Sherif-Hejari

 شەریف هەژارى : ئایا گەر دابەشبوونى عێراق ببێتە دیفاکتۆ ، ئێرانیش دەڕوخێنێت !؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سێ مانگ بەر لە ئێستا بە شیکارى ستراتیژى بۆ بارودۆخى عێراق ، بە ووتارێک بە ووردى پێشبینى ئەم ڕووداوانەى عێراقم کرد! لە ئێستاش دا بە ووتارێکى چەند ڕۆژێک پێشووتر پێچەوانەى هەندێک نووسەر کە سووپاى عێراق بە ” ترسنۆک و ڕاکردوو” لە جەنگ ئەزانن پێموابووە کە هۆکارى سەرەکى سەرکەوتنى داعش و شەڕنەکردنى سوپاى عێراق لەو شارانەى کە زۆرینە سوونەن تەنها بۆ زاڵێتى بیریى مەزهەبگەرایى ئەگەڕێتەوە و هیچى تر، واتە سوونە بوون هۆکارى سەرکەوتنەکانى داعشە لە شارە سوونەکاندا ، کە دیارە هۆکارى دیکەش هەیە ، بەڵام ئەوە هۆکارى ڕاستەوخۆیە .
ئێستا دێمە سەر ووروژاندنى ناونیشانى سەرەکى ئەم بابەتەم و ، تاڕادەیەک هەوڵ ئەدەم ستراتیژییانە خوێندنەوەى بۆ بکەم، کاتێک لە ئێستایا باس لە کاریگەرییەکانى ئەم ڕووداوانەى عێراق دەکەم و پێشموایە بە دیفاکتۆبوونى ئەم ڕووداوانە لە ستراتیژ دا ئێرانیش ئەروخێنێت ، ئەوا وەک جارانى پێشووتر ڕەنگە لاى زۆرێک لە نووسەرانى کورد ئەم خوێندنەوە ستراتیژیەش بە هەمان شێوە بە خەوون بزانرێت !!
ئێمە هەموومان ئەزانین کە لە دواى هاتنەناوەوەى سوپاى ئەمریکا بۆ عێراق ، ئەمریکا بە شێوەیەکى کاتى حوکمى عێراقى ئەکرد و حکوومەتى کاتى پێکهێنا ، دواتریش هەتا ئەو ڕۆژەى ئەمریکا سوپا-قەبەکەى خۆى لە عێراق دا نەکشاندبووەوە، ئەوا ناڕاستەوخۆ ئەمریکا کاریگەرى هەبوو لەسەر حوکمى جێ بە جێ کردنى کاروبارەکان بەتایبەت ” هەڵمەتە سەربازییەکان بۆسەر گرووپە چەکدارەکان ” لە عێراق دا .
دواى ئەوەى مالیکى و شیعەکان بەگشتى، هەڵایەکى گەورەیان نایەوە و، بڕیاریان دا ” سەربەخۆیى بۆ عێراق ” بگەڕێننەوە ! ئەوا ڕایانگەیاند کە پێویستە سوپاى ئەمریکا لە عێراق بچێتەدەرەوە و عێراق پێویستى بەو سوپایە نەماوە و ، سوپا و هێزەکانى عێراق تواناى نەک هەرخۆبەڕێوەبردنى ناوچەکان ، بەڵکو کۆنترۆڵکردنى هەموو بستە خاکێکى عێراقیان هەیە ! دیارە ئەم کارکردەى شیعەکان ڕاستەوخۆ ئەجێندا و پلانى ئێرانى بوو ، بەتایبەت ووتارە حەماسییەکانى سەرکردە شیعەکان و لە ناویشیاندا سەدر و مالیکى بۆ گەڕاندنەوەى ” سەربەخۆیى بۆ عێراق و بۆ سوپاکەى ” ڕێک هاوشێوەى گووتارى فەرماندە سەربازییەکانى سوپاى پاسدارانى ئێران و ئاخوندەکانى ئێران بوو ، ئیتر لاى زۆر کەس ئەو ” ئایدیا ” یە هاتەکایەوە کە ئەجێنداى ئێران ستراتیژێکى درێژخایەنترە لە عێراق دا لەچاو ئەمریکا ، بەو پێیەى زۆرینەى عێراق شیعەن و ئێرانیش خۆى کردووە بە نوێنەریان ! تەنانەت لەو سەردەمەدا مەحموود ئەحمەدى نەژاد سەرۆک وەزیرى پێشووترى ئێران چەند جارێک ڕایگەیاند کە لە داهاتوو دا ڕەنگە “ئێران و عێراق” ببنە یەک دەوڵەت ، ئیدى هەموو پلانە دەسەڵاتخوازییەکانى ئێران بەسەر عێراق دا ووردە ووردە دەبووە دیفاکتۆ و کەشف ئەبوو!!
لێرەدا ئەمەوێت وەک شیکەرەوەیەکى ئەکادیمى ، بەردەوام بێ لایەنى خۆم لە نووسینەکەم دا بپارێزم ، بۆیە ناتوانم ئاماژە بەوە نەکەم کە لە عێراق دا تاڕادەیەک دواى چوونەدەرەوەى سوپاى ئەمریکا ، سونەکان غەدریان لێدەکرا و تەنانەت سوپاکەى مالیکى بەئاشکرا لە هەندێک شوێن ” ڕەشەکووژیان ” ئەکردن ، بەتایبەت کاتێک سوونەکان خۆپیشاندانیان ئەکرد ئیتر هێزەکانى سوپاى مالیکى هەڕەمەکیانە و نادیموکراتیانە و مەزهەبگەرایانە هەڵمەتیان ئەبردە سەریان ! کە لەمشیاندا ڕۆڵى ناڕاستەوخۆى ئەندازیاریى سەربازیى ئێران هەر هەبوو، بەتایبەت ئێران چەند جارێک باسى لەهاتنەناوەوە و کۆنترۆڵکردنى خۆپیشاندەرانى ئەنبارى ئەکرد!!
لە دواى ئەو ڕووداوانەوە، حکومەتى عێراقى وەک دیفاکتۆ بووە بەشێک لە دەسەڵاتى ئێران، واتە زۆربەى ڕێنوێنیى و پلانە سیاسییەکانى ئێران لەلایەن خودى مالیکیى و حکومەتەکەیەوە زەمینەسازى جێ بە جێ کردنى بۆ دەکرا ، ئیتر ئەوە با بووەستێت تەنانەت کار گەشتە ئەوەى لە بەغدادا هەڵواسینى وێنەى خومەینیى و خامنەیى ڕێبەرانى ئاینى دەسەڵاتىدارانى ئێران وەک شارى قومى ئێرانى لێهات و هیچ سونەیەک نەى دەوێرا بڵێ بۆ وا دەکەن !!؟ و خۆ ئێمە لە ئێران دا ناژین!؟
دیارە پێکهاتەى سونەى عەرەبى عێراق، سەخترین و خوێناویترین مێژوویى ڕوبەڕووبونەوەیان هەیە لەگەڵ شیعەدا ، بۆیە مێژوو پێمان ئەڵێک کە ” لۆژیک ” نییە پێکهاتەیەک مێژوویەکى هێندە خوێناوى هەبێ و ئێستا هەر بەو ئاسانییە کۆنترۆڵ بکرێ و مل بدات بۆ توانەوەى لەلایەن ئێرانەوە!! مێژووى هەشت ساڵەى جەنگى عێراق و ئێرانیش ئەوەى سەلماندووە کە سونەکانى عێراق سەرسەخترین ڕێگرن لە هەیمەنەى فراوانخوازى شیعە لە عێراق و تەنانەت ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا!
لێرەدا کاتێک کە سونە خۆپیشاندان و بەرهەڵستى ئەکا ، لاى هەمووان ئاشکرایە کە بەردەوام ئەبێت چونکە مێژوو ئەوەمان پێ دەڵێت ! لە ئێستایا ئەجێنداکانى ئێران لە عێراق دا بەرەو شکست و داڕووخان ئەچێت ، چونکە هەرچى نەخشە و پلانە ستراتیژیەکانى ئێران بوو بۆ حوکمى ڕەهاى شیعەى هاوشێوەى حوکمى ئێران لە عێراق دا شکستى هێنا ، ئا لێرەدایە کە تەشەنەسەندنى هەمان کاردانەوە لە ستراتیژیش دا ئەبێتە هۆى ڕووخانى حوکمى ڕەهاى دەسەڵاتى شیعە لە ئێرانیش دا ، چونکە ئەگەر بێتو سوونەکان بتوانن دەسەڵاتێک بۆ خۆیان لە عێراق دا وەک ئەوەى لە هەرێمى کوردستاندا هەیە بکەنە دیفاکتۆ، ئەوا کاریگەرییەکانى شکستى ستراتیژیى ئێران ڕاستەوخۆ پێکهاتەکانى ناو ئێرانیش دەوروژێنێت!! چونکە سوونەکانى ئێرانیش کە چەندین ساڵە لە ژێر چەوسەنادنەودان و کوردەکانیش بە هەمان شێوەن ئەوا ئیلهام لە کوردەکانى عێراق و سوونەکانى عێراقەوە وەرئەگرن، بۆیە من پێموایە شکستى ستراتیژى ئێران لە عێراق دا ، بەماناى شکست و هەڵوەشانەوەى دەسەڵاتى ناوخۆیى ئێرانیش دێت لە خودى ئێران دا لە ستراتیژ دا ، کە بێ گوومان هێزە ئیقلیمیەکانى ناوچەکە بەتایبەت ” تورکیا ، سعودیە و قەتەر” لەم ستراتیژیەدا ڕۆڵیان هەیە و زیاتریش دەبێت! بۆ ئەمەشیان با چاوەڕاون بین بزانین تا چەند ئەم خوێندنەوە ستراتیژییە دێتە دى!!
شەریف هەژارى : ماستەر لە ستراتیژى بەریتانیا لە خاکى ئەمەریکا لە زانکۆى لەندەن .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت