بەهرۆز جەعفەر : ڕەهەندە جیهانیی و ناوچەییەکانى داعش  .

کلیکی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکە، سوپاس

 * پارتى دیموکراتى کوردوستان ئیدارەى ئەم گەمەیە ئەدات ، دوور نییە ڕێککەوتنى (3) قۆڵى لەنێوان ئەم بەرانەدا نەبوبێت ، تا دواجار پارتى بەتەکتیک گەمەکە لەڕێگەى تێوەگلانى شیعەو سووننەوە لەشەڕ، ئەم یارییە بباتەوە .

* ئایندەى دۆزى کورد بەپلەى ئیمتیاز پارتى دیموکراتى کوردوستان لێی ئاگادارە . ئایا ئەم جەنگە بە تاکتیک و بەڕێککەوتن بووە ؟.

تیرۆر مەسەلەیەکى جیهانییە . لەبەرئەوە گرفتێکى جیهانییشە . کاریگەرییەکانى تیرۆریزم و گڵۆباڵیزەیشن لەسەر یەکترى ، دەرەنجامى بەپەندبونى مرۆڤایەتییە ، بەدەست ئامرازەکانى پۆستمۆدێرنیتەو بە (ئەمرەکە کردن ) ەوە . ئەگەر بۆ ئایندە ، تاقە یەک هۆکار ببێتەهۆى هەڵوەشانەوەى سیستەمى جیهانیی و یاساکانى نێودەوڵەتان ، یان چاوخشاندنەوە بەئامرازو هەیکەلى پەیوەندییە جیهانییەکان ، ئەوا هۆکارەکەى قەبەبونى ئەمریکاو جەنگى دژى تیرۆرە . بۆیە تا لەم دونیایەى ئەمڕۆمان نەگەین ، تا نەچینە ناو ڕایەڵە ئاڵۆزەکانى ئاسایشى ئیقلیمى و جیهانییەوە ، ناتوانین لەخۆمان بگەین ، دەبێت قوڵتر لەوەى کەهەیە بۆ دیاردەکانى دەوروبەرمان بڕوانین ، ئیشى مرۆڤ دۆزینەوەى دیاردە نییە ، بەڵکو شەرحکردن و دۆزینەوەى پەیوەندیی نێوان دیاردەکانە . ئێمەش وائەکەین …
یەکەم : داشبونێکى نوێ
شانزە دەوڵەت لەساڵى (1991) جیابونەوەى خۆیان لەسۆڤیەت ڕاگەیاند . پەیمانى وارشۆ هەڵوەشایەوە . دیوارى بەرلین ڕوخا ، گرفت لەبەردەم تەواوکاریی (تکامل-integration) ى ئەوروپیدا نەما . خۆرئاوا کردیان بەزەماوەند.” فۆکۆیاما ” کتێبەکەى بەناوى ” کۆتایی مێژوو ” نووسى و جاڕی ئەوەیدا ، ئیتر لیبراڵیزم قوفڵى مێژویداوە . ئیتر ڕوسیا وەک یەکەیەکى گەورە چووە سوڕى متبونى ئابوریی و بەرگرییەوە . زۆرى نەبرد ڕێکخراوى قاعیدە هاتە مەیدانەکەو، لەجیهادى سۆماڵى و ئەفغانییەوە ، بانگەشەى (جیهادى جیهانى) یان کرد . جەولەیەکى دى لە زۆرانبازیی و کارو کاردانەوە دەستى پێکرد . فۆکۆیاماش لەوتارێکدا ” جا بۆڕاى خۆم نەگۆڕم ” پەشیمانبونەوەى لەبۆچونەکانى پێشوى نیشاندا ، دواتریش لەبەرنامەیەکى تەلەفزیۆنیدا ئەیوت : مرۆڤ لەتەمەنى (30) ساڵیدا ئەو قسانە هەر ئەکات !.. کاتێک لە ساڵى (2011) بەهارى عەرەبى دەستیپێکرد ، عەرەبەکان بەدواى خەونى ئازادیی و دیموکراسییەوە بوون ، بەدەم ڕێوە لەناو گەرمەى شەڕەکان ،ڕۆژنامەوان و شیکەرەوە سیاسییە خۆرئاوایی و تورکییەکان ئەیانوت: لەڕاستیدا ئەمە دزینى شۆڕش و سڕینەوەى هێماکانى شارستانیەتە ، مەرگهێنەرە،سفرکردنەوەى بەهاى مرۆڤە ، تائەو ئاستەى کە مرۆڤەکان دەکوژرێن یان دەمرن ، ئەوان ئیشێکى باش دەکەن ئەم ژیانە بەجێدەهیڵن . بەشێک لەسایکۆلۆجیاى ئەم جەنگە،خواستى دابەشبونێکى ترە .
تادێت ، کۆنستراکتیڤیزم ، وەک تیۆرێکى ئەوروپى،دەبێتە پڕەنسیپى هەموو یەکە نێودەوڵەتییەکان (ئاشتى و ئازادیی و ئاوەدانى بۆناوەوە ، هێزو قۆرخکردن و دەستوەردان لەدەرەوە ). ڕووسیا دێت و ئەڕوات ، ئەیەوێت سنورێت بۆ پەیمانى باکورى ئەتڵەسى (NATO) دابنات ، هەر ڕووداوێک دروست ئەبێت ئەیکات بە کارتێک بەدەستى خۆیەوە ، تادواجار بەهارى عەرەبى سنورى ناوچەیی خۆى تێپەڕاندو گەیشتە ئۆکرانیا و هێزى سەربازیی ڕوسیاى فیدراڵى خستە جوڵە ، لەپاى گێڕانەوەى جەزیرەى قرم بۆ ڕوسیا …یەکێتى ئەوروپا چەندین تەحەداى گەورەى لەبەردەمدایە ، دەیەوێت لەسەر حیسابى دەرەوە خۆى لێ قوتاربکات . تورکیا نزیکەى سەدەیەکە ، دەیەوێت ببێتە ئەندام لەیەکێتى ئەوروپاو،سوود لە گەشەسەندنى ئابوریی و ، هێزى خۆى لە ناتۆ و پێگەستراتیژییەکەى وەربگرێت ، تا زەعامەتى خۆى لەناوچەکەدا بپارێزێت ، مووشەکى پاتریۆتى لەناوچەى خۆى جێگیرکردووە ، ئێران و ڕوسیاى تووشى دڕودۆنگى کردووە .. ئێران عێراقى داگیرکردووەو ، دەست لەسوریاو کەنداو وەرئەدات ، ئیسرائیل لەپشت هەڵگیرساندنى هەر ئاگرێکەوە ، ئامانجى سنوردارکردنى چەکە ئەتۆمییەکانى ئێرانى هەیە . ئەمریکا سوارى خەونە سەرکەشەکانى بووەو ، لەپاڵ قەیرانى گەورەى ئابوریی نێوخۆیدا ، پەیڕەویی لەسیاسەتى (گەردونى) ئەکات ، تا بۆ (100) ساڵى دیکەش جیهان بەیەک جەمسەرى بمێنێتەوە ، هیچ تەنگەبەر و ڕێرەوێکى ئاوى نەبێت ، هیچ کونجێکى فەزا ، وشکانى نەمابێت ، ئەو بەرژەوەندیی لەسەر نەبێت . ئایا جیهان ئەمانە قبوڵ دەکات ؟. جیهانێک کە مرۆڤایەتى تیایدا ، لەڕۆبۆتیک زیاتر هیچى تر نین . دابڕاو لەخەیاڵ و بیرکردنەوە،لە بەهاى بەرز وەکو ” ڕۆسۆ ” باسى دەکات . لێوانلێو لە ماددەو تەکنەلۆژیاو داهێنانى یەکلەدواى یەک ، کەمرۆڤ خودى خۆى پێ کۆت و بەند کردووە .
دووەم : جەنگى ئایدۆلۆژیاکان .
ئامانجى سەرەکى بزوتنەوەیەکى سەلەفى – جیهادى – ئیسلامیی پەڕگیرى وەک قاعیدە ، لە (2) خاڵدا کورت ئەبێتەوە ، یەکەم : گەڕانەوە بۆ سەردەمى خەلافەت و حوکمى ئیسلام .
دووەم : بڕینى دەستى ئەمریکاو خۆرئاوا ، لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و جیهانى ئیسلامیدا .
پێش ئەوەى ” ئیدوارد سەعید ” وەک ڕەخنەگرێکى پۆستمۆدێرنى ئەمریکى ، بکەینە گەواهى ئەوەى لایوایە ، ڕۆژهەڵات کتومت کردەى ڕۆژئاوایە . پێش ئەوەى لەم جەنگە و کەوالیسەکانى پشتى قسەبکەین ، دەکرێت هەوڵە سەرەتاییەکان بۆ کاڵکردنەوەى ڕێبازى بیروباوەڕو سیستەمەکان ، بۆ ململانێی ئایدۆلۆژیاکان ( ئیسلامى- سۆشیالیزم –لیبراڵیزم ) دیاری بکەین .. ئێستاش ئەو پرسیارە نەمردووە ، ئایا تاوانى بیرۆکەى مارکسیزم بوو ، سۆڤیەت ڕوخا ، یاخود هەڵە لەجێبەجێکردنى بەرنامەکەدا بوو ؟ بۆ ئیسلامیش بەهەمان شێوە .لەو ئەڵمانیایەى کەمارکسى بەزیندوێتى قبوڵ نەبوو ، ئێستا کتێبەکانى پڕفرۆشترینن ، ئایا مارکس خراپى ووت کە ئابوریی تەواوى جەستەى کۆمەڵگەیە ؟. ئەوەتا بیرى لیبراڵیزم وەک مشک بەربۆتەوە گیان مرۆڤەکان .” ماکس وێبەر ” سیستەمى سەرمایەداریی بە ( قەفەزیی پۆڵاین- Iron cage) بۆ مرۆڤەکان وەسف ئەکا ، لەژێر ناونیشانى ڕاشناڵیزم و ئازادییەکى وەهمیدا .
تامرۆڤ بونى هەبێت ، جەنگ بەردەوامە ، مرۆڤەکان بەردەوام لەململانێدان ، یەکێکیان بۆمانەوە لەفۆڕمى خۆیدا، ئەویتر بۆ بازدان و فراوانخوازیی . لەدواى دروستبونى نەتەوەیەکگرتوەکان ( بۆ پارێزگاریکردن لەئاشتى و ئاسایشى جیهانى ) دەیان جەنگ لەلایەن زلهێزانەوە ڕویانداوە ، کێ بەرى پێگرتون .؟. لەگەڵ ئەوەى دیموکراسییەت باشترین شێوەى حوکمڕانییە ، کەڕاست و چەپ لەسەرى کۆکن ، بەعەیب و عارەکانییەوە . هیچ کاتێک ئەمریکاو ئینگلیزەکان خوازیارى دیموکراسیەتێکى هەقیقى نەبون بۆ زۆنەکانى دەرەوەى خۆیان ، لەستراتیژى هەرە گرنگى خۆرئاوا بەرخۆرکردنى خۆرهەڵات و مانەوەیانە لە خۆخۆری و خۆکوژیدا . لەساڵى (1947) ەوە ئەم بەرنامەیە لەڕۆژهەڵات کارئەکات . بەجۆرێک تەنها لەماوەى (1947-1952) دا ، ئەم ڕوداوانە بەمەبەستى ئیختراقکردنى تەواوى ڕۆژهەڵات و پێکەوە سەرقاڵکردنیان ڕوویانداوە : لەساڵى (1947) پرەنسیپى (ترومان) وەک یەکەم هەڕەشەیەک لەدوژمنەکانى ئەمریکا کەوتە کار . هەر لەساڵى (1947) دا ڕاگەیاندنى پلانى (مارشاڵ) وەک ناوکى جیهانگیریی ، بۆ ئاوەدانکردنەوەى ئەوروپاى دواى جەنگ ، لەساڵى (1948) لەدایکبونى دەوڵەتى ئیسرائیل .. قۆناغى دواى ئەمە دەستەمۆکردنیان بوو ، لەڕێگەى کودەتاوە ، لە ساڵى (1949) کودەتاى حوسنى زەعیم لەسوریا ، لەساڵى (1952) کودەتا لەئێران بەدەستى دەزگاى هەواڵگریی ئەمریکى بەسەر (موحەمەد موسەدەق) ى ئێراندا ، کەبەدەنگى خۆشى هاتبوە سەرکورسى . لەهەمان ساڵ کودەتاى ” جەماڵ عەبدولناسر” لەمیسر .. ئەوسا کودەتا لەیەمەن ، تا ئەگاتە کودەتاى (14ى تەمموز1958) لەعێراق . لەم کاتانەدا سەربازەکانى بەریتانیاو ئەمریکا بە فڕۆکە لەنێوان سوریاو عێراق دائەبەزن ، بۆ پشتیوانى لەکودەتا .
بۆ ئێستاش کەس نازانێت ، کێ ناوى مەرگەساتێکى وا بەردەوامى ناوە (بەهارى عەرەبى) . کڵپەى ئاگرەکە ، تەشەنەى کردووە بۆ شەڕێکى مەزهەبى لە عێراقێک کە لەوەتەى هەیە ، داهێنانى تیائەکرێت لەشێوازى کوشتنى مرۆڤدا ، سوڕێکى ترى وەحشەت و تێک بەردان لە ڕۆژهەڵات دەست پێدەکاتەوە ، لایەکیان بەرگریی لەهیلالى شیعى دەکات ، لایەکى دی دەیەوێت هیلالەکە بکات بە (2) کەرتەوە . تا بەجۆرێک ئەم ناوچەیە خەڵتانى خوێن بێت ،هەموو مرۆڤێک خۆى بیروباوەڕى ئیسلامى تاوانبار بکات ، لەجەنگ و تێک بەردان و داخران . بگرە ئەوەش بهێنێتە پێش چاو لەمێژووى حوکمڕانى خەلافەتە یەکلەدواى یەکەکانى ئیسلامەوە تائەمڕۆکە،ڕۆژێکى بێ جەنگ و کوشتار بەڕێ نەکردووە .
سێهەم : داعش ئەیەوێت چى بکات ؟
جیاوازی هەیە لەنێوان پاڵپشتى کردنى تیرۆر لەعێراق ، لەگەڵ هاوردەکردنى تیرۆر بۆ عێراق . ئەگەر ڕاى گشتى و لایەنە ناوچەییەکان ، زووتر درکیان بەمەترسییەکانى داعش نەکردبێت ، ئەکرێت ئێستا کێ بە پاڵپشتى ئەم گروپە عەرەبییە شۆڤێنییە – ئیسلامییە توندڕەوە بزانن ؟. تورکیاو نوجەیفییەکى ڕاکردوو؟ مالکى و ئێران ؟. پێدەچێت بۆچون و بەرنامەى ( دەوڵەتى ئیسلامى لەعێراق و شام – داعش) لە دواى کوشتنى ( زەرقاوى) گەڵاڵە بوبێت لە عێراق . بەو پێیەى لادانێک هەیە لە فەرمانەکانى قاعیدە . بەگشتى لەسیفەتە جیاوازەکانى ” داعش” ئەوەیە : مەکەزیەتێکى بەهێزو ڕێکخستنێکى بەرفراوانیان لەمەرکەزیەتدا هەیە . توندڕەوتریشن . هەروەها لە ژێر فەرمان و زەعامەتى (زەواهیرى) دەرچوونە و ” ئەبوبەکرى بەغدادى ” سەرکردەیانە . داعش لە (15/12/2013) بەتەنها (6) کەسی چەکدارەوە ، بە هێرشێکى بەرنامە بۆداڕێژراوەوە ، پەلامارى ( دەزگاى هەواڵگریی عێراق ) یان لەکەرکوک داو، بۆ کاتژمێرێکیش دەستى یان بەسەرداگرت . دواى نزیکەى (15) کاتژمێر شەڕ،سوتانى بینای (جەواهیر مۆڵ) ئەوسا کۆتایی پێهات . ئەم هێرشە بۆ سەر ئەو دەزگایە ئاماژە بوو ، بەوەى هەرکات بیانەوێ لەمێشکى کەرکوک ، وە لەمێشکى حکومەتى عێراقى ئەدەن . ئەکرێت ، (3) دینگە وەک خاسیەت و لەسەرپێ وەستانى ” داعش” دیاریبکەین :
یەکەم: پیشتگیریی و ئاڕاستەکردنیان لەلایەن وڵاتانى ئیقلیمییەوە .
دووەم : ژینگەو زەمینەى عێراق هەرخۆى لەبارە ، بۆئەوەى ئەم هێزە توندڕەوە تیایدا گەشەبکات و باڵى بەسەردابکێشێت .
سێهەم : تەکتیک و مەشق و شێوازى پەلاماردان و جۆرى چەکەکانیان و ئەندامەکانیان ، هەروەها لینکەکانى پەیوەندییان جیاوازترو بەهێزترە ، لەهەموو گروپەکانى تر .

بەپێی ڕاپۆرتێک لەکۆتا ڕۆژەکانى (2013) لەلایەن سەرکردەى ڕێکخستنەکانى قاعیدە لەمیسر ” عاسى بن ابى بکر” ـەوە ، بۆ بەرپرسی ڕێکخستنەکانى داعش ” ئەبوبەکرى بەغدادى ” نێرراواوە ، دەردەکەوێت هەواڵگریی عەسکەریی داعش لە عێراقەو ، تیایدا داواى هاوکارییان لێ دەکات ، بۆ ڕووبەڕووبونەوەى هێزە ئەمنییەکانى میسر !. ئەمە لەلایەک بەڵگەى هێڵى سووننى بونى داعشەو، لەلایەکى دیش وێڕاى لەخەت دەرچون ، هاوسۆزییانە لەگەڵ قاعیدە.. پرسیارێک کەلاى خەڵک باوە ، ئەگەر داعش سوننەیە ، بۆچى نوجەیفى ڕائەکات ؟. بۆچى سەرقونسوڵى تورکیا ئەڕفێنن ؟. هەڵبەت سووننەکانیش لەناو خۆیاندا دوو بەشن ، بێجگە لەوانەى عەرەبى شۆڤێنى ئیسلامین ، هەندێک سەرکردەشیان چەپ و عیلمانین .. دەکرێت ئەمە بەشێکى تاریکاندن و ئاڵۆزاندن بێت ، تورکیایەک بەقەد قوبرس چاوى لە موسڵەو ئاگاى لێیەتى ، پێشتر موسڵ یەکێک بووە لەویلایەتەکانى دەوڵەتى عوسمانى ، تۆ بڵێی قونسوڵەکەى ئەوەندە بێئاگا بوبێت ، لەگرتنى موسڵ لەلایەن داعشەوە ؟. گوایە ئەم هەموو زانیاریانە لەکوێى عێراقەوە دەگاتە تورکیا ؟. دەرکەوتنى داعش بەئامرازە هاوچەرخەکان سەرەتاى ، غوبنێکە لەهەزارەى سێهەم و سەدەى بیستو یەکدا ، کە پرسیار لەسەر ناوەکەى ؟ ئامانجەکەى ؟ چەکەکەى ؟ نەخشەکەى ؟. مەشقەکەى ؟ فرە ڕەهەندییەکەى ؟ پاڵپشتى یەکەى ؟.ئامرازەکانیان ؟ بکرێت .
چوارەم : کورد و جەنگى داعش و دابەشبون .
فۆکس لەسەر (3) کەسایەتى کاریگەریی سووننى دەکەین ( ڕەغدى کچى سەددام حوسەین ، عەززەد دوورى ، خەمیس خەنجەر ). کە (9) ساڵە ئیدارەى شەڕو گروپە تیرۆریستیەکان بە تەکبیری ئەمان لەئەردەنەوە ئاڕاستە ئەکرێن . مانەوەى ” دوورى ” بۆئێستاکەو جرت و فرتەکانى ڕابردووى جێگەى گومانى زۆرن ، دەیان گرتەو ئاماژەى گرنگ بۆسەلماندنى ئەمە هەیە . ” خەمیس خەنجەر ” بەیاساى تیرۆر (م/4) لەبەغدا فەرمانى گرتنى هەیە ، پەیوەندییەکى بازرگانى گەورەى لەگەڵ میرەکانى قەتەر هەیە ، کاتى خۆى (700) ملیۆن دۆلارى ” عودە” ى ڕفاند ، دواتر بانگى کردەوەو پێکهاتنەوە ، هەندێک واى بۆئەچن مێردى ” ڕەغد ” بێت و خواستبێتى ، وەک کاراکتەرێکى دیبلۆماسییەو ، لەپشت ڕووداوەکانەوە دەرناکەوێت ، بازرگانى جگەرەى ئەسپین و غەمدانە لەعێراق ، دەستى گرت بەسەر بانکى (اتحاد) دا ، خاوەنى ( مەرکەزیی عێراقییە بۆ دیراساتى ستراتیجى !!).لەتورکیا دائەنیشێت ، چەندین پێگەى ئەلیکترۆنى لەعێراق کردۆتەوە ، چەندجارێک کوتلە سوننى یەکانى بەهاوکارى تورکیا داوەتکردووە بۆ ئەستەمبوڵ تا یەکیان بخات ، دیسکاونتى ئەو نەوتەى کە بەتانکەر ڕەوانەى تورکیا دەکرا، بۆ ئەم بووە ، لەماوەى ڕۆژانى (4/4/2014-8/4/2014) لەهەولێر بووە ، ڕونتریش پارتى دیموکراتى کوردوستان ئیدارەى ئەم گەمەیە ئەدات ، دوور نییە ڕێککەوتنى (3) قۆڵى لەنێوان ئەم بەرانەدا نەبوبێت ، تا دواجار پارتى بەتەکتیک گەمەکە لەڕێگەى تێوەگلانى شیعەو سووننەوە لەشەڕ، ئەم یارییە بباتەوە . ئاڵۆزیی ئەم لێکدانەوەیە ، ئەوەیە بەلایەک ” مالیکى” سەرکەوتوبووە لە گرێبەستى کڕینى (36) فڕۆکەى (F16) لەگەڵ ئەمریکا ، لەهەمان کاتدا هەرێمى کوردوستان (پارتى) گرێبەستى (50) ساڵى هەناردەى نەوتى لەگەڵ تورکیا ئیمزاکردووە . هەرچەندە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا، ڕایگەیاند : ئەمریکا لەسیاسەتى نەوتیدا ، بێلایەنە (شوێن بەرژەوەندیی خۆى کەوتووە) . بەهەڕەشەکانى ” فەلاح مستەفا ” دا لە ئەمریکا ، دەرئەکەوێت کورد سەرکەوتوو نەبووە لەڕازیکردنى ئەمریکا .

سەرئەنجام : ئایندەى دۆزى کورد
یەکەم : ئەمریکا لەگەڵ هەنگاونان نییە بۆ دیموکراسییەت لەناوچەکەدا ، ئەمەش ماناى وانییە ئەم (2) حزبە لەمە پتر هاوڵاتییەکانى خۆیان بچەوسَێننەوەو ، تاک ئامادە نەکەن بۆ ئایندە .
دووەم : بەردەوام بێلایەنى خۆى لەجەنگى مەزهەبیدا دووپات بکاتەوە .
سێهەم : ڕێککەوتنێک ، لێک تێگەیشتنێک لەنێوان ( پارتى ، یەکێتى ، پەیەدە ) تەنها لەئاستى مەرکەزیی بڕیاردا هەبێت ، ئەو جەمسەرگیرییە ئیقلیمیەى لەنێوان هێزە کوردییەکاندا دروست بووە ، لەسەر حیسابى پرسە نیشتمانییەکان و گیانى هاوڵاتیانى کورد نەبێت . چونکە هیچ نەبێت داعش توانى سەهۆڵبەندانى بەردەم کورد بتوێنێتەوە ، ترسى کورد بشکێنێت ، ئەوەتا ستراتیژیترین شارى عێراقى گرت نە ئێران وعێراق نەتورکیاو ئەمریکاش ، قسەیەکى ئەوتۆیان نەکرد .. دەبێت کورد لەچى بترسێت کە نزیکەى (ملیۆنێک) کورد زبان لەناوچە داگیرکراوەکاندا ، لەو بارە خراپەى ژیاندا ، هاوارئەکەن ” بژى کورد ، بژى پێشمەرگە “. داعش هیچى بۆ کورد نەکردبێت ، دەیان جەنەڕاڵى بەلوتشکاویی هێنایە کوردوستان ، لەچوار بەش سێ بەشى سووننەى ڕەوانەى کوردوستان کرد ، کەدەیان ساڵە گرفتى خاکى هەیە لەگەڵیان ، دەکرێت کورد ئەگەر ئێستا بەفەرمى ئیمزاى چوونى پێشمەرگەیان بۆ دواخاڵەکانى کوردوستان پێ ناکات ، کەسبەینێ لەناو ئەگەرەکانى سیاسەتدا بەهێزبونەوە چى دەڵێت ؟ .
چوارەم : ئایندەى دۆزى کورد بەپلەى ئیمتیاز پارتى دیموکراتى کوردوستان لێی ئاگادارە . ئایا ئەم جەنگە بە تاکتیک و بەڕێککەوتن بووە ؟.
پێنجەم : ئێران و تورکیا ، جەنگى خۆیان بە قووڵتر هێناوەتە ناوچەکە ، شەڕى یەک بەرەیی هەموو هێزە کوردییەکان لەبەرامبەر ئەم بەرانەدا ، ناکاتە پاراستن و یەکڕیزیی ماڵى کورد ، ئەوە گرنگە بەدەستێک لەناو بەرژەوەندییە نێو-دەوڵەتییەکاندا بەدواى کۆنتاکتدا بگەڕێین ، بەدەستێکیش تەکبیرى بێدەنگ لەناوەوە .
شەشەم : داعش ناتوانێت ئامانجەکانى بپێکێت ، کە گرنگترینیان هاتنە ناو کوردوستان و چوونە بۆ ناوچە سووننییەکانى ئێران .

کلیکی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکە، سوپاس