونێلێكی‌ تاریك و درێژ ، كه‌ ده‌رچوون لێی‌ زۆر زه‌حمه‌ت بێت و ، مانه‌وه‌ی‌ عێراق وه‌كو ووڵاتێكی‌ یه‌كگرتوو ، ئاسته‌م بێت .
له‌ كۆتاییدا ئه‌وه‌ی‌ زیاتر مه‌به‌ستمه‌و ده‌مه‌وێت هه‌ڵوه‌سته‌ی‌ له‌ئاستدا بكه‌م ، ڕۆڵی‌ كورد له‌م قه‌یرانه‌دا چیه‌ ؟ و ، ئه‌ی‌ كورد چی‌ بكات ؟ . ئایا وه‌كو ته‌ماشاكه‌ر بمێنێته‌وه‌ ؟ ، له‌ كاتێكدا داعش و به‌عسیه‌كان و سوپای‌ ته‌ریقه‌تی‌ نه‌قشبه‌ندی‌ و هه‌موو گروپ و تاقمه‌ چه‌كداره‌كان له‌موسڵو ناوچه‌ دابڕاوه‌كانی‌ تری‌ كوردستان ، به‌هه‌موو تواناكانیانه‌وه‌ هاتونه‌ته‌ مه‌یدان , یان كاتی‌ ئه‌وه‌ هاتووه‌و هه‌لێكی‌ مێژوویش بۆسه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ كورد ، به‌هه‌موو لایه‌نه‌كانیه‌وه‌ هه‌ڵكه‌وتووه‌ هه‌نگاوێكی‌ ئازایانه‌ بنێن و هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ ڕه‌وانه‌ی‌ هه‌موو ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانی‌ كوردستان بكه‌ن و ، به‌ سه‌روماڵ بیانپارێزێن له‌كاتێكدا حكومه‌تی‌ عێراق له‌به‌رده‌م ڕووخان و مایه‌ پوچ بووندایه‌ به‌ده‌ست قه‌یرانه‌ یه‌ك له‌ دوای‌ یه‌كه‌كان و گه‌نده‌ڵی‌ و شه‌ڕی‌ تائیفی‌ .

کلیکی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکە، سوپاس